مۆری کاڵ!!

 تەمەنی هەر نزیکی بیست ساڵ ئەبوو، جوتێک گوارەی مەلەک تاوسی لە گوێ کردبوو، چاوەکانی گەورە و گەش بوون، لەگەل هەر وشەیەک کە گۆی ئەکرد پرشنگی ئەدایەوە، جار جار سەیری خاڵێکی دووری ئەکرد و ئەگەرایەوە بۆ لای ئێمە، پێم وابوو لەگەل قسەکانیا ئەیەوێت پێشبینی شتێک بکات. جلی نەریتی خۆیانی پۆشی بوو بەڵام سپی نا، رەنگێکی مۆری کاڵ.


باسی مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ئیکۆساید (جینۆسایدی سروشت)، و فێمیساید (ژنکوژیی)، بۆ کردین و پەیوەندیداری ئەکرد بە دۆخی کورد و ژن لە باشوری کوردستان و فڕاندنی ژنانی ئێزدی.

 دڵم نەهات لێی بپرسم لە کاتی ٧٤ هەمین فەرمانی قرکردنیان تەمەنی چەند بوو؟؟ بەڵام بە مەزەندەی خۆم لەوانەیە ٥ یان هەر ٦ ساڵێک بووبێت کەچی ئەو باسی فڕاندن و فرۆشتنی ژنانی ئێزی بۆ کردین هەر وەک گەواهیدەرێک.

هاورێکەم بیری بوو و پیرۆزبایی جەژنی چوارشەممەی سوری لێکرد و باسی ئەوەی کرد کە لە هەندێ سەرچاوەدا باس لەوە ئەکرێت کە جەژنی هەستانەوەی مەسیح (ئیستەر)، سەرچاوەکەی لە جەژنی چوارشەممەی سووەری ئێزدییەکانەوە هاتووە.

لە کۆتایی گفتوگۆکەماندا ئیمە هەستی شانازی و سوپاسمان بۆ ئەوان دەربری و ئازایەتی خۆراگریی ژنانی ئێزدیمان بەرز نرخاند. ئیمە ستایشی هەڵوێستی بابەشێخ (رابەری کۆچکردوو، رابەری رۆحی ئێزدیان لە جیهاندا) کرد، کاتێک داوای لە گەلی ئیزدی کرد ئامێز بۆ ژنانی دەربازبووی دەستی داعش بکەنەوە و پێشوازییان لێ بکەن.

پێویستە کۆمەڵگە دووبارە پەیوەندی لەگەڵ سروست بنیاتبنێت..

 لەژێر دروشمی (پێویستە کۆمەڵگە دووبارە پەیوەندی لەگەڵ سروست بنیاتبنێت)، رێکخراوی چەمک بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی رۆژی ٢٠٢٥/٤/٢٤ ، پانێڵێکی سازدا. لەگەڵ هاوڕێیانم د.شنە شەریف و مامۆستا یەریڤان شاسوار بەشداربووین بە پێشکەشکردنی سێ بابەت. 


ژمارەیەک لە فێرخوازانی کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆ، مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبوون. ئەوان لە سەرەتاوە تا کۆتایی پانێڵەکە ئارام و پشوو درێژانە گوێیان گرت و پرسیاری گرنگییان کرد. بەشێک لە فێرخوازان دانیشتووی قەزا و ناحییەکانن و لە بەشە ناوخۆیی دەمێننەوە.

بۆنەکە بە رێزگرتن لە شەهیدانی قەڵادزێ لە کاتژمێر ١٠ بەیانی دەستی پێکرد، نیشاندانی ڤیدیۆیەک دەربارەی قەیرانەکانی ژینگە، پاشان هەرسێ بابەتەکە پێشکەش کران و ١٥ خولەک پشومان وەرگرت، دواتر پرسیار و گفتوگۆ دەستی پێکرد. ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو بۆ من و هاورێکانم پرسیاری گرنگ و سەرنجی ئامادەبووان بوو دەربارەی سروشت و ژینگە. دوا چالاکی رۆژەکە رواندنی نەمام بوو، لە کاتژمێر ٣ دا نان خواردن دەستی پێکرد و لەو کاتەشدا گفتوگۆ بەردەوام بوو کە هۆکارێک بوو زیاتر لە فێرخوازان نزیک ببینەوە. 

