لە پەراوێزى تاوانى دەستدرێژى سەر منداڵەکەى هەولێر هەڵوێست عەبدوڵلا کەریم
لە پەراوێزى تاوانى دەستدرێژى سەر منداڵەکەى هەولێر
هەڵوێست عەبدوڵلا کەریم
تێگەیشتنی هەر یەکێک لە ئێمە ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەم دیاردە جیهانییە کە دەستدرێژیکردنی سێکسییە بۆ سەر منداڵ. پێش ئەوەی باس لە دیاردەىتاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ بکەم باس لە مامەڵەی خێزان لەگەڵ منداڵ دەکەم، کە چۆن ڕۆڵی هەیە لە ڕامکردنی منداڵ و تا ڕادەیەک بەئاسایی وەرگرتنی ئەو مامەڵانەی کە لە جیهاندا بە دەستدرێژیکردن ناسێنراون، بەڵاملای ئێمە وانییە. واتە دەستدرێژی سێکسی جۆری زۆرە و منداڵ و دایبابیش ئاگادارنین لەبەرئەوەی هەندێ جۆری دەستدرێژی ئاسایی وەردەگیرێت چونکە لە تێگەیشتنە گشتییەکەدا تەنیا دەستدرێژی بۆ کۆئەندامی زاوزێ و کۆمی منداڵ بە دەستدرێژی سێکسی ناوزەددەکرێت. لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە باوەشکردن و ماچکردنێکی لە ڕادەبەر بۆ منداڵ هەیە، بەتایبەت لە لایەن خێزانی منداڵەکە تەنانەت هەندێ جار ماڵە دراوسێ و خزمیشڕێگە بەخۆیاندەدەن منداڵان لە باوەش بگرن و ماچی بکەن. جوانی و قەڵەوی منداڵ بووە بە باسی ناو خێزانەکان و زۆر ئاساییانە باسی لێدەکرێت و منداڵ لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە لە باوەشدەگیرێت. چەندین جار لە ناو بازاڕدا خەڵکی پیادە و خاوەن دوکان ماچی منداڵیان کردووە، کاتێک منداڵ سەرقاڵی یارییە لە کۆڵاندا، بەتایبەت ئەگەر بەپێی پێوەرە باوەکانی کۆمەڵگە جوان بێت، ئەوا هەر ڕێبوارە و ماچێکیدەکات. چەندین جار تێبینیمان کردووە کە ماچ سنور دەبەزێنێت و جگە لە ڕوومەتی منداڵ ماچی دەم-لێوی منداڵدەکرێت یان جلی منداڵ دادەکەنرێت و ماچی سک و سنگیدەکرێت. کاتێک ئەم ڕەفتارانەدەبینیت بۆت ڕوون دەبێتەوە هیچ سنورێکی تاکەکەسی بۆ جەستەی منداڵناهێڵدرێتەوە بەتایبەت لێو کە یەکێکە لە ئەندامە هەستیارەکانی مرۆڤ و سنوری خۆی هەیە بۆ مامەڵەکردنی، هەروەک زانای دەروونناس(شارلۆتڕیزنیک) دەڵێت: کاتێک لێوی منداڵەکەت ماچ دەکەیت ئەوا بەمنداڵەکەدەڵێیت: سنوری جەستەی تۆ کراوەیە و کەسانیتریشدەتوانن هەمان سنور ببەزێنن.
هەربۆیە منداڵیش لای ئاساییدەبێت کە ماچی لێوی منداڵی دیکە، گەنج و گەورە و کەسانیتر بکەن، واتە منداڵ ئەو مامەڵە و کارەدەکات کە لە دایبابەوە فێربووە و بێئاگایە لەوەى کەئاماژەی ئەم کردارانە چین، چونکە ئەو ماچی لێو لە لایەن دایبابی وەک ئاماژەیەکی سۆز و خوشەویستی وەرگرتووە، هەربۆیە داوا لە دایبابدەکرێت کە ماچی ڕوومەت و ناوچەوانی منداڵەکەیان بکەن.
لە ڕووى تەندروستیشەوە پزیشکەکان، هۆشیاریمان پێ دەدەن لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی میکرۆب، کە لە لیکی گەورەکاندا هەیە بۆ پێگەیشتووان ناگوێزرێتەوە بەڵامبۆ منداڵدەگوازرێتەوە .
