گاڵتەجاڕییەکانی سیستەم!

* چەند رۆژێکە ئاوتان نەهاتۆتەوە، یان ئەبێت بە تەنکەر ئاوی پیس بکڕیت یان ئەبێت ئاوی کانزایی لە کۆمپانیاکان بکڕیت.



*کۆمپانیاکە بەهۆی یاسای وەبەرهێنان، زەوی بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم لە حکومەت وەرگرتووە، ئاوی پاکی خواردنەوەی من و تۆ ئەخاتە دەبەی پلاستیکی و پێمان ئەفرۆشێتەوە. حکومەتی پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، ئەو کۆمپانیایانەی بۆ ١٠ ساڵ لە باج بەخشیووە. واتە پارەدارێک هەر لە خۆڕا و لەسەر قۆرخکردنی سەرچاوەیەکی گرنگی سروشت ئەبێتە سەرمایەدار.

*دواتر رێکخراوێک کە کار بۆ ژینگە ئەکات بە سەدەها سەلەی خۆڵ لەسەر شەقامەکان دائەنێت و پێت ئەڵێ ئەم سەلەی خۆڵە پاشماوەکانی مرۆڤی جیاکردۆتەوە و دواتر ریسایکڵ ئەکرێت. ئەڵێت ئێمە هاورێی ژینگەین، تکایە ژینگەکەت بپارێزە و دەبە پلاستیکییەکان بخەرە ئەم بەشە، کارتۆن لەم بەشەی سەلەیە. باشە ئەو کۆمپانیایەی ریسایکڵی پلاستیک و کارتۆن ئەکات هی کێیە؟

*شێوازی بەرێوبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن حکومەت، کۆمپانیای ئاوی کانزایی و ئەو رێکخراو و کۆمپانیایەشی کە لەوانەیە زۆرێک لە خەڵک سوپاسگوزارییان بێت چونکە پلاستیک ریسایکڵ ئەکەن.  هەموویان لە خزمەتی سیستەمدان و بازاری سیستەم گەرم ئەکەن.

*ئەو سیستەمەی بەرپرسە لە دروستبوونی هەر قەیرانێک هەرگیز توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی نییە و هەمیشەش قەیرانی کە بۆ خەڵک دروست ئەکات.

نامەیەک بۆ ئەو شەهیدانەی ئازاری خاکی سوتاوی کوردستانیان راژەنی!

ئەم نامەیە هەم بە خەم و هەم بە ئیرادەیەکی سەوزەوە لە قوڵایی دڵمەوە دەنووسم، بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و گیانفیدایی شەهیدانی دایکە زەوی، شەهیدانی سروشت خەبات ئەمینی و حەمید مورادی و چیاکۆ یوسف. سێ ئازادیخوازی کورد پابەندبوونیان بە دادپەروەری و خۆڕاگری و ئازادی، بۆ هەمیشە لە یادم ئەبێت و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.



لە جیهانێکی نیولیبراڵدا تادێت سیستەمی سەرکوتکردن و لەناوبردنی ئیکۆلۆژیی هەموو سنورێکی بەزاندووە، جوامێری و ئیرادەی ئەوان وەک چرایەکی هیوا بەخش لە ئاسمانی شینی کوردستاندا لە تەک ئومێد کۆنەپۆشی و شەریف باجوەر  دەمێننەوە و لێیان دەڕوانین. ئەو سروشت پارێزانە بەرامبەر سیاسەتی ئیکۆسایدی کوردستان و داگیرکاری وەستانەوە. خەبات و تیکۆشانی هاوڕێیانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و هەموو سنورەکانی بڕیووە چونکە خەباتی ئەوان  بۆ پاراستنی دایکە زەوی و سروشتە.