ئەمەوێ بڵێم ئەم چالاکییە نزیکی ٦ کاتژمێری خایاند، لە ١٠ بەیانی دەستی پێکرد و کاتژمێر ٤ ماڵئاواییمان لە یەک کرد..ئەو رۆژە جیاواز لە چالاکی و رۆژەکانی دیکە ئارامیی دایگرتبووم بە بوون و پشوو درێژی ئەو گەنجە نازدارانە. ئێمە زۆر سوپاسمان کردن بۆ مانەوە و پێداگرییان بۆ فێربوون و گفتووگۆ.



تێبینی:

*لە رێی ئەم بەستەرەوە بینەری تۆماری بابەتەکەم بن: ژن تیڤی

*بەستەری هەوڵی چالاکییەکە لە  رۆژنیوز

*بەستەری راپۆرتیک دەربارەی چالاکییەکە لە ئاژانسی هەواڵی ژن

هاو ڕێگا!!!!

سێ مانگی رابووردوو یان وردتر بڵێم لە کۆتا رۆژەکانی مانگی ١٢ ی ساڵی رابووردو و تا کۆتایی مانگی مارس توشی درم و پەتا (ئەنفلۆزا)، یەکی قورس هاتبووم. لەو ماوەیەدا دوو جار و لە دوو کاتی جیاوازدا بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ناو جێدا مامەوە و وزەی جوڵەم نەبوو. تەنیا چەند دەنکە حەبێکی کەمم خوارد و سەردانی پزیشکم نەکرد بەڵکو هەوڵمدا لە رێی خۆراک، چایی گیا و گوڵ دۆخەکە تێیپەرێنم وەلێ قورس بوو چونکە درمەکە درەنگ بەجێیهێشتم. لەو سێ مانگەدا بەردەوام سەرئێشەیەکی قورسم هەبوو کە توشی کەم خەوی پاشان کەم خۆراکی کردبووم، لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری ئێسک تەواو بێزاری کردبووم، بەجۆرێک هەندێ جار توانای رۆشتنم نەئەما..یان هەندێک جار ئەموسیت لە شوێنی خۆم بەرز ببمەوە و بجوڵێم قاچەکانم لەگەڵم نەئەهاتن و توانای رۆشتنم نەبوو. لەگەڵ بوونی سەرمایەکی وشک و بێزارکەر و ناجێگیریی دۆخی تەندروستیم هەوڵمئەدا کاریگەری لەسەر کار و بەرپرسیارێتیم دانەنێت و بە پاڵپشتی هاوکارانم بەردەوام بووم لە ئەرکەکانم.


وێنەکە باخچەی ڤیگلاندە لە نەرویج، ساڵی٢٠١٢ 


لەو چەند مانگەی رابووردوودا بە هۆی دۆخی جیاوازی ناوخۆیی و دەرەکیی هەندێ کات لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانم لە ئازادبوون دەرفەتی پشوومان نەبوو یان کاتێکی زۆر کەممان هەبوو پشوویەکی کورت وەربگرین لەگەڵ ئەوەشدا وزەی بەردەواممی و باشمان لە یەک وەرئەگرت.


ئەو رۆژانەی تەواو شەکەت دەبووم تەلەفونم بۆ هاورێیەکم ئەکرد و بە پیاسەیەکی کورتخایەن کاتێکی خۆشمان دروست ئەکرد. هەندێک جار ئاڤی هاوڕێم تەلەفوونی ئەکرد هەڵە گیان برۆین پیاسەیەک بکەین؟، لە وەڵامدا ئەمووت ببورە هاوری گیان زۆر سەرقاڵم ئەویش بە پێکەنینەوە ئەیووت ماڵئاوابێت ئیشی تۆ هەرگیز تەواو نابێت. لە بەرامبەردا هەرکات تەلەفونم بۆ کردووە ئەو ئامادەبووە.


