ساڵی نوێ

 ساڵی نوێ لە شەڕڤانانی تاقانەترین شۆڕشی مرۆڤایەتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی پیرۆزبێت.

ساڵی نوێ لە ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی جوامێر پیرۆزبێت. هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی دونیا ئەخوازم. 

هیوادارم ساڵی نوێ دەسپێکی دروستکردنی ژیانێکی ئارامتر بێت،ئاگامان لە تەندروستی دەرونی، ڕۆحی و جەستەیی خۆمان و چواردەورەکەمان بێت. هیواخوازم هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی دایکە زەوی.


با وای دابنێین یاسایە

ئەوانەی تۆو دەوەشێنن

شەتڵ دەچێنن

کەس ناتوانێ بارانیان بوەستێنێت

کەس ناتوانێ خۆریان لەسەر ببڕێت...


گوڵتەن ئاکن


یادەوەریی!

 یادەوەریی هەیە پرت ئەکات لە وزە، تا کەشکەلان ئەتبات و بەدڵخۆشی ئەتهێنێتەوە. یادەوەریی هەیە تا دوا سنورەکانی ئازار، ئازارت ئەدات و  پارچە پارچەت ئەکات، قاقاکانت ئەخنکێنێت..بەڵام هێشتا ناتوانێت هێندەی ئەو ساتە ئازاربەخش بێت کە بۆ یەکەمجار درک ئەکەیت لە ئەو نائومێد بوویت.

کەچی حەز ناکەیت لەو خەیاڵە بێیتە دەرەوە هەر بەخۆت ئەڵێیت دانی پیابنێ کە نائومێد بوویت دانی پیابنێ. نائومێدییەک وردە وردە ناخت ئەخوا و هەست بە بۆشایی و بەتاڵی ئەکەیت.

ئێمەی کورد هەموو گیانمان برینە و هەر برینیش لە یەکدیدا دروست ئەکەین، بێهیوا و نائومێدین کەچی هەر یەکدیش بێ ئومێد ئەکەین

دواجار بەخۆم ئەڵێم، تۆ لە خۆت بێئومێد مەبە!





ئەشکەوتەکانی باتوو

ئەشکەوتەکانی باتو نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر لە باکووری ناوەندی شاری کوالالامپورەوە دوورن، یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی مالیزیا. جوانییەکی سروشتیی سەرسوڕهێنەری هەیە و گرنگی ئایینی و کولتووری هەیە بەتایبەت بۆ هندۆسەکان. لە زنجیرەیەک ئەشکەوت، پەرستگا و مەزارگەی هندۆسی پێک هاتووە، کە هەم نوێژخوێنان لە ناوخۆیی وڵاتدا و هەم گەشتیاران لەسەر ئاستی جیهان سەردانی ئەکەن.



تایبەتمەندییە سەرەکییەکان:

*پەیکەری مەزنی لۆرد موروگان: لە بەردەم ئەشکەوتەکاندا پەیکەرێکی گەورەی لۆرد موروگان دەبینیت کە خوداوەندی جەنگی هیندۆسییە و بەرزییەکەی ٤٢.٧ مەترە، دووەم بەرزترین پەیکەری خوداوەندی هیندۆسییە لە جیهاندا.

٢٧٢ پلیکانە: گەشتیاران بەسەر ٢٧٢ پلیکانەی ڕەنگاوڕەنگ سەردەکەون بۆ ئەوەی بگەنە ئەشکەوتە سەرەکییەکە.

ئەشکەوتی پەرستگا: گەورەترین و بەناوبانگترین ئەشکەوتە، چەندین مەزارگەی هیندۆسی تێدایە. ئەمە پەرستگای سەرەتاییە، تایبەتە بە لۆرد موروگان.

ئەشکەوتی تاریک: ئەم ئەشکەوتە بە ئیکۆسیستەمی ناوازەی ئەشکەوتەکە ناسراوە، لە ستالاکتیت و ستالاگمیت پێک هاتووە.

ئەشکەوتەکانی تر: لە ئەشکەوتی بچووکتر پێک هاتوون  و  هەندێکیان بۆ پراکتیزە و ڕێوڕەسمی ئایینی جۆراوجۆری هیندۆسی بەکاردەهێنرێن.


*گرنگی ئایینی: ئەشکەوتەکانی باتو شوێنێکی سەرەکی ئایینییە بۆ هیندۆسەکان لە مالیزیا. فێستیڤاڵی تایپوسام کە ساڵانە لە مانگی یەک یان دوودا بەڕێوەدەچێت، گرنگترین بۆنەیە و هەزاران هندۆسی و گەشتیاران سەردانی ئەکەن.

