ڕیشەى ٨ى مارس و تێکۆشانى ئەمڕۆمان

بەشی یەکەم/ 

هەشتی مارس ڕۆژێکە بۆ وەبیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لە دەستکەوتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ژنان لە جیهاندا. ئەم ڕۆژە کۆبوونەوەیەکی جیهانییە بۆ وەبیرھێنانەوەی تێکۆشانى ژنان لە مێژووى مرۆڤایەتى. بانگەواز و جەخت کردنەوەیە بۆ یەکسانی ڕەگەزی. هەموو چالاکان و داکۆکیکارانى مافی مرۆڤ، ژنان و پیاوانى ئازادیخواز خاوەندارێتی ئەم ڕۆژە دەکەن هەر بۆیە ڕۆژی جیهانی ژنان ڕۆژێکە بۆ کاری پێکەوەیی، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت یان جیهانی.

مەبەستى ئەم بابەتە بەخێرایى خستنە ڕووى ڕیشەى میژوویى هەشتى مارس و خەبات و تێکۆشانی ژنانە. تیشک خستنە سەر ئەو مێژووە چەند ئامانجێکی هەیە کە ئەوانیش پانۆرامایەکی گشتی و پوختە لەسەر ئەو مێژووە، وەبیرهێنانەوەی هەمووانە کە ئەم ڕۆژە چۆن بەدەست هاتووە و چۆن شانازی بە دەستکەوتەکانییەوە بکەین و تێکۆشان و هەوڵەکان بەردەوام و بەهێزتر بکەین. ئامانجێکی زۆر گرنگی من ئەوەیە دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەو ڕۆژگار و مێژووەی کە ژنان لە داواکارییان بۆ سەرەتاییترین مافی خۆیان یان لە نەبوونی هیچ مافێک دەستیان پێکردووە و هەنگاویان نا، ئەنجام بەشێک لە مافەکانمان بەدەست هێنا. دەشێت لەو کاتەدا ئەو ماف و داواکارییانە وەک خەون سەیر بکرایە، جگە لە ژنان خۆیان هیچ پاڵپشتییەکیان بەتایبەت لە کۆمەڵگەوە نەبووە. بۆیە دەبێت بە گەشبینییەوە خەباتی ژنان وەک خۆی ببینیرێت و جارێکی دیکە بۆ ژنان و کچانی ئەم سەردەمە دووبارەى بکەینەوە، کە توانا و شوناسی ژن تەنیا لەو وێنانە و ئایکۆنى جوانکاری و سێکسییانەدا کۆنابێتەوە یان کورت ناکرێتەوە، کە ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەداری و کۆمپانیاکانی جوانکاری بۆ ژنانیان دروست کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ شوناس و وێنای ژن بچووک و بچووکتر دەکەنەوە. دوا ئامانجی من لەم بابەتە ئەوەیە کە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن ژنان، ژنانی کرێکار و فیمینستەکان لە ڕۆژانێکی ناهەموار و پڕ بێ مافی دەستیان پێ کرد، لە کاتێکدا کە ئەوان کەمترین دەرفەتیان هەبوو لە کار و لە بەدەستهێنانی پیداویستییە سەرەتاییەکانیان، بەڵام بەردەوام بوون، ئەنجام ئەمڕۆ بوون بە لیدەرێک و پشتیوانییەک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان و کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى. واتە ژنان لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناهەموارەدا بەردەوام بوون و نەوەستان. وەک چۆن ژنان سەلماندنیان کە توانای کار و داهێنانی گەورەیان هەیە، ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوورى و کولتووری، بەڵکو ئێستا لەگەڵ هەموو ئەو داواکاری و مافانەی کە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین، پێویستە ئێمە ئەو وێنەیە بسڕنەوە کە سیستەمی سەرمایەداری بۆی دروست کردووین، ئەمە بەرپرسیارێتی و داواکارییەکی زۆر قورسە بەڵام مەحاڵ نییە.




