کشتوکاڵی ژینگەیی، سیستەمی خۆراکی هەمەچەشنەیی و زیندوو، سەروەری خۆراک و ئیکۆلۆژییە.

 

سلاو هاورییان خۆشحال بووم بە ئامادەبونتان. 

لەم رۆژگارە پر نائومێدییەداو پێش دەستپێکردنی بابەتەکەم پێم خۆشە هەندێک نمونەی سروش بەخشتان لەگەل بەش بکەم.

بزووتنەوەی چیپکۆ، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی ناتوندوتیژ لەلایەن گوندنشینانی هندستان بەتایبەتی ژنان، لە ٣٠٠ ساڵی ڕابوردودا سەریهەڵداوە، بە ئامانجی پاراستنی دار و دارستانەکان کە برینەوەی دارەکان لە لایەن حکومەتەوە بریاری لێ درابوو. بزووتنەوەکە لە ناوچەی هیمالایا لە ئۆتاراخاند (ئەوکات بەشێک بوو لە ئۆتار پرادێش) گەشەی کرد، پاشان جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٧٣ سەریهەڵدا و بە خێرایی لە سەرانسەری هیمالایا و هیندستاندا بڵاوبووەوە. وشەی هیندی چیپکۆ بە واتای "باوەشکردن" یان "چەسپاندن بە" دێت و ڕەنگدانەوەی تاکتیکی سەرەکی خۆپیشاندەرانە کە دارەکان لە باوەش بگرن بۆ ڕێگریکردن لە داربڕەکان.

 


خۆراک چەکە، کاتێک چەک دەفرۆشیت، کۆنتڕۆڵی سوپاکان دەکەیت، خۆراکیش چەکە، کاتێک خۆراک کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ئاوا کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ دەکەیت. بەڵام کاتێک تۆو کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ژیان لەسەر زەوی کۆنترۆل دەکەیت. ڤاندانا شیڤا، زانایەکی درەوشاوە کە لە گوندەکانی هیمالایا لەدایک بووە و زۆرجار بە “گاندی دانەوێڵە” ناوی دەبەن. ڤاندانا فیمینستی ژینگەیی، خاوەنی دکتۆرا لە کوانتەم فیزیک، رابەری و پێشەوایەتی گەورەترین بزوتنەوەی ژینگەیی دەکات لە هندستان و سروش بەخشی ژنان و چالاکوانانە لە سەر ئاستی دنیا. شیڤا بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە شۆڕش و جەنگی دژی کۆمپانیا فرەنەتەوەییە بەهێزەکان دەست پێکردووە کە فەرمانڕەوایی سیستەمی خۆراکی جیهان دەکەن. شیڤای تەمەن ٧٠ ساڵە پێی وایە کە ٤٠%ی چارەسەرەکانی قەیرانی کەشوهەوامان لە کشتوکاڵی ئۆرگانیکی ئیکۆلۆژیدایە لە دەستی جووتیارە بچووکەکاندا.

 

کشتوکاڵیی پیشەسازی

​کشتوکاڵیی پیشەسازی پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت، تەنها لە ٪ ٢٥ی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا لە ٪٧٥ی سەرچاوەکانی زەویی خاک، ئاو و جۆری هەمەچەشن بەکار دەهێنێت و لەناو دەبات. ئەو جووتیارە ژنانەی هندستان کە خاوەنی زەویی بچووکن و خۆراک بە شێوەیەکی ئیکۆلۆژی بەرهەم دەهێنن، دەتوانن خۆراک بە ڕێژەی دانیشتوانێک بدەن کە دوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بێت و داهاتەکانیان دە هێندە زیاد بکەن.​

ڤاندانا شیڤا رای وایە بەکارهێنانی هەمان تەکنەلۆژیای جەنگەکان لە کشتوکالی پیشەسازی/مۆدێرن و نوێ بەکاریەت. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بەرهەم دەهێنریت بۆ گەشەی خێرای بەروبوم و قرکردنی مێرووەکان هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەکانی نازییدا بەرهەم هێنراوە. لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا کیمیاییەکانەوە سەپێندرا بۆ دروستکردنی بازاڕ بۆ پیشەسازی کیمیایی، کە پاشماوەی مادەی کیمیایی جەنگیان هەبوو بۆ فرۆشتن. بە پێچەوانەی ئەو گێڕانەوەیەی کە دەڵێت بەرهەمی کشتوکاڵی گشتی و بەرهەمهێنانی خۆراک زیاد دەکات، تەنیا کاڵا کیمیاییەکانی گەشەسەندوو و بازرگانی جیهانی زیاد کردووە، لە هەمان کاتدا جۆراوجۆری بایۆلۆژی خۆراک و ئابووری خۆراکی ناوخۆیی لەسەر بنەمای زانینی نەریتی و ناوخۆییەکان لەناوبردووە.