 

*گرنگی کولتووری و مێژوویی: ئەشکەوتەکانی باتو بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٥٩ لەلایەن گەڕیدەیەکی ئەمریکیی بە ناوی ویلیام هۆرنادەوە دۆزرایەوە، بەڵام ناوچەکە مێژوویەکی پڕ چالاکیی مرۆیی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەشکەوتەکان هەر لە ساڵانی ١٨٥٠وە بوونەتە شوێنی پەرستن و دواتر و بوونەتە شوێنی گەشتیاریش. ئەشکەوتەکانی باتو  ئەزموونێکی ناوازە پێشکەش دەکەن لە ڕۆحانیەت، سروشت و کولتوور.




یادەوەریی و چیرۆکی هاوبەشی مناڵانی کورد، بەڵام چارەنوسمان نا!

دیمەنی یەکەم:


خەبەرم بۆوە لە باوەشی دایکما بووم سەرنج ئەیەم هەرچی دراوسێ و خزمە لە پاسێکی ریمی مامدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. باران ئەباری، مناڵ ئەگریا، هەمووان لێوو بە بار و بێتاقەت بوون. ترس لە رووی هەموواندا دەبینرا. بۆنێکی ناخۆش لە ناو پاسەکە ئەهات، توانای هەناسەدانم نەبوو، زیاد لە ژمارەی خۆی خەڵک لە پاسەکەدا هەبوو. هەردوو براکەم لە ناو پاسەکەدا بینیوە و چاوم بۆ باوکم گێڕا و نەمبینی. لە دایکم پرسی کوا باوکم؟، دایکم ئاماژەی کرد کە ئەوەتا باوکت لە سەر شەقامەکەیە، باوکم جلێکی بارانگیری لەبەر کردبوو، لە ژێر بارانە بەلێزمەکەدا هەنگاو بە هەنگاو لەگەل جوڵەی ئوتومبیلەکەی ماممدا هەنگاوی ئەنا، پاش کەمێک ئەڕۆشت تا سەرێک لە مامەکەی کەم بات و دڵنیا بێت هەموو شت باشە. باوکم لەگەڵ هیچ یەکێک لە ئوتومبیلەکانیش سەرنەکەوت، ئەو لە ژێر ئەو بارانە بەخوڕەدا بە پێ ئەڕۆشت لە سلێمانییەوە تا سەر سنووری ئێران. باوکم ئەیووت با ژن و منداڵێکی زیاتر لە ناو ئوتومبیل و پاسەکان جێگەیان ببێتەوە. من ئەو کات لە مانای ئەو قسەیە تێنەئەگەیشتم و توڕە بووم کە من باوکم لەگەڵ نییە بەڵام منداڵەکانی دیکە لەگەڵ دایک و باوکیانن. دایکم، باپیر و نەنکم، مام و پورەکانم داوایان لێ ئەکرد پشوویەک بات و کەمێک لەگەڵ ئێمە لە ناو یەکێک لە ئوتومبیلەکان خۆی گەرم بکاتەوە بەڵام سودی نەبوو. بیرمە منداڵی نەناسراوی ئەکردە باوەش و ئەیخستە ناو ئوتومبیلی مامەکانم، مامەکانم هەندێ جار لە خەممی پەککەوتنی ئوتومبیلەکانیاندا ئەیانووت مامۆستا بڕوا بکە جێگە نەماوە، پاسەکە ناڕوات دوای هەموومان تیا ئەچین.


دیمەنی دووەم:


کۆچی بە لێشاوی خەڵک، بە پێ بە ئوتومبیل بە تراکتۆر شەقامەکانی داخستبوو هەندێ جار خەڵک بە پێ ئەرۆشتن. باش بیرم نییە بۆ لە شوێنێکی دیاریکراودا پێوویست بوو ئێمەش بە پێ برۆین. کالەکانم پیس و قوراووی بوو بوون دایکم بۆی شۆردوم ئەو کاتەی داینابوو وشک ببێتەوە کالەکەمیان بردبوو. کالەیەکی شینی جوان بوو سەرباری ترس ئەو خەفەتەشم بۆ بوو. پورم جووتێک نەعلی لە پێ بوو، ماوە ماوە لە نێوان خۆمان ئەمانگۆڕییەوە چوونکە نەمئەتوانی بە پێی پەتی بەردەوام بین تا ئەو کاتەی جارێکی دیکە گەیشتینەوە بە ئوتومبیلەکان و دایکم پێڵاوی کەی یامێ. دایکم ئەونە کۆچ و دەربەدەری بینیبوو دایمە کەل و پەلی زۆر پێویستی بە زیادەوە هەڵئەگرت. ئەو کاتەی داوای نەعلم لە پورم ئەکرد خۆمم بیر ئەکەوتەوە کە کاتێک پورم داوای کالەکەی لە من ئەکرد من نەمئەیا بەو، ئەو میهرەبان بوو نەعلەکەی خۆی ئەیا بە من و ماوە ماوە خۆی بە پێێ پەتی ئەرۆشت. 