مێژووی دروستبوونی ڕۆژی جیهانی ژنان

ڕۆژی جیهانی ژنان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە یادی دەکرێتەوە کە ئەو کاتە کاتی کرانەوەی زۆر و لەهەمان کاتدا گرفتی زۆریش لە جیهانی پیشەسازیدا ھەبوو، لە بەرانبەردا ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوون بوو. ئەو کات سەردەمێک بوو کە ئایدۆلۆژییە ڕادیکالەکان دەرکەوتن. بە خویندنەوەی ئەم مێژووەی خەباتی ژنان دەگەین بەوەى دیاریکردنی ئەو ڕۆژە لە ئەنجامی ئەو هەموو تێکۆشان، کۆبوونەوە، مانگرتن و خۆپیشاندانانەی ژنان بووە لەسەر ئاستی دنیا، پێکەوە هەڵمەتێکی گەورە بوو کە ڕۆژێکی بۆ دیاری بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین کە سەرەتای دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەک هەشتی مارس دەگەڕیتەوە بۆ ٨ ی مارسی ١٨٥٧ کە کرێکارانی کارگەی جل و بەرگ لە نیویۆرک خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لە دژی خراپی بارودۆخ و ژینگەی کاری کرێکاران و کەمی بڕی کرێ. لە بەرانبەردا پۆلیس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و بڵاوەی پێکردن، بەڵام بزووتنەوەکە بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا بووە هۆی دروستبوونی یەکەم سەندیکای جیهانیی ژنان کە هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونى ناڕەزایەتییەکانى کرێکاران و خۆڕێکخستنیان لە چوارچێوەى کارى سەندیکاى دژ بە چەوساندنەوەى چینایەتى، واتە خەباتى ژنان ئەلقەیەکى نەپچڕاوە لە خەباتى چینایەتى.


بەشی یەکەم/ لە ژمارەی 1165 هەفتەنامەی رێگای كوردستان بڵاو بۆتەوە :


بەشی دووەم/ پانۆرامای میژوویی و ریشەی هەشتی مارس.

١٩٠٨


لەم ساڵەدا گفتوگۆی ڕەخنەگرانە و بەردەوام لەنێوان ژناندا هەبوو. لەگەڵ بەردەوامی مامەڵەی نایەکسان و دڵڕەقانە بەرانبەر بە ژنان وای لە ژنان کرد کە دەنگ هەڵببڕن و واقعى دروستکراو ڕەتبکەنەوە. هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٠٨دا پانزە هەزار ژن لە نیۆرک کۆبوونەوە و داوای کەمکردنەوەی کاتژمێری کارکردن، مووچەی باشتر و مافی دەنگدانیان کرد. لە مانگی ٥ی هەمان ساڵدا پارتی سۆسیالیستی ئەمریکا ڕای گەیاند کە دوایین یەکشەمەی مانگی شوبات یادێک دەبیت بۆ ڕۆژی نیشتمانی ژنان کە دەکاتە ٢٨ی مانگی شوباتی ١٩٠٩ لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


١٩٠٩


کلارا لیملچ وەک ڕابەرێکى سۆسیالیستى یارمەتیدەر و لیدەرێک بوو بۆ ڕیکخستنی ڕاپەرینێک بە بەشداری بیست هەزار کەس لە نیۆرک، کە گردبوونەوەیەکی گەورەبوو و بەپلەی یەکەم ژنان و پەنابەرەکان بەشداربوون. لە هەمان ساڵدا بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی حزبی سۆسیالیستی ئەمریکا یەکەم ڕۆژی نیشتمانی ژنان لە ڕۆژی ٢٨ی شوبات لە هەموو ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیەندرا. ژنان بەردەوام بوون لە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە تا دوایین یەکشەمەی مانگی شوباتی ١٩١٣.



١٩١٠


ڕۆژی جیهانی ژنان کە دواتر بە ڕۆژی جیهانی کرێکارانی ژنان لە دووەم کۆنگرەی ژنانی کرێکار کە لە کۆپنهاگن ناسێنرا و لە لایەن کلارا زیتکین (سەرۆکی نووسینگەی ژنان) لە حزبی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا پێشنیاری دیاریکردنی ڕۆژێکی جیهانی کرد. کلارا تیۆرستێکی مارکسی ئەڵمانی بوو کە داکۆکیکارێکى مافەکانی ژنان بوو تا ساڵی ١٩١٧ لە حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا چالاکانە کاری دەکرد. کلارا پێشنیاری کرد کە پێویستە ئەم بۆنەیە ساڵانە لە هەمان ڕۆژدا لە سەرتاسەری جیهاندا یادی بکرێتەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر داواکارییەکانی ژنان. لە کۆنفرانسەکەدا کە زیاتر لە سەد ژن بەشداربوون کە لە ١٧ وڵاتەوە نوێنەرایەتی سەندیکا و حزبە سۆسالیستییەکان و یانەکانی کرێکارانی ژنانیان دەکرد، لەگەڵیشیاندا ئەو سێ ژنەی کە کاندیدکرابوون بۆ پەرلەمانی فنلەند بەشدارببوون. هەموو ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە پێشوازییان لە پێشنیارەکەی زتکن کرد و بەکۆی دەنگ ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژنان.