دەستدرێژی سێکسی و جۆرەکانی:
توندوتیژییەکی سێکسییە، هەموو جۆرە پەیوەندییەکی نەخوازراوی سێکسی دەگرێتەوە وەک وشە، کردار، کە سروشتێکی سێکسی هەیە و لە دژی ئیرادەی منداڵێک، بەکاردێت. ئەو کەسەی کە توندوتیژییەکە ئەنجام دەدات، هێز، هەڕەشە و یاریکردن، بەکاردەهێنێت .
دەستدرێژی سێکسی ئەزموونێکی زەبراوییە بۆ منداڵ و تازەپێگەیشتووان، لە ڕووى یاساییەوە بە تاوانێکى گەورە لە ئاستى نێوخۆیى و نێودەوڵەتىهەژماردەکرێت و سزاى قورسى لەسەرە، بەپێى یاساى سزادانى عێراقیش سزاى بەندکردنى دیارى کردووە کە زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ .
جۆرەکانی دەستدرێژی سێکسی:
دەستدرێژی سێکسی چەندین جۆری هەیە، دەشێت لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو فۆرمانەدا تۆی خوێنەر درک بەوە بکەیت کەپێشتر ئەو کردارەت بە فۆرمی دەستدرێژیهەژمار نەکردبێت، بۆ نموونە سەیرکردنی ئەندامی هەستیاری منداڵ. لە خێزانەکانی ئێمەدا، تاڕادەیەک ئاساییە کاتێک منداڵی کوڕ (نەک کچ) بەبێ جل دەرکەوێت، لەوانەیە هەمووان نائاگایانە و ئاساییانە لێی بڕوانین، کە ئەمە هەڵەیە، چونکە ئێمەی گەورە ئاساییدەبێت لە لامان کە جەستەی منداڵێکی ڕووت ببینین و بۆ منداڵەکەشدەبێت بە شتێکی ئاسایی کە بە ڕووتی بگەڕێت، واتە تۆ لە منداڵییەوە کوڕەکەت فێرکرد، بۆیە کە گەورەشدەبێت ڕەنگدانەوەى خراپ جێ دەهێڵێت .
جۆرەکانى دەستدرێژى
-دەستدرێژیکردنە سەر کۆئەندامی زاوزێ و کۆمی منداڵ.
- گێچەڵ و دەستبردن بۆ بەشێکی دیاریکراوی جەستەی منداڵ.
- دەستبردن بۆ ئەندامە هەستیارەکانی منداڵ (سنگ و مەمک، ئەندامى زاوزێ و کۆم).
- سەیرکردنی ئەندامی هەستیاری منداڵ.
- گەورەکان ئەندامانى زاوزێى خۆیان بە منداڵ نیشاندەدەن.
- نیشاندانى ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاو (سێکسی) .
ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ، پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بە یاسا، دەوڵەتەکانی ئەرکدار کردووە پارێزگاری لە مافەکانی منداڵ بکەن. مادەکانی ٣٤ و ٣٥ی ئەم ڕێککەوتننامەیە داوا لە دەوڵەتان دەکات پارێزگاری لە منداڵ بکەن لە بەرانبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک کە مەترسی بێت بۆیان. ئەم چوارچێوەیەش، بەزۆر سێکسکردن بە منداڵ، لەشفرۆشی و بەکارهێنانی منداڵ لە فیلمی پۆرنۆگرافیدا دەگرێتەوە. هاوکات داوا لە دەوڵەتان کراوە؛ ڕێگری لە ڕفاندنی منداڵ، فرۆشتن و بازرگانیکردن پێیانەوە بکەن. تا دیسەمبەری ٢٠١٤، (١٩٥) وڵات ئەم ڕێککەوتننامەیەیان واژۆ کردووە.
داتا جیهانییەکان:
لە 10 منداڵ یەک منداڵ دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر، پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی 18ساڵی.
لەو منداڵانەی کە دەستدرێژیان دەکرێتەسەر لە 20%یان هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی 8 ساڵی.
لە %60ی زیاترى منداڵانی قوربانی دەستدرێژی سێکسی، هەرگیز قسە لەسەر ئەو ڕووداوە ناکەن کە بەسەریان هاتووە.
یەک لە حەوت کچ، یەک لە 25 کوڕ، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان، پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 18 ساڵی.
