ئەمرۆ تۆڕی هەشتی مارس خەڵاتی یەکسانی بۆ ساڵی چوارەم بەخشییە د.رازاو گوڵێ وەک رێزلێنانێک لە ئیرادە و بەردەوامییان. ئێمە پیرۆزبایی گەرم لە د.رازاو گوڵێ ئەکەین، بوونی ئەو نموونەیەکی باڵای کۆڵنەدان و بەردەوامییە، جێگەی هیوا و ئومێدە بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوو. لە ماوەی دوو ساڵی رابوردوو و ئێستەش کە لە رێکخراوی ئازادبوون پێکەوە کار ئەکەین هەمیشە د.ڕازاو پاڵپشت و پشتیوانی هەنگاوەکانی ئازادبوون بووە. هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ د.رازاو و کاک بێستوون ئەخوازین. لێرەدا ژیاننامەیەکی کورت دەربارەی خەبات و تێکۆشانی د.رازاو گوڵێ بەش ئەکەم لەگەڵتان، بە سوپاسەوە لە بەڕێزیانم وەرگرتووە.
*د.رازاو کچی خێزانێکی نیشتمان پەروەر و کچی شەهید گوڵێ دەروێشە. شەهید گوڵێ پێشەنگی ڕێکخستنەکان و خەباتی ناوشار بووە و جەسورانە روبەڕووی بەعسییەکان بۆتەوە و تەنانەت خۆی دەخاتە بەردەم قامچی ملازم موحسین کاتێک خۆپیشاندەرانی بە قامچی ئازارداوە. گیانی بەرەنگاری و پێشەنگایەتی شەهید گوڵێ لە کەسایەتی د.رازاودا نەخشی کێشاوە.
*خاوەنی بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی کوردی\ زانکۆی سلێمانی\ ١٩٩٦، بەکالۆریۆس لە یاسا ٢٠٠٣، ماستەر لە یاسا\ کۆلێژی یاسا و رامیاری\ زانکۆی سلێمانی\ ٢٠٠٩، دکتۆرا لە یاسا\ فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان\ زانکۆی کۆیە\ ٢٠٢٤.
*پۆست و کاری ئێستا:
-سەرۆکی بۆردی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان.
-ئەندامی دەستەی گشتی و دەستەی راسپێردراوی رێکخراوی ئازادبوون.
-رێکخەری تیمی یەکسانی رەگەزی رێکخراوی ئازادبوون.
-راوێژکاری ئەنیستیوتی پەی بۆ کاروباری پەرلەمان و خوێندنی باڵا.
-ئەندامی دەستەی گشتی و دەستەی بەڕێووبردنی تۆڕی ٨ مارس.
-سەرۆکی لیژنەی یاسایی تۆڕی ٨ مارس.
-ئەندام و دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ١٨٨.
_چالاکوان و پارێزەر.
*ئەزموونی پێشوو:
١-مامۆستا لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕۆڵ و کاریگەری هەبوە لە ئاراستەکردن و هۆشیارکردنەوری خۆێندکاران.
٢-بەرێوبەری گشتی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ساڵی ٢٠١١ ، گرنکترین کار لەو ماوە کورتەدا لە ڕێگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە پەرلەمان کرا کە پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و لە ئەنجامدا بوو بە یاسا. هەروەها ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ هەموارکراو بە یاسای ژمارە ١٥ ی ساڵی ٢٠٠٨ ، دەستنیشانکردنی ئەو بڕگەو مادانەی جێبەجێنەکراون و تایبەت بوون بە مافی ژن لەو یاسایەدا، هاوکات ئاراستەکردنی نوسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان.
٣-ئەندام پەرلەمان لە خولی سێیەم ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٣ لە لیژنەکانی بەرگری لە مافی ژنان، رۆشنبیری و راگەیاندن، کاروباری شەهیدان. لە ماوەی ئەو دووساڵەدا چەند یاسایەک دەرچوون لەوانە یاسای سندوقی شێرپەنجە، یاسای ماف و ئیمتیازی خاوەن پێداویستی تایبەت، یاسای پیادەکردنی خانەنشینی کرێکاران و بیمەی کۆمەڵایەتی، بڕیاری ژمارە٥ ی ساڵی ٢٠١٣ تایبەت بە پەیمانی هاوبەشی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، جگە لە کۆمەڵێک یاسای دیکە وە بەشدار بوون لە ئامادەکردن و گفتوگۆ و دەرچواندنیان. هاوکات بەدواداچوونی بەردەوامی ئەنجامداوە وەک ئەندامی لیژنەی ژنان بە تایبەتی بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توند وتیژی خێزانی، لە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی کردنەوەی هەموو دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کە لە یاساکەدا هاتووە لە ئەنجامدا دەرکەوت کە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی یاساکە دەرچووە بە گەڕانەوە بۆ وەقائعی کوردستان و گفتوگۆی ئەندامان و دەنگدان لەسەر یاساکە رێنماییەکەی وەزارەت هەڵوەشایەوە سەڵاحیەت گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی خێزانی. بەدواداچوون بۆ سوتان و کوشتنی ژنان، جگە لە بەدواداچوون و سەردانی بەردەوام بۆ شێڵتەرەکان، سەردانی خانەی بێسەرپەرشتان و خەڵوەتگەی پیری و دابینکردنی پێداویستیەکان.
