کۆمەڵگەی دوای زانیاری

 لە کاتی خوێندنەوەی کتێبی (کۆمەڵگەی دوای زانیاری، کاریگەریی چوارەمین شۆڕشی پیشەسازی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، نوسینی د.ئیهاب خەلیفە، وەرگێڕانی نەوزاد عومەر)، چەندین سەرنج و پرسیار لەلام دروست بوون حەز ئەکەم لەگەڵ ئێوەش بەشی بکەم. 


*هەمیشە کورد وتویەتی چیاکان دۆستمانن، لە قۆناغی پێنجەمی شۆڕشی پیشەسازیی بوونی کورد و شوناسەکەی، ئەمنی قەومی چی لێ بەسەردێت؟

*ئەگەر لە رابووردوو و ئێستەشدا بوونی چەکی ئەتۆمی بە سەقامگیری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دابنرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا زیرەکی دەستکرد ئەو سەقامگیرییە دەستەبەر دەکات، بەڵام ئایا دایکە زەوی و سروشت لە هەردوو قۆناغەکەدا زەرەرمەندی یەکەم نین؟ پاشان مرۆڤ؟ 

*سیستەمی سەرمایەداری پیاسالاریی جەستەی ژنی کردووە بە کاڵا و هەر رۆژە و بەجۆرێک لە بازارە گەورەکەی جیهاندا بازرگانی پێوە ئەکات و کرین و فرۆشتنی پێوە ئەکات..ئایا لە کۆمەڵگەی دوای زانیاریدا ژن و جەستەی ژن چۆن مامەڵەی پێوە ئەکرێت؟

*لە ساڵی ٢٠٣٠ دا ٣٠٠٠ رۆبۆت ئەخرێتە بازاڕەوە بێکاری و هەژاری لە جیهاندا ئەگاتە چ ئاستێک؟ 

*مرۆڤی سایبۆرگ چی بەسەر شارستانیەتی مرۆڤی بایەلۆژیدا ئەهێنێت؟

*کاتێک چیپی زیرەک لە جەستە و ئەقڵی مرۆڤدا ئەچێنرێت بە ئامانجی بەزرکردنەوەی ئاستی زیرەکی مرۆڤ، ئایا سۆز و هەست و دەرون و لایەنی رۆحی مرۆڤ چی لێبەسەردێت؟ ئایا ئەقڵ و لۆجیک تەواو دەست بەسەر مرۆڤی بایەلۆژیدا ئەگرێت؟

*یەکێک لە داهێنانەکانی ئەم شۆرشە پرنتەری ٤ رەهەندییە کە توانای پرنتکردنی هەموو شتێکی هەیە، بۆ نموونە چەک، ماددەی هۆشبەر هەرشتێکی دیکە کە تۆ بە خەیاڵتدا بێت..تا ئێستە هیچ یاسایەک نییە لە جیهاندا لە ئەگەری رودانی هەر تاوانێک کە لەم داهێنانەوە رودەدات.

*لە ماوەی رابوردودا و لە چاوپێکەوتنێکی یوڤال هەراری وتی ئێمە پێمان وایە ئێستە زیرەی دەستکرد لە ترۆپکایە، بەڵام ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە جاری هیچمان لەم زیرەکییە نەبینیەوە، ئەوەی کە بەڕێوەیە پێشبینی نەکراوە بۆ مرۆڤ.

*تا ئیستە مرۆڤ ئەو شانازییە بەسەر ئەندامەکانی دیکەی زەویدا دەکات و لوتبەرزی ئەو گەیشتۆتە ئاستێک کە بریاردەری ئەم زەوییە تەنانەت کۆمەڵێکی زۆر کەم لە مرۆڤ، چەند کۆمپیانییەکی کەم بریاردەری بازاڕن و ژیانی ئیمە دیاری ئەکەن...ئەی کاتێک رۆبۆت لەم مرۆڤە لوتبەرزە هەڵگەرایەوە و رۆبۆت مرۆڤی کۆنترۆلکرد، مرۆڤ چی ئەکات؟ چارەسەری چییە بۆ بەناو داهێنان و پێشکەوتنێک کە بە درێژایی شۆڕشەکان زەوی و سەرچاوەکانی زەوی بۆ وێران کرد و ئێستە و داهاتوش خۆی دەرەقەی نایەت و دوور نییە مرۆڤ و زەویش بەرەو لە ناو چوون ببات.