هەیمەنەی کۆمپانیاکان

لە ئێستەدا ٤ کۆمپانیا هەیە لەسەر ئاستی جیهان دەستیان بەسەر تۆودا گرتووە، هەیمەنەیان کردووە. ئەوان نایانەوێت جوتیار خۆی تۆو لە بەرهەمە کشتوکالییەکەی خۆی بەرهەم بهێنێت. ئەگەر تۆو لە دەستی جوتیارەکاندا بێت پێیان وایە کە تۆ پێشێلی ئەو هەیمەنەی ئەوانت کردووە. چونکە ئەوان لە تاقیگەکاندا تۆو دروست ئەکەن، تۆوێک تۆوی دیکە بەرهەم ناهێنیت و هەمو ساڵێک جوتیار تۆوی نوێ ئەکریت. ئەو هەیمەنەیە لە رێی خاوەندارێتی فیکری/داهێنان واتە مادام من ئەم تۆوەم دروست کردووە کەواتە من داهێنەرم لە کاتێکدا تۆوی سروشتی، نوێ ئەبێتەوە، یەک تۆو توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠٠ تۆوی دیکەی هەیە. هەر بۆیە کاتێک تۆو دروست کرا بۆ ئەوەی لە خۆی بەرهەم نەیەتەوە، تۆوێک دروست کرا تەنیا بە پەیینی کیمیایی  گەشە بکات.

سەروەری خۆراک و تۆو

تۆڕی ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو زیندەوەرانەوە گرێدراوین. واتە سەروەری خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە هاوئافراندن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیان. سەروەری خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی هەموو زیندەوەران، پاراستنی هەمەچەشنەی زیندوو و تۆوی “زیندوو” بە مەبەستی گەشەکردن و پەرەسەندن، بریتییە لەوەی مافی خاک و خۆراک لەمڕۆدا بە ماددەیەکی بێهێز مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت.

سەروەری خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی جووتیارەکاندا. ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لە نێوان جووتیاراندا بەبێ پارە/بەخۆڕایی ئاڵوگۆڕی پێبکرێت. ئەو تۆوەی *پاتێنت/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە، دەستکاری بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە، یان لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی کشتوکاڵییەوە دەستیان بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتییان لێ نەکراوە. سەروەری تۆو لەسەر بنەمای وەرگرتنەوەی تۆو لە زەوی، هەمەچەشنەی زیندوو وەکو پێدراو و پێداویستییەکی هاوبەش و گشتی دامەزراوە.

سەروەری خۆراک واتە مافی ئەوەت هەبێت خۆراک/ گەشە بکات بەبێ ماددەی کیمیایی و دەستکاریکردنی ئەندامی/ ئۆرگانەکانی ئەو خۆراکە. سەروەری خۆراک واتە بەرهەمێنانی خۆراک و کشتوکاڵ بەبێ ئەوەی ژەهری تێدا بەکاربهێنرێت.

کاتێک تۆڕی خۆراک بەهۆی ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکانەوە و یاساکانی “بازرگانی ئازاد” و جیهانگیری دەشکێنرێت، هەمەچەشنەیی بایۆلۆژی دەسڕدرێتەوە و جووتیاران دەچنە ژێرباری قەرزەوە و خەڵک بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانەوە دەمرن، کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگە و خراپی کوالێتی خۆراکەوە هەیە. سەروەری خۆراک واتە گەشەکردنی خۆراک دوور لە ماددە کیمیاییەکان و دەستکارینەکردنی جینات و بۆماوەیی خواردن. سەروەری خۆراک واتە خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، خۆراکی دەستکرد بەرهەمی کشتوکاڵی پیشەسازییە. بۆ نموونە لەسەر کشتوکاڵی *مۆنۆکەلچەری سۆیا ڕێژەیەکی زۆری کیمیایی پێو و قڕکەری تێدا بەکارهاتووە و لە هەندێک حاڵەتدا جیناتی سۆیاکەش دەستکاری کراوە… سەروەری خۆراک واتە خۆراکی ڕاستەقینە، ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین.

