جەنگ فۆرمێکی خێرای لەناوبردنی سروشتە و لە سیستەمی سیاسی ئابووری جیهانی ئەمڕۆدا چەسپاوە، جەنگەکانی ئەمڕۆ ئیکۆسیستەم و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەناوئەبەن. جەنگ، سەرمایەداری، داگیرکاری، *ئیمپریالیزم و *میلیتاریزم هۆکارن بۆ لەناوبردنی سروشت و نایەکسانی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهاندا زیاترئەکەن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پەرەسەندنی جەنگ، سیستەمی وزە و ژێرخانی ستراتیژی ئەکەنە ئامانج و مەترسی درێژخایەن و قەیرانی ژینگەیی وەک ژەهراویبوونی خاک و ئاوی دروستکردووە. ئیکۆلۆژیای سیاسی ئەم قەیرانانە وەک دەرئەنجامی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیهانی ئەبینێت، لە کاتێکدا دیدگای *ئیکۆفێمینیزم ئەم قەیرانە لە لۆژیکی پیاوسالاری و میلیتاریزەکراودا شی ئەکاتەوە کە سروشت و ژن پەراوێز ئەخەن. لەو ڕوانگەیەوە کە هەسارەکەمان بریتییە لە یەک ئیکۆسیستەم، واتە زیانەکان لە ناوچەیەکدا کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری کەشوهەوا و قەیرانی سەرچاوەکان و کاریگەریی لەسەر خۆشگوزەرانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، هەیە.
ململانێی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران ڕەنگدانەوەی نەخشێکی فراوانترە و تێیدا کۆنترۆڵی سەرچاوەکان، باڵادەستی *جیۆپۆلەتیک و تێکچوونی سروشت پێکەوە هاوپەیوەندن. جەنگ، دەستڕاگەیشتن بە وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان سەقامگیر ئەکات هاوکات ئیکۆلۆژی و بژێوی ناوخۆیی ناسەقامگیر ئەکات.
هەمیشە جەنگ بودجە و خەرجی زەبەلاحی هەیە و کۆمپانیای پەیوەندیدار قازانج ئەکەن، کە ڕەنگدانەوەی شێوازی سەرمایەداریی میلیتاریزەیە. ئیسرائیل دەیان ملیار دۆلاری خەرجکردووە، هەندێک لە خەمڵاندنەکان باس لەوە ئەکەن کە مانگانە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار لە تێچووی ئۆپەراسی\ۆن و بەرگریدا خەرج ئەکات. لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ١٢ ڕۆژەیدا لە ساڵی ٢٠٢٥، ئیسرائیل ٧,٨ ملیار دۆلاری خەرج کرد. زیانە ئابوورییەکانی ئێران، لە ژێرخانی ئابوورییەوە تا راگرتنی هەناردەکردن، بە ٢٤-٣٥ ملیار دۆلار مەزەندە ئەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فشاری دارایی درێژخایەن. بەشداریکردنی ئەمریکاش بریتییە لە تێچووی ملیارەها دۆلار.
لە ڕوانگەی ئیکۆلۆژیای سیاسی و ئیکۆفێمینزمەوە، ئەم خەرجیانە لۆژیکی سەرمایەداری، ئیمپریالیستی و میلیتاریزەکراو دەرئەخەن. بەڵکو جەنگ ئەبێتە ئامڕازێک بۆ کەڵەکەکردنی قازانج و کۆنترۆڵکردنی هێڵی سەرچاوە جیهانییەکان و بەهێزکردنی پلەبەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان، لە بەرامبەردا سروشت، کۆمەڵگە، دانیشتوانە رەسەنەکان و ئیکۆسیستەم باجەکەی ئەدەن. مێژووی داگیرکاریی و ئیمپریالیزم ئەم توندوتیژییە وەک درێژکراوەی گەشەسەندنی نایەکسان ئەخەنە ناو چوارچێوەیەکەوە، کە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی جیهانی بە شێوەیەکی سیستماتیک مرۆڤ و سەرچاوەکانی سروشت ئەڕەتێنن و لە ناوی ئەبەن.