ڕاستییەک؛
لە جیهاندا قسەکردن لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، بەهۆى ئەوەى منداڵان کەمتر قسەی لەسەر دەکەن، لە هەمان کاتدا ئێمەی گەورەش بە تەواوەتی درکمان بە قەبارەی ئەم تاوانە نەکردووە. هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە تەنیا %38ی منداڵان باسی ئەو دەستدرێژییە دەکەن و ئەوانی دیکە بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
کێن ئەوانەی دەستدرێژی سێکسیدەکەنە سەر منداڵ:
ئەو منداڵانەی کە قسەدەکەن یان ئەو تاوانانەی ئاشکرا دەبن، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە کارەکتەری ئەو تاوانە بە پلەی یەکەم کەسە هەرە نزیکەکانی منداڵن، واتە کەسی پلەیەکن کە ئەوانیش باوک، دایک، برای گەورە و خوشکی گەورە یان کەسانی پلەدووی خێزانن کە ئەوانیش پور، خاڵ، هاوڕێ و دراوسێن. بەپێی ئامارەکان لە %٣٠ی ئەو منداڵانەی کە دەستدرێژیاندەکرێتە سەر، تاوانبارەکە ئەندامی خێزانی منداڵەکەیە. دەشێت ئەو دەستدرێژیکارانە لە فێرگە، ناو ماڵ، مزگەوت، کەنیسە، سەنتەری وەرزش یان هەرشوێنێکیدیکەبێت، بۆیە گرنگە بەردەوام چاودێری منداڵەکەت بکەیت چونکە لە %٩٠ی ئەو منداڵانەی کە قوربانی دەستدرێژی سێکسیین، تاوانبارەکەدەناسن، تەنیا ١٠%ی لە لایەن کەسانی نامۆوە دەستدرێژیان کراوەتەسەر. ئەرکی دایباب، ئەوەیە کە بە وردی مامەڵە خێزانی و تێکەڵاوییە خێزانییەکانی خۆیان دیاری بکەن و لەکاتی هەر بۆنەیەکی خێزانیدا بەوردی ئاگاداری منداڵەکانی بێت، چونکە لە %٦٠ی تاوانباران کە دەستدرێژییان کردۆتە سەر منداڵەکان، کەسانێک بوون کە خێزانی منداڵەکە متمانەی پێ کردوون. خاڵێکی دیکە کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە منداڵان لە لایەن منداڵی گەورەتر یان منداڵی بەهێزترەوە ئەگەری دەستدرێژییان لە 40%دایە، بۆیە تەنانەت ئەوکاتەی کە منداڵەکەت لەگەڵ هاورێکانی سەرگەرمی یاریکردنە پێویستی بە دایبابە کە لە دوورەوە چاودێرى بکات تا بزانێت منداڵەکەی پارێزراوانە لەگەڵ هاوڕێکانی یاریدەکات.
نیشانەکان بۆ ناسینەوە؛
زۆرجار هەندێ نیشانە دەردەکەون کە وەها نیشان دەدەنمنداڵێک دووچاری دەستدرێژی بووە و هەندێ جاریش هیچ نیشانەیەک دیارناکەوێت. ئەم نیشانانەی لێرەدا ئاماژەی پێدەدەین یارمەتیدەرن بۆ ناسینەوەی ئەم تاوانە بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە بێدەنگی هەڵبژارد. هەڵبەت سەرەتا نیشانە جەستییەکان دەردەکەون کە زیاتر بەشێوەی شینبوونەوەی جەستە، خوێنبەربوون، سووربوونەوە و بوونی تا، تامیسکە لە دەوری دەم، برین لە دەوری ئەندامی زاوزێ یان کۆم، دووچاربوون بە ئیلتیهاباتی میزەڕۆ و تووشبوون بەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی سێکسەوە دەگوێزرێنەوە.
بەدەر لە نیشانە جەستەییەکان، نیشانە دەروونییەکان لە منداڵەکەدا هەر لە دوای ڕوودانی تاوانەکە سەرهەڵدەدەن، هەندێ ئاماژە و نیشانەی هاوبەش هەیە لە نێوان ئەو منداڵانەی کە دووچاری دەستدرێژی سێکسی بوون وەک خەمۆکی، ترسی لەڕادەبەدەر، پەستانی دەروونی، توڕەبوونی بەبێ هۆ و بەردەوام دژ و ناڕازین. هەندێک منداڵ هەن ڕاستەوخۆ دوای دەستدرێژییەکە تووشی زەبرێکی دەروونی قورس دەبن.
