نامەیەک بۆ ئەو شەهیدانەی ئازاری خاکی سوتاوی کوردستانیان راژەنی!

ئەم نامەیە هەم بە خەم و هەم بە ئیرادەیەکی سەوزەوە لە قوڵایی دڵمەوە دەنووسم، بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و گیانفیدایی شەهیدانی دایکە زەوی، شەهیدانی سروشت خەبات ئەمینی و حەمید مورادی و چیاکۆ یوسف. سێ ئازادیخوازی کورد پابەندبوونیان بە دادپەروەری و خۆڕاگری و ئازادی، بۆ هەمیشە لە یادم ئەبێت و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.



لە جیهانێکی نیولیبراڵدا تادێت سیستەمی سەرکوتکردن و لەناوبردنی ئیکۆلۆژیی هەموو سنورێکی بەزاندووە، جوامێری و ئیرادەی ئەوان وەک چرایەکی هیوا بەخش لە ئاسمانی شینی کوردستاندا لە تەک ئومێد کۆنەپۆشی و شەریف باجوەر  دەمێننەوە و لێیان دەڕوانین. ئەو سروشت پارێزانە بەرامبەر سیاسەتی ئیکۆسایدی کوردستان و داگیرکاری وەستانەوە. خەبات و تیکۆشانی هاوڕێیانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و هەموو سنورەکانی بڕیووە چونکە خەباتی ئەوان  بۆ پاراستنی دایکە زەوی و سروشتە.


خەبات ئەمینی ژیانی خۆی بۆ بەرخۆدانی فەرهەنگی و سیاسی تەرخان کرد، کە جەوهەری خۆڕاگری کوردی تێدا بەرجەستە دەبێت، دەنگ و چالاکییەکانی ئامرازێک بوون دژ بە بێدەنگی و سڕینەوە. حەمید مورادی، بێوچان ڕووبەڕووی ئەو نادادپەروەرییانە بوو کە بەسەر گەلەکەیدا سەپێندرابوون. چیاکۆ یوسفی، لە تەنیشت ئەوانەوە وەستابوو، نوێنەرایەتی نەوەیەکی دەکرد کە تەسلیمبوون ڕەتدەکاتەوە و شاخ و ڕووبار و دارستان و خەونەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر لەبیربکەن.


ئەوان دیدەوان و جەنگاوەری ئاشتی و پارێزەری ژیانن. ژیان و کۆچکردنیان سروش بەخش و بانگەوازێکە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بیرخستنەوەیەک کە بەرخۆدانی ژینگەیی پیرۆزە.


لە یادکردنەوەیاندا، خۆمان پابەند دەکەین بە بەرگریکردن لە مافەکانی دایکە زەوی و هەموو رەگەزەکانی سروشت و چڵە گیایەک، دەوەستینەوە بەرامبەر بە لەناوبردنی ئیکۆلۆژی. ئێستە کاتی ئەوەیە هەنگاو بنێین بۆ بنیاتنانی هاودەنگی و کاری پێکەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پاشان جیهان. پێوویستە هەموومان خاوەنداری لەو شەهیدانە بکەین و هەوڵی پاراستنی گیانی هاوەڵەکانیان بدەین کە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵات لە ناو ئاگردان و ئاگر دەکوژێننەوە.


ڕۆحی ئەوان لە بەرخۆدانی بەکۆمەڵماندا دەژی!

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...