دیمەنی سێیەم:

ترسێکی زۆر سەیر دایگرتبووم، نەمئەزانی بۆ ئاوا دەربەدەر بووین، پەنجەکانم بە تووندی لە یەک ئەئاڵاند هەر وەک ئەوەی شتێکی زیادەیە و نازانم چی لە دەستەکانم بکەم. لەوانەیە بۆ ئەو کات باشترین هۆکار بووبێت بۆ گوزارشت کردن لە ترسەکەم. هەندێ جار کە ئەگەرێمەوە بۆ ئەو یادەوەرییانەی مناڵیم و ئەو دۆخ و ڕوداوانەم یەتەوە یاد، ترسێکی سەیر منێکی مناڵی داگیر ئەکرد، ترسێک تا ساڵانێکی زۆر لەگەڵم بوو، لە هەندێ دۆخدا ئەمناسییەوە و هەمان لەرزین و دڵە کوتەی مناڵیم بیر ئەکەوتەوە چون لەگەڵمدا گەورە ببوو. من لە تەمەنی خۆمدا چەندین جار کۆچ و ڕەوم بینیوە ئێستە کە باسی کۆچ و ڕەوەکەی سالی ١٩٩١ ئەکەم تەمەنم ٧ ساڵ بوو، پێش ئەو کاتەش کە من تەمەنم ٤ ساڵ ئەبێت لە هەڵمەتی ئەنفالدا لە گوندی مێرگەپانەوە بەرەو سنوری ئێران کۆچ ئەکەین. بۆ مناڵێکی ٧ ساڵان ٢ جار کۆچ و ڕەو ببینێت جگە لە ژیان کردن لە ژێر رەحمەتی بۆردومان و ڕاکردن لەم گووند بۆ ئەو گووند ئەو ساڵانەی دایک و باوکم پێشمەرگە بوون. لێرەدا لە خۆم ئەپرسم چەند نەوەی دیکەی ئێمە/کورد ئاوا بە بەردەوامی لە ژێر رەحمەتی بۆمباران و کۆچ و رەودا ئەژی؟ 


دیمەنی چوارەم:

لە دایکم دابڕابووم و هەر بەدوایدا ئەگەرام، کۆمەڵ کۆمەڵ خێزان و خەڵکم ئەبینی لە شوێنێکا لەبەر ئەو بارانە، ئاگریان کردبۆوە، خەریکی دروست کردنی خواردن بوون. هەندێک لە خزمەکانی خۆمانم بینی وتیان دایکت لەگەل پورەکانت شوێنێکیان دۆزیوەتەوە تا هەویر بشێلن و نان دروست بکەن، ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆش بوو چونکە زۆرم برسی بوو. پێشتر گوێم لەوە بوو کە گەیشتووینەتە هەورامان، لەبەر ئەوەی پێشتر خزمەکانی باوکم نانی هەورامیان دروست کردبوو، من زۆرم حەز لە نانی هەورامی بوو، لەو کاتەیا خۆزگەم ئەخواست دایکم نانی هەورامی دروست بکات.

کەمێکی کە رۆشتم و یەک بە یەک سەیری ئەو خەڵکەم ئەکرد، سەنگەری برام و هەژاری ئامۆزام بینی لەگەڵ ماڵی خزمێکماندا دانیشتوون و چاوەڕێی دادە سەعدەن ناوساجیان بۆ سور کاتەوە و یەک یەک بیانناتێ. ئەیییی گیان چ دیمەنێکی خۆش بوو بۆ منی منداڵ. بەڵام شەرمم ئەکرد و لە ڕووم نەئەهات برۆم لەگەڵ ئەوان دانیشم، چاوەڕێ بووم دادە سەعدە فەرمووم لێ بکات. ئێستەش بیرمە چەندین جار لەوێوە هاتوچۆم کرد بەو هیوایەی دادە سەعدە سەر هەڵبرێت و بانگم بکات ئەویش سەرقاڵی ناوساجی سورکردنەوە بوو ئاگای لە من نەبوو.

