لە ٢٢ ی یەکی ٢٠٢٦ لە فرانکفۆرت کاروان یان کەرەڤان بۆ بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، (کاروانی بەرگریکردن) ی ڕاگەیاند. سەرەتا کاروانەکە لە دوو ڕێگاوە لە ئەڵمانیا، لە کۆڵنەوە لە ڕێگەی فرانکفۆرت و فرایبۆرگەوە بۆ زیوریخ و لە هانۆڤەرەوە لە ڕێگەی کاسێلەوە بۆ لایپزیگ دەستیان پێکرد بۆ شوێنی مەبەستی خۆیان لە ڤیەنا. لە هەمان کاتدا کاروانێکی دیکە لە شاری لیۆنی فەرەنساوە بەرەو تۆرین بەڕێکەوتن. کاروانەکە لە ژن و پیاو، سەرجەم چین و توژە جیاوازەکان، گەنجان، رۆژنامەنووس، چالاکوانی ژن و ژینگە، شۆڕشگێڕ و چەپەکان لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، سکۆتلەندا، ئێرلەندا، ئەڵمانیا، کەتەلۆنیا، بەریتانیا، کوردستان، لۆکسمبۆرگ، کۆڵۆمبیا، سویسرا، نەمسا و سلۆڤاکیا، بەشداربوون و رۆژانە لە سەرجەم وڵاتانەوە بەشدارییەکان زیاتر دەبێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم کاروانە ناردنی پەیامێکی بەهێزی هاودەنگییە بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی خەڵک و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە رۆژئاڤا.
گێسا جۆناسۆن، وتەبێژی کاروانەکە دەڵێت: “ لە یەکەم ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بەشداری کاروانەکەیان کردووە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە و نیشانەیەکی بەهێزی هاودەنگییە، بە هەر شارێکدا تێپەریووین سەدان کەس پێشوازییان لێکردووین، خواردن و شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەکردووین. گێسا جۆناسۆن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەو پشتگیرییەی کە لە گەشتەکەماندا تا ئێستا وەرمانگرتووە زۆر گەورە بووە، لە ئێستاوە هەزاران کەس بەشێوەی جیاواز بەشدارن لەم هەڵمەتەدا". هاوکات کاروانەکە لە میانی تێپەڕبوونی بە شارە جیاوازەکاندا، بەشدارییان لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانە ناوخۆییەکانی پەیوەندیدار بە پشتیوانی شۆرشی رۆژئاوا، کردووە و کاروانەکەش ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی سوپای سوریا دەربڕییوە. لە گردبوونەی کاسێل نوێنەری کاروانەکە باسی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا کرد. جەختیان لەوە کردەوە سوپای سوریا خۆی لە گروپە ئیسلامییەکان پێک دێت و مەترسیین بۆ قرکردنی کورد، ئێزیدی، عەلەوی، و مەسیحییەکان.
لە سێیەم ڕۆژی کاروانەکەدا واتە ٢٥\١\٢٠٢٦ و لە رێگەی جیاوازەوە لە ڤیەنا کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکان ئامادەبوون. دوای خۆپیشاندانێکی گەورە لە نیوەڕۆدا، کاروانەکە جارێکی دیکە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بۆ بەلگراد لە سربیا بەرێکەوت. لە ڕۆژی چوارەمدا و لە رۆژی جیهانی کۆبانێ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و پاشان بەرەو شاری سالۆنیکی یۆنان رۆشتن. ئەمشەو واتە ٢٦\١\٢٠٢٦ بەشێک لەو کاروانە گەیشتۆتە ئامەد و لە لایەن گەلەوە پێشوازییان لێکرا.
کاروانی خەڵک جوڵەیەکی خۆڕسکی نێونەتەوەییە و لە سەرانسەری ئەوروپادا بەرێکەوتوون بەرەو سنوورەکانی ڕۆژاڤا بە ئامانجی هاودەنگی و بەرگریکردن لە شۆڕشی ڕۆژاڤا. کاروانەکە ئەیەوێت سنورەکان بشکێنێت و بەرگریی لەو دەستکەوتە دیموکراسیانەی رۆژئاوا بکات کە خەڵک لەوێ بە بەخشینی ژیانی خۆیان بەدەستیان هێناوە.
ئامادەکردن: هەڵوێست