*بنەمای شۆرشە پیشەسازییەکان سیستەمی سەرمایەداری و نیولیبڕالە هەر بۆیە بوونی بۆمبی ئەتۆمی و زیرەکی دەستکرد بە سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەییەوە پەیوەست دەکات..دواجار لە ناوچونی زەوی و مرۆڤ بۆ ئەو گرنگ نییە.

*دوا پرسیارم بۆ ئێستە ئەوەیە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شۆڕشانە بکەین؟ 

لە کۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵیم کە شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازیی مرۆڤە خوایەک لەسەر عەرشی شۆڕشەکە دائەنێت و ئەوەی پێی بوترێت بەهاو و مۆڕاڵ لەو سەردەمەدا نامێنێت، چونکە تاکە ئامانج قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە.

لێرەدا کۆرەکەی ئەمرۆی رێکخراوی ئازادبوون لەگەڵ بەستەری سێ زنجیرەی بەرنامەی هۆشی ئازاد دادەنێم، دەرباری ئەم پرسە  هاورێمان ئاراس گوڵزار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاک نەوزاد عومەر ئەنجام داوە. کۆرەکەی ئازادبوون و ئەم سێ زنجیرەیە ناساندنێکی باشە بۆ ئەو بەرێزانەی دەرفەتی دەسخستنی کتێبەکەیان نییە.

زنجیرەی یەکەم:

https://youtu.be/stybaX5x_so

زنجیرەی دووەم:

https://youtu.be/_ZxAWB81ldk

زنجیرەی سێیەم:

https://youtu.be/rhu4PBO6EZo


کۆری کۆمەڵگەی دوای زانیاری

دەستی ماندوو لە سەر سکی تێرە...

ئەم ئێوارەیە داپیران و باپیرانی ئێمە بە زمانێکی سادە و پڕ مانا باسی کەلەپوری کشتوکاڵی سروشتییان بۆ کردین، باسی ئیرادەی ژن و پیاوی گوند و ئەم کۆمەڵگەیەیان بۆ کردین...



 ئەو جوتیارە ڕەسەنە بە ئیرادانە ئێستەش ماون و خەریکی  پاراستنی کەلەپوری کشتوکاڵی، پاراستنی تۆو و دروستکردنی ئابووری خۆبژێوین، ئەوان چاوەرێی بەرهەمی خۆراکی پیشەسازی نین و چنگیان لە زەوی گیرکردووە و هەمەچەشنەیی زیندەوەر ئەپارێزن. پێویستە ئێمە بەڵێ هەر یەکێک لە ئێمە خاوەنداریی لە رەنجی جوتیاران بکەین و بەرهەمی ئەو جوتیارانە بکرین کە کشتوکاڵی سروشتی ئەنجام دەدەن.

داپیران و باپیرانی ئێمە لە فێڵی سیستەمی سەرمایەداری تێگەیشتوون و بەرەنگاریی ئەکەن، خاک و نیشتمان ئەپارێزن و ئەسپەردەیی نەوەکانی داهاتووی ئەکەن. پێویستە خۆشەویستی نیشتمان لە کردارەکانتا رەنگ بداتەوە، پێویستە ئەو فکر و مەبدەئەی خاوەنداری لێ ئەکەیت ئاوا لە کردارەکانتا رەنگ بداتەوە دەنا هەر بەو دەردە ئەچین کە ئێستە ئێمەی تێدا دەژین..

سوپاس و پێزانین بۆ د.شنە شەریف و کاک سەنگەر عەبدوڵڵا و هاورێکانیان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە، ئەوان زۆر ماندوو بوون بەڵام کارێکی مەزنیان ئەنجام داوە...