 

کشتوکاڵی ژینگەیی چییە؟

•لە دیگەی فیمینیستی ژینگەیی، کشتوکاڵی ژینگەیی واتە تێگەیشتن لەوەی چۆن خاک، رووەک/نەمام، هەمەچەشنەیی زیندوو بەیەکەوە گرێدراون. پاراستنی هەسارەکەمان و دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی. دلنیابون لە پاراستنی تەندروستی و تەمەنی هەسارەکەمان.

•لە سیستەمی خۆراکدا، تۆو یەکەم بەستەرە لە نیوان ئێمە و زەوی، ئێمە و سروشت. بەبێ سەروەری تۆو، سەروەری خۆراک بوونی نییە. کۆمپانیاکان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی پاتێنت و مافی خاوەندارێتی، تۆو کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی تۆو نوێ نەبێتەوە، جووتیار ناچار بکەن ساڵانە تۆو لە کۆمپانیاکان بکڕن.

•لە روانگەی فیمینستی ژینگەیی ئەمە وەک کۆیلایەتی بۆ کۆمپانیاکان دەبینرێت.

کشتوکاڵی ژینگەیی

لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا چین توانیویەتی تەنها بە ٦.٥%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جیهان خۆراک بە خەڵکەکەی بدات (٢٢%ی دانیشتوانی جیهان). 

*فێمینیزمی ژینگەیی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەكە كە گۆڕانی كەشوهەوا، یەكسانی جێندەری و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی بە شێوەیەكی بەرفراوانتر و وەك مەسەلەیەكی بنەرەتیی گرێدراو بەیەكەوە دەبینێت كە هەمووشیان گرێدراون بە باڵادەستی پیاوسالاری لە كۆمەڵگەدا. گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک، بەبیابانبوون، ترشبوونی ئۆقیانووسەکان، لەناوچوونی هەمەچەشنەی زیندەوەر و قڕبوونی جۆرە دەگمەنەکانی گیانلەبەر، لەناوچوونی ڕووەکی دەریایی، تا دەگاتە ئەوەی جەستەی ئێمە بە جۆری جیاواز لە کانزا ژەهراوی بووە، ماددەی کیمیایی و پیشەسازیی وەک کانزای زەنبەق.

داکۆکیکارانی خۆراکی دەستکرد ئەو قسە کۆن و شکستخواردووانە دووپات دەکەنەوە کە دەڵێن کشتوکاڵی پیشەسازی بۆ خۆراکدانی جیهان پێویستە. خۆراکی ڕاستەقینە و دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکیەکان وردە وردە لەناو دەچێت، لە کاتێکدا مۆدێلی کشتوکاڵی پیشەسازی باڵادەست دەبێتە هۆی زیادبونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و خراپترکردنی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەو تێڕوانینەی کە خۆراکی تاقیگەیی تەکنەلۆژیای بەرز و "بێ کێڵگە" چارەسەرێکی بژاردەییە بۆ قەیرانی خۆراک، تەنیا درێژەپێدەری هەمان بیرکردنەوەی میکانیکییە کە ئێمەی گەیاندووەتە ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لێی دەژین – ئەو بیرۆکەیەی کە ئێمە جیاین لە و لە دەرەوەی سروشت.

سیستەمی خۆراکی پیشەسازی خۆراکی بچووک کردووەتەوە بۆ کاڵایەک، بۆ "شتێک" کە دواتر دەتوانرێت لە تاقیگەدا پێکبهێنرێت. لە پرۆسەکەدا هەم تەندروستی هەسارەکە و هەم تەندروستیمان نزیکە لە لەناوچوون.


