گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی هەڵوێست کەریم-ئەندامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی

 گوند لە سەرانسەری کوردستاندا، شوێنی نیشتەجێبوون و سیستەمێکی سروشتی زیندووە، توڕێکی پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ، زەوی، تۆو، ئاژەڵ، ئاو و کلتورە. ئەمڕۆ کشتوکاڵی پیشەسازی رۆڵی نەرێنی هەیە لە فراوانبوونی شارەکان هاوکات چەندین سەدەیە سیاسەتێکی توندوتیژ بۆ لاوازکردنی ژیانی گوند، پەیڕەوئەکرێت. بەڵام بزووتنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە، گوند وەک پانتایی ژیاندنەوەی سروشتی، بەردەوامی کولتووری و سەربەخۆیی سیاسی، نوێ ئەکاتەوە.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ئۆفیسی بەیروت، ڕاهێنانێکی دەربارەی بنەماکانی گەڕانەوە بۆ گوندی سروشتی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٥ لە باخچەی هەواری شار لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجامدا. ئەو راهێنانە بە بەشداریی جووتیاری خاوەن ئەزموون و گەنج، چالاکوانی ئیکۆلۆژی و ئەندازیاری کشتوکاڵ بۆ گفتووگۆکردن دەربارەی چۆن ژیان لە گونددا شێوازی نوێ بەرەو بەردەوامیی ئیکۆلۆژی، ئەدۆزێتەوە. ڕاهێنانەکە ئامانجی بوو پانتایی پەیوەستبوونەوەی مرۆڤ بە خاکەوە، گەڕانەوە بۆ یادەوەری بەکۆمەڵ شرۆڤەبکات لەسەر ئەو بنەمایەی گۆڕانی ئیکۆلۆژی هاوکات گۆرانکارییە لە رووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەوە.




کشتوکاڵی سەردەمی بەردینە نوێیەکان و زانیاری ئیکۆلۆژی:

کوردستان ئەکەوێتە ناوەندی کەوانی بەپیت و بە یەکێک لە زەوییە دێرینەکانی جیهان دائەنرێت کە شارستانیەتی مرۆڤایەتی و کشتوکاڵ و ژیانی گوندنشینی تێدا دۆزراوەتەوە و مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین. شوێنەوارە دۆزراوەکانی کوردستان بریتین لە گۆبەکلی تەپە، نەوالا چۆری، بازاڕی چاکسیر، چەمێ خەلان، ئەشکەوتی شانەدەر، گوندی چەرمۆ و زاوی چێمی، بە درێژایی دامێنی چیای تۆرۆس و زاگرۆس و ڕووبارەکانی دیجلە و فورات هەڵکەوتوون و شوێنەواری کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی لێ دۆزراوەتەوە کە کشتوکاڵیان ئەنجامداوە، ئاژەڵیان بەخێو کردووە و سیستەمی کۆمەڵایەتی خۆیان بەشێوازێک ڕێکخستووە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا بژین (برایدوود، ١٩٦٠؛ زێدەر، ٢٠١١؛ ئاگێراکیس، ٢٠٢١).

ئەم کەلەپورە قووڵە زانین و شێوازی ژیانی ئیکۆلۆژیی بڵاوکردەوە و تا ئێستاش لە گوندەکانی کوردستاندا ئامادەیی هەیە، لەوانە پاشەکەوتکردنی تۆو، پاراستنی خاک و ئاو، کاری هەرەوەزیی. ئەو شێوازە نەریتییانە بە پلەی یەکەم ئامانجیان قازانجی ئابووری نەبووە بەڵکو ئیکۆلۆژی بوون، سەرنجیان لەسەر پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو بووە لەگەڵ دابینکردنی پێداویستی مرۆڤ و هاوسەنگ راگرتنی سەرچاوەکانی ئیکۆسیستەمی ناوخۆیی.

پێشێلکارییەکان دژی خاک و ژیان: هەڵمەتی ئەنفال:

بەردەوامیی ئەم کەلەپورە ئیکۆلۆژییە زۆرجار بەهۆی شەڕ و توندوتیژیی دەوڵەت نەتەوەوە زیانی پێگەیشتووە. لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی ئەنفالدا و لە ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ زیاتر لە دوو هەزار گوند وێران کران، چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و سێوسێنان بەکارهێنران. کۆمەڵگەی کورد لە خاک و ژیانی سروشتییانەی خۆیان نامۆ کران (راپۆرتی مافی مرۆڤی جیهانی، ١٩٩٣).