کێشەی ئیکۆلۆژی لە باشوری کوردستان

لە باشوری کوردستان کێشە و قەیرانەکانی ژینگە زۆرن بەشێکیان پەیوەستە بەو سیستەمە سەرمایەدارییە پیاوسالارییەی ئەمرۆ جیهان بەرێوە دەبات و بەشێکیان پەیوەستە بە نەبوونی بەرنامە و بەڕێوبردنێکی باش بۆ سەرچاوە و رەگەزەکانی سروشت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان. و لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لەو کێشە و قەیرانانە دەدەین:



١-ئیکۆساید: لە ساڵی هەشتاکاندا و لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسی ئیکۆسایدی باشوری کوردستان کرا بەتایبەت لە هەڵمەتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خاپورکردنی نزیکەی ٤ هەزار گوند. لە دوای راپەرین و لە نەوەدەکانەوە ئیکۆساید لە لایەن سەرکردەی حزبەکانی باشورەوە دەستی پێکرد، هاوینەوار و شاخ و داخیان داگیرکرد، هاوینەهەوار و شوێنی حەوانەیان بۆ خۆیان دروست کرد یان حزبیان لێ دامەزراند و یان کردیان بە جێنزرگەی سەرکردەی حزبەکان. لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا کە بووە بە پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، حکومەت مۆڵەتی بە کۆمپانیاکان داوە ئەوانیش شاخەکانیان تەخت کرد و یەکەی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروست کرد وەک شاخی گۆیژە، شاخەکانی قەزای بازیان و پێنجوێن لە لایەن کارگەی چیمەنتۆ و کانە بەردەکان دەتەقێنرێنەوە، له‌ سنوورى قه‌زاى پشده‌ر چه‌ند كارگه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌ ده‌رهێنانى به‌رد لە زنجیرە چیای (مامەندە) کردووە. پێنج کانە بەرد لە قەزاى دەربەندیخان کاردەکەن و لە دڵی دارستانەکانی دەربەندیخاندا شاخەکان دەتەقێننەوە. لە هەمان کاتدا تۆببارانی گوند، سەرسنور و سەیرانگاکانی باشور بەردەوامە و شاخ، چیاو دارستانەکان لە لایەن تورکیا و ئێران بۆمباران دەکرێت.

٢-کۆچی ژینگەیی: بەهۆی  گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی بە بیابان بوون ماوەی دە ساڵە کۆچکردن لە ناوەڕاست و باشوری عیراق بەرەو باشوری کوردستان دەستی پێکردووە. باشور روبەرووی گۆڕانی دیمۆگرافی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا، قوتابخانە و رێگاوبان دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا لە باشوری کوردستان بە تایبەت لە گەرمیان پلەی یەکی بە بیابان بوون دەستی پێکردووە.

٣-گۆڕینی رەگەزی خاک: رەگەزی سەدەها پارچە زەوی کشتوکاڵی گۆڕدراون بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان. ئەم زەوییانە لە لایەن حکومەتەوە بە بڕەپارەیەکی رەمزیی دراون بە بازرگانان و زۆربەی ئەو پرۆژانە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ هیچ باجێک نادەن بە حکومەت.

٤-سەرچاوە سروشتییەكان بەبێ ڕەچاوكردنی ئەگەری نوێبوونەوەیان دەردەهێنرێن، کۆمپیانیاکانی نەوت و گاز گرێبەستی دە ساڵیی و  ٥٠ ساڵیان هەیە. سەدەها پاڵاوتگەی نەوتی نافەرمی هەن و رۆژانە نەوت دەردەهێنن و لە رێی ئوتومبیلی بارهەڵگرەوە نەوت ئەگوێزنەوە کە لە کاتی وەرگەراندا مەترسی مرۆیی و گیان لە دەستدان و ئاگرکەوتنەوە لە هەمان کاتدا مەترسیی لە سەر لەناوبردنی رەگەزەکانی سروشت دروست ئەکات.

٥-گیا لەسەر بنجی خۆی ناڕوێتەوە: بەبۆنەی پراکتیزەکردنی کشتوکاڵی پیشەسازی و بەکارهێنانی تۆوی دەستکرد، پەینی کیمیایی و قڕکەری کشتوکاڵی خاکی باشوری کوردستان بەرەو لەناوچوون دەبات. بەپێی ئەو بەدواداچونانەی ئەنجاممانداوە خراپترین و هەرزانترین جۆری پەینی کیمیایی لە بازارەکاندا دەفرۆشرێت. دەتوانین بڵێین لە ٨٠% تۆۆی رەسەن و بنەتۆومان لە دەستداوە، ئاوی ژێرزەوی پێنجوێن بە هۆکاری بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و قڕکەری کشتوکاڵی ژەهراوی بووە.

