مۆزەخانەی دەریایی/فلۆرا دی لامار
فلۆرا دی لامار وێنەیەکی دروستکراوەی ئەو کەشتییە پورتوگالییەیە کە لە ساڵی ١٥١١ لە کەناراوەکانی مێلاکا نوقم بووە، دەوترێت کەشتیی فلۆرا دی لامار بڕێکی بەرچاو لە گەنجینەی هەڵگرتبوووەک بەهاراتی بەنرخ، بەڵام لە کاتی زریانێکدا لە نزیک کەنارەکانی مێلاکا لە گەرووی مێلاکا نوقم بووە، کە ڕێگایەکی گرنگی بازرگانی و کەشتیوانی بووە لەو سەردەمەدا.
ئەم کەشتییە بەرزییەکەی ٣٤ مەتر و پانییەکەی ٨ مەترە، لە ناو کەشتییەکەدا مۆزەخانەیەکی مێژووی دەریایی مێلاکای تێدا نمایش کراوە هەروەها تابلۆگەلێک هەن کە نیشانی دەدەن کە چۆن گەرووی مێلاکا شوێنێکی ستراتیژی بووە بۆ بازرگانانی هەردوو لایەنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. لەم مۆزەخانەیەدا نمایشێکی جوان، ورد و بە سەلیقەی ئەو کەشتییانە کراوە کە لەو سەردەمەدا بەکارهاتوون. ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی ١٩٩٤ کرایەوە و بابەتەکانی وەک ئاوریشم، قوماش و بەهاراتی تێدایە لەگەل چەندان نەخشەی جیهان لەو سەردەمەدا. جگە لە پێشانگاکانی مێژووی دەریایی مەلاکا، مۆزەخانەکە ئەو سەردەمە جیاوازانەش پیشان دەدات کە مێلاکا پێیدا تێپەڕیوە لە سەردەمی سوڵتانییەتی مێلاکا دەست پێدەکات تا سەردەمی داگیرکریی پورتوگالی، هۆڵەندا و کۆتایی بە سەردەمی بەریتانیا دێت.
ئەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم کە لە نهۆمی یەکەمی ئەم مۆزەخانەیەدا و لە سوچێکدا ژورێکی زۆر بچوک دروست کراوە و چەند زیندانییەک کە دەست و قاچیان بە زنجیر بەستراوە، نمایش کراوە. وەک ئەوەی پێمان بڵێت مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێت زیندانیشی لێیە.