لە قووڵایی برینی خاکەوە: خوێنی شەهیدانی ژینگە، ڕووناکیی ڕێگەی ژیانەوەیە

بەیاننامەی هاوبەشی: (ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، گرووپی خۆبەخشی ژینگەى شەهید ئاری، ڕێکخراوى ژینگەى تەندروست، ڕێکخراوى نوێ بۆ پاراستنى ژینگە، ڕێکخراوى ژینگە دۆستى هەڵەبجە، تیمى گۆیژە بپارێزە).


بۆ گەلی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان.

بۆ بنەماڵەى سەربەرز و خۆڕاگری شەهیدانی ژینگە.

کاتێک هروژمى ئاگری ڕق و نەزانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ جەستەی پیرۆزی چیاکانی هەڵەبجەی دادەگرت، تەنها دارستانێک نەسوتا، بەڵکو بەشێک لە ناسنامە و یادەوەری و هەناسەی نیشتمان سووتا. ئەم ئاگرە برینێکی قووڵی کردە جەستەی ئەو خاکەی کە هەمیشە پەناگە و لانکەی شۆڕش و بەرخودان بووە. بەپێی داتا نا فەرمییەکان نزیکەی ٩٢٠٠ (نۆ هەزار و دووسەد) دۆنم دارستان و پاوان لەو خاکە پیرۆزە، کە ماڵی هەزاران گیانلەبەر و سەرچاوەی ژیانی سەدان خێزان بوو، بووە خۆڵەمێش.

لە نێو دڵی ئەم کارەساتەدا، کە سروشت تیایدا دەیناڵاند، گیانی پاکی دوو ڕۆڵەی ئازا و گیانفیدای کوردستان، شەهیدی ژینگە ئاری موختار و شەهیدی ژینگە موحەمەد شێخ حەیدەر، تێکەڵ بە گەردوون و خاکی پیرۆزی کوردستان بوونەوە. ئەوان بە خوێنی خۆیان پەیامێکی مێژووییان نووسییەوە: پاراستنی خاک و ژینگەی کوردستان، هاوشانە لە بەرگری لە کەرامەت و بوونی نەتەوەکەمان. شەهیدبوونیان دەبێت ببێتە زەنگێکى ئاگادارکردنەوە و وەچەرخاندنێ لە ڕوانینمان بۆ ژینگە؛ کە چیتر ژینگە پرسێکى لاوەکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی بوون و نەبوونی نەتەوەیی و گەردوونییمانە.

بانگەوازێک بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان: با چیتر ئەم خاکە باجی کەمتەرخەمی نەدات

لەم سۆنگە نیشتمانییەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین:

1. پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف لە هۆکارەکانی ئەم تاوانە نیشتمانی و ژینگەییە بکرێت و ئەنجامەکانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکرێت. هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم کارەساتەوەیە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی هاوبیرانی سەوزمان، ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی ببێتەوە، چونکە ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر 

ئاسایشی نەتەوەیی و ژیانی خەڵک.

2. پێویستە حکومەت لە سیاسەتی کاردانەوەی کاتییەوە، هەنگاو بنێت بەرەو فەلسەفەیەکی نوێی حکومڕانی کە ژینگە وەک سامانێکی ستراتیژی و بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی ببینێت. ئەمەش بە پلانی تۆکمەی وەک دروستکردنی "ئاگر بڕ" لە چیاکان، دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی ئاگرکوژێنەوە (وەک فڕۆکە و درۆن)، و بەهێزکردنی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ڕووی ژمارە و توانای لۆجستییەوە.

3. داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، هەردوو قوربانیی ژینگە، شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد ڕەشید (شەهیدی ساڵی ٢٠١٥ی گوندی سیامێوی ناڵپارێز)، بە فەرمی وەک "شەهیدانی ژینگەی کوردستان" تۆمار بکات. دەبێت هەموو ماف و ئیمتیازاتێکی یاسایی و مەعنەویی بنەماڵە سەربەرزەکانیان دابین بکرێت و چیرۆکی قوربانیدانیان بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە، تا ببێتە ئیلهام بۆ نەوەی نوێ.

4. هێمای زیندوو لە دڵی شاردا: داوا لە بەڕێز پارێزگاری هەڵەبجە دەکەین، دوو پارک یان دوو شوێنی گشتیی گرنگ لەناو شاری هەڵەبجە بە ناوی شەهید ئاری و شەهید موحەمەد ناوبنێت. با ناویان ببێتە چرایەکی هەمیشە داگیرساو لە یادەوەریی شارەکە و سیمبولێک بۆ بەرخودانی ژینگەیی.

پەیامێک بۆ گەلی کوردستان: با ببینە پاسەوانی چیاکانمان

خوشک و برایانی ئازیز،

چیاکان هەمیشە پەناگە و قەڵای بەرگریی ئێمە بوون لە ڕۆژە سەختەکاندا؛ ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە ببینە قەڵا بۆ پاراستنیان. پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکی ڕێکخراوێک یان حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی سەرشانی هەموومانە. ئەمە بەشێکە لەو کلتورە ژینگەییە کوردییە ڕەسەنەی کە ڕێزگرتن لە کانی و دار و خاک و ئاسمانی بە ئەرکێکی پیرۆز زانیوە کە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە.

با پەیمان بدەین، لەبری فرمێسکی بێهیوایی، تۆوی هیوا بچێنین. با لە شوێنی هەر دارێکی سووتاو، دارستانێک لە ئیرادە و ژیانەوە بچێنین.

ئاگر، خاک دەسووتێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی سەوزی ژیانەوە لە دڵماندا بکوژێنێتەوە. با خوێنی پاکی شەهید ئاری و شەهید موحەمەد ببێتە ئەو بارانەی کە خۆڵەمێشی ئەم کارەساتە دەکاتە بەهاری ژیانەوە.

یادیان هەمیشە بە سەوزی بمێنێتەوە و ڕۆحیان شاد.

گۆڕستانی غەریبان، پارێزگای هەڵەبجە

٢٢ی ئابی ٢٠٢٥


بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...