٦-بەنداوەکان: وشکبوونی دەریا و دەریاچەکان بەهۆی ئەو بەنداوانەی کە وڵاتانی داگیرکەر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان دروستییان کردووە بەتایبەت وشکبوونی دەریاچەی ئەڵوەن و سیروان. لە ناو گوند و شار و شارۆچکەکانیش بە بێ بەرنامە ئاوی ژێر زەوی بەکارهاتووە و ژمارەیەک بیری زۆر لێدراون هەربۆیە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ماوەی (20) ساڵدا (500) مەتر دابەزیوە. لە هەرێمی کوردستان تاساڵی ٢٠٢٢  لە ڕێگەی (50,257) بیرەوە ئاو لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت.

٧-نەبونی کارگەی ریسایکڵکردنەوەی خۆڵ و خاشاک: خاشاکی خەڵک، پیشەسازی، و پزیشکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ فرێدەدرێتە سەرزەوی یان ئەسوتێنرێت.

حکومەت خاوەنداری لە پرسە ژینگەییەکان ناکات لە بەرامبەردا ئاستی هۆشیاری خەڵک لە ئاستێکی بەرزدا نییە. رێکخراوە ژینگەییەکان، چالاکوانان و خەمخۆرانی ئیکۆلۆژی هەوڵی جدی دەدەن بەڵام کێشەو قەیرانە ژینگەییەکان زۆرن و پێوویستی بە هاودەنگی خەڵکە کە خاوەنداریی جدی لێبکەن. 


تێبینی: 

لە هەواڵنامەی رێپاک، مانگی پێنجدا گرفتە ئیکۆلۆژییەکانی چوار پارچەی کوردستان ڕووماڵ کراوە و بە ئامانجی خستنە رووی بارودۆخ و چارەسەرەکان لە ڕوانگەی ژنانەوە. منیش هەوڵمداوە باس لە باشوری کوردستان بکەم، سوپاس و دەست خۆشی بۆ ئەو بەرێزانەی ماندوو بوون لەگەڵ  ئەم هەواڵنامەیە کە بە زمانی کوردی سۆرانی و کرمانجی، عەرەبی و ئینگلیزیش بڵاو ئەکرێتەوە.

*هەواڵنامەی رێپاک کوردی سۆرانی لێرە بەردەستە رێپاک کوردی سۆرانی

*هەواڵنامەی رێپاک کوردی کرمانجی لێرە بەردەستە رێپاک کوردی کرمانجی

*هەواڵنامە رێپاک بە زمانی ئینگلیزی لێرە بەردەستە رێپاک بە زمانی ئینگلیزی.


رۆژی جیهانی منداڵان...

 *دەم و چاوی لەبەر هەتاو رەش هەڵگەرابوو، چاوەکانی بێئومێدییان لێ ئەچۆڕا. برژانگەکانی لە خۆڵدا سپی ببون، جلەکانی لە خۆڵ هەڵکێشرابوون و رەنگیان پێوە نەمابوو. زەردەیەک لەسەر لێوەکانی بوو وەک ئەوەی گاڵتەی بە هەموو دنیا بێت. هەردوو دەستی بردبۆ پشتەوە و لەسەر کەلەکەی داینابوو، جار جار لەگەل قسەکانیدا شانەکانی ئەجوڵاند. 

هاوڕێیەکی لە تەنیشتییەوە وەستا بوو، دەستێکی خستە سەرشانی و وتی ئەم پیاوە لەم خۆڵ و خاشاکەدا گەورە بوو، ئەم پیاوە لە ٤ ساڵییەوە لێرە ژیاوە و گەورە بووە.


منیش بەسەر سورمانەوە روم تێکرد و وتم چەند ساڵە لێرە کار ئەکەیت لە وەڵامدا وتی من لە ناو ئەم خۆڵ و خاشاکەدا گەورە بووم.....من تەمەنم چوار ساڵ بوو دایکم لێرە كارتۆن و پلاستیکی لە ناو ئەم خۆڵ و خاشاکەدا کۆدەکردەوە و دواتر ئەیفرۆشتەوە...ئەو درێژەی بە قسەکانی داو وتی مەبەستم لە سالی ٢٠٠٣ یە، باوکم مردبوو، کەس نەبوو کارمان بۆ بکات، تەنانەت کەس نەبو لە مالەوە ئاگای لە من بێت بۆیە دایکم منی ئەخستە ناو کارتۆنێکی مقەبا و منی لە نزیکی خۆی دائەنا ئەیوت با چاوم لێی بێت و خۆشی خەریکی جیاکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بوو.