لێکەوتەوئەنجامەکان؛
*قوربانیان، تووشی دڵەڕاوکێ و زەبری دەروونی دەبن، بۆی هەیە تووشی خەمۆکی ببن یان دووچاری خۆکوژی ببن.
*گرفتی ڕەفتارەکی: نواندی توندوتیژی جەستەیی لەگەل دەوروبەر، هەمیشە وەک دژێک خۆی نیشان دەدات لەگەڵ هاوڕێکانی .
*ئەم تاوانە هۆکارە بۆ ئەوەی قوربانیان واز لە خوێندن بهێنن. ئەو منداڵانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ترسی ماڵ بەجێهێشتنیان هەیە بە دووئەوەندە بە بەراورد بەو منداڵانەی کە دووچاری دەستدرێژی سێکسی نەبوون.
*39% ی کچان لە تەمەنی 7 بۆ 9 ساڵی کە پێشتر دەستدرێژییان کرابێتە سەر گرفتی خوێندنیان بۆ دروست دەبێت.
*زۆربەی ئەو کچانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر، ئەگەری دووگیانبوونیان لە تەمەنی پێگەیشتووییدا زۆرە. %45ی تازەپێگەیشتووە دووگیانەکان باسیان لەوە کردووە کە پێشتر دەستدرێژییان کراوەتەسەر.
*زۆربەی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی، ڕوودەکەنە خواردنەوەی مادە کحولییەکان بەڕێژەیەکی زۆر، لەگەڵ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.
*منداڵی قوربانی دەستدرێژی سێکسی ئەگەری ئەوەی هەیە لە تاوان تێوەبگلێت و ئەنجامى بدات یان ببێت بە قوربانی لە تاوانێکدا.
ئەو فاکتەرانەی کە ڕیسک بۆ ژیانی منداڵ دروست دەکەن :
پێکهاتەى خێزان: منداڵێک لەگەڵ دایکوباوکی خۆی بژی، کەمتر تووشی دەستدرێژی دەبێت وەک لەو منداڵانەی لەگەڵ دایک یان باوک بەتەنیا (یاخود لەگەڵ هاوسەری دایک یان باوک) دەژین.
ڕەگەز: هەمیشە کچان زیاتر لە کوڕان تووشی دەستدرێژی دەبن.
تەمەن: تا تەمەنی بچووکتر بێت گریمانە زۆرترە بۆ دەستدرێژی.
ئاستی ئابووری: ئەو منداڵانەی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن، زیاتر دووچاری ئەم دەستدرێژییەدەبن.
کەمە نەتەوە و کەمە ئاینەکان: منداڵیان زیاتر تووشی دەستدرێژی دەبن.
چی بکەین؟
داتاى تاوانەکە و ئەزموونى مامەڵەمان لەگەڵیدا، ئەوە دەسەپێنێت کەپێویستە ئێمە تێگەیشتنی خۆمان بۆ چارەسەرکردن بگۆڕین، تەنیا یاسا ناتوانێت ڕووبەڕووى ئەم دیاردەیە ببێتەوە لەگەڵ پێویستى یاسادا، دەستکاریکردنى ژینگە و پەروەردەى زانستى بۆ دروستکردنی کەسایەتی بەهێزی منداڵ پێویستە. لەو بارەیەوە پێویست دەکات سیستەمى پەروەردەیى ئێمە ستراتیژیەتێکى ڕوونى لە ناوەندەکانى خوێندندا هەبێت، هاوکات بەرپرسیاری زیاتر بخرێتە سەر خێزان لە چاودێریکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، دایباب هۆشیاربن لە بوون و مامەڵەکردنی ئەم دیاردەیە. زۆر گرنگە ئەوەت بیر بێت کە هەر هەنگاوێک دەینێیت دەبێت بۆ پاراستنی منداڵەکە بێت، هەمیشە پاراستنی منداڵ چەقى بیرکردنەوە و ڕەفتارمان بێت. واتە کاتێک کە تۆ بۆت دەرکەوت منداڵەکەت دەستدرێژی کراوەتە سەر پێویستە زۆر ئاقڵانە و بە ئارامى مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، دەبێت ئەوەش بزانین، ئەم بابەتە لەگەڵ کێ و بۆ کێی باس دەکەیت، لەم دۆخەداهەر هەنگاوێک کاریگەری هەیە لەسەر چارەسەر یا بە پێچەوانەوە گەورەکردنى لێکەوتەکانى .