جوتیاری پەراوێزخراو و کشتوکاڵی پێشەسازیی:

-جووتیاری پەراوێزخراو یان جووتیاری بچووک: ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵ لە ساڵی ١٩٧٨ بەم شێوەیە پێناسەی جووتیاری پەراوێزخراو دەەکات: کەسێک توانای دەستڕاگەیشتنێکی زۆر کەمی بە دەسەڵاتی سیاسی، سەروەت و سامانی بەرهەمدار لە ناو کۆمەڵگەدا نییە یان زۆر کەمە. ئەوان لە ناوچە گوندنشینەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا ئامرازیان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان یان لە ترسی بەردەوامدا دەژین بۆ لەدەستدانی تواناکانیان. لە هەمانکاتدا لە سەرچاوەی دیکەدا مەبەست لەو جووتیارانەیە کە ڕووبەری ٢ هێکتار زەوی کشتوکاڵیان هەیە.

مافی زەوی و مافی مرۆڤ هەوێنی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراک بن. لەمڕۆدا و لە سەرانسەری جیهاندا، جووتیارە *پەراوێزخراوەکان کشتوکاڵی ئەندامی/ئۆرگانیک لەسەر بنەمای هەمەچەشنەیی، خۆراکی ڕاستەقینە و ڕەسەن دوور لە ماددە کیمیاییەکان، بەرهەم دەهێنن. ئەوان لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژیای کشتوکاڵی خۆراک بەرهەم دەهێنن بە ئامانجی پاراستن و پەروەردەکردنی خاک و تۆوەکانیان. ئەو جووتیارانە خەریکی خۆراکدانی کۆمەڵگاکانیانن بە خۆراکی تەندروست بەسوود و لە هەمانکاتدا خاک و هەسارەکە دووبارە بنیاتدەنێنەوە. کشتوکاڵی ڕاستەقینە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یاساکانی سروشت ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دووبارە دروستبوونەوەی هەسارەکە لە ڕێگەی نوێبوونەوەی هەمەچەشنەیی زیندوو و خاک و ئاو. هەر بۆیە پێویستە پشتگیری لە کێڵگە بچووکەکان بکەین، کە گرنگی بە زەوی و  ژیان دەدەن، خۆراکی جۆراوجۆر، تەندروست، نوێ و  ژینگەدۆست بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنن.


پێشنیار بۆ چارەسەر:

یەکەم /پاشەکەوتکردنی تۆوی ڕەسەن

ئەمرۆ لە جیهاندا بزوتنەوەی پاشەکەوتکردنی تۆو بزوتنەوەیەکی چالاکە و لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوەوە دەستی پیکردوە بە ئامانجی پاراستنی تۆوی رەسەن لە دەست جوتیاراندا. پاراستن و پاشەکەوتکردنی تۆوی رەسەن مافی زەوی ئەپارێزێت.  پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراکە. سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو، واتە جوتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت. ئێمە ناتوانین ئاواتەخوازبین سەروەری خۆراکمان هەبێت ئەگەر زیندەوەرانی خاک پەروەردە نەکەین، چونکە جۆراوجۆری بایۆلۆژی ئیکۆسیستەم پشتگیری لە هەمەچەشنەیی زیندوو دەکات لەناو مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکانماندا. مەبەست لەوەیە تەندروستی هەسارەکە و تەندروستی ئێمە پێکەوەگرێدراون و لێک جیاناکرێتەوە. لەم دواییانەدا، سیستەمی خۆراکی پیشەسازی جیهانی ئەهریمەنێکی نوێی بەرهەم هێناوە، ئەویش پیشەسازی خۆراکی مۆدێرن و دروست کراو و ساختە و بەرهەمهاتووی ناو تاقیگەیە، تەنانەت بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، خۆراکی ساختە باشترین چارەسەرە بۆ تەندروستی هەسارەکە و مرۆڤەکان.

 بۆ ئەوەی بەرەنگاری سەپاندنی یاسای نادادپەروەرانەی کۆمپانیاکان ببینەوە لەسەر دابینکردنی تۆوی ناسروشتی، پێویستە تۆوی ڕەسەن بپارێزین و پاشەکەوتی بکەین. کێ دەتوانێت تۆو ڕزگار بکات؟ هەر کەسێک، لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت تۆوەکان ڕزگار بکات و بەشداری بکات لە هەڵمەتی ئازادی تۆودا. پاشەکەوتکردنی تۆو تەنها کاری جووتیاران نییە، بەڵکو خەڵکێکە لە هەموو شوێنێک کە لە خەمی داهاتووی تۆو و سەروەری خۆراکماندایە. جا تۆ باخچەیەکت هەبێت یان تەنها باڵکۆنێک یان پەنجەرەیەک دەتوانیت دەست بکەیت بە چاندنی تۆوی ئۆرگانیک و دەست بکەیت بە پاشەکەوتکردن. بە پاشەکەوتکردنی تۆو، هەڵوێستت هەیە دژی کۆمپانیاکان کە دەست بەسەر دابینکردنی تۆودا بگرن، و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی جووتیاران دەکەیت.