*ئەو چەند دێڕەی سەرەوەی چیرۆکی مناڵێکە لەو سەدان مناڵەی لە ناو خۆڵ و خاشاکی ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ گەورە بووە پار لە سەردانیکماندا (تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون لە مانگی ٨ ی ٢٠٢٤)، لە رۆژێکی گەرمی مانگی هەشتدا دواندم..جا هەر لەو کاتەدا لە بیری هەندێک نوسەر و رۆشنبیر بووم کە باسی جادە جوانەکانی توی مەلیک و سەهۆڵەکە ئەکەن و ئاورێک لەو ناشرینی و قەباحەتانەی تانجەرۆ، کارگەکانی بازیان، کانی قرژاڵەی هەولێر، کانە بەردەکانی دەربەندیخان و پینجوین نادەنەوە هەر ئەڵێی چاوی ئەوان تەنیا جوانییەکانی دەسەڵات ئەبینێت.

*دایک و باوکی بەرێز حەز ئەکەم ئەمشەو چەند پرسیارێک لە خۆت بکەیت لەوانە:

١-ئایا دەساڵ یان پانزە ساڵی دیکە ئاوی خواردنەوەی پاکت دەست ئەکەوێت بۆ منداڵەکانت؟

٢-ئایا ٥ ساڵی کە منداڵەکانت هەوای پاکژ هەڵئەمژن؟

٣-ئایا ئێستە خواردنی سروشتی و ئۆرگانیکت بۆ منداڵەکانت دەست ئەکەوێت؟

٤-چۆن ئەتوانی زامنی تەندروستی مێشک و دەرونی منداڵەکەت بکەیت لەگەل ئەوەی ئاوی پاک، خواردنی تەندروست و هەوای پاکت نییە هەلیمژیت؟

*پێوویستە دایکان و باوکان بیرکردنەوەیان دەربارەی دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ منداڵەکانیان بگۆڕن، لە پاڵ خەمی خوێندنگەی باش بیر لە ژینگەیەکی تەندروست و ئاو و هەوایەکی پاکژ و خواردنێکی تەندروست بکەنەوە بۆ منداڵەکانیان.


تێبینی/ 

یەکەم: ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ زەوی کشتوکاڵی بووە، پێشتر نزیک بە ١٠٠٠ ماڵ تێیدا ژیاوە، ئەم ناوچەیە کۆمپانیا و پاڵاوتگەی نایاسایی هەیە و حکومەت و هەموو لایەکی پەیوەندیدار ئاگادارن.

دووەم: ئەو وێنانەی لێرە دامناوە لە ٢٠١٦/٨/٢٥ لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تانجەرۆ چرکاندوومن.




پێشەکی بۆ کتێبی ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆیت بە ژەهر گەورەکراوە

لە ساڵی ١٩٧٠ نۆرمان بۆرلاگ بەهۆی بەشدارییەکانی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی خۆراک لە سەر ئاستی جیهان و کارەکانی لە بواری شۆڕشی سەوز و کشتوکاڵی پیشەسازیدا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت. کارەکانی بۆرلاگ و ئەو تۆوە پەرجووییەی کە بۆرلاگ دروستی کردبوو، وەک سەرچاوەی زۆری بەرهەمی خۆراک و ئاشتی نوێ بۆ هەموو جیهان، سەیر دەکرا.

کشتوکاڵیی پیشەسازی وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ لەناوبردنی برسێتی لە جیهان و مژدەبەخشێک بۆ بەرهەمێنای خۆراکی زۆر، پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت. ئەم کشتوکاڵە توانای بەرهەمهێنانی ٢٥٪ خۆراکی هەیە، لە کاتێکدا لە ٧٥٪ی سەرچاوەکانی زەویی بەکار دەهێنێت و سروشتی خاک و ئاویش دەشێوێنێت، هەروەها لە هەمان کاتدا هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و تۆوی ڕەسەن و کشتوکاڵی نەریتی و ئەو ئابوورییە ناوخۆییەی لەناو بردووە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی کشتوکاڵی نەریتی دروست بووە.