خەبات ئەمینی ژیانی خۆی بۆ بەرخۆدانی فەرهەنگی و سیاسی تەرخان کرد، کە جەوهەری خۆڕاگری کوردی تێدا بەرجەستە دەبێت، دەنگ و چالاکییەکانی ئامرازێک بوون دژ بە بێدەنگی و سڕینەوە. حەمید مورادی، بێوچان ڕووبەڕووی ئەو نادادپەروەرییانە بوو کە بەسەر گەلەکەیدا سەپێندرابوون. چیاکۆ یوسفی، لە تەنیشت ئەوانەوە وەستابوو، نوێنەرایەتی نەوەیەکی دەکرد کە تەسلیمبوون ڕەتدەکاتەوە و شاخ و ڕووبار و دارستان و خەونەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر لەبیربکەن.


ئەوان دیدەوان و جەنگاوەری ئاشتی و پارێزەری ژیانن. ژیان و کۆچکردنیان سروش بەخش و بانگەوازێکە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بیرخستنەوەیەک کە بەرخۆدانی ژینگەیی پیرۆزە.


لە یادکردنەوەیاندا، خۆمان پابەند دەکەین بە بەرگریکردن لە مافەکانی دایکە زەوی و هەموو رەگەزەکانی سروشت و چڵە گیایەک، دەوەستینەوە بەرامبەر بە لەناوبردنی ئیکۆلۆژی. ئێستە کاتی ئەوەیە هەنگاو بنێین بۆ بنیاتنانی هاودەنگی و کاری پێکەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پاشان جیهان. پێوویستە هەموومان خاوەنداری لەو شەهیدانە بکەین و هەوڵی پاراستنی گیانی هاوەڵەکانیان بدەین کە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵات لە ناو ئاگردان و ئاگر دەکوژێننەوە.


ڕۆحی ئەوان لە بەرخۆدانی بەکۆمەڵماندا دەژی!

بەیاننامەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون

خەبات ئەمینی و حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفی، سێ گیانبەخشیووی کوژاندنەوەی ئاگری شاخی ئاویەرن، ئەوان چالاکی بزووتنەوەی ئازادیی و ژینگەپارێزی کوردن و هێمای خەباتی دژ بە داگیرکاری و ئیکۆسایدن. ژیان و گیانفیدایی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری ئیکۆلۆژی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جیهانییە. ئەو سێ شۆڕشگێڕە لە پێشەوەی خەباتدا باوەڕێکی قووڵیان بە ئایندەیەک هەبوو کە ڕەگ و ڕیشەی لە دادپەروەری و چارەنووسی خۆنووسین و ئازادیدا هەبێت.



شەهیدبوونیان خەسارەتێکی قووڵە بەڵام بۆ هەمیشە هەڵوێست و بەرخۆدانیان لەگەڵ هەر تۆوێکدا کە لە خاکی کوردستاندا دەچێنرێت ئامادەیی هەیە. ئێمە ڕێز لە یادیان دەگرین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. بە درێژەدان بەو کاروانەی کە گیانیان لە پێناودا بەخشی بۆ کوردستانیکی دوور لە سنووری کۆلۆنیالیزم و توندوتیژی پیاوسالاری و لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بەردەوام دەبین.

لە جیهانێکی نیولیبراڵدا تادێت سیستەمی سەرکوتکردن و لەناوبردنی ئیکۆلۆژیی هەموو سنورێکی بەزاندووە، جوامێری و ئیرادەی ئەوان وەک چرایەکی هیوا بەخش لە ئاسمانی شینی کوردستاندا لە تەک ئومێد کۆنەپۆشی و شەریف باجوەر دەمێننەوە و لێیان دەڕوانین. ئەو سروشت پارێزانە بەرامبەر سیاسەتی ئیکۆسایدی کوردستان و داگیرکاری وەستانەوە. خەبات و تیکۆشانی هاوڕێیانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و هەموو سنورەکانی بڕیووە چونکە خەباتی ئەوان بۆ پاراستنی دایکە زەوی و سروشتە.

ئێمە داوا لە هەموو چالاکوان، رێکخراو و بزووتنەوەکانی ئیکۆلۆژی، فێمینیست، دژەداگیرکاری و دژە سەرمایەداری دەکەین خاوەنداری لەو سێ شەهیدەی سروشت بکەن و دیدگاکانمان یەکبخەین بە ئامانجی پاراستنی سروشت و دایکە زەوی.

