ئایا مرۆڤ ئەتوانێت پەیوەندی داڕماوی خۆی لەگەڵ سروشت و ئەندامانی ناو سروشت چاک بکاتەوە؟
حوکمڕانی زەوی و دادپەروەری نێوان جۆرەکان ناونیشانی وێبنەرێک بوو کە بەشداربووم تێیدا. وێبنەرەکە دوو کاتژمێری خایاند بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دنیابینی مرۆڤ بۆ پرسی ئیکۆلۆژی، ئەقڵیەت و مامەڵەی سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکان لەمەڕ سروشت و سەرچاوەکانی، بەکاڵاکردنی سروشت بۆ بازارە گەورەکەی سیستەم/بازاڕی ئازاد.
لە بەرامبەر ئەم واقیعە داڕماوەی سیستەم کە داماڵڕاوە لە مۆڕاڵ، مرۆڤایەتی چۆن دەتوانێت پەیوەندییە روخاوەکەی خۆی لەگەڵ باقی سروشت و ئەندامانی ناو سروشت چاک بکاتەوە؟ چۆن گوێ لە دەنگ و ئازاری جۆرەکانی دیکەی ناو ئەم سروشتە ئەگرێت و لە بڕیاردانماندا ئەوان بە هەند وەربگرین، ئێمە چۆن ئەتوانین خەیاڵی دیموکراسی بکەین لە ڕوانگەی ئیکۆلۆژییەوە؟
رۆڵی تاک و کۆمەڵگە چییە لە پاراستنی خاک و روبارەکانی، بۆ ئەوەی خواردنێکی تەندروست بخوات، لە تەمەنی گەنجیدا توشی شێرپەنجە نەبێت، لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا بە جەڵدەی دڵ و مێشک نەمرێت؟
بۆ ئەوەی مرۆڤ سروشت و خۆشی بپارێزێت پێویستە دنیابینی خۆی بگۆرێت لە زیهنیەتێکی مرۆڤ سەنتەرانەوە بۆ دنیابینیەک خۆی بەدابراو لە سروشت نەزانێت، سروشت و هەموو ئەندامانی ناو سروشت بپارێزێت ئەوجا زامنی مانەوەی ژیانی خۆی ئەکات، ژیانێک شایستەی سروشت و مرۆڤ بێت.