١٩١١


دوابەدوای ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ڕۆژیک بۆ ژنان لە کۆنفرانسی کۆپنهاگن لە ساڵی ١٩١١دا، ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ یەکەمجار لە ئوستورالیا، دانیمارک، ئەڵمانیا و سویسرا لە ١٩ی مارسدا یادی کرایەوە. زیاتر لە یەک ملیۆن لە ژن و پیاو ئامادەی ئەو بۆنەیە بوون. ژنان لە گردبوونەوەیەکدا داواکاریییان بەرزکردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی کارکردن، مافی دەنگدان، ڕاهێنان و بەدەستهێنانی پۆستی گشتی و دانانی سنوریک بۆ هەڵاواردن. بەڵام دوای کەمتر لە هەفتەیەک و لە ٢٥ی مارس تراژیدیای ئاگرکەوتنەوەی کارگەی (شێرت وەیست) کە لە نیویۆرک ڕوویدا و زیاتر لە ١٤٠ کرێکاری ژن و سێ کرێکاری پیاو گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ئیتاڵی و جولەکەی کۆچکردوو بوون بۆ ئەمریکا. بەگشتی کرێکارانی ئەم کارگەیە خوێندەوار نەبوون و بەشێکی زۆریان کچانی لاو و ژنانی گەنج بوون کە ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر کاریان دەکرد. ئەم کارەساتە کاریگەری گەورەی هەبوو بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکان لە ئەمریکا و هۆکارێک بوو کە گۆڕانکاری لە یاساکانی پاراستنی کرێکار لە شوێنی کاردا بکرێت. ئەم ڕووداوە کێشەی ژنانی کرێکاری لە ئاستێکی زۆر فراواندا ناساند ‌و سەرنجی ڕای گشتی بۆ بایەخدان بە خراپى دۆخى ژنان ڕاکێشا.


١٩١٢ 


مانگرتن و گردبوونەوەکان لەژێر ناوی (نان و گوڵ) دەستی پێکرد، مانگرتن و گردبوونەوەی ئەمجارەی ژنان یەکێکە لە بەهێزترین نموونەکانی ژنانی کرێکار کە هەموو بەربەستەکانی سنور، نەتەوە و زمانیان تێکشکاند بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی حکوومەت ببنەوە. گردبوونەوەکە نموونەیەک بوو لە ڕێکخستنی کرێکاران و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە ئاماژەمان پێدا، بووە هۆی سمبولێک بۆ ناسینەوەی ئەم مانگرتنە و تێکشکاندنی بەربەستەکان لەلایەن ژنانی کرێکار. ئەو مانگرتنە گوزارشتێک بوو لەو کچ و ژنانەی کە لەو چوارچێوە و وێنە ژنانەیە دەرچووبوون کە بۆیان دروستکرا بوو. مانگرتن و خۆپیشاندانی (نان و گوڵ) لە چوارچێوەی هەمان شەپۆڵی خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاران بەتایبەت لە پیشەسازی جل و بەرگدا. لە مانگی کانوونی دووەمی ١٩١٢ زۆربەی ژنانی کرێکاری لۆرنس، ماساتشویتس بۆ ماوەی نۆ هەفتە مانیان گرت بە بەشداری سی هەزار کەس. دوای ئەوەی کە ماساتشویتس ئەو یاسایەی تێپەراند کە کاری هەفتانەی ژنان و مناڵانی کەم کردەوە بۆ ٥٤ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا و لەهەمان کاتدا بڕێک پارەی لە کرێی کاری کرێکاران بڕی. لەبەرانبەردا مانگرتووەکان قبوڵی ئەم یاسایەیان نەکرد، چونکە ئەم لێبڕینە هۆکاریک دەبێت کە منداڵان برسی ببن و کرێکاران نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆشیان دابین بکەن. بزووتنەوەی (نان و گوڵ) لە چەندین شاری دیکە و لە چەندین گردبوونەوەی دیکە بەردەوام بوو، بەڵام ئەوەی لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەکەین ئەوەیە کە ٢٧٥ هەزار کرێکاری بەریتانی هەمان بڕ لە کرێی کاریان وەرگرت و خاوەن کارەکان لەوە دەسڵەمینەوە کە کرێکارەکانی ئەوان دەست بە مانگرتن بکەن.


بەشی دووەم/ لە ژمارەی 1166 هەفتەنامەی رێگای كوردستان بڵاو بۆتەوە.


کلێک لێرە بکە بەشی کۆتایی ، بۆ خوێندنەوەی کۆتا بەشی بابەتەکە.


 ئامادەکرن و وەرگێڕان؛ هەڵوێست عەبدوڵا کەریم