٤-دامەزرێنەر و ئەندامی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە.
٥- دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا.
٦-دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە کارگەی جگەرەی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە روخاندن و مانەوەی وەک بەشێک لە مێژوو و کلتوری سلێمانی.
٧-ئەندامی دەستەی دەنگی نیشتمان بووە.
*دیارترینی ئەو پرۆژانەی کاری تێدا کردووە یان سەرکردایەتی کردووە:
1-د.رازاو گوڵێ لە ساڵی ٢٠١٣ بەخۆبەخشی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تۆڕ و گروپی تایبەت بە مافەکانی ژنان رۆڵی کارای گێڕاوە لە تێکۆشان و بەرگریکردن لە مافی ژن لە لە هەرێمی کوردستان. سەرەتای مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٤ دوای پەلاماردان و هێرشکردنە سەر شەنگال بەیاوەری خاتوو شەونم حەمە غەریب و د.گەشە دارا سەردانی بەعادرێ و شێخان دەکەن و لەگەڵ ئەنجومەنی ئێزدیان کۆبوونەتەوە، سەردانی ئاوارەکانیان لە کەمپی شاریا کردووە و بەهانای ئەو کچ و ژنانەی ئێزدییەوە رۆشتوون کە دەربازبووی دەستی داعش بوون و بردویانن بۆ لای پزیشک لە دهۆک. پاشان سەردانی کەمپی عەربەتیان کردووە و هەموو هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزاریییەک تا ئەو کاتەی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە رادەگەیەنرێت.
2-رۆلی کارای گیراوە لە تیکۆشان و بەرگری کردن لە مافەکانی ژن لە هەرێمی کوردستان لە کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە بۆ پاراستنی ژنانی ئێزدی رۆڵی کاریگەری هەبووە لە پێشکەشکردنی پرۆژەی هەموارکردنی یاسای کارتی نیشتمانی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨. هەروەها ساڵی ٢٠٢٥ بۆ بەدواداچوونی منداڵی بێناسنامەی موسڵمان سەردانی موسڵیان کرد، لە کاتێکدا رۆژێک پێش سەردانیکردنی موسڵ ژمارەیەک لە داعش ئازاد دەکرێن بەڵام ئەوان لە سەردانەکەیان بەردەوام ئەنجام دەدەن لەگەڵ ئەوەی ژیانیشیان کەوتۆتە مەترسییەوە.
3-رشتەی دکتۆراکەی رازاو گوڵێ دەربارەی یاسای باری کەسێتیی عێراقە و رۆڵی پێشەنگ و زۆر کاریگەری گێڕا لە دامەزراندنی هاوپەیمانی ١٨٨-سلێمانی هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی ئەو قەیرانانەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ ی ١٩٥٩ دروستی دەکات، پێشکەشکردنی چەندان کۆڕ و سیمینار، بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پانێڵ، ئەنجامدانی چەندان چاوپێکەوتن وبەرنامەی تەلەفزیۆنی.
4-پاڵپشتی خەبات و خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بووە و بەتایبەت لە کاتی مانگرتنی مامۆستایاندا بەبەردەوامی و رۆژانە لە لای مانگرتووان بووە لەگەڵ ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی نەخۆش بوو بەڵام هەموو رۆژەکان ئامادەیی هەبووە. هاوکات شەوێک تا بەیانی لەگەڵیان ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی هەموو رۆژەکەش لەگەڵیان بووە.
٥-بەشداری کارای هەبووە لە بارەی پرسە سیاسیی و نیشتمانییەکان، هەمیشە وەک داکۆکیکارێک لەسەر پرسە نەتەوەییەکان شەقام و راگەیاندن و هەر رێگەیەکی دیکەی مەدەنی گرتۆتەبەر. بۆ هەمان مەبەست دەستەی دەنگی نیشتمانیان پێک هێناوە و چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بەمەبەستی بەرگریکردن لە کوردانی باکور و رۆژئاڤا. لە ١٨\١٠\٢٠٢٣ لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا سەرکردایەتی گەورەترین خۆپیشاندانیان لە سلێمانی کرد و د.رازاو وتاری خۆپیشاندانەکەی لەبەردەم باخی گشتی خوێندەوە.
6-بەشداری سەرەکی و کاریگەری هەبوو لە پاڵپشتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار دەکرێت. بەشداری هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی کردووە کە بۆ پشتگیری لە رۆژئاڤا لە مانگی یەکی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، پشتگیری شۆڕشی کەزێ بووە. بەشداری کاروانی سەفەربەریی باشوری کوردستانی کردووە و بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا لە سەخترین دۆخدا لە ٢٠\١\٢٠٢٦ سەردانی رۆژئاوای کردووە و ئەم سەردانە کاردانەوەی ئەرێنی و گەورەیی ناوخۆیی و جیهانی هەبوو.