ئیکۆسیستەمی جیهانی وەک یەک جەستە
کۆمەڵگەی مرۆیی و سیستەمی سروشتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، لەناوبردنی ژینگە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا لە ڕێگەی بۆردومانکردن، تێکدانی ژێرخانی نەوت، یان ژەهراویبوونی پیشەسازی کاریگەریی هەیە لەسەر ژینگەی هەموو جیهان و سیستەمی کەشوهەوا، ئاسایشی خۆراک و ئاو. سەرمایەداریی سەربازیی ئەم سیستمانە وەک بابەتێکی لێکدابڕاو بەمەبەستی قازانج و کۆنترۆڵکردن مامەڵەی لەگەڵ ئەکات، لە کاتێکدا خۆڕاگری ئیکۆلۆژی هەسارەکە بە گشتی تێکئەچێت یان لەناوئەچێت. تیۆرستانی ئیکۆفێمینیزم ئەڵێن ئەم دابڕاندنەی جیهان وەک بابەت و سەرچاوەی جیاواز هاوتەریبە لەگەڵ ئەقڵییەتی دێرینی پیاوسالاری و داگیرکاریی، هاوکات زاڵبوون بەسەر سروشتدا پەیوەستە بە پەراوێزخستنی گەلانی رەسەنەوە. ڤاندانا شیڤا و ماریا میس ئەڵێن: جەنگ، رەتاندنی ئابووری ناوخۆیی، لەناوبردنی خۆبژێوویی، لەناوبردنی سروشت و توندوتیژی پێکهاتەیی لە سەرانسەری سیستەمی کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا بەرهەم ئەهێنێت.
چەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران نموونەی جەنگی سیستەمی سەرمایەدارییە و وڵاتانی ئیمپریالیزم بە هاوبەشی، ئیکۆسیستەم و سیستەمی کۆمەڵایەتی لە قاڵب ئەدەن بەو شێوەیەی خۆیان ئەیانەوێت، پلەبەندیی و هەژموونە جیهانییەکان بەهێزتر ئەکەن. لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە، مرۆڤ و ئیکۆسیستەم وەک یەک جەستەن و جیاناکرێنەوە، بۆ کەمکردنەوە یان رێگریکردن لەم قەیرانانە پێویستە پاڵپشتی نێوونەتەوەی و گەلانی رەسەن بەهێزبکەین بۆ بنیاتنانی جێگرەوەیەک لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداریی کە پاراستنی سروشت و مرۆڤ بەبنەما بگرێت. داماڵینی سەربازی، نوێکردنەوەی سروشت، یەکسانی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری ژینگەیی، دەست پێبکات هاوکات دان بەوەدا بنێین کە چارەنووسی کۆمەڵگەی مرۆیی و ئیکۆسیستەمی هەسارەکەمان لەیەکتر جیا ناکرێنەوە.
پەراوێز:
• ئیکۆفیمینیزم: ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە کە قەیرانەکانی ژینگە وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە ئەبینێت کە هەمووشیان پێکەوە گرێدراون بە باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری. سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە لە فیمینیزم لە حەفتاکانی سەدەی رابوردودا گەرمووگوڕی بە ئەو مشتومڕانەدا لە بارەی ژینگە، بە تایبەت لە پەیوەندی مرۆڤ و ژینگە بەتایبەت تر پەیوەندی نێوان ژنان و ژینگە لە ئارادا بوون.
• جیۆپۆلەتیک: لێکۆڵینەوەیە دەربارەی جوگرافیا و کاریگەری لەسەر سیاسەت و دەسەڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات چۆن هۆکارەکانی وەک شوێن، سەرچاوە سروشتییەکان، سنوورەکان، دانیشتووان و سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژی ئابووری و بڕیارە سەربازییەکانی وڵاتێک دیاریئەکەن.
• ئیمپریالیزم: سیستەمێکی سیاسی و ئابوورییە ،دەوڵەتێکی زلهێز لە ڕێگەی داگیرکاریی، بەکارهێنانی هێزی سەربازی، هەژموونی ئابووری، یان کاریگەری سیاسی، هەژموونی خۆی بەسەر خاک، گەل، یان نەتەوەکانی دیکەدا دەکات.
• میلیتاریزم: بریتییە لە باوەڕ، ئایدۆلۆژیا، یان سیاسەتێک کە دەوڵەتێک لە بڕیاردانی سیاسیدا دەسەڵاتی سەربازی لە پێشینە دادەنێت و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە بەکارئەهێنێت.