ئەو هەڵمەتی جینۆساید و داگیرکارییە تەنیا سیاسی نەبوو بەڵکو ئیکۆسایدیش بوو، خۆبەڕێوەبەریی گوندەکان، سەروەری خۆراک و هەمەچەشنەیی کولتوورییان کردە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا گەڕانەوە یان بنیاتنانەوەی ژیانی گوندی سروشتی و کشتوکاڵی سروشتی تەنیا ئاوەدانکردنەوە نییە، بەڵکو بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و زەوی و یادەوەرییە.

کشتوکاڵی پیشەسازی، وابەستەیی ئابووری سیاسی:

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی زۆری جیهان لە رێی کشتوکاڵی پیشەسازی و قازانجی بازاڕەوە داگیرکرا. گۆڕانکاری لە کشتوکاڵی سروشتییەوە بۆ یەکجۆر کشتوکاڵ و بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و قڕکەری مێروو بووه هۆی کەمکردنەوەی بەپیتی خاک لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو، تۆوی ڕەسەنی خۆماڵی کە لەگەڵ ئیکۆسیستەمی ناوخۆییدا گونجاو بوو (ئاڵتیێری، ٢٠٠٤).

جگە لەوەش، بە تایبەتکردنی زەوی، کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان، پشت بەستن بە سیستەمی ئابووری بەرخۆریی و پشت بەستن بەیەک سەرچاوەی داهات و بەرهەمهێنانی نەوت، سەربەخۆیی گوندەکانی لاواز کردووە و وابەستەبوونیان بە سیاسەتی بازاڕەکانی دەرەوە و هاوردەکردنی خۆراک زیاد کردووە.

کشتوکاڵی پیشەسازی بووەتە هۆی قەیرانی ژینگەیی و سیاسی. لە ئاستی جیهانیدا بەرهەمهێنانی تۆوی قۆرخکردووە بۆتە هۆی نەهێشتنی سەربەخۆیی زەوی و سەروەری خۆراک، ئەمەش هۆکاربووە بۆ لاوازبوونی خۆبەڕێووبەری لە گوندەکاندا (شیڤا، ٢٠١٦). بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، دەستپێشخەرییەکانی گوندی ژینگەیی تیشکیان خستە سەر سەروەری خۆراک و پاشەکەوتکردنی تۆو وەک مافی کۆمەڵگە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی خۆیان، پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو و بەرێووبردنی ئابووریی ناوخۆیی.

ژیانی گوند وەک کلتورێکی سروشتی:

گوندنشینانی کورد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا ئەژیان، بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەکانیان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان و ئاژەڵەکانیان، بەکارهێناوە. ئاوی کانی و کانیاو بە هاوبەشی بەکارهاتووە، کشتوکاڵ و دروێنەیان بەشێوەی هەرەوەزیی ئەنجامداوە، ئەم هاوبەشی و هەرەوەزییە یارمەتی بەردەوامبوونی ژیانی گوندیان دا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. ژیانی ڕۆژانەی گوند لە وەرزەکاندا، چرینی گۆرانی فۆلکلۆری، کەلەپور و نەریتی خۆراکیان بۆ نەوەکانی داهاتوویان گواستۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو هۆشیارییە ئیکۆلۆژییە لەناو کولتووری کوردیدا ڕەگدابکوتێت.

یەکگرتنی ئیکۆلۆژی و کولتوور لە گونددا پەیکەری کۆمەڵایەتی بنیاتناوە و ڕەگ و ڕیشەی لە هەرەوەزی و هاوکاریدا هەبوو بەشێوازێک بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە زەوی و خاک ئەرکی لە پێشینە بوون. ژیان لە گونددا تەنیا پەیوەندی بە دابینکردنی بژێووییەوە نەبووەوە بەڵکو کارێکی کۆمەڵایەتی بوو، دانیشتوانی گوند هاوبەش بوون لە بڕیارداندا، هەڵپەرکێ و ئاهەنگگێڕان بەشێک بوون لە بەردەوامبوونی ژیانی پێکەوەیی.