رۆژێکی دیکە سەرقاڵی کارکردن بووم هاورێیەکی دیکە هات بۆ لام وتی هەڵوێست هەر تۆم بینی هەستم کرد بێتاقەتیت، لە ئامێزی گرتم و بەشی یەک هەفتە وزەی جوان و باشی یامێ..ئەگەر باسی ئەو هاوڕێ نازدارەم بۆ ئێوە بکەم خۆی تەندروستی باش نییە، ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆری لەسەرە، زۆر هەستیار و خۆشەویستە...لەگەل هەموو خەم و ئەرکەکانی خۆیدا و بە بێ ئەوەی وشەیەک بڵێم هەستی پێکردم.


هاورێیەکی دیکەم هەیە بەردەوام باسی ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆیم بۆ ئەکات، زۆر ئارام و لێبڕاوانە لەم رۆژگارە پر لە نا ئومێدییەدا هیوا ئەبەخشێتەوە و کاری خۆی ئەکات بێ ئەوەی چاوەڕێی سوپاس و باسکردن بێت.


کەسانی دیکە هەن بەردەوام رەخنەی روخێنەر ئەگرن بەڵام باسیان ناکەم، چونکە حەز ئەکەم کات بە مرۆڤ و وزەی جوان ببەخشم.


لە کۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم: هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی رۆژانە هەر یەکێک لە ئێمە بە ئەنجامی ئەگەیەنین بریتییە لە کاری پێکەوەیی، رۆحی هاوڕێیەتی و پاڵپشتی یەکدی هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی ئامانج..ئەگەر لە هەموو کار و پرۆژەیەکدا بەدیهێنانی ئامانجی سەرەکی لە پێش هەموو شتەکانی دیکەوە دابنێین و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش یان بوونی هاوڕێیەتییەکی باش بخەینە خزمەت بەدەست هێنانی ئامانج ئەوا هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەورەتر ئاسان ئەبێت.

با لە ڕۆژی زەویدا دووبارە هەسارەکەمان بنیات بنێین، دووبارە تەندروستیمان بنیات بنێین.

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەڵوێست کەریم.

تەندروستی مرۆڤ و تەندروستی هەسارەکەمان گرێدراوی یەکن، ئەم تەندروستییە لە ڕێگەی سووڕی خۆراک، سووڕی ژیان، سووڕی دووبارە بنیاتنانەوە دەپارێزرێت. ئێمە بەشێکین لە سروشت و لە پرۆسەی ژیانی ئاڵۆزی ناو سروشت. زەوی و خۆراک و جەستەمان سیستەمێکی زیندووی بەیەکەوە گرێدراون.

خۆراک دەرمانە کاتێک بەشێکە لە رەوتە سروشتییەکەی ژیان، لە خاکەوە دەست پێدەکات و ڕووەکی لێ بەرهەم دێت و پاشان دەرواتە ناو ڕیخۆڵەکانمان. هەمەچەشنەی زیندوو خۆراک، تەندروستیی ئێمە و هەسارەکەمان دابین دەکات. هەمەچەشنەی زیندوو هۆکارێکە بۆ گەشەکردنی هەمەچەشنەی زیندوو.

لە داهاتووی ئیکۆلۆژیادا پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان خواردن و گەشەکردندا هەیە. کاتێک ئەم هاوسەنگییە ناسکە تێکدەچێت، لێکەوتەکانی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا رەنگ دەداتەوە.



تەندروستی مرۆڤ و تەندروستی هەسارەکەمان گرێدراوی یەکن، ئەم تەندروستییە لە ڕێگەی سووڕی خۆراک، سووڕی ژیان، سووڕی دووبارە بنیاتنانەوە دەپارێزرێت. ئێمە بەشێکین لە سروشت و لە پرۆسەی ژیانی ئاڵۆزی ناو سروشت. زەوی و خۆراک و جەستەمان سیستەمێکی زیندووی بەیەکەوە گرێدراون.