کشتوکاڵی پیشەسازی وەک دەرکەوتەی یان پەراوەی شۆڕشی سەوز؛ وردتر بڵێین  وەک دەرکەوتەی سیستەمی سەرمایەداری، خۆراکی کرد بە کاڵا بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەرەیەکی گەورەشی بۆ دروست کرد، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک ئامانجی دیکە کرا کە لەم پێشەکییەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئاماژەی پێ بدەین.

کشتوکاڵی پیشەسازیی هەمان تەکنەلۆژیای جەنگەکانی بەکارهێنا. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بۆ گەشەی خێرای بەروبووم و قڕکردنی مێرووەکان بەرهەم دەهێنریت، هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەی نازییەکاندا بەرهەم دەهێنرا. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا کیمیاییەکانەوە سەپێندرا، ئەمەش دروستکردنی بازاڕ بوو بۆ پیشەسازی کیمیایی، مەبەستیش لێی فرۆشتنی ماددە کیمییاییەکانی ئەو کەرەستانە بوو کە بۆ جەنگ دروست کرابوون.

 

شۆڕشی سەوز لە سێ قۆناغ پێک هاتووە:

قۆناغی یەکەم (1940-1960): لەم قۆناغەدا  تۆوی بەرهەمدار و ماددە کیمیاییەکانیان داهێنا.

قۆناغی دووەم (1970-1980): داهێنان و پراکتیکەکانیان بەجیهاندا بڵاوکردەوە؛ بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک مەکسیک و هندستان و وڵاتانی کیشوەری ئاسیا.

قۆناغی سێیەم (1990ەکان-ئێستا): گرنگیدان بە بایۆتەکنەلۆژیا و دەستکاریکردنی جیناتی تۆو و بەرهەمە بۆماوەییە دەستکاریکراوەکان؛ لەهەمان کاتدا جەختکردنەوە لە بەردەوام بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان.

قسەکردن دەربارەی شۆڕشی سەوز فرە رەهەندە و دەکرێت لە رەهەندە ئیکۆلۆژی، ئابووری، سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە گفتوگۆی بکەین. ئەم پێشەکییە تەنها تەماشای یەک ڕەهەند لەو بوارانە ناکات، بەڵکو هەموویان بەشێوەیەکی پێکەوەگرێدراو و هاوبەش شرۆڤە دەکات، چونکە لێکەوتە و قەیرانەکانی ئەو شۆڕشە لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکەشدا کەمتر نەبووە لە ڕەهەندە ئیکۆلۆژییەکەی. ڕەنگە یەکێک لە جوانترین و پڕبەپێستترین پێناسە کە بۆ ئەم شۆڕشە کرابێت، وتەکەی ئیکۆلۆژست و زانای فیزیکی هندی و چالاکوانی سەروەریی خۆراک، دکتۆر ڤاندانا شیڤا بێت کە دەڵێت: شۆڕشی سەوز نە سەوز بوو نە شۆڕش بوو.

ئەم شۆڕشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شێوازەکانی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دانا، لەهەمان کاتدا کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا هەبوو. دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو شۆڕشە لە سەرانسەری وڵاتان و کیشوەرەکاندا جیاوازییەکی بەرچاویان نەبوو، چونکە کۆمەڵێک قەیرانی هاوبەشی دروست کرد. لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی لەسەر ئەزموونی شۆڕشی سەوز دەخەینە ڕوو:

یەکەم: لە هیندستان و مەکسیک شۆڕشی سەوز بووە هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ ماوەیەکی کورت؛ بەتایبەت گەنم و برنج، بەڵام نایەکسانی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا. بۆ نموونە ئەو جووتیارانەی خاوەنی زەوی ڕووبەر فروان و سامان بوون، توانای کڕینی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای نوێیان هەبوو، هەروەها دەیانتوانی تۆو و مێرووکوژ و ئامێرەکانی سیستەمی ئاودێری دابین بکەن، بۆیە ئەوان زۆرترین قازانجیان کرد، لەکاتێکدا جووتیارە هەژارەکان و خاوەنی کێڵگە ڕووبەر بچوکەکەکان، کەمترین بەرهەمیان هەبوو؛ ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا دەبووە هۆی لەدەستدانی کار و نایەکسانی کۆمەڵایەتی زیاتر.