گرنگى ڕووئیاى خێزان لەو بارەیەوە؛
1- سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پەیوەندیمان لەگەڵ منداڵدا لە دروستکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکی سازەندەی کراوەیە لەگەڵیدا. سەرەتا دەربارەی ڕۆژەکەی قسەبکەین، پاشان هاوڕێکانی، هەستەکانی، ترسەکانی ...هتد. کاتێک منداڵ قسەت بۆ دەکات گوێی لێ بگرە و هەستی پشتگیری پێشان بدە.
2- هەمیشە باسی پەیوەندی تەندروست و سەلامەتی بۆ بکە، منداڵ فێر بکە کە چ جۆرە دەست لێدانێک گونجاو نییە، فێری بکە کە چۆن سنوور بۆ دەست لێدانە نەگونجاوەکان دابنێت. لەسەر خێزان پێویستە بەپێی تەمەنی منداڵەکە زانیاری دروستی لەسەر گەشەسەندنی زایەند و گەشەکردنی جەستەی پی بڵێ.
3- منداڵەکەت فێر بکە کە نابێت ئەو نهێنییە بپارێزێت کە بە نهێنی دەستی لێدراوە لە هەمان کات لەگەڵ کێشدا باسى بکات .
4- پێشوەختە یارمەتی منداڵەکەت بدە و بزانە کە منداڵەکەت متمانە بە کام لە گەورەکان دەکات و زیاتر لەگەل کێ هەست بە ئارامی دەکات.
5- بێئەوەی منداڵەکەت ئاگای لێ بێت چاودێری بکە و بزانە چۆن ئینتەرنێت و کەناڵەکانی ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت. ئامۆژگاری بکە لە مەترسی ئەو کەناڵانەی کە زیانیان هەیە .
6- نابێت لەگەڵ هیچ کەسێکی نەناسراو لە ڕێی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بگرێت.
7- هەر کاتێک بۆت دەرکەوت کە منداڵەکەت مامەڵەیەکی نەشیاوی سێکسی دەکات، ئەوا پسپۆڕێکی جێمتمانە بدۆزەوە و قسەی لەگەڵ بکە بۆ ئەوەی هاوکاریت بکات .
8- پەیرەوکردن و بەردەوام وەبیرهێنانەوەی مۆراڵ و بەها بەرزەکان .
9- سەرقاڵکردنى منداڵ بە بەرنامەى بەسوود وەک خوێندنەوە و فێربونى زمان و مۆسیقا و هونەر هتد ... هاوکارى زۆرى دەکەنلە دروستکردنى کەسایەتییەکى بەهێز و دوورکەتنەوە لە هاوڕێی خراپ و زۆر بەکارهێنانى ئینتەرنێت .
دواخاڵ، لە بارەىڕاى گشتییەوە؛
دروستبوونى ڕای گشتى دژى دەستدرێژى سێکسی بۆسەر منداڵەکەى هەولێر، بابەتێکى ئێجگار گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، ئەو کاردانەوەیە تەنیا لەئاستى ئەو منداڵە نەبێت، بەڵکو دەبێت لە ئاستى ژینگەکەدابێت بە گشتى کە ڕۆژانە تاوانى دەستدرێژى لەناویدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە نهێنى و بەبێ سزا تێدەپەڕێت. دەبێت ئەو کاردانەوەیە بەردەوام بێت و نموونەی باوکی لاڤان ببێت بە پێشەنگ بۆ دەنگ هەڵبڕین و پاراستنی ژیانی منداڵەکانمان .
سەرچاوەکان
- 1.Darkness to light، Child sexual abuse statistics risk factor.
- 2.Darkness to light، Child sexual abuse statistics Perpetrators
- https://www.rwi.uzh.ch/dam/jcr:00000000-0c03-6a0c-ffff-ffff96be3560/penalcode1969.pdf
لە ژمارە 1210 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 3/3/2020 بڵاو بۆتەوە ولینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە..
https://en.calameo.com/read/0007830183a70dbae2fd2
لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:
http://www.regaykurdistan.com/index.php/hewal-2018/kurdistan-2018/26836-2020-03-08-08-09-15