گوڵە سورەكەی حامیە

ئامادەكردن: هەڵوێست عەبدوڵڵا كەریم

بەکر عەلی گەنجێکی تیکۆشەر بە دەیەها فرسەخ لە پێش هۆشیاری کۆمەلگەکەی بوو ئەو لە سەردەمێکدا داوای مافی هەژار و ئاوارەی ئەکرد خەڵک تەنیا لە خەمی پەیداکردنی پارویەک ناندا بوو بۆ هاوسەر و مندالەکانی. بەکر عەلی شاعیرێکی مرۆڤدۆست بوو، هۆشیاری و تیگەیشتنی بەرزی ئەو و لەگەڵ ئەو ویژدانە زیندووەیدا کە لە خراپترین و قورسترین دۆخی ژیانیدا دەستبەرداری ئەو زیندویتییە نەبوو. ئەو کاتیک شعری خۆشەویستی ئەنوسی کە برسی بوو. بەکر عەلی خۆی هەژاربووە و ئەزمونی هەژاری کردووە بەلام ئەم هەژارییە نەبووە هۆی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەڵکو رۆحی خۆشی لە پێناو هەژراراندا بەخشی .ئەو ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی هەڵبژارد و بوە خاوەنی مەبدەئو فکرێکی بەهێز بوو کە تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵە نەبوو کە تییدا قەڵەم و رۆشنبیرەکان ئەکردران بەڵکو ئەو کاریگەری خۆی دانا و تا دوا هەناسە بۆ فکر و بەهاکانی و بۆ بەدەستهینانی مافی هەژاران خەباتی کرد و هەر لەو پیناوەشدا تیرۆر کرا.



فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان، یادی 26 ساڵەی تیرۆرکردنی بەکر عەلی شاعیر لە لە باخی گشتی سلێمانی شوێنی تیرۆرکردنی، ئەو وێنەیە گیراوە.

ئەبوبەکر عەلی ناسراو بە گوڵە سورەکەی حامییە لە 1968/06/19 لە گەرەکی کانیسکانی شاری سلێمانی لە دایک بووە و تا پۆلی دوومی ناوەندی ئەخوێنیت و بەهۆی هەژاریی خیزانەکەیەوە دەستبەرداری خۆیندن ئەبێت. ئەبوبەکر عەلی بڕوای بە خۆ پەروەردەکردن هەبووە و تەنانەت لە ناخۆشترین کاتەکانی ژیانیشیدا سەرقاڵی خوێندنەوە ئەبێت. ئەو کەسایەتییەکی هێمن و لەسەر خۆی هەبووە و لەگەڵیشدا هەمیشە سەرسەخت و چاونەترس و یاخی بووە.


بەکر عەلی تیروانینێکی مرۆییانەی بەرامبەر بە ژن هەبووە لە گەلیشیدا تورە بووە لەو رۆڵەی کە گەنجان و ژنان بە گشتی لەو سەردەمە گیراویانە و کەسایەتی و بونیان لەسەر بنەمای تیروانین و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگە دارشتووە. هەربۆیە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنیکدا ئەڵیت: ئیستا من کچی ناو دارستانم لە کچی سەماگەیەک پی جوانترە. ئەو تورەییەی بەکر عەلی بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ژنان خۆیان بووە و لە خۆشەویستییەکی قوڵەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەڵێت رواڵەت وەها گیژ و کەری کردوون کە نایانەویت وەک پیویست ناوەوەیان بخەنە سەر زمانیان.


خانەوادەی بەکر عەلی ئینتمایان بۆ یەکێتی هەبووە و لە سالی 1986 باوکی بۆ ماوەی ساَلێک و سێ مانگ لە زیندانەکانی سلێمانی و موسڵ زیندانی ئەکرێت و حەلیمە خانی دایکیشی بۆ ماوەی چەند رۆژیک لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی دەست بەسەر ئەکریت، کوێستانی خوشکە تاقانەشی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زیندانی موسڵ دەستبەسەر ئەکرێت. تەنانەت براژنەکەشی بۆ ماوەیەک ئەگیرێت بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی واتە براکەی بەکر ئیعتراف بکات. دوو برای بەکر بە ناوەکانی (ئاکۆ و عومەر) لە ساڵی 1989 لە لایەن رژیمی بەعسەوە لەسەر کوردایەتی و ئەندامیتییان لە ریزەکانی یەکێتیدا گولە باران ئەکرێن. پاش تیرۆرکردنی بەکر، برایەکی کە پێشمەرگەی دیرێن و خانەنشین ئەبێت لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئیشکردندا لەسەر باڵەخانەیەکی بەرزەوە بە بیستنی هەواڵەکە ئەکەۆیتە خوارەوە و دواتر توشی نەخۆشی دەرونی ئەبێت و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ساڵی 2006 کۆچی دوایی ئەکات. حەلیمە خانیش دوای دوو ساڵ لە تیرۆرکردنی بەکر بە ناسۆر و حەسرەتەوە کۆچی دوایی ئەکات.


بەکر لە ساڵی 1987 لە لایەن بەکری فاتەوە کە یەکیک بووە لە جەللادەکانی سەردەمی رژیمی بەعس لە سلیمانی. بە تۆمەتی یارمەتیدان و هێنانی پیشمەرگە بۆ ناو شار و پاش چوار مانگ لە ئازار و ئەشکەنجەدان ئازاد ئەکرێت. دوبارە لە سالی 1989 کەسێک بە ناوی شیروان ئاغا هەوڵی کرینی قەلەمەکەی بەکر عەلی ئەدات بۆ قادسیە بەڵام بەکر عەلی رەتی ئەکاتەوە هەر بۆیە پاش چەند رۆژیک دەستگیر ئەکرێت و ئەیبەن بۆ ئەمنی عامەی بەغداد و تۆمەتی بۆ دروست ئەکرێت کە گوایە کۆرێکی دژی رژیمی بەعس گیراوە بەڵام بەکر دان بە تۆمەتەکەدا نانێت و پاش چەند مانگێک ئازاد ئەکرێت. پاشان لە هەمان ساڵدا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر ئەکرێت و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەدرێت بەڵام هیچ ئیعترافێک ناکات و ئازاد ئەکرێت. بەکر عەلی لە ناو ریکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا چەندین چالاکی گرنگ و مەترسیداری ئەنجام داوە تەنانەت لە یەکێک لە چالاکییەکاندا لە حوزەیرانی 1993 فیشەکیک بەر رانی ئەکەوێت و بریندار ئەبێت.