خوێنەرمان بن لە وێبسایتی ڕێکخراوی ئازادبوونەوە: بەیاننامەی تیمی ژیبگە


گۆشەی تۆوی بەرخۆدان

ئەم گۆشەیە بە ناوی تۆوی بەرخۆدان، سەرەتای زنجیرەیەکە کە ئیکۆفێمینیزم وەک هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکی، بەرجەستە و زیندوو دەکۆڵێتەوە. هەر زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن سیستەمەکانی سەرمایەداری، ڕەگەزی و ئیکۆلۆژی پەیوەندیدار بەیەکەوە و یەکتردەبڕن، بە تایبەت لە ڕێگەی دەنگ و ململانێی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانەوە.


لە زنجیرەی یەکەمدا، زەمینەم بۆ تێگەیشتن لە ئیکۆفێمینیزم داناوە نەک وەک ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت، بەڵکو وەک چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتنی گشتی دەربارەی دادپەروەری ژینگەیی و ماتەوزەی ڕیشەیی کە بەرخۆدانی ئیکۆفێمینیزمی لەسەر دامەزراوە.

ئەم گۆشەیە چیرۆک لە ئەزموونە  بەرجەستەکان و بزووتنەوەی بنچینەیی* (Grassroots Movement، وەردەگرێت بە تایبەت ئەوانەی کە لەلایەن ژنان، کۆمەڵگا ڕەسەنەکان و ئەو کەسانەی کە بەرەنگاری هەردوو لەناوچوونی ئیکۆلۆژی و سیستەمی پیاوسالاری دەبنەوە، سەرکردایەتی دەکرێن. ئیکۆفێمینیزم تەنیا تیۆرێک نییە؛ پراکتیزەیەکە ڕەگ و ڕیشەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشان بۆ جیهانێکی دادپەروەر، بنیاتنراوە


درێژەی بابەتەکە لە لاپەرە ١٠٩ لە ژمارە ٢٣١ گۆڤاری تروسکە لێرە بەردەستە: گۆڤاری تروسکە

مەبەست چییە لە دیموکراسی زەوی؟

 د.ڤاندانا شیڤا

هەڵوێست کردویە بە کوردی


ئەمڕۆ لە سەردەمی قەیرانە زۆر و فرەلایەنەکاندا کە بەهۆی جیهانگیرییەوە چڕتر بۆتەوە، پێویستە لە پارادایمی سروشت وەک مادەی مردوو نەڕوانین. بۆ تێگەیشتن لە پارادایمی سروشت ڤاندانا شیڤا چەمکی دیموکراسی زەوی گەشەپێدەدات، بەو مانایەی ئازادی پەرەسەندنی هەموو بوونەوەر و جۆرەکانە لەناو تۆڕی ژیاندا، هەروەها ئازادی و بەرپرسیارێتی مرۆڤەکانە وەک ئەندامێکی بنەماڵەی زەوی، بۆ داننان و پاراستن و ڕێزگرتن لە مافی هەموو بوون و جۆرەکانی دیکە.





ڤاندانا ئەڵیت دیموکراسی زەوی گۆڕانکارییە لە ئەنترۆپۆسێنتریزمەوە (واتە مرۆڤ سەنتەری، مەبەست لێی مرۆڤ گرنگترین بوونە لەسەر ئەم هەسارەیە و باڵادەستی مرۆڤ لەسەروو سروشتەوە دائەنێت واتە سروشت و ئەوەی لە ناو سروشتدایە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکراوە)، بۆ ئیکۆسەنتریزم. 

بەو پێیەی هەموومان پشت بە زەوی و سەرچاوەکانی زەوی دەبەستین، سەرەتایترین پێداویستی و مافی مرۆڤ بەدەستهێنانی خۆراک و ئاوە، بۆ ڕزگاربوون لە برسێتی و تینوێتی، لە هەمان کاتدا فێرببین چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆوی ڕەسەن و خاکی زیندوو و تۆڕی ژیان بکەین. 

