* چەند رۆژێکە ئاوتان نەهاتۆتەوە، یان ئەبێت بە تەنکەر ئاوی پیس بکڕیت یان ئەبێت ئاوی کانزایی لە کۆمپانیاکان بکڕیت.
*کۆمپانیاکە بەهۆی یاسای وەبەرهێنان، زەوی بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم لە حکومەت وەرگرتووە، ئاوی پاکی خواردنەوەی من و تۆ ئەخاتە دەبەی پلاستیکی و پێمان ئەفرۆشێتەوە. حکومەتی پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، ئەو کۆمپانیایانەی بۆ ١٠ ساڵ لە باج بەخشیووە. واتە پارەدارێک هەر لە خۆڕا و لەسەر قۆرخکردنی سەرچاوەیەکی گرنگی سروشت ئەبێتە سەرمایەدار.
*دواتر رێکخراوێک کە کار بۆ ژینگە ئەکات بە سەدەها سەلەی خۆڵ لەسەر شەقامەکان دائەنێت و پێت ئەڵێ ئەم سەلەی خۆڵە پاشماوەکانی مرۆڤی جیاکردۆتەوە و دواتر ریسایکڵ ئەکرێت. ئەڵێت ئێمە هاورێی ژینگەین، تکایە ژینگەکەت بپارێزە و دەبە پلاستیکییەکان بخەرە ئەم بەشە، کارتۆن لەم بەشەی سەلەیە. باشە ئەو کۆمپانیایەی ریسایکڵی پلاستیک و کارتۆن ئەکات هی کێیە؟
*شێوازی بەرێوبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن حکومەت، کۆمپانیای ئاوی کانزایی و ئەو رێکخراو و کۆمپانیایەشی کە لەوانەیە زۆرێک لە خەڵک سوپاسگوزارییان بێت چونکە پلاستیک ریسایکڵ ئەکەن. هەموویان لە خزمەتی سیستەمدان و بازاری سیستەم گەرم ئەکەن.
*ئەو سیستەمەی بەرپرسە لە دروستبوونی هەر قەیرانێک هەرگیز توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی نییە و هەمیشەش قەیرانی کە بۆ خەڵک دروست ئەکات.