خۆراک دەرمانە کاتێک بەشێکە لە رەوتە سروشتییەکەی ژیان، لە خاکەوە دەست پێدەکات و ڕووەکی لێ بەرهەم دێت و پاشان دەرواتە ناو ڕیخۆڵەکانمان. هەمەچەشنەی زیندوو خۆراک، تەندروستیی ئێمە و هەسارەکەمان دابین دەکات. هەمەچەشنەی زیندوو هۆکارێکە بۆ گەشەکردنی هەمەچەشنەی زیندوو.


لە داهاتووی ئیکۆلۆژیادا پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان خواردن و گەشەکردندا هەیە. کاتێک ئەم هاوسەنگییە ناسکە تێکدەچێت، لێکەوتەکانی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا رەنگ دەداتەوە.


ئەو خۆراکە پیشەسازیانەی کە بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی و ماددە کیمیاییەکان بەرهەم دەهێنرێت، هەمەچەشنەی زیندوو لەسەر زەوی و لە ڕیخۆڵەکانماندا بەرەو لەناوچوون دەبات، هەمەجۆریی کولتووری و خۆراکمان کەمدەکاتەوە، برسێتی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان دروست دەکات.


لە بەکارهێنانی بێ جیاوازی ماددە کیمیاییەکانەوە تا بڵاوبوونەوەی جینۆمۆدێرن و مۆنۆکەڵچەر (مۆنۆکەڵچەر واتە تاک کشتوکاڵ، واتە بەرهەمهێنانی یەک جۆر لە خۆراک لە زەوییەکی دیاریکراودا)، پێشینەی بازرگانی بۆ قازانج وێرانکاریی بەسەر سیستەمی ئیکۆلۆژی و تەندروستی و بژێوی ژیانماندا هێناوە. جیهانگیری ئەم ڕەوتە وێرانکەرەی خێراتر کردووە، مۆدێلێکی بەرهەمهێنانی خۆراک هەناردە دەکات کە قازانجی لە پێش تەندروستی مرۆڤەوە داناوە.


کشتوکاڵی پیشەسازی و سیستەمی خۆراکیەکەی بریتین لە سیستەمی بنەمای سووتەمەنی بەردینی و پلاستیک. لە سەرانسەری جیهاندا، پەیینی کیمیایی و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان، پلاستیک کە لەسەر بنەمای سووتەمەنی بەردینی دروستکراون، بوونەتە هۆی وێرانکاری بۆ ئیکۆسیستەم، تەندروستی مرۆڤ، تەندروستی خاک و بۆ هەمەچەشنەی زیندووش. ئەو تاک کشتوکاڵانەی کە پێویستن بۆ کشتوکاڵی پیشەسازی بۆ سووتەمەنی بەردینی بەرەوپێش دەچن، و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمەچەشنەی زیندوو و جۆراوجۆری بۆماوەیی، پیسبوونی ئاو و خاک، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لەناوچوونی جۆرە جیهانییەکانی رووەک، گیانلەبەر و پەلەوەر. ناهاوسەنگی ڕیتم و خولگە سروشتییەکانی زەوی ئێستا بووەتە هۆی شکستی تەندروستی مرۆڤ و هەسارەکەمان.


هەمەچەشنەی زیندوو بەردی بناغەی خۆڕاگری کەشوهەوایە، پێکهاتەیەکی گرنگە کە لە هەموو ئاستەکانی ئیکۆسیستەمدا هاوسەنگی و خۆڕاگری زەوی دەپارێزێت. تەندروستی هەسارەکە پابەندە بە لە ئامیزگرتنی هەمەجۆریی زیندەوەر و هەر ئەوەشە ئەو تابلۆ دەوڵەمەندەکەیی ژیان دەنەخشێنێت و بەردەوامی دەدات بە ژیانی ئێمە. سەروەری ڕاستەقینە و بە دەستهێنانی خۆشگوزەرانی تەنیا بە دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو سەرچاوەکانی ڕزق و ڕۆزی هەر لە خۆراکەوە، تا ئاو، تا خاک، تا جۆراوجۆری زیندوو، بەدەست دەهێنرێت.


ئێمە داوای پاراستنی زەوی دەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی خۆڕاگرتر.