دیموکراسی زەوی، لە ڕوانگەی ڤاندانا شیڤا، چوارچێوەیەکی سیاسی، ئیکۆلۆژی و مۆڕاڵییە کە جەخت لەسەر دادپەروەری بۆ هەموو بوونەوەرەکان و مرۆڤ ئەکات بە هەمان شێوە لە ڕێگەی بەردەوامیی ئیکۆلۆژی، ئۆتۆنۆمی (سەربەخۆیی ناوخۆیی) و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەدەست دێت.

ڤاندانا شیڤا بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی زەوی بەم شێوەیە دائەرێژێت: 

بەرپرسیارێتی ئیکۆلۆژی: پێویستە مرۆڤ لە سنووری ئیکۆلۆژی هەسارەکەدا بژی نەک بۆ قازانج یان گەشەکردنی 

بێکۆتایی، سەرچاوەکانی ناوی بقۆزێتەوە.

دادپەروەری ئابووری و سەروەری ناوخۆیی: کۆمەڵگە ناوخۆییەکان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن و خۆراک بەرهەم بهێنن و سەرچاوەی ئابووریی پەرەپێبدەن بەبێ ئەوەی کۆمپانیا فرەنەتەوە و جیهانییەکان ئیستغلالیان بکەن.

پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو: جۆراوجۆری زیندوو بنەمایەکە بۆ مانەوەی هەموومان، بنەمای خۆراک و تەندروستی هەسارە و مرۆڤن. جینۆمۆدێرن و پاتێنتەکانی تۆو ئەم جۆراوجۆرییە لەناو ئەبەن.

سەروەری تۆو و خۆراک: پێویستە جووتیار و کۆمەڵگە رەسەنەکان تۆو و سیستەمی خۆراکی خۆیان بەڕێوەبەرن نەک لەلایەن کۆمپانیا و بازرگانی کشتوکاڵی فرەنەتەوەییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

پەیوەندی و یەکگرتوویی: دیموکراسی زەوی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ژیانی هەموو بوونەوەر و رەگەزێکی سروشت وابەستەی یەکن و پێکەوە هاوپەیوەندین، زیان و لەناوبردنی هەر بوونەوەر و رەگەزێک زیانگەیاندنە بە کۆی ئیکۆسیستەم.

بەرەنگاربوونەوەی جیهانگیری کۆمپانیاکان: ڤاندانا دژی ئەو شتەیە کە ناوی ئەنێت "ئیکۆ-ئاپارتاید"، کە کۆمپانیاکان رەگەزەکانی سروشت (ئاو، تۆو، زەوی) ئەکەن بە موڵکی تایبەت و کۆنترۆڵی ئەکەن، خەڵکی هەژار و ڕەسەن دەربەدەر ئەکەن.


لەم تۆمارەدا دکتۆر ڤاندانا شیڤا ئەڵێت:

 ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە کشتوکاڵدا بەکاری ئەهێنین، مەبەستم کشتوکاڵی پیشەسازیییە بریتییە لە ماددەی کیمیایی قڕکەر و مێروو کوژ. سەرچاوەی ئەو ماددە کیمیاییانە تاقیگەکانی هیتلەرە. ئەو قڕکەر و مێروو کوژانە هەمان ئەو کیمیاییەن بۆ کوشتنی مرۆڤەکان لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەی جولەکەدا بەرهەم هات و مرۆڤیان پێکوشت.

ئەوان دوای جەنگەکان (زیاتر مەبەستی جەنگی دووەمی جیهانییە)، هەوڵیان دا بەشێک لە ماددە کیمیاییەکان بە ناوی شۆڕشی سەوزەوە بۆ جیهانی سێیەم، بگوازنەوە.




شۆڕشی سەوز مەبەست لە گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە کشتوکاڵدا کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای بەرهەمهێنانی خۆراک بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا بە بەکارهێنانی قرکەر و گیاکوژ، هەروەها بەکارهێنانی بەربڵاوی ئامێر و تەکنەلۆژیا زانستییەکان کە پێکەوە بەشدارییان لەم گۆڕانکارییەدا کرد.