بەکرعەلی داکۆکیکار و خەمخۆری هەژاران بوو

لە دوای راپەرین هەر زۆر زوو بەکر عەلی درکی بە نەبوونی عەدالەتی کۆمەلایەتی و شکستەکانی حکومرانی دەسەڵات کردبوو بۆیە لە بەشیکی یادەوەرییەکەیدا باس لە نا ئومیدی و رەشبینی خۆی بەرامبەر بەو سەردەمە ئەکات و تەنانەت ئەگاتە دۆخێک خۆزگە بە یاسای دارستان ئەخوازێت. بەکر عەلی لە کاتی شەری براکوژیدا خەباتی خۆی بۆ پشتگیری خەڵکی هەژار و برسی و بۆ ئاوارە و کرێکار دەست پی ئەکات.

ئەوەی تا ئێستە باس ئەکرێت ئەوەیە کە لە پاڵ هەموو ئەو چالاکی و پشتگیرییانەی کە بەکر عەلی بۆ هەژاران و کرێکاران و ئاوارەکانی حامییە هەیبووە و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی سلێمانی تورە کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەکر عەلی زیاتر لە دوای مەراسیمی یەکی ئایاری 1994 رق و تورەیی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەو کاتەی سلێمانی زیاتر ئەکات. لەو مەراسیمەدا بەکر عەلی وتارێک بە ناوی هەژاران و ئاوارەکانی حامییە لە ستادیۆمی سلێمانی پیشکەش ئەکات و قسە لەسەر بریاری تێکدانی خانووەکانی حامییە و کردنی بە پارک ئەکات. بەکر عەلی لە بەشێکی وتارەکەیدا بە دەسەلاتدارانی ئەو کاتەی سلیمانی ئەڵێت:

"گەر باس لە گیرانەوەی مومتەلەکاتی دەوڵەتە، ئیوەش مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی چۆلکەن و بیدەنەوە بە حکومەتی هەرێم، لقی چواریش با چۆلی بکات و بیداتەوە بە دەوڵەت، ئیزاعەکەی کاکە حەمەش با چۆڵی کات و ببیتەوە بە زراعەکەی جاران و زۆر جیی تریش، ئەو کاتە ئیمەش حامییە چۆڵ ئەکەین"

ئەو جەماوەرەی کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون بە چەپلە رێزانەوە داوای دووبارە کردنەوەی وتارەکەی لێ ئەکەن. هەر ئەم وتارەش هۆکار بوو کە بە بەردەوامی بخریتە ژیر چاودێری و دوچاری هەرەشە ببێتەوە. پاشان لەلایەن بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە دەستگیر ئەکرێت و دواتر بەهەولی مامۆستا شاهۆ ئازاد ئەکرێت. دەستگیرکردنی بەکر عەلی ئەبێتە هۆی دڵ رەنجاندنی لە یەکێتی و بۆ ماوەی دوو مانگ لە سلێمانی دور ئەکەوێتەوە و لە هەڵەبجەی شەهید نیشتەجی ئەبێت.


تیرۆرکردنی گولە سورەکەی حامییە

14 رۆژ بەر لە تیرۆرکردنی لەلایەن ئاسایشی سلیمانییەوە دەستگیر ئەکرێت، پاش شەش رۆژ لە ئازار و ئەشکەنجەدان ئازاد ئەکرێت و 8 رۆژ بەسەر ئازادکردنیدا تیناپەرێت تیرۆری ئەکەن.

پاش گەراندنەوەی لە هەڵەبجە و بە ماوەیەکی کورت لە 17ی 8ی 1994 لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوەرۆیەکدا و لە ماڵە قورینەکەی خۆیاندا دەستگیر ئەکرێت و بۆ ماوەی شەش رۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند ئەکرێت و بەشیوەیەکی زۆر وەحشییانە ئەشکەنجە ئەدرێت. بەکر عەلی بەردەوام ژیانی لە مەترسیدا بووە و بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی و کۆتا جار و لەو ماوەیەدا چەندین جار هەرەشەی کوشتنی لی ئەکریت بەلام ئەو هەرەشە و ئەشکەنجانە ئەو لەسەر ئامانجەکانی، رق ئەستوتر ئەکەن. لەو رۆژەی کە بەکر تیرۆر ئەکرێت هاورێکانی زۆر داوای لێ ئەکەن کە نەچێت بۆ خۆپیشاندانەکە بەڵام هەوڵ و داواکانیان بی سود ئەبێت چونکە بەکر راستگۆ بوو لەگەڵ پەیام و شعرەکانی و لەگەڵ ئەو شۆرشەی کە بۆ هەژاران و کریکاران هەڵیگیرساندبوو.