مافەکانی دایکە زەوی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناو خودی ژیاندا هەیە کە ئەویش تۆوە. تۆو جەوهەری سەروەری زەوی بەرجەستە دەکات، نوێنەرایەتی مافی سروشتی خۆی دەکات بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن. تەنها لە سیستەمێکی خۆراکی بێ ژەهردا تۆو بەڕاستی گەشە دەکات، دوور لە بەکارهێنانی کیمیایی و تەماحی کۆمپانیاکان.


لە چوارچێوەی پراکتیکی جووتیارانی بچووکی ئیکۆلۆژی و هەموو پارێزەرانی دیکەی زەویدا، کە ئەم مافانە ڕاستەقینەترین دەربڕینی خۆیان دەدۆزنەوە، لە ڕێگەی پەروەردەکردنی خاکەکان و هەمەچەشنەی زیندوو و جۆراوجۆری کولتووریی و تەندروستی بە هەموو فۆرمەکانییەوە. گەڕانەوە بۆ سەر زەوی بۆ ئازادی و مانەوەی مرۆڤ زۆر گرنگە. پێوویستە لێرەوە تۆو و خاکەکەمان و  داهاتوومان دووبارە بنیاتبنێینەوە.


لە ئەمرۆدا، نیشانەکانی هەسارە نەخۆشەکەمان زۆر ڕوون دەبینین. ئێمە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێگایانە ڕەتدەکەینەوە کە بوونەتە هۆی لەناوچوونی هەسارەکەمان، چونکە لەناوچوون بژاردە نییە بەڵکو سووکایەتیکردنە بە خودی جەوهەری ژیان. لە ڕۆژی زەویدا بانگەواز بۆ مرۆڤایەتی دەکەین کە ئەو ڕێگایانە هەڵببژێرن کە دووبارە زەوی بنیات دەنێنەوە.


ئەو ڕێگایەی کە ئازادی زەوی، خۆراکی ئێمە، ئازادیمان مرۆڤ وێنا دەکاتەوە. ئەو ڕێگایەی کە ڕێگا بۆ داهاتوویەکی گونجاو خۆش دەکات، کە لەسەر واقیعە فرەچەشن و ئیکۆلۆژییەکان بنیات نراوە.

 ئەو ڕێگایەی کە سیستەمی خۆراک و کشتوکاڵ لە کولتوورە جۆراوجۆرەکاندا بە درێژایی هەزاران ساڵ پەرەی سەندووە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت. لە کاتێکدا ئێمە لە گۆڕەپانی داهاتوومان وەستاوین، با پابەندبوونی خۆمان بە زەوی و مافە سروشتییەکانی دووپات بکەینەوە. بەڵێنەکەمان بۆ بەرگریکردن لە هەمەچەشنەی زیندوو، پاراستنی تەندروستی، و بەهێزکردنی پارێزەرانی زەوی وەک پارێزەرانی داهاتووی هەسارەکەمان بێت.

با لە ڕۆژی زەویدا بڕیار بدەین کۆتایی بهێنین بە سەدەیەک لە بەکارهێنانی نەوت، پترۆکیمیایی و ژەهر، بەکارهێنانی پلاستیک و پیسبوونی خاک و ئاو و تۆو و خۆراک و جەستەمان.

ئێمە پابەندبوونمان نوێ دەکەینەوە بۆ گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر. ئێمە پابەندین بە پاراستن و دووبارە ژیاندنەوەی جۆراوجۆری بایۆلۆژیمان، بنیاتنانەوە زەوی، بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، پاراستنی تەندروستی نەوەکانی داهاتوومان. تۆوەکانمان، خۆراکەکانمان، تەندروستیمان، زانیارییەکانمان، کە لێمان دزراون، وەرئەگرینەوە.

لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەوە تا سیاسەتی گشتی، با دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ئەو کەسانەی کە خاکەکانمان دووبارە دەژێننەوە و ئەوان پارێزەرانی ڕاستەقینەی زەوین، ئەوان پارێزەری تەندروستین، ئەوان بەڕێوەبەرانی هەمەچەشنەی زیندوون و هەر ئەوان مافەکانی زەوی و خەڵک بەرجەستە دەکەن.

