ئازیز گیان با کەمێک دادپەروەر بین، چونکە بەراورد ناکرێن!!!

 لەمیانی دیداری نێوان سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە یاوەریی دوو ژن کە قسە و باسێکی زۆری دروست کردووە. ئەم نیوەڕۆیە لەگەل دروستکردنی خواردندا بیرم لە پێگەی ژن لە باشووردا ئەکردەوە. دنیابینی ئێمە لەم کۆمەڵگەیەدا بۆ ژن چۆنە؟ هەندێ ناوەندم وەک نموونە وەرگرت و لێکدانەوەم بۆ کرد، پێم خۆش بوو لەگەڵ ئێوەدا هاوبەشی پێبکەم: 

لە ناوەندی ئەکادیمیادا:

لە باشوری کوردستان لە سەدا  ٩٠ (لەوانەشە زیاتر بێت)، لە سەرۆکی زانکۆ، جێگری سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلیژ و سەرۆک بەشەکان پیاون. لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ژنان کە بروانامەی ماستەر و دکتۆرا بەدەست ئەهێنن رۆژ بە رۆژ زیاد ئەکات و ژمارەی ژنان لە ناوەندەکانی ئەکادیمیا زیاد ئەکات بەڵام پلە باڵاکانی ئەو ناوەندە ئەکادیمیانە لە لایەن پیاوانەوە قۆرخ کراوە کە زۆرینەیان بە پاڵپشتی حزبی ئەو پۆستەی وەرگرتووە. لەوانەیە توانا و بەهرەی بەرێوبردنی هەر تیا نەبێت. بەڵام ئەگەر بۆ پۆستێکی زۆر سادە پێشنیاری خانمێک بکەیت داوای سی ڤییەکەی چەند لاپەرەییت لێ ئەکەن نەک بۆ ئەوەی ژنێکی شیاو دابنێن بەڵکو بۆ ئەوەی رێگری لە ژن بکەن و ئەو پۆستە وەرنەگرێت. ئیتر لەوێوە گفتوگۆیی دورو درێژ لەسەر ئەزموون و بروانامە و توانا و لێهاوتووی دەست پێ ئەکات بەڵام بۆ پیاوەکە بە تەلەفونێک یان پشتگیرییەکی حزبی مەیسەر ئەبێت.


حزب

لە مێژووەی حزبە سیاییەکانی باشوردا ئەزموونی هیچ حزبێکمان نییە کە سەرۆکەکەی ژن بێت یان سکرتێری سەرۆکی حزبەکە ژن بێت. سەرکردەی حزبمان هەبووە و هەیە تۆزقاڵێک بروای بە مافی ژن نییە، سەرکردەمان هەیە تا مردیش بروای بەوە نەبووە کە ژن لە رێکخستن و ریزەکانی پێشمەرگەدا بێت. هەندێ جار وا بیر ئەکەمەوە دامەزراندنی رێکخراوێکی ژنان کە تایبەتە بە حزبە سیاسییەکان هەر چۆتەوە خزمەت ئەجێندای پیاوانی ناو حزبەکە بەتایبەت بۆ کاتی دەنگدان. ئێستەش سەرنجی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبە چەپ و راست رەوەکان، سۆشیال دیموکرات، ئیسلامی و بە ناو عیلمانی و سیکۆلارەکان بە کەمترین ژمارەی ژن ئەبینیت. کۆنگرە بە کۆنگرەش ژمارەی ژن وەک ئەندام زیاد ئەکات بەڵام وەک پۆستی باڵا کەم ئەکات یان نییە.

ئەمەوێ ئاماژە بە خالێکی کەش بدەم کە زۆر جار سکرتێری حزب لەگەل سکرتێری رێکخراوی ژنانی تایبەت بە حزبەکەی خۆی راستەوخۆ لە پەیوەندیدا بووە بۆ دروستکردنی هەیمەنە و سەپاندنی ئەقلیەتی پیاوانە لە رێکخراوە ژنانەکەدا. ئێمە سەرکردە و بەرپرسی حزبمان هەیە دەستدرێژی کردۆتە سەر ژن و کوشتوشێتی، بەرپرسی حزبیمان هەیە لە نەوەدەکاندا دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنانی رزگاربووی ئەنفال بەڵآم تا ئێستە پیاوانی بە شەرەفی ئەم  کۆمەڵگەیە تانە لە ژنەکە ئەدەن و رێز لە بەرپرسە بێ مۆڕالەکە ئەگرن.