لە کتێبی (توندوتیژی شۆڕشی سەوز)، ڤاندانا شیڤا دەنووسێت: "لە سەرەتای ساڵانی قۆناغی دووەمی شۆڕشی سەوزەوە، هەزاران کەس بوونە قوربانی. دەرکەوت بەهۆی ئەو نایەکسانییەی ئەم شۆڕشە دروستی کرد، ژمارەیەکی زۆر جووتیار کەوتنە ژێر باری قەرزەوە و بە هەزارانی دیکەش بەهۆی ئەوەی توانای دانەوەی قەرزەکانیان نەبوو، پەنایان بردە بەر خۆکوشتن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پەنجاب لە خاکێکی بەپیتوفەڕەوە گۆرا بۆ خاکی نەخۆش و پر ئافات و زەوییەکانی بوون بە بیابان.

دووەم/ لە ڕووە ئیکۆلۆژییەکەیەوە، بەکارهێنانی چڕی پەیین و قڕکەری کیمیایی، بووە هۆی تێکچوونی ئەو خاکەی کە بە سیستەمی پاڵپشتی ژیان دادەنرێت، هەروەها کاریگەری زۆر خراپی لەسەر هەمەچەشنەیی زیندەوەرانیش هەبوو. قەیرانێکی دیکەی ئەم شۆڕشە بووە هۆی دروستکردنی کێشەی کەمئاوی لە زۆر ناوچەی هندستان بەتایبەت پەنجاب، چونکە ئەم کشتوکاڵە ئاوێکی زۆری دەوێت.

سێییەم/ لە ئاسیا، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک چین و فلیپین و ئەندەنوسیا، شۆڕشی سەوز ئاستی سەرکەوتنی کورت خایەن و جیاوازی هەبوو، هەروەها بەرهەمهێنانی خۆراکی زیاد کرد، بەڵام ئاستەنگی ژینگەیی و ئابووریشی دروست کرد؛ بەتایبەتی بۆ جووتیارانی هەژار و خاوەن کێڵگەی بچووک، هەر ئەم شۆڕشەش بوو کە بووە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی جووتیارانی هەژار.

لە لایەکی دیکەوە چەندین توێژینەوە هەن کە ئاماژە بەوە دەدەن خۆراک وەک چەک بۆ داگیرکاری بەکار هاتووە؛ بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی ڤێتنامدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی ستراتیژی سیاسەتی خۆراک و کشتوکاڵی وەک بەشێک لە ستراتیژی سەربازی و سیاسی بەکارهێنا و بە چەندین شێوە خۆراکی وەک "چەک"ێک بۆ لاوازکردنی ڤێتنام بەکار هێنا. هەربۆیە ڤاندانا شیڤا دەڵێت: "کاتێک تۆ چەک دەفرۆشیت، ئەوا سوپاکان کۆنترۆڵ دەکەیت؛ خۆراکیش چەکە و کاتێک خۆراک کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ئاوا کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ دەکەیت؛ بەڵام  کاتێک تۆو کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ژیان لەسەر زەوی کۆنتڕۆڵ دەکەیت.

نیک کالاتەر مێژوونووسێکی ئەمریکییە، توێژینەوە و کتێبەکانی دەربارەی مێژووی جیهانی گەشەپێدانی کشتوکاڵە و گرنگی بە پەیوەندی شۆڕشی سەوز و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدات و بەشدارییەکی بەرچاوی لە لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆراک و زانستی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کردووە. نیک لە کتێبی (جیهانی برسی، شەڕی جەنگی ساردی ئەمریکا دژ بە هەژاریی لە ئاسیا)، ئاماژە بەوە دەدات کە خۆراک ڕەگەزێکی گرنگ بوو لە جەنگی سارد بەرامبەر بە ئاسیا و تواندنەوەی شۆڕشە چەپخوازەکان؛ شۆڕشی سەوز لە گوندەکاندا خەڵکیان فێری رێگەی نوێی بەرهەمهێنانی خۆراک کرد، گوندەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوە، تراکتۆر و ئامرازی دیکەی بەرهەمهێنانیان پێ فرۆشتن، ماددەی کیمیایی و تۆوی دروستکراویان پێ فرۆشتن. ئەم "شۆڕشە سەوزە" شانازیی بە ڕێگریکردن لە برسێتیەکانی ماڵتوس و ڕزگارکردنی ژیانی ملیارەها کەس و دەستپێکردنی بوژانەوەی ئابووری ئاسیا دەکات، بەڵام ئەم چیرۆکە سەرکەوتووە زانستییە، ستراتیژی سیاسیی نیو سەدە لە بەرزاییەکانی ئەفغانستانەوە تا دەگاتە برنجی دێڵتای میکۆنگ دەشارێتەوە کە هەڵمەتێک بوو بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە گوندنشینەکان، ئەمەشی لە رێگەی گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە شێوازی نەریتیی و سروشتیەوە بۆ شێوازی پیشەسازی، کرد.