یەکێک لە هاورێکانی بەکر عەلی بەم شیوەیە روداوەکە ئەگیرێتەوە: بەپیی بریاری پاریزگاری ئەو کاتەی سلێمانی و لە 20-8-1994 بی دانانی هیچ رێگە چارەیەک بۆ ئەو خەلکە هەژارە، بە نوسراوێک ئەو دووسەد ماڵە ئاگادر ئەکاتەوە کە (لە یەکی ئەیلولدا، ئەو خانووانە تەخت ئەکرین، بۆیە چی زوترە دەبیت چۆڵ بکریت). بەڵام ئیمە بریارماندا کە خۆپیشاندانێکی هیمنانە بۆ بەردەم پاریزگای سلێمانی ساز بکەین و لە رێی نوینەرەکانمانەوە کە سەرەکیترینیان بەکر عەلی بوو یاداشتی نارەزایی بەرز بکەینەوە و داوای هاوکاری لە پاریزگای سلیمانی بکەین. بەڵام بە گەیشتنمان بۆ بەردەم بینای پاریزگار پاسەوانەکان بە زەبری چەک و هیز ناچاریان کردین کە بچنە بەری باخی گشتی. هەر لەو کاتەدا چەکدارەکانی پاریزگار ویستیان بە پاڵنان و بە زۆر بەکر عەلی ببەنە ناو بینای پاریزگاوە بەڵام پاریزگار خۆی لە وئ نەبوو. بەکر خۆ ی نەیا بەدەستەوە و لەگەڵ ئیمەدا کە من و شیرکۆی برای بەکر و دوو کەسی تربوین دورکەوتینەوە و هەوڵی راکردنماندا. بەڵام چەکدارەکان کە مەبەستیان بوو بەهەر جۆرێک شتیک لە (بەکر) بکەن بەداوای کەوتن. لەو کاتەدا بە شیرکۆی برای ئەلێت: ئاگات لە من بێت، دەستنیشان کراوم. مەبەستی بەکر ئەوەبوو کە یەکیک لە ناو ئاپۆرای خۆپیشاندەرانەوە بەردێکی بچوک هەڵئەدات و بەر سەری (بەکر) ئەکەوێت ئەمەش لای ئەو وەک نیشانەکردنیتی و خۆشی دڵنیابوو کە پلان بۆ کوشتنی داریژراوە چەنکە پێشتر چەند جارێک هەرەشەی کوشتنی لی کرابوو. بەکر زوو تی ئەگات و هەوڵی دەرباز بوون ئەدات بەڵام چەکدارەکان تەقەیان لی کردوو و فیشەکێک کە بەر پشتی ئەکەۆیت بریندار ئەبێت. بەکر بە برینداری ئەکەوێت هاورێکانی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کردووە عەبا رەشەکانیان ئەکەن بە دیوارَیک تا لە پشتیانەوە بەکر بەبرینداری بخەنە ناو باخی گشتی و لەوێیەوە هەوڵی رزگارکردنی بدەن. بەڵام یەکێک لە پاسەوانەکەن کە پلەی لەوانی تر بەرزتر ئەبێت و بەرپرسی پاسەوانەکانی پاریزگارە ئەگاتە سەر بەکر و فیشەکێک ئەنێت بە ناودەمییەوە.


روداوی تیرۆرکردنەکە دەرخستنی ئەو راستیەیە کە تیرۆرکردنی بەکر عەلی پلانێکی پێش وەختە و داریژراو بووە سەرارەی ئەوەش تەرمەکەی نادەنەوە بە خێزانەکەی تا بەڵێن نەدەن بە بیدەنگی ئەینیژن. پاش ماوەیەکیش شێرکۆی برای بەکر دەستگیر ئەکرَیت بەو بیانووەی کە ئەیەوێت تۆلەی براکەی بکاتەوە بەلام حاکم قوبادی جەلیل زادە زوو فریای ئەکەوێت و ئازادی ئەکات. لە پاش تیرۆرکردنی بەکر عەلی دانیشتوانی حامییە بۆ ماوەی 40 رۆژ بە بەرگی رەشەوە پرسەی بۆ ئەگێرن، لەسەر هەر ماڵێک پەرچەمێکی رەش بەرزئەکرێتەوە وەک شیوەن و پرسەیەکی بەردەوام بۆ مەرگی نوینەرە تێکۆشەرەکەیان


دوای 28 ساڵ و تا ئێستە تاوانبارانی تیرۆرکردنی بەکر عەلی پەردەپۆش کراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و بە سزا گەیاندنی تاوانباران بێ ئاکام بووە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە دوای مەراسیمی یەکی ئایار و دورکەوتنەوەی بەکر لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بۆ نزیکەی دە ساڵ لە ناو ریکخستنەکانی ئەو حزبەداچالاکانە کاری کردبوو، بەڵام زیندانی و ئەشکەنجەدانی بەکر لە زیندانەکانی یەکێتیدا، بە تەواوی بەکر لە یەکێتی دور ئەخاتەوە. لە مانگی 12 ی 1992 دەست لە کارکیشانەوەی خۆی لە یەکێتی نوسیوە لەگەڵ ئەوەشدا بەکر بەردەوام لە ژێر چاودێری و هەرەشەدا بووە بۆیە سلێمانی بەجێ ئەهێلێت و ئەروات بۆ هەڵەبجە. بەو هۆیەی ئەو کاتە هەلەبجە بەهۆی شەری براکوژییەوە لە ژیر دەسەلاتی پارتیدا بووە. ئەو کاتەی لە هەڵەبجە ئەبێت لەگەڵ چەند نوسەر وهونەرمەندێکدا کارێکی شانۆیی پیشکەش ئەکەن بەناوی قریشکەکان کە دەقەکەی لەلایەن بەکرەوە ئەنوسرێت و بەرزان عومەر کاری دەرهێنانی بۆ ئەکات. دەرکەوتن و چالاکی بەکر عەلی لە هەڵەبجە گومانی بوون بە پارتی لە لایەن یەکێتییەوە ئەخرێتە سەری، هەرچەندە دوای دوو مانگ بەکر ئەگەرێتەوە سلێمانی و بەردەوام ئەبێت لە نوینەرایەتیکردنی هەژارانی حامییە. بەو هۆیەی کە بەردەوام ریکخراوی یەکێتی بێکاران و حزبی کۆمۆنیستی کریکاری بەردەوام پشتگیری لە دانیشتوانی هەژارنشینی حامییە ئەکەن، جۆرێک لە نزیک بونەوە لە نیوان نوینەرانی خەلکی حامییە و یەکێتی بێکاران و حزبی کۆمۆنیست دروست ئەبێت. بەرادەیەک کە زۆر کەس بەکر وەک ئەندامی یەکێتی بێکاران و لایەنگری حزبی کۆمۆنیست ناودەهێنن، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی بەکر عەلی هەڵگری بیرورای چەپ بووە، بەڵام هیچ دۆکیۆمینتیک لە بەردەستدا نییە ئەندام بونی ئەو لەو حزب و ریکخراوانە بسەلمێنێت.