کۆنگرەی حزبەکان:

پیاوانی ناو حزب پێش کۆنگرەی حزبەکانیان بەهۆی ئەو مێژووە دورو درێژەی هەیانە لە کوتلە و کوتلە کاری، پشگیریکردنی یەک بۆ دابەشکردنی پۆست و هەیمەنە دروست کردن، بە ئامادەکراوی ئەچنە ناو کۆنگرەوە و پێش کۆنگرە پۆست و کورسی دابەش کراوە. لێرەدا ژن پەراوێز ئەخرێت و هەمان ئەو پیاوانەی کە بەم رێگە ناشرینە لە کوتلە و کوتلە کاری پۆست و خێر و بێری حزب لە نێوان خۆیان دابەش ئەکەن گلەیی لە ژنانی ناو حزبەکەیان ئەکەن و ئەڵین خۆیان دەسپ پێشخەر نین. ژنان خۆیان پشتگیری یەک ناکەن و یەک دنیا ناو و ناتۆرەش بۆ ژن دروست ئەکەن. ئێمە ساڵانە گەواهیدەری شەڕی پیاوەکانین لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات، لەسەر دروستکردنی هەیمەنەی خۆیان لە ناو حزب، پەرلەمان و بەسەر حکومەتدا. لاوازکردن و ئیفلیجکردنی حکوومەت کارێکی پیاوانەیە، هەیمەنەی پیاوانی باڵا دەستی حزبەکانە بەسەر حکومەتدا نەک کردەیەکی ژنانە. لە کارخستنی کەرتە گشتییەکانی بۆ قازانجی کۆمپانیاکانە، بۆ سەرمایەدارەکانە کە ئەوانیش هەر پیاون و شەڕی كەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر ئەکەن.

جا هەر باسی ئەوە ناکەم کە حزبێکمان هەبێت، سەرۆکی حزبەکە شەری ئەوە بکات ژنێک هاوسەرۆک بێت یان سەرۆکی حزبەکەیان بێت...ههههههه بە خەویش لە باشور نایبینیت.


پرسی داگیرکاری/کۆلۆنیالیزم

سەرکردەی حزبەکانی باشوور بەسەر وڵاتانی داگیرکراودا دابەش بوون، ئێمە سەرکردەی حزبە ئیسلامی و بە ناو ئۆپۆزسیۆنیشمان بینی لەم دواییەدا بانگهێشتی تورکیا کران لە جیاتی ئەوەی هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر داگیرکاری باشووری کوردستان، کوشتنی ژن و منداڵی بێ تاوان لە سەر سنور، تۆببارانکردنی گوندەکان، سوتاندنی خاک و دارستان،  کەچی چونەوە باوەشی داگیرکەر و جگە لە بێدەنگ بوونیان لە بەرامبەر کارەساتی مرۆیی رۆژئاوا بەڵکو بەو سەردانەیان بوونە هاوبەشە بەشی داگیرکاری خاکی کوردستان. 


رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی

سەرنج لە رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بدە، تەنیا ئەو رێکخراوانەی بۆ ژن کار ئەکەن سەرۆکی رێکخراوەکەیان ژنە. نموونەی زۆر کەممان هەیە کە رێکخراوەکە جگە لە پرسی ژن پرسی دیکەی کۆمەلگە ئامانجی ئەو بێت و ژنێک سەرۆک یان جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە بێت. کەمترین رێکخراو سەرۆک و جێگری ژنە، بەشێکی زۆری ئەو ژنانە ئەکەونە ژێر تانە و تەشەر چونکە لە فێڵەکانی کوتلە نازانێت، ناچێتە ژێر باری بریار و تێگەشتنی هەندێ پیاوی ناو رێکخراوەکەی. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بە ئەقڵێتێکی پیاوانەی ناو رێکخراوەکە کار نەکات، واتە خاوەنی خۆی بێت بیەوێت بە بنەماکانی کاری رێکخراوەیی رێکخراوەکە بەرێوە بباتت ئەوا پێی ئەڵێن بۆسی. (بۆسی وشەیەکی ئینگلیزییە زیاتر بۆ ژنان بەکاردێت واتە حەزی لە دەسەلاتە بەڵام بە پیاو ئەڵێن بۆس واتە بەڕێووبەر).


