کۆمەڵگەی دوای زانیاری

 لە کاتی خوێندنەوەی کتێبی (کۆمەڵگەی دوای زانیاری، کاریگەریی چوارەمین شۆڕشی پیشەسازی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، نوسینی د.ئیهاب خەلیفە، وەرگێڕانی نەوزاد عومەر)، چەندین سەرنج و پرسیار لەلام دروست بوون حەز ئەکەم لەگەڵ ئێوەش بەشی بکەم. 


*هەمیشە کورد وتویەتی چیاکان دۆستمانن، لە قۆناغی پێنجەمی شۆڕشی پیشەسازیی بوونی کورد و شوناسەکەی، ئەمنی قەومی چی لێ بەسەردێت؟

*ئەگەر لە رابووردوو و ئێستەشدا بوونی چەکی ئەتۆمی بە سەقامگیری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دابنرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا زیرەکی دەستکرد ئەو سەقامگیرییە دەستەبەر دەکات، بەڵام ئایا دایکە زەوی و سروشت لە هەردوو قۆناغەکەدا زەرەرمەندی یەکەم نین؟ پاشان مرۆڤ؟ 

*سیستەمی سەرمایەداری پیاسالاریی جەستەی ژنی کردووە بە کاڵا و هەر رۆژە و بەجۆرێک لە بازارە گەورەکەی جیهاندا بازرگانی پێوە ئەکات و کرین و فرۆشتنی پێوە ئەکات..ئایا لە کۆمەڵگەی دوای زانیاریدا ژن و جەستەی ژن چۆن مامەڵەی پێوە ئەکرێت؟

*لە ساڵی ٢٠٣٠ دا ٣٠٠٠ رۆبۆت ئەخرێتە بازاڕەوە بێکاری و هەژاری لە جیهاندا ئەگاتە چ ئاستێک؟ 

*مرۆڤی سایبۆرگ چی بەسەر شارستانیەتی مرۆڤی بایەلۆژیدا ئەهێنێت؟

*کاتێک چیپی زیرەک لە جەستە و ئەقڵی مرۆڤدا ئەچێنرێت بە ئامانجی بەزرکردنەوەی ئاستی زیرەکی مرۆڤ، ئایا سۆز و هەست و دەرون و لایەنی رۆحی مرۆڤ چی لێبەسەردێت؟ ئایا ئەقڵ و لۆجیک تەواو دەست بەسەر مرۆڤی بایەلۆژیدا ئەگرێت؟

*یەکێک لە داهێنانەکانی ئەم شۆرشە پرنتەری ٤ رەهەندییە کە توانای پرنتکردنی هەموو شتێکی هەیە، بۆ نموونە چەک، ماددەی هۆشبەر هەرشتێکی دیکە کە تۆ بە خەیاڵتدا بێت..تا ئێستە هیچ یاسایەک نییە لە جیهاندا لە ئەگەری رودانی هەر تاوانێک کە لەم داهێنانەوە رودەدات.

*لە ماوەی رابوردودا و لە چاوپێکەوتنێکی یوڤال هەراری وتی ئێمە پێمان وایە ئێستە زیرەی دەستکرد لە ترۆپکایە، بەڵام ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە جاری هیچمان لەم زیرەکییە نەبینیەوە، ئەوەی کە بەڕێوەیە پێشبینی نەکراوە بۆ مرۆڤ.

*تا ئیستە مرۆڤ ئەو شانازییە بەسەر ئەندامەکانی دیکەی زەویدا دەکات و لوتبەرزی ئەو گەیشتۆتە ئاستێک کە بریاردەری ئەم زەوییە تەنانەت کۆمەڵێکی زۆر کەم لە مرۆڤ، چەند کۆمپیانییەکی کەم بریاردەری بازاڕن و ژیانی ئیمە دیاری ئەکەن...ئەی کاتێک رۆبۆت لەم مرۆڤە لوتبەرزە هەڵگەرایەوە و رۆبۆت مرۆڤی کۆنترۆلکرد، مرۆڤ چی ئەکات؟ چارەسەری چییە بۆ بەناو داهێنان و پێشکەوتنێک کە بە درێژایی شۆڕشەکان زەوی و سەرچاوەکانی زەوی بۆ وێران کرد و ئێستە و داهاتوش خۆی دەرەقەی نایەت و دوور نییە مرۆڤ و زەویش بەرەو لە ناو چوون ببات.

*بنەمای شۆرشە پیشەسازییەکان سیستەمی سەرمایەداری و نیولیبڕالە هەر بۆیە بوونی بۆمبی ئەتۆمی و زیرەکی دەستکرد بە سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەییەوە پەیوەست دەکات..دواجار لە ناوچونی زەوی و مرۆڤ بۆ ئەو گرنگ نییە.

*دوا پرسیارم بۆ ئێستە ئەوەیە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شۆڕشانە بکەین؟ 

لە کۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵیم کە شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازیی مرۆڤە خوایەک لەسەر عەرشی شۆڕشەکە دائەنێت و ئەوەی پێی بوترێت بەهاو و مۆڕاڵ لەو سەردەمەدا نامێنێت، چونکە تاکە ئامانج قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە.

لێرەدا کۆرەکەی ئەمرۆی رێکخراوی ئازادبوون لەگەڵ بەستەری سێ زنجیرەی بەرنامەی هۆشی ئازاد دادەنێم، دەرباری ئەم پرسە  هاورێمان ئاراس گوڵزار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاک نەوزاد عومەر ئەنجام داوە. کۆرەکەی ئازادبوون و ئەم سێ زنجیرەیە ناساندنێکی باشە بۆ ئەو بەرێزانەی دەرفەتی دەسخستنی کتێبەکەیان نییە.

زنجیرەی یەکەم:

https://youtu.be/stybaX5x_so

زنجیرەی دووەم:

https://youtu.be/_ZxAWB81ldk

زنجیرەی سێیەم:

https://youtu.be/rhu4PBO6EZo


کۆری کۆمەڵگەی دوای زانیاری