ئێمە کۆمەڵگا ئاوەدان دەکەینەوە، بە هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ خێزانە گەورەکەی سەر زەوی و پێکەوە هیوا دەچێنین. بە ئامانجی پاراستنی زەوی و بۆ رێگریکردن لە بیابانبوونی خاک و پاراستنی تەندروستی ڕیخۆڵەکانمان، عەقڵمان، تێکۆشان دەکەین. وەک یەک جەستە لەسەر یەک هەسارەی یەکگرتوو، ژیان و تەندروستی و خۆشگوزەرانیی گەشە پێدەدەین.


لە خاکەوە هەمەچەشنەی زیندوو، جۆراوجۆری کولتووری، تەندروستی و خۆڕاگری کەشوهەوا هەموویان سەرهەڵدەدەن. پاراستنی زەوی پاراستنی ژیانمانە، داهاتوو و ئازادیمانە.


مرۆڤ ئەندامی کۆمەڵگەی زەوییە کە تێیدا هەموو جۆرەکان، گەلان، کولتوورەکان بەهای ناوەکی و مافی ژیانیان هەیە بەبێ جیاوازیی.


بابەتەکە لە پێگەی ئازادبوون لە رێی ئەم بەستەرەوە بەردەستە : با لە ڕۆژی زەویدا دووبارە هەسارەکەمان بنیات بنێین!

"تا کۆتایی تەمەنیان ژنان کاریگەری جینۆساید و ئەنفال بە دەروون و جەستەیانەوە جێ دەمێنێت"

 دوور لە چاوی میدیاکان، ،ماوەی ٣٧ ساڵە ژنانی بەجێماوی ئەنفال، ئەو جینۆساید و دەستدرێژیانەیان بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و لایەنی پەیوەندیدار، لە دەرونیاندا هەڵگرتووە.

هێلین ئەحمەد  

سلێمانی_سەرەڕای تیپەڕاندنی بارودۆخی ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا، ژنانی بەجێماوی ئەنفال ڕوبەڕووی ئاستەنگی و دەستدرێژییەکانی کۆمەڵگە بونەتەوە، ئەو بارودۆخە سیاسیی و ئابووری و دەرونییەی ژنانی ئەنفال پێیدا گوزەریان کردووە، لە مێژووی کورددا بەدی ناکرێت، ئەو دابونەریت و ئەقڵیەتەی ژنان وەک شەرەفی پیاوان لێی دەڕواندرێت، کاریگەری لەسەر ژنانی بەجیماوی ئەنفال دروستکردووە، ژنان لە چاوی میدیا و هاوڵاتیانەوە وەک ژنانێکی ڕەشپۆش و بێ بنەماڵە و لاواز دەبیندرێت، بۆیە ناتوانن ئەو کارەساتانەی لێیان بەسەر هاتووە بۆ هاوڵاتیان و میدیاکانی باس بکەن، لەدوای باسکردنی کۆمەڵگە وەک ژنێک قبوڵی ناکات، بۆیە بە ناچاری ئەو قورسیایە دەرونییەیان هەڵگرتووە، کە دەبێتە هۆکاری نەبوونی ئەرشیفی ژنانی بەجێماوی ئەنفال، کاتێک ژنان لە ڕێگەی نوسەران و ڕاگەیاندکارانەوە باسی بارودۆخ و ژیانیان لە کاتی ئەنفالدا نەکەن، ئاستەنگی بۆ ئەرشیفکردن دروستدەبێت.  



“ئەقڵیەتی کۆمەڵگە ژنان وەک شەرف دەبینن، بۆیە ژنان ڕووبەڕووی لە ناوچوونی مێژوویی ئەنفال دەبنەوە”  

