سەرم بەسەر مۆبایلەکەمدا شۆڕ کردبۆوە و بە دوای هەواڵێکی نوێدا ئەگەڕام، هەموومان چاوەڕێ بووین بەڕێز مەزڵوم عەبدی شتێک بڵێت. هەندێک میدیا چەند گرتەیەکی ئەویان بڕیبوو بەئامانجەوە بڵاویان ئەکردەوە بەڵام بۆ من هیچ گرنگ نەبوو چونکە متمانە و باوەڕم بە مەزلوم عەبدی هەبوو، بڕوام بە بەرخۆدانی گەل هەبوو بەڵام بە دۆخەکە نا، بە سیاسەتی جیهانی و ئاگربەست نا.
هەندێک نوسەر و رۆشنبیر کەوتنە قسەکردن لەسەر شکستی رۆژئاڤا، برایەتی گەلان و بابەتی دیکە، لە باشور خەڵک خەریک بوو بە تەواوەتی ئەژنۆی بشکێت کاتێک زانیان هەسەدە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەکشێتەوە. بەشێک لە خەڵکیش هێشتا لە هەیەجانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیدا بوون کە چ بەرەنگارییەکیان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نواند لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی جۆلانی بە پاڵپشتی تورکیا و وڵاتانی خاوەن دروشمی ئازادیی و دیموکراسی.
رۆژی ١٨ ی مانگ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا بانگەوازیی سەفەربەرییی گشتی راگەیاند، هەموو گەل لە رۆژئاڤا لە ژن و پیاو گەنج بە دروشمی بەرخۆدان ژیانە، یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن، پیر چەکیان هەڵگرت. ئەمەم بینی موچوڕکەیەکی شانازیی دایگرتم، لە ئاست ئیرادە و هێزی ئەو گەلە سەری رێزم نەوی کرد. ماخۆلانم تێکەوت نەمئەتوانی دابنیشم هەر لە خۆمم ئەپرسی ئێمە چی بکەین؟ ئێمە چۆن پشتگیری ئەم هێز و ئیرادە نەبڕاوەیە بکەین؟
لە باشور ترس، توڕەیی و هەستی شکست پێکەوە و لە یەک کاتدا بەشێک لە خەڵکی داگیر کردبوو، پەیتا پەیتا شیکاری بۆ دۆخەکە ئەکرا ، رۆژی ١٩ ی مانگ کارەکانم بەجێهێشتوو بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی بەردەم باخی گشتی بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتم خەڵکێکی کەم لەوێ بوون، لەگەڵ هاورێکانم گفتوگۆمان کرد ئەوان هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ رادەستکردنی ئەو دوو گەرەکە لە لایەن هەسەدە و توڕە بوون لە دوای ئەو هەموو بەرخۆدانییە ئەمە دەرئەنجامەکەی بوو؟
هەمان شەو لە پلاتفۆرمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارییەک لە لایەن (ئەنجومەنی سەرتاسەری باشوری کوردستان)، بڵاوکرایەوە کە بانگەوازیی رێپێوانی لە باشورەوە دەکرد بۆ شکاندنی بازگەی سمێلکا. بەم بانگەوازە گەشامەوە، هەمان شەو لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکەش هەزاران کەس لە ژن و پیاو و چین و توێژە جیاوازەکان هاتنە سەرجادە تا درەنگانێکی شەو و وەڵامی سەفەر بەریی درایەوە و بانگەوازیان لە هەموو کورد کرد پاڵپشتی رۆژئاڤا بکەن.
بەرەبەیانی ٢٠ ی مانگ یەکەم کاروانی گەنجانی باشور بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتن، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ خەڵکێکی زۆر لە ژن و پیاو گەنج و منداڵ لەبەردەم دەرگای زانکۆی سلێمانی کەمپی نوێ ئامادەبوون، بۆ ئەوەی ئێمە بەڕێبکەن، خۆزگەیان دەخواست بیانتوانیایە لەگەڵمانبەشداربن، ئەیان وت: ئێمە لێرە لە خۆپیشاندان بەردەوام ئەبین.
کاروانەکە بەرێکەوت و ئێمە بە بەردەوامی گوێمان لەو سرودە نیشتمانیانە ئەگرت ماوەیەکی درێژە گوێبیستی نەبووین یان خۆمان گوێی لێناگرین وەک دەست لە چەکم، دەست لە چەکم هەڵناگرم یان سەرئەکەوم یان ئەمرم. لە ساڵی نەوەدەکان بەیانیان پێش دەسپێکردنی هەر وانەیەک، لە گۆڕەپانی فێرگەدا سرودی نیشتمانیمان ئەوتەوە. ئەو کات لە مانای زۆرێک لەو وشانە تێنەدەگەیشتم و نەشم ئەزانی بۆ ئەم سرودانە ئەچڕین؟ دواتر سەرهەڵدان ژیانە بەرخۆدان ژیانە، ئێمە پێویستمان بەو هەیەجانە هەبوو کە شڤان پەروەر لە گۆرانی شۆڕشگڕیدا ئەیداتەوە بە گوێماندا و هەستێکی بەرزی کوردبوونت تێدا ئەژێنێتەوە، پاش کەمێکی دی هونەرگەها وڵات و ژن ژیان ئازادی، سەرسام بوون بە ئاواز و وشەکانی شەر هاتە بەردەرگا، سەر سەر و سەر چاڤا. ئەمە ئەو گۆرانیانە بوون کە لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئاگربەست، بەرەنگاریی زیاتری لە ئێمەدا دروست ئەکرد. لەم ساتەدا بەخۆمم ئەوت دوژمن و داگیرکەر بۆیە ئەیەوێت ئێمە لە موزیک و گۆرانی، هەڵپەرکێ و شعر داببڕێت.
