لە پەراوێزی فیلەر و بۆتۆکسدا

*پیشەسازی جوانکاریی وەحشیانە بەربۆتە جەستەی مرۆڤ و بەتایبەت تر ژن. شێواز و قەبارەیەک دیاری ئەکات و لەرێی مەکینەکانی میدیاوە جەستەکانی دیکە لە قاڵب ئەدات. ئەو پیشەسازییە جەستەی ژنی کردووە بە کاڵا و هیچ جوانییەکی سروشتی نەهێشتۆتەوە بەڵکو بەردەوام ژن ناچار ئەکات بەدوای مۆدێلەکانی لچ و رومەت و سمتەوە بن تا ئەو چاوەڕوانییە پڕ بکاتەوە کە حەزی سێکسی پیاوان هەیانە بۆ قەبارە و شێوەی ئەندامەکانی جەستەی ژن، لە هەمان کاتدا بۆ دەستکەوتنی زیاتری قازانج بۆ کۆمپانیاکان و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر.



*تا ئێستە تۆ لە خۆتت پرسیوە لە کۆمەلگەدا کێ پێوەرەکانی جوانی بۆ ژن دەستنیشان ئەکات؟ لە سەدەکانی رابوردوودا جوانی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە، لە کلتورێک بۆ کلتورێکی دیکە جیاواز بوو چون جوانی هەر بۆ خۆی ڕێژەییە، لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە ئەگۆڕێت و مەرج نییە ئەو کەسەی لای من جوانە لای تۆ جوان بێت (بە بروای من هەموو مرۆڤێک جوانییەکی تایبەت بە خۆی هەیە). هەر دەربارەی بابەتی جوانی ئەمەی بپرسم بۆ ئێستەش ئەگەر وەسفی جوانی ژنێک بکەن پێی ئەڵین: ئەڵێی کچی ١٤ ساڵە ئەونە جوانە؟؟ لێرەدا ئەو جوانییە تەنیا جوانییەکی ئیستاتیکی نییە بەڵکو پەیوەندی بە گەشەی جەستەی کچێکی ١٤ ساڵەوە هەبووە لە دەیەکانی رابوردوودا، بە بڕوای من تەواو پەیوەندی بە چێژی سێکسییەوە هەیە. (لەم دوو دەیەیەی رابوردودا کچان و کوڕان بە هۆکاری جیاواز لە تەمەنی منداڵتر بە بەراورد بە دەیەکانی رابووردوو قۆناغەکانی گەشەکردنی فیسیۆلۆژی لە جەستەیاندا دەرکەوتووە و زوتر نیشانەکانی گەورە بوونیان تیادەرئەکەوێت).

سەبارەت بە پێوەرەکانی جوانی و گۆڕانکاری دەربارەی پێوەرەکانی جوانی، با چەند نموونەیەکی کۆمەڵگەی خۆمانت بۆ باس بکەم، لە نەوەدەکاندا خواست لەسەر ژنی قەڵەو هەبوو، گوێ لە قسەی نەنک و باپیرت بگرە ئێستەش ئەڵێن ژنی خڕ و خرپن، فڵانە ژن یان پیاو گۆشتی هەر پێوە نییە لوتی بگری رۆحی دەرئەچێت، ئەڵێی لە سەر بەرد ئەلەوەڕێت، یەک تۆز گۆشت بگرێت زۆر جوان ئەبێت...هتد....

بەڵام دواتر لە رێگەی کەناڵە ئاسمانییەکانەوە و پاشان لە دوو هەزارەکانەوە جەستەی باربی و بوکی باربی پەیدا بوو، پیاوی کورد جەستەی ژنی جیاواز و وڵاتانی دیکەی بینی بە تایبەت تورکیا و ئەوروپا. لێرەوە فشار خرایە سەر ژنان و کچان و رویانکردە جیمەکان، سەنتەرەکانی لەشجوانی کە پێشتر تەنیا بۆ پیاوان هەبوو، سەنتەرەکانی جوانکاری پەیدابوو کە پێشتر ساڵۆن بوو، وردە وردە لە رێی نەشتەرگەریی لوت بینیمان زۆربەی لوتەکان بوون بە یەک جۆر لە شەیپ و قەبارە، جاران لێوو قەیتانی و لێوی باریک مواسەفات بوو، ئەوانەی کەمێک لێوویان ئەستور بوایە هەر بە لچە بانگیان ئەکرد و لای زۆرینەی کۆمەڵگە مەرغووب نەبوو، بەڵام ئێستە شەش مانگ جارێک زۆرینەی ژنان لێویان پڕ ئەکەنەوە بۆ ئەوەی لچێکی ئەستوریان هەبێت. ئیتر با باسی مەمک و سمت نەکەم خۆتان لە من باشتری دەربارە ئەزانن.

