ئەندامێکی لیژنەی ڕاگەیاندنی کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد لە باشووری کوردستان دەڵێت: لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی کۆنفراس لە مانگی تشرینی یەکەمدا، دەشڵێت: کار دەکەین بۆ ئەوەی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کورد لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت و ئامانجمان ئەوەیە کە تێکۆشانەکانی ژنان نزیکی یەکتر بکەینەوە.
٢٧ـی ئەم مانگە، پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بۆ ئامادەکاریی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەش سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کورد ئەنجام بدرێت.
لە بارەی کۆبوونەوەی پلاتفۆرمەکە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان، هەڵوێست کەریم، ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندنی کۆنفرانسەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
هەڵوێست کەریم بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد لە ٥ ی مانگی ٧ ی ٢٠٢٥ دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند کە پێکدێت لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوان و ڕۆشەنبیران، کە بەشێکە لە پلاتفۆڕمی گشتی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد لەسەر ئاستی هەر چوار بەشی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان، کۆمەڵێک ئامانجی هەیە و کاری بۆ دەکات، یەکێک لە ئامانجەکانی بەستنی کۆنفرانسی یەکیتی ژنانی کوردە لە باشوور، کە بڕیارە لە سلێمانی لە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا لیژنەکان پێکهاتوون سەرقالی ئامادەکارییەکانن بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانسە.
هەڵوێست کەریم وتیشی: کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد لە ساڵی ٢٠١٠ لە ئامەد بەسترا، گۆنگرەی دووەم لە ساڵی ٢٠١٢ لە هەولێر بەسترا، یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی پلاتفۆرمەکە ئەوە بوو کە کۆنگرەی سێیەم لە سلێمانی ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێندراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە تێکۆشانەکانی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان و ئەورووپا لەیەکتر نزیکبن، کاتێک هەر دۆخێک دێتە پێش بەرانبەر بە ژنان لەهەر بەشێک یان ئەورووپاش بێت ژنان دەنگ هەڵبڕن، بۆیە گرنگە زیاتر ژنان کۆببنەوە بۆئەوەی ئەم پلاتفۆڕمە و کۆنگرەی سێیەم ببێتە سەکۆیەکی بەهێزتر بۆ کۆبوونەوەی ژنی کورد و خەباتی ژن.