سەرچاوە/ کاسکیتەکەم بسپیرن بە پاییز، ژیان و بەرهەمی شاعیری شەهید ئەبوبەکر عەلی، ئامادەکردنی فەرەیدون عارف. چاپی یەکەم 2010

 لینکی بلاوکردنەوەی بابەتەکە لە مالپەر و پەیجەکان:

تێکچوونى ژینگە و پەیوەندیمان لەگەڵ سروشت

 سیستمی ئابووریی سیاسى و شێوەى گەشە و پەلهاوێشتنى و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا، زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و شێوە ژیانی مرۆڤ، ئەمانە گرێدراو و هۆکارن بۆ تێکچوون و پیسبوونى ژینگە، وەک  گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک، بەبیابانبوون، ترشبوونی ئۆقیانووسەکان، لەناوچوونی هەمەچەشنەی زیندەوەر و قڕبوونی جۆرە دەگمەنەکانی گیانلەبەر، لەناوچوونی ڕووەکی دەریایی، تا دەگاتە ئەوەی جەستەی ئێمە بە جۆری جیاواز لە کانزا ژەهراوی بووە، ماددەی کیمیایی و پیشەسازیی وەک کانزای زەنبەق. لەناوبردن و دەستدرێژییەکانی سیستم بۆ سەر ژینگە زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە مەزەندە یان هەستى پێ دەکەین. گۆڕانی کەشوهەوا لەوانەیە لە هەرە گرنگترین ئەو قەیرانانە بێت کە ڕاستەوخۆ پێویستی بە کارکردنە، چونکە کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە ڕۆژبەڕۆژ کارەساتی گەورەتر لەسەر ئاستی جیهان دروست دەکات، دەرئەنجام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی زۆر خەڵک لەسەر ئەم هەسارەیە دەبینرێت.

    پلەی گەرمی گۆی زەوی لە کاتی شۆڕشی پیشەسازییەوە بە ڕێژەی 1.2 بەرز بووەتەوە، تەنها لە سەدەی بیستەمدا لە 0.6 بۆ 0.7 پلە بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نیوەی ئەو پلەیە لە 30 ساڵی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلەکانی بەبیابانبوون-دراوت، لەناوچوونی جۆری گیانداران، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، لافاو، زۆربەی کارەساتە سروشتییەکانی دیکە.

    یەکێک لە تویژینەوە نوێیەکانی سەردەم و  ئەم دواییەی ‘Journal Proceedings of the National Academy of Sciences ‘ باس لەوە دەکات کە زەوی بەرزترین ئاستی پلەی گەرمی بە خۆیەوە دەبینێت لە 50 ساڵی داهاتوودا  بە بەراورد بە 6000 ساڵی ڕابودوو.

    توێژینەوەیەکی ‘Science Advances’ ساڵی 2017 گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە تا ساڵی 2100 پلەی گەرمیی زەوی بە شێوەیەک بەرز دەبێتەوە کە تەنها چوونەدەرەوە بۆ چەند کاتژمێرێک لە هەندێک بەشی هندستان و ڕۆژهەڵاتی چین دەبێتە هۆی مردنی ئەو کەسانەی کە تەنانەت تەندروستییەکی باشیشیان هەیە.

 


بەشێک لە لێکەوتەکان:

کۆچکردن بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک. گۆڕانی کەشوهەوا، بارانی وەرزی و وشکەساڵی کە ئێستا وای لێ هاتووە پێشبینی ناکرێت و بووە بە هۆکارێکی قورس بۆ کشتوکاڵکردن، زیاتر لە هەشتملیۆن کەس ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و باکووری ئەمریکا کردووە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی برنج لە ئاسیا و گەنمەشامی لە ئەفریقا.

سپیهەڵگەرانی دوورگە مەرجانییەکان: ژینگەی ڕێکخراوەیی کێڵگە مەرجانەییەکان بە بنەمای ژیان و سەلامەتیی ڕێکخراوەیی ژینگەی ئۆقیانووسەکان دادەنرێت. بوونیان بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی ژینگەی ئۆقیانووس و دەریاکان، زۆر گرنگە. داڤید واڵاس لە کتێبی ‘زەوییەک کە ناتوانێت تێیدا نیشتەجێ بێت’ دەڵێت: دوورگە مەرجانەییەکان بوونەتە ماڵی یەک لەسەر چواری گیاندارە دەریاییەکان، هەروەها خواردن و داهات بۆ نیو ملیۆن مرۆڤ دابین دەکەن، بەڵام لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی دەریا و ئۆقیانووسەکان دوورگە مەرجانەییەکان سپی هەڵدەگەڕێن و لەناو دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی یەک لەسەر چواری گیاندار و ڕووەکە دەریاییەکان.

ساڵی 2006 شەپۆلەکانی پلەی گەرمیی ڕووبار کە پێی دەڵێن ‘the blob’ بەشێکی زۆری ئۆقیانووسی ئارامیی داپۆشی کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئۆقیانووس بە ڕێژەی 5 پلە و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو. ئەم شەپۆلە گەرمییە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی دەریایی و ڕەشبوونی دەریاکە و لەناوچوونی ماسیی سەلەمۆن. ساڵی 2014 بۆ 2015 و جارێکی دیکەش 2019 هەمان شەپۆلی گەرمی لە دەریا و ئۆقیانووسەکان دروست بوو.