هەڵوێست کەریم، ئیکۆفێمینیستی ژینگەی، باس لە بارودۆخی ژنانی ئەنفال دەکات، هەڵمەتەکانی ئەنفالکردنی کورد لە ساڵی ١٩٨٨ بە چەندین قۆناغ دەستپێدەکات، لە ڕێگەی جیاکردنەوە و دەستدێژی و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و منداڵان لە کاتی جینۆسایدکردنیان ئەنجام دراوە،  ژنان ڕوبەڕووی جینۆساید بونەوەتەوە، پاشان ئەوانەی دەرباز دەبن دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئۆردگا زۆرەملێکان، دەڵێت: جینۆساید و ئەنفالکردنی کورد کاریگەری لەسەر ژنانی کورد جێ دەهێڵێت، لە ئەنجامی ئەنفال و جینۆساید ژنانی کورد ڕوبەڕووی دەستدرێژی و کوشتنەکان دەبنەوە، کاتیک ژنان ڕوبەڕووی ئەنفال دەبنەوە کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانیان تا کۆتایی تەمەنیان بە ژیان و دەرونیانەوە جێ دەمێنێت، لەدەستدانی خێزان و منداڵ و کاریگەری خراپی دۆخی ئابووری و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری دەروونی لەسەریان بەجێ دەهێڵێت، پاشان کەلێنی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، لە کاتیکدا کۆمەڵگەی کوری بە پەیوەندی خێزانییەوە گرێدراوە، سەرەڕای کاریگەرییە سەختەکانی بەسەر ژنیکی دەربازبووی ئەنفالدا هاتووە، پەستانە ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژیانکردنیان بەجێ دەمێنێت، هەروەها لە کۆمەڵگەی دواکەوتوەکاندا ژنان پێویستیان بە نێرێک لە خێزانەکەیان بووە تا بتوانن ژیان بکەن، بۆیە لە لایەن کۆمەڵگەوە ڕوبەڕووی تێکچوونی دەروونی دەبوونەوە، کاریگەری دابونەوریتی کۆمەڵگە و نەبوونی باوەشێک بۆ ژنانی بەجێماوی ئەنفال و جینۆساید، ئەو ئەقڵیەتە بۆتە هۆکار بۆ بێدەنگبوونی ژنان لە بارەی دەستدرێژی و تومدوتیژیەکانی لە کاتی جینۆساید و ئەنفالدا بەسەریان هاتووە، پاشان دەرنەخستنی ئەو توندوتیژیانە لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە ئاریشەیەکی دیکەیە بۆ نەمانی مێژووی ژنانی جینۆساید، سەرەڕای هەبوونی چەندین مێژونوس و ژنانی بەتوانان بەڵام ژنان لەڕێگەی باسنەکردنی کێشەکانیان دوبارە نوسەران ئاستەنگاین لە کۆکردنەوەی ئازار و دەستدرێژییەکانی بەرامبەر ژنان لە کاتی جەنگ و هێرشەکاندا دروستبووە، هەروەها ژنان بەهۆکاری دابونەریتی کۆمەڵگە ئەو کارەساتتانەی بەسەریاندا هاتتووە ناتوانن لە زاری خۆیانەوە بیخەنەڕوو، پاشان میدیاکان و دەسەڵات تەنها ژنێکی لاوازی ڕەشپۆش نیشاندەدات، ئێمە نەمانتوانییوە ئامێز بۆ ژنان و ڕاستییەکانیان بکەینەوە.  


هەڵوێست کەریم ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد بەشێکی زۆر لە جاش و خۆفرۆشەکان گەڕانەوە ناو شارەکان، پاشان مامەڵەیان بە زەوی و زاری خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال دەکرد، کە دەبێتە هۆکاری تێکچوونی دەروونی و جەستەی ژنانی بە جێماوی ئەنفال، وتیشی: ئەو شۆڕشەی ئەنجامدراوە نەیتوانییەوە گۆڕانکاری لە بیرو ئایدیایان بەرامبەر بە بەجێماوی ئەنفال بکات، بەشێک لەو ژنانەی دەربازبووی ئەنفالبوون لە لایەن بەرپرسانەوە  ڕوبەڕووی دەستدرێژی بونەتەوە، ئەمە جۆرێکی دیکەی ئەنفالکردنە لە لایەن کوردەوە، هەروەها ژنان بەهۆی ئەقڵیەتی شەرەفگەراییەوە ناتوانن ئەو کارەساتانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە باسی بکەن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنان وەک شەرەفی پیاو دادەنێت، بۆیە ئەرشیفکردنی بارودۆخ و سەختییەکانی ژنانی بەجێماوی ئەنفال بە دروستی ناتواندرێت ئەرشیف بکرێت، پێویستە سەرەتا کار لەسەر سڕینەوەی ئەو زهنیەتەی ژنانی بەجێماوی ئەنفالی کردۆتە قوربانی بکرێت، پاشان پێویستە دامەزراوەی تایبەت بۆ نوسینەوە و ئەرشیفکردنی ئەو ژنانە هەبێت، کار لەسەر مامەڵەکردنی ژنان لە کاتی ئەنفالدا بکرێت، چۆن ڕوبەڕووی ئاستەنگی و دەستدرێژییەکان دەبنەوە.  