 داڕێژەرانی سیاسەت، ئەوان کاریگەرییە ئیکۆلۆژییەکانی ئەو ماددە کیمیاییانەیان بۆ گرنگ نەبوو، چاویان لەسەر کاریگەرییەکانی ئەو شۆرشە لەسەر برس بوون داخست، بۆیان گرنگ نەبوو چ کاریگەرییەک لەسەر جووتیاران دائەنێت، تەنیا سەیری ئەوەیان ئەکرد کە چەندە گەنم و برنج بەرهەم دێت و دێتە بازاڕەوە. هەموو ئەو بابەتە گرنگانەی پەیوەندیدارن بە خۆراک پشتگوێیان خست و تەنها ئەوەی کە گرنگ بوو بۆیان کێشی خواردنەکە بوو. (لێرەدا مەبەست لە بڕی بەرهەمهێنانە نەک جۆری خۆراک و باشی خۆراک).

خەمڵاندنی بڕی خۆراک و بە کاڵاکردنی خۆراک ڕیشەکەی لە قەیرانی خۆراکەوە سەرچاوەی گرتووە. لەم روەوە ئەوە بەهەند وەرناگیرێت کە کێڵگەی کشتوکاڵی چەند تەندروستە بۆ کشتوکاڵکردن، بیر لەوە ناکرێتەوە کە جووتیارەکان تەندروست و باشن. لە سەرانسەری جیهاندا جووتیاران ئەمرن، چونکە ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ئێستە خۆراک کاڵایەکە وەک سەرمایەیەکی دارایی مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت، هەڵاوسانی لە بازارەکاندا دروست کردووە بەهۆی سەرمایە داراییەکەی کە لێوەی قازانج ئەکەن، ئەمەش واتە قوڵبونەوەی جیاوازی چینایەتی، خێزانە گوندنشینەکان هەژارتر ئەبن، هەژارەکان پارەی زیاتر خەرج ئەکەن بۆ کڕینی خۆراک. هەر بۆیە پێویستە بیر لە سەروەری خۆراک بکەینەوە نەک وابەستەیی خۆراک، ئەگەر نا ئیکۆسیستەم روبەروی لەناوچوون ئەبێتەوە.

هەڵوێست بە کەمێک دەستکارییەوە، کردویە بە کوردی.

ناساندنێک بۆ کتێبی ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆیت بە ژەهر گەورەکراوە

کشتوکاڵیی پیشەسازی وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ لەناوبردنی برسێتی لە جیهان و مژدەبەخشێک بۆ بەرهەمێنای خۆراکی زۆر، پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت. ئەم کشتوکاڵە توانای بەرهەمهێنانی ٢٥٪ خۆراکی هەیە، لە کاتێکدا لە ٧٥٪ی سەرچاوەکانی زەویی بەکار دەهێنێت و سروشتی خاک و ئاویش دەشێوێنێت، هەروەها لە هەمان کاتدا هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و تۆوی ڕەسەن و کشتوکاڵی نەریتی و ئەو ئابوورییە ناوخۆییەی لەناو بردووە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی کشتوکاڵی نەریتی دروست بووە.


لە کۆمەلگە کشتوکاڵییەکاندا ژنان رۆڵ و بەشداری کارایان هەبووە هەر لە ناو کێڵگە و لە ناو ماڵیشدا، بەتایبەت ساڵانە ژنان لە دوای چنینەوە بەرهەم باشترین و جوانترین جۆری تۆویان لە بەرهەمەکانی کێڵگەی خۆیان جیاکردۆتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو هەڵیان گرتووە. لەگەڵ هاتنی کشتوکاڵی پیشەسازی رۆڵی ژن لە رۆڵێکی کاریگەرەوە گۆڕی و ژنانی تەواو پەراوێزخست.