 

دووەم/ هەڵمەتی عەمبارکردنی ئاوی لافاو/نیوە مانگ

​ڕێکخراوی (Justdiggitلە ئەفریقا ئامانجیان سەوزکردنی وڵاتەکەیانە لە ماوەی ١٠ ساڵدا. ئەوان لەگەل کۆمەلگەی ناوخۆیی، چالاکوانانی ژینگە و ژنان دەستیان پێکردووە و کاری باشیان کردووە. یەکێک لەو نمونانەی لێرە ئاماژەی پێئەدەم ئەوەیە لەسەر ئاستی ئەفریقا بە سەدەها هەزار چاڵی بچوکیان هەڵکەندووە و لە وەزی زستاندا ئاوی باراناویان گل یاوەتەوە ئەمەش بۆتەهۆی سەوزکردنەوەی سەدەها هەزار هێکتار زەوی کە پێشتر بیابان بووە. هەڵبەت ئەو ١٠ ساڵەی ئەوان باسی ئەکەن دەرفەتێکە لەبەردەم هەمومان، حکومەت، رێکخراو، چالاکوانان، ژنان و منداڵان کە لێکەوتەکانی قەیرانەکانی ژینگە کەم بکەنەوە. یەکێک لە لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا بارانی بەلێزمەیە، واتە بارانێکی لە پڕ و بەلێزمە کە ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو. لافاوێک خاک و خۆڵ رائەمالێت، زەوی لە پێکهاتە و ماددەئەندامییەکانی بەتاڵ ئەکەتەوە.  با لەم وەرزی باران بارینەدا هەریەکێک لە ئێمە لە شوێنێک، لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆی، لە باخچەکەی، لەو دەشت و دەرە چاڵێک هەڵبکەنین و چەند لیترێک ئاو بۆ خۆمان و بۆ دایکە زەوی پاشەکەوت بکەین. ئەمە کارێکی زۆر ئاسانە و بە هەمومان ئەکرێت.



با لێرەدا پرسیارێک بکەین، ئێمە چۆن سود لە ئاوی باران و لافاو وەربگرین و نەهێڵین بەهەدەر بڕوات؟

وەڵام/ نمونەیەکی زۆر سادە و ئاسانتان لەگەل بەش ئەکەم کە تاقیکراوەتەوە و دەرئەنجامی زۆرباشی هەبووە. ئەویش بریتییە لە هەڵکەندنی چاڵی بچوک بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو. ئێستە وەرزی بارانە و دەرفەتێکی چاکمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئێمە هەوڵی خۆمان بدەین. لێرەدا دوو وێنەم لەگەڵ بەش کردون تێیدا ڕوبەرێکی بەرفراوانی زەوی دەبینن سەوزایی بۆ گەڕاوەتەوە دوای هەڵکەندنی چاڵی بچوک.


سێیەم/بەکارنەهێنای پەیینی کیمیایی و قڕکەر

هۆشیارکردنەوەی جوتیاران دەربارەی پەینی کیمیایی و قڕکەر هەرزانترین و خراپترین کوالێتی پەیینی کیمیایی و قڕکەر لە هەرێمی کوردستان بەردەستە و بەشێک لە جووتیاران بەبێ هیچ ڕێنماییەکی زانستی بەکاریان دەهێنن و زۆرترین زیان بە پێکهاتەکانی خاک دەگەیەنن. هەر بۆیە پێویستە لە ریی ئەندازیارانی کشتوکال و دەرچوانی بەشی کشتوکال جوتیاران هۆشیار بکرینەوە لە بەکارنەهینانی پەینی کیمیایی و قڕکەر.




تێبینی/ ئەم بابەتە لە رۆژی دووشەممە ٢٠٢٣/٩/٢٥ لە کۆڕێکدا لە بارەگای مەڵبەندی هەولێر، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەتمەندی جوتیارانی حیزبی شیوعی کوردستان پێشکەش کرا.