ڕووباری جەقجەق: ڕۆح و ناسنامەی قامیشلۆیە-بەیاننامەی ناڕەزایەتی

ڕووباری جەقجەق تەنها ڕێڕەوێکی ئاو نییە، بەڵکو ڕۆحى زیندووی شاری قامیشلۆیە. هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەم ڕووبارە، بە دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناسنامەی قامیشلۆ و بنەماکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دادەنرێت.


ئێمە، وەک (ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، تیمی گۆیژە بپارێزە) لە باشووری کوردستان، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ داواکاری و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو و چالاکوانانی ژینگەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەینەوە. بە نیگەرانی و ڕەخنەوە دەڕوانینە پڕۆژەی داپۆشینی ڕێڕەوی ڕووباری جەقجەق و گۆڕینی بۆ بازاڕێکى بازرگانی.



ئەم پڕۆژەیە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ماددەی ١٠١ی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی ژینگە و چەسپاندنی بەهاکانی ژیانی تەندروست و هاوئاهەنگ لەگەڵ سروشتدا کراوەتەوە. هەر لەو ماددەیەدا، ئاماژە بە پێویستیی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی ژینگەیی، بە بەشداریی دامەزراوە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بۆ هەر پڕۆژە و بڕیارێک کراوە، بەڵام ئەم خاڵە گرنگە ڕەچاونەکراوە. پشتگوێخستنی ئەو بنەما ژینگەییانەی لە گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا هاتوون، بەواتای پشتگوێخستنی مافی خەڵکی ڕۆژئاوا و تێکدانی سروشت و ژینگەی قامیشلۆ و کۆی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە دێت.






پڕۆژەکە، جگە لە زیانە ژینگەییەکانی، یادەوەریی بەکۆمەڵی دانیشتووانی قامیشلۆ دەسڕێتەوە و دەستدرێژی دەکاتە سەر یەکێک لە هێما دیارە مێژوویی و ڕۆحییەکانی شارەکە. ڕووبارێک کە تەمەنی هەزاران ساڵە، لەپێناو بەرژەوەندیی کورتخایەنی بازرگانی و کەڵەکەکردنی سەرمایەدا، دەکرێتە گۆڕەپانێکی چیمەنتۆیی!!
ئێمە شارەوانیی گەل لە قامیشلۆ و ئەنجومەنی یەکێتیی شارەوانییەکان بە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم تاوانە ژینگەییە دەزانین و پێویستە دەستبەجێ پڕۆژەکە ڕابگرن. هاوکات، سەرسوڕمان و نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرانبەر هەڵوێستی دەستەی ژینگە دەردەبڕین، کە دەبوو لە پێشەنگی ئەو لایەنانەدا بووایە کە دژی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بۆ سەر ژینگە دەوەستنەوە. چۆن دەکرێت تەندەرێکی بەم قەبارە و مەترسییەوە تێپەڕێنرێت، بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕوون یان هەڵوێستێکی ڕەتکەرەوە لەلایەن ئەو دەستەیەی کە بەرپرسە لە پاراستنی ژینگە؟!

داواکارییەکان:
1. کشاندنەوەی دەستبەجێی تەندەرەکە و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی پڕۆژەی داپۆشینی ڕووباری جەقجەق.
2. کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ژینگەیی و یاسایی لەسەر چۆنیەتیی دەرکردنی ئەم تەندەرە و پشتگوێخستنی ژینگە و سروشتی قامیشلۆ.
3. لێپرسینەوە لە شارەوانیی گەل لە قامیشلۆ و ئەنجومەنی یەکێتیی شارەوانییەکان لەبەردەم دادگای پاراستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، لەسەر پێشێلکاریی ئاشکرای بڕگە ژینگەییەکانی گرێبەستەکە.
4. داواکاری لە دەستەی ژینگە کە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی هەڵبگرێت، هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر پڕۆژەکە ڕابگەیەنێت، و پابەندی ڕۆڵی چاودێری و پارێزەریی سیستەمی ژینگەیی بێت.
5. داوا لە دادگای پاراستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە پاراستنی ڕۆحی گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا ببینێت و بەرگری لەو جەوهەرە بکات کە لەسەر بنەمای ژینگە دامەزراوە، هەروەها مافی کۆمەڵگەکان بۆ ژیانێکی هاوئاهەنگ لەگەڵ سروشتدا مسۆگەر بکات.

• ڕێکخراوی سروشتی کوردستان
• تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون
• تیمی گۆیژە بپارێزە

باشووری کوردستان - سلێمانی
٢٠٢٥/٨/٦



زانیارى زیاتر لەسەر ڕووبارەکە بزانە:
ڕووباری جەقجەق، بە ڕووباری هەرماسیش ناسراوە، بە شارەکانی قامیشلۆ و تربەسپی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا تێدەپەڕێت. ئەم ڕووبارە لە دوو سەرچاوەی سەرەکییەوە لە دەشتی تور عەبدین لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ناو کانتۆنی جزیرە. لە ناوەڕاستی پارێزگای حەسەکە، تێکەڵی ڕووباری خابوور دەبێت و درێژییەکەی دەگاتە ١٢٤ کیلۆمەتر تا ئەو شوێنەی دەڕژێتە ڕووباری فورات، کە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی سووریاوە دوورە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی "شەڕی ئاو"ی وەک ئامرازێکی فشار لە دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکارهێناوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕووباری جەقجەق، کە پێشتر سەرچاوەی ئاودێری زیاتر لە ٥٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بوو، ببێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتیان و ژینگەی کانتۆنی جزیرە. هاوکات، ڕووباری خابوور کە سەرچاوەیەکی ژیانی و ستراتیژییە بۆ دانیشتووانی شاری حەسەکە و دەوروبەری، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوی گیراوەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سەختی ئاو کە چەندین ساڵە ناوچەکەی گرتووەتەوە.




بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...