کشتوکاڵی پیشەسازیی هەمان تەکنەلۆژیای جەنگەکانی بەکارهێنا. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بۆ گەشەی خێرای بەروبووم و قڕکردنی مێرووەکان بەرهەم دەهێنریت، هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەی نازییەکاندا بەرهەم دەهێنرا. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا کیمیاییەکانەوە سەپێندرا، ئەمەش دروستکردنی بازاڕ بوو بۆ پیشەسازی کیمیایی، مەبەستیش لێی فرۆشتنی ماددە کیمییاییەکانی ئەو کەرەستانە بوو کە بۆ جەنگ دروست کرابوون.


لیرەدا دەمەوێ سەرنجی ئێوە ڕابکێشم بۆ رێگە چارەسەری ئەو شۆڕشەی کە ماڵوێرانییەکی زۆری بەسەر سروشت و کۆمەڵگەکاندا هێنا، تاوەکو بتوانین بیر لە چارەسەر و کاری نوێ بۆ بابەتی سەروەریی خۆراک و تۆو بکەینەوە. سەروەریی خۆراک واتە ئەوەی خۆراکی ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین. ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەروەرییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کشتوکاڵی ژینگەیی و ئۆرگانی.


ئەم کتێبەی بەردەستتان هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و نیشاندانی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی لە جیهان و هەرێمی کوردستان، دواتریش کارکردنە لەسەر پێشنیازکردنی کۆمەڵێک ڕێگەی چارەسەر. ئەم نامیلکەیە پرۆژەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوونە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری یەک مانگە بە ناونیشانی (ئەو خۆراکەى تۆ دەیخۆیت بەژەهر گەورە کراوە) کە ئامانج لێی دروستکردنی گفتوگۆی زیاتر و گۆرانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمدا.


کتێبەکە سەرەتا بابەتی لێکەوتەکانی پەیینی لەسەر ئاو، خاک، هەوا و میرووەکان شی دەکاتەوە و پاشان کار لەسەر کۆمەڵێک رێگەچارەسەری وەک: بەکارهێنانی پەیینی سروشتی، گەرانەوە بۆ کشتوکالی نەریتی و ئۆرگانی، كاركردن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی دەکات. 


ناونیشانەکان:

یەکەم: په‌ینى کیمیایی و كاریگه‌رى له‌سه‌ر سیسته‌مى ژینگه‌یی و ته‌ندروستى مرۆڤ.

دووەم: نەفرەتی پەیینی کیمیایی لەسەر خاک.

سێیەم: کاریگەری پەیینە کیمیایەکان و قڕکەرەکان لە سەر پیسبونی هەوا.

چوارەم: کاریگەری بە  کارهێنانی پەیینی کیمیایی لەسەر سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەی پێنجوێن – هەرێمی کوردستان.

پێنجەم: کاریگەری مێرووقڕکەرەکان لەسەر زیندەهەمەجۆری مێرووەکان.

شەشەم: چۆنیەتی دروستکردنی کۆمپۆست لە پاشماوەی ڕووەکی و ئاژەڵی.

حەوتەم: کشتوکاڵی ئۆرگانی واتە گەرانەوە بۆ سروشت.

هەشتەم: كاركردن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی وه‌ك چاره‌سه‌ر.


هەڵوێست کەریم، ئەندامی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون

تێبینی: ئەم کتێبە لە کتێبخانەی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان بەردەستە.

رانانی کتێبەکە لێرە بەردەستە ژنۆلۆژی

سوتانی دارستانەکان و جۆراوجۆری زیندوو...

 *جۆراوجۆری زیندوو یان هەمەچەشنەی زیندوو زۆر بەسادەیی بە واتای جۆراوجۆری هەموو بوونەوەرە زیندووەکان دێت کە لە ناو سروشتدا بوونیان هەیە. هەموو جۆرە جیاوازەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە هاوسەنگ راگرتنی سروشت. هەموو بوونەوەرێکی بچووک و ڕووەک و وردە زیندەوەر رۆڵێک یان ئەرکێکی هەیە، کە کاریگەری لەسەر بوونەوەر و زیندەوەرەکانی دەوروبەری دائەنێت، وەکو مەتەڵێک یان پارچەیەکی یاری پەزڵ وایە  کە هەر پارچەیەک پێویستە بۆ پێکهێنانی کۆی یارییەکە یان کۆی وێنە گەورەکەی کە بە پەزڵ دروستکراوە.


