هەڵوێست کەریم: تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خاک لە ئاستێکی باڵادایە

 پەرێز ڕەمەزان

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لەبارەی بەشداربوونی لە سەفەربەریی ڕۆژئاوا دەڵێت: دۆخەکە سەخت بوو بەڵام گەل خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بوون، تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، دەشڵێت: دەبێت هەمووان بە یەکدەنگ پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین.


بەهۆی پێشێلکاریی و هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان و مەترسییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژئاوا بانگەوازی بۆ سەفەربەریی بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕاگەیاند و بەو هۆیەوە گەلی باشووری کوردستان بەدەم بانگەوازییەکەوە چوون و یەکێک لەوانەی بەشداری سەفەربەرییەکە بوو، هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست بوو، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“هەرچەندە دۆخەکە سەخت بوو بەڵام گەل خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بوون”

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر سەردانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و بە دەمەوەچوونی سەفەربەری و وتی: کاتێک گەلی کورد  لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر داگیرکاری مەترسیی گەورەدا بوو، وەک ژنان پێویست بوو هەڵوێستمان هەبێت، هەر بۆیە لە باشووری کوردستانەوە بەدەم بانگەوازیی سەفەربەرییەکەوە چووین و بەشداریمان کرد، هەرچەندە دۆخەکە سەخت و هەستیار بوو بەڵام گەل خاوەن مۆڕاڵ و ئیرادەیەکی بەهێز بوون، هاوکات بە وەڵامدانەوەی سەفەربەرییەکان و ئەنجامدانی خۆیپشاندان و پشتگرییەکان زۆر دڵخۆشبوون و پێزانینێکی زۆریان بۆ گەلی باشووری کوردستان هەبوو.

“تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوا بۆ پارستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە”

وتیشی: ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام پێشەنگایەتی ژنان بوو کە لەهەر گەڕەک و کۆڵانێک ژنانمان دەبینی بۆ پاراستنی خۆیان چەکیان بەدەستەوە بوو، ئەوەش نموونەیەکی تاقانە و ناوازەیە ژنان لەکاتی جەنگ و ئاشتیدا پێشەنگایەتی دەکەن، بۆیە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، ئەمەش سەرئەنجامی خۆبەڕێوبەری و شۆڕشی ژنانە، ئەمڕۆش لەسەر ئاستی دنیا خاوەنداری لەم تێکۆشانە دەکرێت.

“گەلی ڕۆژئاوا یەکڕیزی نەتەوەییان بەلاوە گرنگە”

 ئاماژەی بەوەشکرد: گەلی ڕۆژئاوا لە ئێستادا یەکڕیزیی نەتەوەیی و هاوکارییە کۆمەک و کەمپینەکانیان بە گرنگ دەزانن، هەرچەندە ئەوەی زۆر گرنگە بگەیەندڕێتە ڕۆژئاوا، پێدوایستی ژنان، منداڵان، دەرمان و مادییە.

“هەمووان یەکدەنگ و یەک ڕێزبین و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین”

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەموو سیستەمە دیکتاتۆریی و جیهانیەکان لە هێزی گەل دەترسن، ئەوەی ئەمڕۆش کوردی کۆکردووەتەوە خاک و نەتەوەیە کە گرنگە پارێزگاری لێبکەین، هەموو ناڕەزایەتی و جیاوازی بیری ئایدۆلۆژی و حزب وەلا بنێین وهەمووان یەکدەنگ و یەک ڕێزبین و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین.

بەستەری چاوپێکەوتنەکە لێرە بەردەستە: رۆژنیوز

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...