کاتێک گەیشتینە دەروازەی فیشخاپور و پاش هەندێک گفتوگۆ کارەکانیان بۆ راییکردین و بەرەو خاکی رۆژئاڤا بەرێکەوتین.کاتژمێر یەک و نیووی شەو ئەو سنورە دەستکردەمان بڕی کە لە نێوان خاکی باشور و رۆژئاڤادا کێشراوە. ساتی گەیشتنە سەرخاکی نیشتمان ئەو چرکە ساتە بوو کە خەریک بوو دڵ و رۆح لە سینە و گیانم دەربچێت و بفڕێت، بەڵام فڕینێکی کوردانە بۆ ئازادی.
بە هەلهەلە و گۆرانیی چڕینەوە گەیشتین، شەوێکی تاریک تاریک بەڵام ئەموویست چاوەکانم بکەمەوە، ئەو خاک و نیشتمانە ببینم کە لانکەی سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاڤایە، هەزاران گەنج و ژن و پیاو لە کورد و نەتەوەی جیاواز گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو خاکە بەخشی، لە قورسترین ساتەکاندا دلێرانە هاواریان ئەکرد بەرخۆدان ژیانە،کۆبانێ ناکەوێ، رۆژائاوا سەرئەکەوێت.
وێنەی ژنانی شەڕڤان، ساتی داگیرکردنی عفرین، ساتەکانی ئازادکردنی کۆبانی، بیستنی هەواڵی شەهید بوونی موسا کوبانێ، بەرخۆدانی شەهید دەنیز، بەرخۆدانی زیاد حەلەب و هەموو شانازییەکانی دیکەی کورد بوونم دەهاتە پێشچاو. هەستێکی سەیر گنگڵی دەدام، هەستێکی پڕ لە شانازیی لە هەمان کات توڕەیی.
بە خۆمم ئەوت ئێستە پێیەکانم لەسەر خاکێکە کە بەرخۆدانی خستە خوێنی هەموو کوردێکەوە، ئەو خاکەی لە هەموو جیهانەوە لە نەتەوە و زمانی جیاواز لە ئاین و مەزهەبی جیاواز هاواری ئازادیی و پشتگیری بۆ ئەکەن. هەستێکی سەیر جەستە و رۆحی داگرتبووم، هەستم بە ژانێکی قورس لە هەموو جەستەمدا ئەکرد.
لە پاسەکە دابەزین ژمارەیەک پاسەوانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک هاتن بۆ پێشوازیی و بەخێرهاتنمان، لەو شەوە ساردەدا بە گەرمییەوە پێشوازییان کردین و یەک یەک تەوقەمان لەگەڵ کردن و سڵاوی باشوری نیشتمانمان پێگەیاندن. جەستەیەکی پتەو و ڕاوەستاو و دەستێکی سارد وەک شەختە بەڵام رۆحێکی بەرەنگاریی گەورە.
هەمان شەو بە چەند پاسێک ئێمەیان گواستەوە بۆ رمێلان، لەوێ لە لایەن ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدانەوە پێشوازیمان لێکرا و دواتر بەسەر ماڵەکاندا دابەش کراین. بەرەبەیان بوو لە دەرگاماندا خانمێکی باڵابەرز دەرگای کردەوە بەبزەیەکی گەرمەوە یەک یەک لە ئامێزی گرتین و خۆی ناساند وەک دایکی شەهید….لە ژوری میوانەکە وێنەی کورە شەهیدەکەیان لەگەڵ وێنەی چەند شەهیدێکی دیکە و بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵواسرابوو. خوانی رازاندەوە و فەرمووی لێکردنین نان بخۆین، دوای نان خواردن نوستین. بەیانی دوای نان خوارد، رۆشتینە حەسارەکە و چەند وێنەیەکمان بۆ یادگاری چرکاند. بینیم لە باخچەیەکی بچووکی چەند مەتریدا سەوزەیان رواندووە و کەوتمە بیری گوندی ژینوار کە دەمێکە ئاواتی ئەوە ئەخوازم سەردانی بکەم، بەڵام ئێستە لە رۆژئاڤام و بەهۆی شەڕەوە ناتوانم بڕۆم. چنگم لە خاکی رۆژئاڤا گیرکرد بە خۆمم وت ئەمە ئەو خاکەیە کە بووە بە ئاخ لە دڵی داگیرکەراندا، ئەمە ئاخی رۆژئاڤایە مایەی شانازیی و سەربەرزیی هەر کەسێکە لەسەر ئەم گۆی زەوییە بۆ ئازادی تێئەکۆشێت، خەون بە جیهانێکی نوێوە ئەبینێت.
ژنانی باشور لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦
ماڵئاواییمان لە یەک کرد و گەراینەوە بۆ ئەنجوومەنی ماڵباتی شەهیدان و بۆ ئەوەی لە بەرنامەی ئەو رۆژەدا بەشدار ببین، ژنانی بەشداربووی کاروانەکە سەردانی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانمان کرد. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان دوای بەخێرهاتن و گەیاندنی سوپاس و پێزانین بۆ گەلی کورد و باشور باسی بەخشینی گیان و رۆحی هەزاران شەهیدی رمێلانی کرد بۆ ژیانێکی دیموکراتیک. ئێمە تێگەیشتین ئێرە نیشتمانی بەرخۆدان و ئیرادەیە لەم سەرزەوییە لەگەڵ هەر کەسێک قسە ئەکەیت یان خوشکی شەهیدە یان برای، یان دایک یان باوک یان منداڵی یان هاوژینەکەی شەهیدە.
لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان و بەرێز غەریب حەسۆ، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