دواتر بە دەنگێکی شەرمنەوە بانگی سەنگەرم کرد، بانگی هەژارم کرد بەڵکو ئاوڕێکم لێ بەنەوە و بانگم بکەن بۆلای خۆیان ئەوانیش گوێیان لێ نەبوو، ئیتر لە بەرامبەریاندا بە نائومێدی دانیشتم. 

پاش کەمێک خاڵم هات کە دایکم ناردبووی بەدوای من و براکانما. خاڵم هەستی بە توڕەیی و بێتاقەتی من کرد و وتی تۆ لە پاسەکەدا نوستبووی دادە دڵی نەهاتووە خەبەرت بکاتەوە وەرە بابرۆین نان بخۆین. 

کەمێک بە پێ رۆشتین، ئەوەندی بیرم بێت لەسەر شەقامەکەوە بە بەرزاییەکدا رۆشتینە خوارێ، قاچمان لە قوڕا ئەچەقی، کۆمەڵێک بەردە کەڵەکی لێ بوو یەکەم جارم بوو شوێنی ئاوا بەرز و نزم و بەردە کەڵەک ببینم. 

هەر لە دورەوە دوکەڵی ئاگرەکەی ژێر ساجەکەم بینی، نانم بینی، هەمووان لە دەوری یەک کۆبووینەوە و دەستمان کرد بە خواردنی نان و چا. کە شەکرەکەیان کردە ناو چاکە، رەنگی چاییەکە گۆرا و رەنگا و ڕەنگ بوو. دایکم وتی شەکری کەم بکەنە ناو چاییەکە چونکە نەوت بەسەر شەکرەکەدا رژاوە. ئەگەر شەکردم نەکردایەتە ناو چاییەکە تاڵ بوو، شەکرم تێکردایە تامی نەوتی ئەیا.  من بە منداڵی زۆر لەو شتانە توڕە ئەبووم بەڵام نەمئەزانی ئەو هەموو ڕووداوە ناخۆشە چییە ڕوو ئەیەن بۆئەبێت ئێمە ئەمەمان بەسەر بێت؟. ئێستەش هەندێ جار کە چا ئەخۆمەوە هەمان دیمەنی ڕەنگی نەوتەکە کە ئەو کات لە لەسەر رووی چاکە دروست ببوو، یەتەوە یادم، بەخۆم ئەڵێم چای تاڵ ئەخۆیت یان چای نەوتاویی؟ 


*دادە سەعدە خانمێکی ئازیزی ناو بنەماڵەکەمان بوو، یەکێک بوو لەو ژنانەی خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکی خۆیی و ئەوانی کەش کردبوو. بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە بەجێیهێشتووین،  بەڵام بۆ هەمیشە جێی رێز و شانازی هەموومانە.

مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی دونیا مێلایو

مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی دونیا مێلایو (مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی جیهانی مالای) بەشێکە لە مۆزەخانەی جەباتانی مالیزیا (بەشی مۆزەخانەکانی مالیزیا)، کە بەرپرسیارە لە پاراستن و نمایشکردنی میراتی کولتووری و مێژوویی مالیزیا. بە ئامانجی پەروەردەکردنی خەڵک سەبارەت بە مێژووی دەوڵەمەند و نەریت و هونەر و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی مالای.


مۆزەخانەکە لە چەند بەشێک پێک هاتووە ، لەوانە:

شوێنەوار: جل و بەرگی نەریتی مالای، ئامێری مۆسیقا و کەلوپەلی ڕۆژانە.

قوماش: نموونەی ئاڵۆزی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی قوماشی نەریتی مالای.

بابەتە مێژووییەکان: ئەم بەشە گرنگی بە مێژوو و پەرەسەندنی گەلی مالای دەدات، لەوانەش داب و نەریت و پراکتیزە ئاینییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیان.

پراکتیزە کولتوورییەکان: ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ڕێوڕەسم و فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسمە نەریتییەکانی مالایەوە هەیە.

بەهای پەروەردەیی ئەم مۆزەخانەیە، وەک سەرچاوەیەکی پەروەردەیی بەنرخ بۆ خوێندکاران و توێژەران و گەشتیاران کە ئارەزووی ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری و مێژووی جیهانی مالای دەکەن. هەروەها تێڕوانینێک پێشکەش دەکات بۆ هەمەجۆریی/هەمەچەشنەیی نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگەی مالای و کارلێکەکانی لەگەڵ کولتوورەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.




بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...