7-لەسەر ئاستی تاک هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی ئەو ژنانە بووە کە وەک کەسایەتی پەیوەندییان لەگەڵ د.رازاو گرتووە، لە رووی یاسایی و مەعنەوییەوە پاڵپشتی کردوون سەدان نموونەی لەم شێوەیە هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ تێکۆشانی بەرێزیان بۆ مافی ژن تەنیا لە چوارچێوەی رێکخراو و تۆردا نەوەستاوە بەڵکو زۆربەی کاتی خۆی پێشکەش بەو خەباتە کردووە.
8- منداڵەکانی بە پەروەردەیەکی ژینگەدۆستانە و نیشتمان پەروەرانە پەروەردەکردووە هەربۆیە بەردەوام و بەشێوەی جیاواز رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە وەک پاڵپشتی گروپی گۆیژە بپارێزە، تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون هەروەها چاندنی نەمام لەلایەن منداڵەکانی و بەردەوام سەردانیکردنی نەمامەکان بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە گەشە ئەکەن.
9-بۆ ماوەی ساڵێک و لە رێگەی دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا توانیان کێشە و گرفتەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بخەنەڕوو لە رێگەی ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانس، ئاڕاستەکردنی نوسراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە میدیاکان، سەردانی لایەنی پەیوەندیداری وەک پەرلەمانی کوردستان، نوسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لە ئەنجامدا سەرۆکی پەرلەمانی ئەو کات سەردانی (سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە) ی کرد. هاوکات ڕەشنوسی یاسای سندوقی شێرپەنجە لەگەڵ هەردوو بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە، ئامادەکردووە.
*ئاڵەنگارییەکانی ژیانی رازاو گوڵێ
*ئاستەنگییەکانی ژیان بۆ د.رازاو زۆر بوون بەتایبەت لەسەرەتای قۆناغی هەرزەکاری بەهۆی بارودۆخی سیاسی سەردەمی رژێمی بەعس لەساڵی ١٩٨٧ خێزانەکەی رووبەڕووی گرتن و دەست بەسەراگرتنی موڵک و ماڵ و روخاندنی شوێنی نیشتەجێبوون بووەوە. لە هەمان ساڵدا دایک و باوک و براگەورەکەی لەلایەن رژێمەوە دەستگیرکران و پاشان براکەی شەهید کرا. چارەنوسی دایک و باوکی بە نادیاری مایەوە بۆیە چارەنوس و ژیانی منداڵەکانیشیان روو لە نادیاری و لە ناوچوون بوو بەڵام بەو تەمەنە بچوکەوە بڕیاریان داوە بەردەوام بن و رووبەرووی ئاستەنگەکان ببنەوە. د.رازاو بەردەوام دەبێت لە خوێندن و ئەمە بڕیارێکی ئاسان نەبوو چونکە مەترسی دەستگیرکردنی ئەو و خوشک و براکانی هەبوو، ئەوان بەردەوام بوون لە خۆشاردنەوە بەجۆرێک بەرۆژ لە قوتابخانە ئامادە دەبوون و بەشەو لە ماڵی کەس و کار و لە شوێنی جیاواز ماونەتەوە، پاشان دەچێتە قۆناغی ئامادەیی و نەخشەی چوونە زانکۆش دادەنێت وەک ئاڵنگارییەک لە بەرامبەر ئەو ژیانەی هەیان بووە.
*دوای راپەرین دڵنیابوونەوە کە دایک و باوکیان بەپێی بەڵگەنامەی بەعس ملیان پەڕێندراوە بەڵام گۆڕیان نادیاربوو. لەگەڵ ئەوەشدا د.رازاو هەر بەردەوام بووە لە خوێندن و خۆپێگەیاندن، بەڵکو بەشداری کارای کردووە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دوای راپەرین.
*جگە لەوەی کە بەردەوام لە لایەن هێزی کۆنەپارێز و ئیسلامی سیاسییەوە هێرشکراوەتە سەر ئەو پرۆژە و هەڵمەتانەی کە د.ڕازاو کاری تێدا کردووە تەنانەت گەیشتۆتە سەر بە ئامانجگرتنی خودی کەسایەتی د.رازاو بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠١٨ و بەشێوەیەکی فەرمی و نافەرمی ناوی شەهید گوڵێی دایکی هەڵگرتووە. بەڵام ئەو هێرشانە د.ڕازاوی سورتر کردووە دەربارەی ئەو تێکۆشان و خەباتەی بڕوای پێیەتی هاوکات رۆژ بە رۆژ خزمەت و بەشدارییەکانی زیاتر و فراوانتر کردووە.
*زاڵبوونی د.رازاو لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان مکوڕبوون و بەردەوامییە، پێداگری و جەختکردنەوەی زیاتر بووە بۆ بەدیهێنای ئامانجەکانی بۆ سودی گشتی و بەتایبەت ژن ومنداڵ.