“ ژنانی بەجێماوی ئەنفال توانیان ئالانگاری سیاسیی و ئابوور تێبپەڕێنن، بەڵام ئاستەنگییە دەرونیەکانیان دەمێنێتەوە” 

هەڵوێست کەریم، باسی لەوەشکرد، خودی پڕۆسەی ئەنفال قڕکردنی تاکی کوردە لە  باشووری کوردستاندا، کاررنەکردن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ پرسی ئەنفال و کارنەکردنی جدی لە کەیسەکان بۆ گەیاندنی سزای تاوانباران هۆکاری سیاسیی لەپشتەوە دەبیندرێت، دەڵێت: ئەو وڵاتانەی چەکی کیمیاییان بە ڕژێمی بەعس فرۆشت دەوڵەتانی بەناو دیموکراتی بوون، دەوڵەتانی دەرەوە ئاگاداری سەرجەم کیمیابارانکردن و کوشتنی هاوڵاتیان هەبوو، بەڵام بۆ داگیرکردنی وزەی نەوت و ئاوی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا خۆیان ڕژێمی بەعسیان لە ناو برد، هەبوونی ئەو بارودۆخە سیاسیەی لە هەڵگیرساندنی ئەنفالدا هەبووە، بۆتە هۆکار بۆ گرنگی نەدان بە بەجێماوانی ئەنفال و جینۆسایدکردن هاوڵاتیان، ئەرشیف نەکردنی چیرۆکەکانی ژنانی ئەنفال هۆکاری دەستدرێژییەکانی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی لە پشتەوەیە، هەروەها کۆمەڵگە هۆکارە بۆ کپکردن و سەرکۆنەکردنی ئەو ژنانە، کاتێک ناتوانن باسی بارودۆخ و ئاستەنگی و دەستدرێژییەکانیان بکەن، بۆ دابونەریتی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، کە ئەو ژنانە وەک خۆیان قبوڵ ناکات، بۆیە ژنانی بەجێماوی ئەنفال ناتوانن ئازارەکانیان بۆ مێژوو بگێڕنەوە.  

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنانی بەجێماوی ئەنفال پێویستی بە گۆڕانکاری دەبێت، ئێمە وەک  سەکۆی کۆمەڵگەیەک لێیان بڕوانین، ئەو تێگەیشتنە لە بارودۆخی ژنانی ئەنفال لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا پێویستی بە گۆڕانکاری فکری دەبێت، ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە گۆڕینی تێڕوانینەکان دەبێت، هەروەها دروستکردنی متمانە بۆ ژنان تا بتوانن ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا هاتووە بۆ مێژوویانی بگێڕنەوە، لە کاتێکدا سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگییە دوبارە متمانەکردنەوە کارێکی زەحمەت دەبێت، پێویستە ئەو ژنانە وەک پاڵەوانێک لە دوای ئەنفال باسبکرێن، کە توانیویانە سەرجەم ئالەنگارییە ئابووری و ساسییەکان گوزەر بکەن.


تێبینی:

بەستەری بابەتەکە لە ئاژانسی هەواڵی ژن

بەستەری چاوپێکەوتن لە چەناڵی یوتیوبی ئاژانسی هەواڵی ژن

بەستەری جاوپێکەوتن لە چەناڵی یوتیبوبی هەڵوێست

بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...