رۆشنبیر و نوخبەی باشوور 

زۆرینەیان لە ماڵەوە کوێخان بە پلەی یەک، ئەوەی ئەوان لە ژندا ئەیبینین جەستەیەکی چواردە ساڵەی ناسکی سێکسیە و سەرچاوەی چێژە بۆ پیاو. بەشێک لەم رۆشنبیرانە بە ناوی ئەزموون و ئازادییەوە دەستدرێژییان کردۆتە سەر کچان و ژنان. لەگەل هەبوونی ژنێکیشدا چەند عەشیقە و هاورێی کەشیان هەیە. ئەم بە ناو رۆشنبیرانە لە ناو سیستەمدا تواونەتەوە و بگرە لە خزمەتیشیدان. بەشێکیان کە گوێیان لە وشەی فیمینست ئەبێت زەندەقیان ئەچێت و دەست ئەکەن بە دابەشکردنی ژنان بەسەر ژنانی فیمینستی باش و خراپ، توندڕە و میانڕەو. لە کاتێکدا خۆیان ئەوەندە میانڕەون کە تەسلیم بوون یان با راستتر بڵێم خۆیان و قەلەمەکەشیان فرۆشت بە دەسەڵاتێکی نا دادپەروەر. ئەوان وشەی رۆشنبیریان هەلگرتووە و بەڵام لە هەندێ دۆخدا بێ هەڵوێسترین توێژی ئەم کۆمەڵگەیەن. تا ئێستە دە رۆشنبیرم نەدی دژی وشەی ناموس و شەرەف بنوسێت، بێتە سەرجادە، لە میدیادا تەحەدای ئەو ئەقڵیەتە بکات کە تا ئێستە لە ژێر ناوی شەرەفدا ژن ئەکوژێت. ئێستەش زۆرینەیان هەڵپەی ئەوەیانە چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگە پر بکەنەوە و ئەو پێگەیەی هەیانە لە دەستی نەیەن. ئەوان لە خەمی ئەو پەیامەدا نین کە هەڵیان گرتووە زیاتر لە خەمی پاراستنی پێگەکەی خۆیاندان. 

بەشێک لەو رۆشنبیرانە عەرشی پیاوێتییان ئەلەرزێ کاتێک رەخنە لەو ئەقڵییەتە پیاوسالارییە ئەگریت کە ئەم کۆمەڵگەیە بەرێوە ئەبات، دەست ئەکەن بە حکومدانت یان تانەو و تەشەرت لێ ئەدەن. تانەکەیان ئەوەیە کە تۆ دژە پیاوی. خوێندنەوەی من بۆ ئەم دەستەواژەیە بەم شێوەیەیە: کاتێک ژنێک فیمینست بێت واتە دژە پیاوە، ئەمە ئەچێتەوە ناو بازاری کۆمەلگە و پەیوەندی بە مامەڵەی خواستن و داواکاری هەیە. لە بەر ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی لە جیهاندا باوە و هەمیشە پیاو دەستپێشخەرە بۆ دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندییەک لە گەل ژندا بۆیە ئەو ژنەی کە دژە پیاوە واتە فیمینستە، کە فیمینستیش بوو واتە خواست لەسەر ئەو کەم ئەبێتەوە یان نابێت. چاوێک لەو حکومدانە پیاوسالارانە بکە کە بۆ ئەوەی ژنان بترسن بەر ئەو حوکمە نەکەون بەڵام لە باشووردا ژنانی زۆر بوێرمان هەیە کە ئازادانە ئەڵێن من فیمینستم و بۆی گرنگ نییە ئەو بەناو رۆشنبیرانە چۆن حوکمی بەسەردا ئەدەن.


پێگەی ژن لە رۆژئاوا: 

 لە دەستپێکی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆسەری دیموکراسی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، مانگی ١٢ ی ٢٠٢٣ بلاوکرایەوە)، نوسراوە (ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییەی کە بە سەرکردایەتی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدیهات، ڕێگەی بۆ ڕێنێسانسێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کردەوە و ژنیش بوو بە پایەی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراتی ئێمە.) 

لە کاتێکدا لە مێژوی شۆرش، راپەرین و جەنگ لە سەر ئاستی دنیا ژنان بەشداریان کردووە لە رۆڵەکانی برین پێچی، سەربازی تا قورسترین پر زەحمەتریین کار کە هێزی بازوو و جەستە، ئەقل و فکریی ژنی تێدا خراوەتە کار بەڵام دەستەکەوتەکانی جەنگ و شۆرش شانازیی بە باڵای پیاواندا بڕیووە و رۆل و پێگەی ژن لە حکومرانی و هەر پێگەیەکی دیکەدا بوبێت نەبووە یان روکەشانە و ناچالاکانە بووە. هەر بۆیە پێش ئەوەی دەروازە و ماددەکانی ئەم گرێبەستە بخوێنمەوە دلنیا بوم ئەم گرێبەستە جاڕنامای گەردونی مافەکانی مرۆڤی تێپەڕاندوو و لەسەر بنەمای تێکۆشانی ژن لەو بەشەی نیشتمان نوسراوەتەوە کە تا ئاستی ئەفسانە لە سەر ئاستی جیهان پێگەی خۆی جێگیرکرد. 

ژنان لە رۆژئاوا شانازییان بۆ کورد تۆمارکرد نەک رۆژئاوایان پاراست بەڵکو لەکاتی هاتنی داعش بۆ باشوور لە بەرەکانی جەنگدا بە هەڵهەڵەوە بەرگریان لەم بەشەی نیشتمانی خۆیان ئەکرد و بەرپرسانی پێشمەرگەی ئێمەش رایان ئەکرد و بەرەکانی جەنگیان چۆڵکرد. 

تێبینی/ ئەم نوسینە گوزارشتە لە رای کەسی هەڵوێست. 

بەستەری بابەتەکە لە ئاژانسی هەواڵی ژن