ڕێكخراوی #نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەمساڵ لە ژێر دروشمی (ژنان لە ڕابەرایەتیدا ئایندەیەكی یەكسان بەدی دەهێنن، لە جیهانی ئاوێتە بوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا)، یادی ڕۆژی جیهانی ژنان دەكاتەوە.
-ڕۆژی #جیهانی ژنان ڕۆژێكە بۆ وەبیرهێنانەوەی تێكۆشان و خەباتی ژنانی كرێكاری ناو كارگەكان، ڕۆژێكە بۆ ڕێزگرتن و شانازیكردن بە فیمینست، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز كە بۆ یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز تێكۆشاون.
-لە ساڵی ٢٠١٥ ، ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە ئەوان دەتوانن جیهان بگۆڕن بۆ جیهانێكی باشتر، لە رێگای دیاریكردنی ١٧ ئامانج بۆ بەدەستهێنانی ئەو جیهانە تا ساڵی ٢٠٣٠.
ئەو ئامانجانە بانگەوازێكی جیهانی بوو بۆ كۆتایهێنان بە هەژاری، پاراستنی هەسارەكەمان و بەدەستهێنانی ئاشتی بۆ هەموو خەلك و ناویان لێ نا (ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام) Sustainable Development Goal .
ئەو ١٧ ئامانجە بەهاوكاری لە نێوان حكومەت، دام و دەزگای میدیایی، كەرتی تایبەت، پەروەردە و خوێندنی باڵا و ڕێكخراوی ناحكومی بەدەست دێت.
-عێراق بۆ یەكەم جار و لە ساڵی ٢٠١٩ پێداچونەوەیەكی نیشتمانی بۆ ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام كرد و دواتر روئیای خۆی بۆ ٢٠٣٠ لەسەر بنەمای ئەو ١٧ ئامانجە بەم شێوەیە دیاریكرد.
بەھێزكردن/بەتواناكردنی خەڵك لە وڵاتێك كە ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت، بەدەستھێنانی كۆمەڵگەیەكی یەكگرتو لەگەڵ بوونی سەرچاوەی ئابوری جیاواز، پاراستنی ژینگە، دادپەروەری و حوكومڕانییەكی رەشید.
-یەكسانی ڕەگەزی-جێندەری یەكێكە لەو ١٧ ئامانجەی نەتەوەیەكگرتووەكان، كە پێویستە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەدەست بێت.
بەڵام!
جیهان دەستكەوتی چاوەڕوانەكراو و پێشبینی نەكراویان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ وڵاتێك یەكسانی ڕەگەزی بەدەست نەهێناوە.
پەنجا ساڵ لەمەوبەر ، ئێمە لەسەر مانگ نیشتینەوە، لە دەیەی ڕابوردودا نەژادی نوێی مرۆڤمان دۆزییەوە و بۆ یەكەمجاریش وێنەی كونە ڕەشەكانمان گرت.
لە ئێستەدا یاسا ڕێگا لە ٢.٧ بلێۆن ژن دەگرێت كە هەمان دەرفەتی یەكسانی كاری وەك پیاو بەدەست بھێنێت.
تا ساڵی ٢٠١٩ كەمتر لە سەدا ٢٥ ی پەرلەمانتارەكان ژنن، هێشتا لە سێ ژن یەكێكیان ئەزمونی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری ئەكەن.