*سیستەمی ئابوری سیاسی و چالاکییەکانی مرۆڤ, کە پەیوەندیدارن بە پەراوەکانی ئەو سیستمەوە هاوسەنگیی سروشتی تێکداوە. ڕووەک و ئاژەڵەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە لە ئەنجامی دارستانبڕین، سوتاندنی دارستانەکان، جەنگ، کشتوکاڵی پیشەسازی...هتد و هەر ئەمانەش جۆراوجۆری زیندوو یان بایۆلۆژی زۆر کەمکردووەتەوە و یان لە ناویبردووە. ئامارەکان ئاماژە بەوە ئەدەن لە سەدا ٧٠ ی جۆراوجۆری زیندوو ئەمرۆ لە جیهاندا لەناوچووە.

*ئاگر ئەو خاک و دارستانانە لە ناوئەبات کە ڕووەک و ئاژەڵەکان تێیدا ئەژین، ئەمەش جۆرەکان ناچار ئەکات کۆچ بکەن، هەندێک جۆری دەگمەن و هەستیار ناتوانن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ڕزگاریان ببێت، ئەمەش ئەبێتە هۆی لەناوچوون لە نیشتمانی خۆی و پاشان کاریگەری بۆ لەناوچون و قڕبوونی جیهانیش هەیە.

*ئێمە ناتوانین بەبێ جۆراوجۆری زیندوو تەندروست بژین! هەروەها جیهانی سروشتی لە ناوئەچێت چونکە لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو ئەبێتە هۆی کاریگەری وێرانکەر لە سەر ئاستی جیهان. لێرەدا چەند نموونەیەک ئەخەینەڕوو کە بۆچی لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو زیانبەخشە بۆ هەموومان:

خواردن:

حەز ئەکەم ڕاهێنانێکی سادە ئەنجام بدەیت و بۆ ماوەی ڕۆژێک ناوی هەموو ئەو جۆرە جیاوازانەی خۆراک و میوە بنووسیت کە ژەمی ڕۆژانەت پێکئەهێنن. هەموو ئەو وردە زیندەوەرانە لەبیر مەکە کە یارمەتیدەرن بوون بۆ گەورەبوونی خۆراکەکەت واتە گشت وردە زیندەوەرانەی هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ ئەوەی خاکەکەی من و تۆ تەندروست بێت، ئەو هەنگانەی بەشدارن لە سەوزکردنی لە سەدا هەشتای زەوی، ئەو کرمە سورانەی زەویمان بۆ بەپیت ئەکەن، ئەو باڵندانەی کە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی مێرووەکان ئەدەن.

هەوا و ئاو و ژینگەی پاک:

سروشت و جۆراوجۆری بایۆلۆژی رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاک ڕاگرتنی هەوا و ئاو، ئەوان یارمەتیدەرن بۆ فلتەرکردن و نەهێشتنی ژەهرەکان، بە باشترین شێوە هەم هەوا و هەم ئاو پاک ئەکەنەوە. بۆ کێ؟ بۆ ئێمە!!

تەندروستی:

جۆراوجۆری زیندوو بەشدارییەکی گەورە ئەکات لە پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونمان لە چەندین ئاستی جیاوازدا. هەرچەندە هەندێک دەرمان لەوانەیە هەمان کارت بۆ بکات، بەڵام زۆرێک لە دەرمانە ڕزگارکەرەکانی ژیان لە جۆراوجۆری زیندووەوە وەرگیراون.