دارستانەکانی ئەمازۆن: گەورەترین دارستانی باراناویی جیهانە و بە سییەکانی زەوی هەژمار دەکرێت، ڕووبەرەکەی نزیکە 6ملیۆن و 900هەزار کیلۆمەتر دووجایە، نزیکەی ‘40%’ کیشوەری ئەمریکای لاتینی دادەپۆشێت. دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە سەر نۆ وڵات ‘بەرازیل، بۆلیڤیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، کۆلۆمبیا، فینزوێلا، گیانا، سۆرینام و گینای فەرەنسی’. سیستمی ژینگەیی ئەم دارستانە هەمەچەشنەیە و لە ملیۆنەها داری گەورە و سەدان جۆر ئاژەڵ پێک هاتووە، زیندەور و باڵندە کە لە هیچ وڵاتێکی تری جیهاندا بوونیان نییە و سەدان ڕووبار و زەلکاو لەخۆ دەگرێت. ساڵی 1970 تا ئێستە پێنج یەکی زەوییەکەی بە پیلان و نەخشە سوتێنراوە، سەرۆکی بەرازیل جیار بلسنار و هاوپەیمانی ترامپ بوو هاوکات لەگەڵ دامودەزگا داراییە جیهانییەکانی وەک بلا ڕۆک بە سوتاندنی ئەمازۆن، تۆمەتبار دەکرێن.

لە 11ی 3ی 2021 لە بابەتێکدا ناشناڵ جیوگرافی ڕایگەیاند کە 30 زانای سەردەم توێژینەوەیەکیان لەسەر دارستانەکانی ئەمازۆن کردووە، باس لەوە دەکەن هەندێک بەشی دارستانەکانی ئەمازۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، زیاتر لەوەی کە هەڵیدەمژن. هەڵبەت ئەمازۆن گازێکی زۆری دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەزەوی هەڵدەمژێت، بەڵام ئێستا بە هۆی تێکچوونی ئیکۆ سیستمەکەی دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات. دەرئەنجامەکانی سوتانی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن زۆر زۆر ترسناک و پڕ مەترسییە کە بە دەیەها هەزار جۆری ئەنزیمەی کەشوهەوا لە گەورەترین بەشی باشووری قارەی ئەمریکا قڕ کردووە. سی ملیۆن خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتمانەکەیان کران، ئەم سوتانە گەرمبوونی زەویی خێراتر کرد، لەگەڵیشیدا دەیەها ملیار تەن کاربۆن ڕژایە بەرگە هەوای زەوی. دارستانەکانی جیهان ساڵانە بەردەوامن لە لەدەستدانی 5 ملیۆن هێکتار لە زەوی واتە لە هەر 32 خولەکێکدا 15 ڕووبەری ستادیۆمی فوتبۆل لە دارستانەکان لەدەست دەدەین.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ئەنتارکتیکا: بە شێوەیەکی خێرا و دوو هێندەی ڕێژەی تێکڕایی جیهانی بەرز بووەتەوە، ساڵی 2020 سبیریا پلەی گەرمی گەیشتە 100 پلەی فەهرنهایت بەرزترین پلە کە تا ئێستە لە ئەرکتیک تۆمار کرابێت. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە چڕبوونەوەی گازە گەرمەکان بەم شێوەیەی ئێستە بەردەوام بێت ئەوا تا سالی 2050 پلەی گەرمی بەرزترین ئاست تۆمار دەکات، بە بەراورد بە  هەزار ساڵی ڕابردوو. کاتێک ترامپ بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێککەوتنامەی پاریس هاتە دەرەوە و لە هەمان کاتدا زیاد لە 6 پرۆژەی لەسەر زەویی فیدرالیی ئەلاسکا بونیاد نا، کە بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگە لەوێ.

 

    ئەوکاتەى نێوانى ژینگە و مرۆڤ تێک چوو:

 
   پێش دووسەد ساڵ و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، کارڵ مارکس لە سایەی سیستمی سەرمایەداری باسی پیسبوونی ژینگە دەکات، کە ئەوکات هیچ پیسبوونێکی وەها لەگۆڕێدا نەبوو. مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی 1844دا دەڵێت: زیندوویەتیی مرۆڤ لەسەر سروشت وەستاوە، سروشت وەک جەستەیەکە بۆی، پێویستە مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا لە دۆخی ئاوێتەبووندا بێت، ژیانی مرۆڤ لە ڕووی جەستەی و ڕۆحی پەیوەستە بە سروشت، مرۆڤ لە دەرەوەی سروشت نییە، بەڵکو بەشێکە لێی.
 بەم تێگەیشتنە بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی هۆکار نییە بۆ تێکچوونی زەوی، بەڵکو بنەمای بەها مرۆییەکان، شێوازی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و کەڵەکەکردنی سامان هۆکارن، بە شێوەیەک لە نزیکەی تەمەنی دوو سەدە سەرمایەداری هەموو کێبڕکێیەک تەنها لەپێناوی قازانج و کەڵەکەبوونی سامان بووە. دەوڵەتانی سەرمایەدار ساڵانە ڕێژەی قازانج بە ناوی گەشەی ئابووری زیاد دەکەن. بۆیە کاتێک باس لە ژینگە دەکەین، تەنها باسێک نییە لە چوارچێوەی گۆڕینی مامەڵە و هۆشیاریی تاک کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

ئەمڕۆ خۆشگوزەرانی پەیوەست کراوە بە مرۆڤێکی مەسرەفگەرای بەکاربەری ڕووت، پێویستیی ناپێویست دەبێتە پێویستى، لەم پێناوەشدا دەست بۆ زانستە دەروونییەکان براوە بۆ هێرشکردنە سەر  ئەقڵی مرۆڤ. لە وەها سیستمێکدا مرۆڤ و سروشت بەپێی پێویستیی خۆی، بۆ لەپێناو بەردەوامیی کەڵەکەکردن دەگۆڕێت. جەوهەری ناکۆکییە بنەماییەکانی نێوان ژینگە و سەرمایەداری لە زیادکردنی قازانج، کەڵەکەکردنی سەرمایە و فراوانکردنی بازاڕ خۆی دەبینێتەوە. پێویستە سەرمایە بەبێ سنوور و بە بێکۆتا گەشە بکات.

