ئێوارەیەکی مانگی ٩ ی ساڵی ١٩٩٤ بوو وەک یادەوەرییەکی ڵێڵ یەتەوە یادم، کاتێک باوکم هاتەوە بۆ ماڵەوە و وتی بەکر عەلی کوژراوە، باوکم زۆر بێتاقەت و توڕە بوو.
لەمڕۆدا کە بیر لە توڕەیی و بێتاقەتی ئەو رۆژانەی باوکم ئەکەمەوە لام وایە بەشێکی پەیوەندی بە لە دەستدانی بەکر عەلییەوە هەبێت بەهۆی هەڵوێستەکانی. بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە مامەڵەی ئەو حزبەوە هەبوو (باوکم کادێری کۆمەڵەی ڕەنجداران بووە تێیدا)، کە بەشێکی تەمەنی پێ بەخشی و لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا ئەو گەواهیدەری کارەساتی لەم جۆرە لە کوشتن بووبێت.
ئەشێت باوکم توڕەی ئەوە بێت کە هاوڕێکانی ئەو و دایکم لە سێدارە دران، شەهیدکران، ئەنفال کران. لەوانەیە بیرەوەری هاوڕێ شەهیدەکانی هاتبێتەوە پێش چاوو، کیمیاباران و دەربازبوونی ئێمە لە شاڵاوی ئەنفال بە رێکەوت و کۆی ئەم یادەوەریی و توڕەییە لە پرسیاریکدا خۆی قوت بکاتەوە و پێی بڵێت: ئێمە شۆڕشمان بۆ ئەمە کرد؟ شاعیرێک، خەمخۆریکی هەژاران و چینی چەوساوە گولەیەک بنرێت بە ناو دەمییەوە؟
ئەو کات خویندکاری سەرەتایی بووم، بەڵام کوشتنی بەکر عەلی لە مێشکمدا تۆمار ببوو، بەردەوام ناوی بەکر عەلی لەگەڵ ئەو کارەسات و خەمانەی پەیوەندیار بوون بە کورد وەک ئەنفال و کیمیاباران بابەتی رۆژانەی خیزانەکەی من بوون، ببون بە بەشێکی سەرەکی ژیانی ئێمە، بۆیە باشتر لە یادەوەریی مندا ئەو تراژیدیایە مایەوە.
ئەوکات سەردانی حامییە (پارکی ئازادی ئێستەمان)، دەکرد بەو هۆیەی هەندێک خزممان لەوێ دەژیان، بۆیە تا رۆژی ئەمڕۆ و وێنەی ئەو ماڵانەم لە بەرچاوە کە لە لەوح و دار و پەردوو دروست کرابوون، شێوەی ناوماڵەکان و ساردی و گەرمی ناو ئەو ماڵانە،تا ئێستەش لە خەیاڵ و یادەوەریی مندا ئامادەیی هەیە. وێنەی ئەو ماڵە لە لەوح دروستکراوانەم لە بەرچاوە کە مقەبایان لە بری فەرش راخستبوو. ژنانەکان تا نیوەی ماکسییەکانیان قوڕ بوو، منداڵەکان تا نیوەی شەڕواڵەکانیان قوڕ بوو، ئەوێ یەکپارچە قوڕ و داروپەردوو بوو.
ئێستەش کە سەردانی پارکی ئازادی دەکەم، وێنای ئەو ماڵە بە لەوح دروستکراوانە لەگەڵ ئیستەی باخچەکەدا تێکەڵ دەبن، بۆ من ئێستەش کە بە باخی گشتیدا تێدەپەرم، هەست بە خوێنی رژاوی بەکر دەکەم، هەست دەکەم هێشتا خوێنەکەی وشک نەبۆتەوە.
ساڵانی دواتر و لە قۆناغی ناوەندی و بەتایبەتتر لە قۆناغی ئامادەیی، ئاشنا بووم بە شعرەکانی بەکر عەلی، ئەوەش کۆکراوە نەبوو لە دیوانێکدا، بەردەوام ویڵ بووم بە دوای ئەو و هەر زانیاریم دەست نەدەکەوت، لەگەڵ ئەوەی باوکم چیرۆکی ژیان و خێزانەکەی بۆ باس کردم، بەڵام من زانیاری زیاترم ئەویست، شعرەکانیم ئەویست، هێشتا تینەگەیشتبووم بۆ گولەیەکیان نا بە ناو دەمییەوە؟.
*بەلای منەوە کەوتنی مرڤێک، بە قەد بەربوونەوەی ئەستێرەیەک سەرنجڕاکێشە.....ئەمە یەکێکە لەو دێڕانەی بەکر کە ئەموویست بزانم ئەو چۆن بیری لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئەستێرەیەک کردۆتەوە؟ کەوتنی مرۆڤ و ئەستێرە چ پەیوەندییەکی پێکەوە هەیە؟
لە ساڵی ٢٠١٠ ”کاسێتەکەم بسپێرن بە پاییز” چاپ کرابوو پاشان ساڵی ٢٠١٥ چاپی دووەم دەکرێت، ئاگاداری ئەوو دوو چاپە نەبووم و درەنگ زانیم و لە کتێبخانەکاندا نەمابووەوە. دوای گەڕان و بەدواداچوون زانیم کاک فەرەیدوون عارف ئەو ئەرکەی خستووەتە سەر شانی خۆی و هەر ئەو کات و بە هەوڵ و ماندوو بوونی فەرەیدون عارف و هاوڕێکانی ماوەی چەندین ساڵ یادی بەکر عەلی لە سلێمانی بەرز رادەگیرا.
جارێک لە ناو بازار بە رێکەوت کاک فەرەیدون عارفم بینی و پرسیاری کتێبی ”کاسێتەکەم بسپێرن بە پایز”، لێکرد، بەڵام ئەو وتی هیچ کۆپییەکەی لە بازاڕدا نەماوە بۆیە ئیتر نا ئومید بووم. دواتر بە شێوەی فایلی پی دی ئێف دەستم کەوت.
ساڵی پار لە یادی تیرۆرکردنی بەکر عەلیدا لەگەڵ هاوڕێی ئەزیزم حەمە کەوتینە گفتوگۆ دەربارەی بەکر عەلی، چەند رۆژێک دواتر دیوانی ”کاسێتەکم بسپێرن بە پاییز”ی وەکو دیاری بۆ هێنام.. سوپاس و پێزانینی زۆری حەمەم کرد و بۆشم باس کرد کە چەند وێڵی ئەو دیوانە بووم. جا دیاری بێت، کتیب بێت، شعر بێت و هی بەکر عەلی بێت و هاورێیەک بە دیاری بۆت بهێنێت ئیتر لەوە خۆشتر نییە...
ئەم چیرۆکە بە دێڕیکی بەکر عەلی کۆتایی پێدەهێنم:
با شەقامەکان بە گوڵ سور بکەین نەک بە خوێن.
بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، دوای یەک رۆژ لە یادی ٣١ ساڵەی تیرۆرکردنی بەکر عەلی، دوێنێ رۆژنامەنووس هێمن مامەند دەستڕێژی گولەی لێکرا، سەردەشت عوسمان لەبەردەم زانکۆ فڕێندرا و گولەیەک نرا بە ناو دەمییەوە، کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە، ویداد، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ناگیهان ئاکەرسەل کێی کە؟...... ئەی سبەی نۆبەی کێیە؟