*لێرەدا ئەمەوێ بپرسم، لە تەختکردنی شاخی گۆیژە، بەتاڵانفرۆشتنی سەرچنار، سوتانی ٨ رۆژەی شاخی بەمۆ، تەقاندنەوەی شاخەکانی کوردستان بۆ کانە بەردەکان رۆژانە چ جۆرێک و بەبڕی لەسەدا چەند لە جۆراوجۆری یان هەمەچەشنەی زیندوو لە دەست ئەدەین؟؟ ئایا ئێمە ئەزانین چیمان هەیە تا ئاماری لەدەستچووەکانمان هەبێت؟؟

*بۆ هەمیشە ئەو قسەیەم لەبیرە کە ئەیانوت گۆیژە چڵە گیایەکی پێوە نییە، بۆ نەیکەن بە یەکەی نیشتەجێ بوون؟؟ ئەیانووت ئەو شاخە ڕوتەنە چ سودێکی هەیە؟؟ ئەم پرسیارانە بێئاگایی ئەو بەرێزانە نیشان ئەدات دەربارەی ئەو سروشتەی جمەی دێت لە ژیان ئەگەر مرۆڤ تێکی نەدات.


مانای ژیانم

*بیرەوەریی ژنێکە لە دەورانی کۆماری کوردستاندا، بیرەوەریی یای کوبرای عەزیمی بە زمانێکی پاراوی کوردی، ورد و پڕ پڕ وردەکاریی دەربارەی جل و بەرگ، مامەڵە و گفتوگۆ، بەرپەرچ و کاردانەوەی کۆمەڵگە دەربارەی هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی، بەرەنگاریی و هەڵوێستی جوامێرانەی کوردانی رۆژهەڵات لە دەورانی شا، راگەیاندنی کۆماری کوردستان و شکست پێهێنانی. 



هەڵوێست و جێگیری بیرورای یای کوبرا هەر لە سەرەتایی ژیانی و نوسینی یادەوەریی و تا کۆتایی ژیانی ئەم خاتوونە تێکۆشەرە جێی شانازیی و بەهێزی کەسایەتی ئەوە.


*یای کوبرا لە بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا ئەنوسێت من کەسێکی سیاسی نیم و لە سیاسەت نازانم، لێرەدا من هاوڕانیم لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەی یای کوبرا چونکە:


-وەک مامۆستایەک منداڵی کوردی فێری نوسین و خوێندەواری کردووە و وەک کوردێک گۆشی کردوون.


-لە بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا بیروبۆچونی تایبەت بە خۆی هەبووە و لێکدانەوەی خۆی هەبووە سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەرو دیفاکتۆی کورد لە پشت بەستن بە وڵاتی داگیرکەر .


-یادەوەریی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە، روداوەکانی ئێستەی لەگەڵ ڕابوردو گرێداوە.


-ڕەخنەی توندی لە شەڕی براکوژی و کوردکوژی گرتووە.


-وەک دایکێک تێکۆشەر پشتگیری منداڵەکانی کردوە کە بەشداری خەباتی نهێنی و چەکدارییان کردووە و کوڕە گەورەکەی و هاوژینی کورەکەی لە سێدارە ئەدرێن.


*زۆر بابەتی دیکە هەیە ئاماژەی پێبدەم یەکێک لەوانە ئەوەیە دوای ئەوەی یای کوبرا بە ناچاری و بەهۆی ستەمکاریی رژێمی ئاخوندەی ئێران دەرواتە سوید و لەوێ ئەژی دەم و دەست تێکەڵی ژیانی ئەوێ ئەبێت و زۆر هەوڵی فێربوونی زمان ئەدات.


*کۆتا خاڵ ئەم خاتوونە نەبەرد و جوامێرە شعری زۆری ئەزبەربوە و لە بارودۆخی تایبەتدا و لەنێو دێرەکانی یادەوەرییکانیدا نوسوێتی.

 


خوێندنەوەیەکی زۆر کورت بۆ کتێبی کوبرای عەزیمی

- ئامادەکردنی: سیمینی ئیفتخاری


- کتێبەکە چاپکراوی ماڵی وەفاییە و بە سوپاسەوە وێنەکەشم هەر لە ماڵی وەفایی وەرگرتووە.

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...