پەرستگای چینگ هون تینگ، شوێنی نیشتەجێبوونی هەورە سەوزەکان.
سەرچاوە/ نامیلکەیەک دەربارەی پەرستگاکە لە لایەن ئیر لی ئینگ چیۆ، نوسراوە.
پەرستگای
چینگ هون تینگ (چینگ هون واتە هەوری سەوز)، دەکەوێتە شەقامی جالان تۆکۆنگ لە
شاری مێلاکا, کۆنترین پەرستگای چینییە لە مالیزیا و سەنگافورە و مێژوەکەی دەگەرێتەوە
بۆ سێ سەدە پێش ئێستا. لەسەر بەردێک کە لە پەرستگاکەدا دانراوە، ئەوە تۆمارکراوە کە
ئەم پەرستگایە لەلایەن کاپیتان تای کی کی ناسراو بە تای هۆنگ یۆنگ (تای کاپ) و کاپیتان
لی وی کینگ ناسراو بە لی کون چانگ (لی کاپ) لە سەردەمی شانشینی چینگ بنیات نراوە و
کاری بیناسازی لە ساڵی ١٦٧٣ دەستی پێکرد.
ئەم پەرستگایە لە ساڵانی ١٧٠٤، ١٨٠١، ١٨٢٤،
١٨٤٥، ١٨٦٢، ١٩٠٤ و ١٩٦٣ نۆژەنکراوەتە. پاشان لە ساڵی ١٩٩٧ دوای داڕمانی یەکێک لە
کۆڵەکەکانی هۆڵی سەرەکی پەرستگاکە، جارێکی دیکە نۆژەنکراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواو بووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن
یونسکۆوە خەڵاتی شایستەیی بۆ پاراستنی میراتی کولتووری پێبەخشرا.
خەڵاتی یونسکۆ و ناساندنی مێلاکا وەک میراتی جیهانی
لە ساڵی ٢٠٠٨دا بووە هۆی سەردانیکردنی لێشاوی گەورەی گەشتیاران و بۆ پەرستگاکە. ئەم
پەرستگایە ناوەندێکە بۆ بڵاوکردنەوەی سان چیاو یان سێ بنەمایی باوەڕیی تائۆیزم، کۆنفۆشیۆس
و بودایی وەک زۆرینەی گەورەی چینییەکان بە باوەڕەکانیان نیشانی دەدەن کە دەتوانن لە
یەک کاتدا بودایی، تائۆی و کۆنفۆشیۆس بن.
تەلارسازییەکەی چینگ هون تینگ ڕەنگدانەوەی لێهاتوویی
بیناسازی و پیشەسازییە کۆچبەرەکانی پارێزگاکانی باشووری چینە، بە شێوەیەکی سەرەکی
فوجیان و گوانگدۆنگ کە کولتوور و نەریت و میراتەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە بۆ مالیزیا.
تەلارسازیی بیناکە بە تەواوی لەگەڵ بنەماکانی فێنگ
شوی دەگونجێت، ئەو باوەڕە بنەڕەتییە لەخۆدەگرێت کە هەموو لایەنەکانی ژیان پەیوەندییەکی
نزیکیان بە گەیشتن بە هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ سروشتدا هەیە.