ژن و بەردەوامی ژیان:

لە ڕووی مێژووییەوە ژنانی کورد ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستنی زانینی نەریتی و سروشتی و خۆڕاگری گوندەکاندا بینیوە. تۆوی ڕەسەنیان هەڵبژارد و پاشەکەوتیان کرد، شێوازی کشتوکاڵی سروشتییان جێبەجێ کرد، زانیاری گیاییان بەکارهێنا و زانیاری کشتوکاڵییان گواستەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان. ژنان پارێزەری جۆراوجۆری زیندوو و نەریتە کولتوورییەکان بوون.

هەربۆیە لە ڕوانگەی ئێمەوە پاشەکەوتکردنی تۆوی رەسەن کردەیەکی سەربەخۆیی سیاسی و بەرخۆدانی کولتوورییە کە سەروەری خۆراک ئەپارێزێت و بەرگری لە خاک و چارەنووسی ئەکات. بۆیە لەم دەستپێشخەرییەدا ڕۆڵ و سەرکردایەتی ژنان زۆر گرنگە بۆ ژیاندنەوەی هاوسەنگی لە نێوان کۆمەڵگە و خاک و ئیکۆلۆژیدا.

گوند وەک داهاتوو:

جووتیارانی بەشداربووی راهێنانەکە، نوێنەرایەتی نەوەی پێشوو و نەوەی نوێیان ئەکرد ڕەخنەیان لە فراوانبوونی شارەکان گرت کە دەوڵەت بەڕێوەی ئەبات، نارەزاییان دەربری دەربارەی کشتوکاڵی وابەستە بە کیمیایی و لەناوبردنی سروشت. ئەوان هۆشیارانە ئاماژەیان بەوەدا کە قڕکەر و ڕووەککوژەکان زیانیان بۆ خاک و جۆراوجۆری زیندوو و تەندروستی مرۆڤ هەیە. لە لایەکی دیکەوە، کشتوکاڵی نەریتیان بۆ پاراستنی تۆو، پشتبەستنی کۆمەڵگە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا سەیر ئەکرد.

بۆ ژیاندنەوەی گوندی سروشتی ئەتوانین ئێستا و داهاتوو دووبارە دابرێژینەوە و پاشخانی کەلەپوری ڕەسەن و زانیاری ئیکۆلۆژی رابوردوو بەکاربهێنین. ئەمەش مرۆڤ بە خاک و سەربەخۆییەوە ئەبەستێتەوە، شێوازی جێگرەوە لەبەرامبەر سیستەمی ئابووری رەتێنەرانە و لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بنیات ئەنێت.

ئەمرۆ ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی ئیکۆلۆژی و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی ئەبینەوە بەڵام ژیانی سروشتی گوند ژیانێکی هاوسەنگ ئەپارێزێت کە ڕەگ و ڕیشەی لە پاراستنی خاک، پاراستنی تۆوی رەسەن و چاودێری کۆمەڵایەتیدا هەیە و پێکەوە ژیان بنیات ئەنێنەوە.

سەرچاوەکان:

1. Agelarakis, A. P. (2021). The Proto-Neolithic People of Zawi Chemi Village and Shanidar Cave in the Western Zagros Highlands: Adaptations, Innovations, and the Advent of Neolithic Revolution. Sumer, 67.

2. Altieri, M. A. (2018). Agroecology: the science of sustainable agriculture. CrC press.

3. Braidwood, R. J. (1960). The agricultural revolution. Scientific American, 203(3), 130-152.

4. Watch, M. E. Human Rights Watch (1993) Genocide in Iraq: The Anfal Campaign against the Kurds. New York: Human Rights Watch.

5. Shiva, V. (2016). Who really feeds the world?: The failures of agribusiness and the promise of agroecology. North Atlantic Books.

6. Zeder, M. A. (2011). The origins of agriculture in the Near East. Current anthropology, 52(S4), S221-S235.


بابەتەکە لە پلاتفۆرمی تۆری کۆمەڵایەتی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بڵاوکراوەتەوە: ژیانی سروشتی

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...