*کاتێک دەربارەی ئەم بابەتە قسە ئەکەیت، ژنان و پیاوانێک هەن رەخنەت لێئەگرن و ئەڵین ئەمە ئازادیی تاکە کەسییە و نابێت تەداخولی ئازادییەکانی تاک و جەستەی کەسێک بکەیت کە جەستەی خۆیەتی، مافی خۆیەتی بڕیار بدات لەسەر جەستەی خۆی...وەڵامی من بۆ ئەو بەرێزانە ئازادی بۆ ژن ئەوەیە لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتگەرایی پیاودا بێتەدەرەوە، جەستەی نەبێت بە کۆیلەی چێژ و حەزە سێکسییەکانی پیاو و ئەو بریار لە قەبارەی بەشەکانی جەستەی بدات، ئازادی ژن ئەوەیە کە لە ژێر هەیمەنەی ئەو سیستەمەدا بێتە دەرەوە کە مەکینەی گەورە و گرەوی پیشەسازی میلیارەها دۆلاری لەسەر جەستەی ژن بنیاتناوە.

*دەرزییەکانی بۆتۆکس و فیلەر بەشێکن لەم پیشەسازی جوانکارییە و قازانجەکەی تەنیا بۆ دەموچاو لە بازارەکانی جیهاندا بەهای ١٩ ملیار دۆلاریی ئەمریکی بووە لە ساڵی ٢٠٢٣، و پێشبینی ئەکرێت بگاتە ٣٣ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٣١. ئەم ئامارە لە راپۆرتێکی گراند ڤیو تۆمارکراوە و لەساڵی، 2024 بڵاوکراوەتەوە. ژنان لەسەر ئاستی جیهان لەسەدا ٨٥ بۆ ٩٠ ی کڕیار و بەکارهێنەری دەرزی جوانکاریین، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی نەشتەرگەری جوانکاری، ڕاپرسی جیهانی 2023.
سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن هەمیشە وێنەی ژنێکی زۆر جوان (بە پێوەری جوانی پیشەسازیی)، نیشان ئەدەن، کە لە هەموو تەمەنەکاندا چرچ و لۆچی لە دەم و چاویدا نابینیت، هەمیشە خەونی بە گەنجی مانەوە و بە جوانی مانەوە پرەپاگەندەی بۆ ئەکرێت. ئەمڕۆ چارەسەریی و رێگەکانی خۆپارێزی ژنان لە پیر بوون بە تایبەت لە رێگەی بەکارهێنانی بۆتۆکس لە بیستەکانی تەمەنەوە بۆ ریگریکردن لە پیربوون، دەستپێئەکات.

کارێکی دیکەی زۆر بێئەخلاقانەی میدیا ئەوەیە، هەمیشە هەستی خۆ بەکەم زانین لای ژنان دروست ئەکات و ئاسوودەی ژن لە گەیشتن بەو بابەتە شکڵییانەدا بچوک ئەکاتەوە، وە وا لە ژن ئەکات وێنە و جوانی خۆی بکات بەو وێنا و شەیپەی کە پیشەسازی بۆی لە قاڵب داوە..

لێرەدا ئەمەوێت بپرسم بۆ ئەو ریکڵام و خەونانە بۆ پیاو دروست ناکریت؟ ئایا پیاوان حەز ئەکەن پیر ببن؟ تەنیا ژنانن کە نایانەوێت پیر ببن؟ بۆ ژن نایەوێت پیر ببێت؟ خەونی بە گەنجی مانەوەی لە چییەوە سەریهەڵداوە؟ بۆ ئەوێت هەمیشە وەک کچێکی ١٤ ساڵ وەسف بکرێت؟؟

*کۆتا قسە: لە چەند رۆژی رابووردودا هێرشێکی زۆر کرایە سەر خاتوو کەویار و زۆر قسەی نەشیاو و ناشرینی دەربارە کرا..بەرێزان ئێوە پێش ئەوەی قسە بەو خانمە بڵێن سەیرێکی تێروانین و حەزی سێکسی خۆتان بکەن، پاشان بزانە پێشەسازی جوانکاری لە رێی میدیاکانەوە چۆن بابەتی جوانی و جوانبینی لای تۆ شێواندووە؟ رەخنە لەو ئەقلیەتە و سیستەمە پیاوسالارییە بگرە کە جەستەی ژنی کردووە بە کاڵا و لە رێگەی مەکینەکانی میدیاوە بەنرخی ئازادی پێی ئەفرۆشێتەوە و دواتریش لە ناو کۆمەڵگەدا روبەروی ئیهانە و قسەی ناشرین دەبێتەوە.

هەڵوێست

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...