ڤاندانا شیڤا، بەڕێوبەری دامەزراوەی توێژینەوەی زانست، تەکنەلۆجیا، ئێکۆلۆجی و فیمینستی ژینگە دەڵێت: سەرمایەداری هەم لە گریمانە کولتوورییەکان و هەم لە ئامڕازە ئابوورییەکاندا ڕەگەزدار و ڕەگەزپەرست و دژەسروشتە. 

 نۆم چۆمسکی لە کتێبی  ‘Climate Crisis and the Global Green New Deal ‘ دەڵێت پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت کە زیادبوونی چەند پلەیەکی دیکەی گەرمی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا. ئەگەر دەریاکانیش تەنها چەند پێیەک بەرز ببەنەوە، ئەوا بۆ ئێمە ڕوون نییە کە ئایا شارستانییەتی مرۆڤ بەردەوام دەبێت یان نا؟
چۆمسکی بەردەوامە و دەڵێت نهێنییەکی ئەوەندە گەورە نییە کە کێ ئەم وڵاتەی داگیر کردووە، ئەگەر تەنها ساڵانە سەیری ‘Fortune 500’  بکەیت، دەبینیت چ کۆمپانیایەک خاوەنی ئەم وڵاتەیە، کە بە شێوەیەکی سادە لە لایەن تۆڕێک لە کوتلەی جۆراوجۆر دەستیان بەسەر بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و بانکەکانیشدا گرتووە و بە شێوەیەکی زۆر پتەو پەیوەندییەکانیان گرێ داوە.
 

حکومەتەکان بەردەوامن لە ڕێگەدان بە کۆمپانیاکانی سووتەمەنی و پاشماوە بەبەردبووەکان ‘fossil fuel’، پاشماوە بەبەردبووەکان بریتین لە سووتەمەنیی دەرهاتووی ژێر زەوی، وەک: خەڵوزی بەردین و نەوتی خاو و گاز و بە پیشەسازیی وێرانکەری ژینگە ناویان دەرکردووە. لە دەوڵەتی سەرمایەداریی نوێ ئەوە دەرکەوت چینی سەرمایەداری وەک هێزێکی ئابووری هەڵدەکشێت کە هەیمەنەی بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە ڕۆڵی دەوڵەتی سەرمایەداری پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سامانەکانیان. هەر دەوڵەتێک بەرگری لە بەرژەوەندیی چینە سەرمایەدارەکانی خۆی دەکات لە بەرانبەر ڕکابەرە بێگانەکاندا. ئەو بەرگری و پاراستنەش لە کرێی کەم، پەیوەستنەبوون بە یاسا ژینگەییەکان لە ناوخۆدا، بەهێز نیشاندان لە دەرەوە لە ڕێی هۆکارەکانی دیبلۆماسی و سەربازی بە مەبەستی گەیشتن بە هەموو سەرچاوە و بازاڕێک لە جیهاندا.

ئەم ڕۆڵەی حکومەت دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵە بەردەوام جدی و جیهانییانەی کە داوای کەمکردنەوەی کاربۆن و قەیرانەکانی دیکەی ژینگە دەکەن. ئەمریکا، چین و ئوستورالیا زۆرترین فوسل فۆیل لە جیهاندا، بەکار دەهێنن. حیزبە لیبڕاڵ-سەرمایەدار و لەیبەرەکان ئامادە نین لە دەیەها بلیۆن قازانجی کەڵەکەبوو لە هەناردەکردنی خەڵوز و گاز خۆش ببن.
 

کڕین و فرۆشتنی چەک وەک پەراوەیەکی دیکەی سەرمایەداری، بەشداربوون لە جەنگەکان ڕێگەیەکی گرنگە بۆ چالاککردنی ئابووری و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ وڵاتانی ئیمپریالیزم، بەو هۆیەی جەنگەکان دەبنە هۆی دروستکردنی داخوازی لەسەر هەندێک کاڵا/شمەک کە بۆ بەکارهێنان پێویست نییە. هەندێک جاریش دووبارە بونیادنانەوەی ئەو شار/وڵات/گوندەی کە جەنگ لەناوی بردووە، ڕێگەیەکی دیکەی گرنگە بۆ چالاککردنی ئابووری. جەنگ و پڕچەککردن بزنسێکی زەبەلاحە، خەرجیی سەربازیی ئەمریکا لە سەدا 4 بۆ 5ی کۆی بەرهەمی نیشتمانی بوو ساڵی 2012 و بڕی 1735 بلیۆن دۆلاری ئەمریکی لەسەر ئاستی دنیا لەسەر مەسەلە سەربازییەکان خەرج کرد.  ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبەت باس لەوە دەکات ژینگە تۆڵەی خۆی لە مرۆڤ دەکاتەوە کاتێک سەرکەوتنەکانی ئەو لەسەر حسابی ژینگە بەدەست هاتووە. پێویستە مرۆڤ ئەوەی لەیاد بیت کە ناتوانێت  کۆنتڕۆڵی ژینگە بکات.


پرسى چارەسەرى جێگرەوە

یەکەم هەنگاوی چارەسەری بۆ ڕاگرتنی قەیرانەکانی ژینگە وەستاندنی چاوچنۆکی و قازانجی کۆمپانیا سەرمایەدارەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هەنگاو بۆ چارەسەری پێویستە:

-ڕەتکردنەوەی خاوەندارێتیی تایبەتیی سەرچاوە و ڕەگەزە سروشتییەکان (زەوی، ئاو، دارستان، هەوا، وزەی خۆر/وزەی گەرمی و سەرچاوە ئاوییەکان).

-ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی چەکی کۆمەڵکوژ و ناوکی.

-بوونی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گونجاو بۆ دووبارە هاوسەنگکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە شار و لە لادێ.

-پێویستیی بەرنامەیەکی بەردەوام لە بواری خوێندن و پەروەردەکردنی تاکی ژینگەدۆست.

-بەهێزکردنی تێکۆشانی جەماوەری لە سەندیکا، ڕێکخراوە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە دەستدرێژییەکانی سیستمی سەرمایەداری لەسەر مرۆڤ و ژینگە.

ئەو قەیران و کێشانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، وەک هەژاری، برسێتی، نایەکسانی لە سامان و داهات، جەنگی ئیمپریالیستەکان، داڕمانی ئابووری، هەموویان ئەڵقەیەکی پێکەوەگرێدراون و پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. فرید مەگدۆف لە کتێبی ‘بۆچی سەرمایەداری بۆ ژینگە ژەهراوییە؟’ ئاماژە بە وتەیەکی نعومی کلاین دەکات، دەڵێت: هێشتا چەپەکان درکیان بەوە نەکردووە قەیرانی ژینگە بەرزترین گوزارشت و هەڕەشەی سەرمایەدارییە. لە کاتێکدا ژینگەدۆستان وا بیر دەکەنەوە توانای چارەسەری قەیرانەکانیان هەیە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری.
 
 
 
لە دیدى فێمێنیزمی ژینگەیی :

لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتاکاندا ڕەوتێک لە فێمێنیزم بۆ مشتومڕکردن لە بارەی ژینگە، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە، بەتایبەتتر پەیوەندیی نێوان ژن و ژینگە سەری هەڵدا. ئەم ڕەوتە بە ئیکۆفێمێنیزم-فێمێنیزمی ژینگەیی ناسرا.

فێمێنیزمی ژینگەیی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە کە گۆڕانی کەشوهەوا، یەکسانیی جێندەری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە دەبینێت، کە هەمووشیان بە باڵادەستیی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا گرێ دراون.

فێمێنیزمی ژینگەیی، پێی وایە بۆ زۆربەی پرسە ژینگەییەکان دەتوانرێن بگەڕێینەوە بۆ دانانی ئەولەویەتی جیهانی بۆ ئەو سیفەتانەی کە بە پیاوسالاری دادەنرێت، وەک شەڕانگێزی، زاڵبوون و ئەوانەی کە لە لووتکەی دەسەڵاتدان ئەو سیفەتانە بەرجەستە دەکەن.

لە کاتێکدا ئاریێل سالە چالاکوان و نووسەر و فێمێنیزمی ژینگەیی پێی وایە فێمێنیزمی ژینگەیی تەنها بزووتنەوەیەک نییە بۆ ڕزگارکردنی ژنان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤەکانە، لە ڕاستیدا ڕزگارکردنی ژینگە و هەموو بوونەوەرەکانیشە.

ئەگەر سەرنج بدەین، لە هەموو جیهاندا ژنان زیاتر سەرکردایەتیی بزووتنەوەکانی ئیکۆلۆژی دژ بە بڕینەوەی دارستانەکان و پیسبوونی ئاو دەکەن، دژی مەترسیی ژەهراوی و جەنگی ئەتۆم. ئەمەش هۆکارەکەی پێویستییەکە ژنان لە ڕێگەی دابەشکردنی ڕەگەزییانەی کارەوە فێر دەبن. هەمیشە ئەرکی سەرەکیی ژنان چاودێریکردن و دابینکردنی خۆراک و ئاو، تەندروستی و چاودێریی خێزان بووە. بۆیە سەرکردەکانی فێمێنیزمی ژینگەیی کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی و بەرهەمهێنانی خۆراک بە شێوەی ئیکۆلۆژی، وەک ڕێگەچارەی قەیرانەکانی ژینگە پێشنیار دەکەن، پێیان وایە چارەسەری هەژاری و قەیرانەکانی ژینگە دەکات.

کشتوکاڵیی پیشەسازی و بازرگانیی خۆراکی بەجیهانیکراو بەشدارن لە ٥٠%ی پیسبوونی بەرگەهەوا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازە گەرمەکان، ئەوانیش تێکچوونی کەشوهەوا زیاتر دەکەن. بە دداننان بە ڕۆڵی ژنانی ئیکۆ فێمێنیست و هەوڵ و بەشدارییان لە کشتوکاڵی ناپیشەسازی، مرۆڤایەتی دەتوانێت کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا خۆراک بەرهەم بهێنێت، تەندروستیی مرۆڤەکان باشتر بێت و دیموکراسی بەدەست بێت.

کشتوکاڵیی پیشەسازی کە پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت، تەنها لە سەدا ٢٥ی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا لە سەدا ٧٥ی سەرچاوەکانی زەویی خاک، ئاو و جۆری هەمەچەشن و جیاواز بەکار دەهێنێت و لەناو دەبات. ئەو جووتیارە ژنانەی هندستان کە خاوەنی زەویی بچووکن و خۆراک بە شێوەیەکی ئیکۆلۆژی بەرهەم دەهێنن، دەتوانن خۆراک بە ڕێژەی دانیشتوانێک بدەن کە دوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بێت و داهاتەکانیان دە هێندە زیاد بکەن.

پیشەسازیی خۆراک کە سەرمایەداریی پیاوسالاری ئاڕاستەی بازاڕی دەکات، بۆ دوازدە کاڵای ژەهراوی بچووک بووەتەوە کە لە ڕووی جیهانییەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت و لە ڕووی خۆراکییەوە بەتاڵن. دەرئەنجامی ئەم لۆژیکە ئابوورییە ناعەقڵانییە هۆکاری نەخۆشی و پەتاکانە کە مەترسی لەسەر ژیانی ئەم هەسارەیە دروست دەکەن.

ئەمڕۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دروشمەکانی سەوزکردنی ئابووری و بازرگانیی فێڵبازانە سەری هەڵداوە، گوتاری حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی بە جۆرێک لێ کردووە کە کە ڕۆڵی ئەوان لە ئەرکەکانیان بێلایەن دەکات. لە هەندێک شوێندا فێمێنیست و چالاکوانانی ئیکۆلۆژی ناچارن وەک کەسانی تەکنۆکرات بیر بکەنەوە و قسە بکەن و جلوبەرگ بپۆشن. لە کاتێکدا چەوساندنەوەی پیاو لەسەر پیاو، پیاو لەسەر ژن، و پیاو لەسەر سروشت وەک گرێیەکی تێکهەڵکێشی سێگۆشە دەبینرێت و تەنها پێکەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. 


    سەرچاوەکان:

    •   Why capitalism is toxic to the environment، Fred Magdoff.

    •  https://epi.yale.edu/epi-results/2020/component/epi.

    •  https://www.who.int/health-topics/drought#tab=tab_1.

    • الجزء الاول/النظام الرڕسمالی وتدمیر البیئە !-الجزء الاول توما حمید، کاتب و ناشط سیاسی، الحوار المتمدن-العدد: 3964 – 2013 / 1 / 6 – 12:19 المحور: ابحاث یساریە واشتراکیە وشیوعیە.

    • Ecofeminism as Politics: Nature، Marx and the Postmodern، Ariel Salleh.



 
 

 لینکی بلاوکردنەوەی بابەتەکە لە مالپەر و پەیجەکان:

1.بلاوبونەوەی بابەتەلە لە  ژمارە ١٣٠١ ی رۆژنامەی رێگەی کوردستان  https://en.calameo.com/read/000783018525643a52405

2. https://www.regaykurdistan.com/index.php/wtar/40770-2022-08-21-07-27-55

3.https://azadbun.com/archives/7839

4.https://jinhaagency.com/so/nwwsr/zh-32798

سەرمێزی کارکردنەکەم، بەیانیتان باش.

 هەوڵدانی بەردەوام، بۆ دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پلاستیک و گەڕانەوە بۆ ئەو کەرەستانەی کە پێشینانی ئێمە دروستیان کرد و بەکاریان هێنا.





لە هەولێر هەناسەیەک بۆ ئازادی نییە!

 ئەمرۆ بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان دژ بە داگیرکای تورکیا بەرەو پارکی شانەدەر بەڕێکەوتین، لەگەل ئەوەی کە چواردەوری پارک و ناو پارکیش لەلایەن ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان گیرابوو وە ڕێگرییەکی زۆر لە خەڵک کرا. دوای چاوەڕوانییەکی زۆر توانیمان بە پیادە برۆینە ناو پارکەکە و تاک تاک هەندێ لەو هاوڕێیانەش بدۆزینەوە کە هاتبونە ناو پارکەکە.



بەداخەوە خۆپیشاندانەکە بە زەبری هێز رێگری لێکرا بەو بەهانەیەی کە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە. 

ئێمە ڕێگریمان لێکرا خۆپیشاندان بکەین بەڵام لەسەر شەقامێکی دیکە و لە جێگەیەکی دیکە دروشمی خۆمان بەرز کردەوە.


بەیەکەوە دەتوانین ڕووبەرووى هێرش و داگیرکارى تورکیاو داگیرکاران ببینەوە، ئێمە بەهێزین.

معا يمكننا مواجهة هجوم واحتلال تركيا و المستعمرون، نحن أقوياء.

Together we can face the attack and occupation of Turkey and the colonials, we are strong.


ئامانجى تورکیا قڕکردن و جینۆسایدى کورد و تێکدانى سروشت و ژینگە و ژیانى کوردستانە، بەیەکەوە ژیان و ژینگە و خاکەکەمان دەپارێزین.

هدف تركيا هو إبادة الأكراد وتدمير طبيعة وبيئة وحياة كردستان. معًا سنحمي حياتنا، بيئتنا وأرضنا.

Turkey's aim is to exterminate and genocide the Kurds and destroy the nature, environment, and life of Kurdistan. Together we will protect our life, environment, and land.

سیمپۆزیۆمی هاوارێك بۆ ژینگەی كوردستان


 یەکەم سیمپۆزیومی “هاوارێک بۆ ژینگەی کوردستان” بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (18/6/2022) ڕێکخراوەکانی (ئازادبوون، سروشتی کوردستان و بیمە) یەکەم سیمپۆزیومی ژینگەیی “هاوارێک بۆ ژینگەی کوردستان” بەڕێوەبرد.
لە سیمپۆزیومەکەدا، خالید سلێمان، ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەندە لە بواری کێشەکانی ژینگە و گۆڕانکاری کەش، باسی (هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم ژینگەی کوردستان)ی کرد. پاشان شاگوڵ ئەبووبەکر، توێژەر و مامۆستا لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، باسی لە (گرنگی کەمپینی نێودەوڵەتی خاک بپارێزە) کرد.
لە بەشی دووەمی چالاکییەکەدا، شایی ئاوات، لێپرسراوی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی، باسی لە (هەوڵەکانی دەستەی ژینگە و ئەرکی ئەمڕۆ و سبەی) کرد، پاشان عەلی ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی و لێپرسراوی هۆبەی دارستان، باسی لە (هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان و ئەرکی ئەمڕۆ و سبەی) کرد. پانێڵی یەکەم لەلایەن "هەڵوێست عەبدوڵڵا" و پانێڵی دوویەم لەلایەن "مارکۆ نەوزاد"ـەوە بەڕێوەبرا؛ هەروەها لە هەر دوو پانێڵەکە ڕای بەشداربووان وەرگیرا بۆ دەوڵەمەند کردنی بابەتەکە و ڕەخساندنی گفتوگۆ.











بۆ بینینی تەواوی سیمپۆزیۆمەکە تکایە کلیکی ئەو بەستەرەی خوارەوە بکەن:




بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...