لە کاتێکدا تیۆری برسێتی ماڵتۆس پێشبینی داهاتوویەکی دەکرد کە گەشەی دانیشتووان لە بەرهەمهێنانی خۆراک زیاتر بێت، شۆڕشی سەوز بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک لەو نیگەرانیانەی کەم کردەوە بەڵام قەیرانی بەردەوامی برسێتی لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەوە نیشان دەدات کە نیگەرانی بنەڕەتی ماڵتۆس سەبارەت بە سنووری بەرهەمهێنانی خۆراک، هێشتا هەر ماوە. شۆڕشی سەوز نەک کێشە ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە قووڵانەی چاەسەر نەکرد کە بوونەتە هۆی برسێتی، بەڵکو قەیرانی قووڵتری لە کۆمەلگەکاندا خوڵقاند.

لیرەدا دەمەوێ سەرنجی ئێوە ڕابکێشم بۆ رێگە چارەسەری ئەو شۆڕشەی کە ماڵوێرانییەکی زۆری بەسەر سروشت و کۆمەڵگەکاندا هێنا، تاوەکو بتوانین بیر لە چارەسەر و کاری نوێ بۆ بابەتی سەروەریی خۆراک و تۆو بکەینەوە.

پێویستە زۆر بە گرنگییەوە لەوە بروانین کە تۆڕی ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرانەوە گرێ دراوین. واتە سەروەریی خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە هاوئافراندن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیان. سەروەریی خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی هەموو و پێکهێنەر و زیندەوەرانی ناو سروشت؛ سەروەریی خۆراک واتە توانای پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندەوەران و تۆوی “زیندوو”ت هەبێت و ئەو تۆووەی کە خاکەوە وەرگیراوە، بیدەیتەوە بە خاک؛ ئەو تۆوەی سروشتییانە گەشەی کردووە و بەدوورە لە هەموو ماددەیەکی کیمییایی.

سەروەریی خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی جووتیارەکاندا؛ ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لە نێوان جووتیاراندا بەبێ پارە/بەخۆڕایی ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت؛ ئەو تۆوەی *پاتێنت/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە و دەستکاری بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە؛ ئەو تۆوەی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی کشتوکاڵییەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتیی لێ نەکراوە.

سەروەریی خۆراک واتە ئەوەی خۆراکی ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین. ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەروەرییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کشتوکاڵی ژینگەیی و ئۆرگانی.

کشتوکاڵی ژینگەیی واتە تێگەیشتن لەوەی چۆن خاک، ڕووەک/نەمام و هەمەچەشنەیی زیندەوەران بەیەکەوە گرێدراون؛ واتە پاراستنی هەسارەکەمان و دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی. بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی تەندروستی و تەمەنی هەسارەکەمان لە سیستەمی خۆراکدا، تۆو یەکەم بەستەرە لە نیوان ئێمە و زەوی و سروشتدا و بەبێ سەروەریی تۆو، سەروەریی خۆراک بوونی نییە.

ئەم نامیلکەیەی بەردەستتان هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و نیشاندانی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی لە جیهان و هەرێمی کوردستان، دواتریش کارکردنە لەسەر پێشنیازکردنی کۆمەڵێک ڕێگەی چارەسەر. ئەم نامیلکەیە پرۆژەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوونە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری یەک مانگە بە ناونیشانی (ئەو خۆراکەى تۆ دەیخۆیت بەژەهر گەورە کراوە) کە ئامانج لێی دروستکردنی گفتوگۆی زیاتر و گۆرانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمدا.

نامیلکەکە سەرەتا بابەتی لێکەوتەکانی پەیینی لەسەر ئاو، خاک، هەوا و میرووەکان شی دەکاتەوە و پاشان کار لەسەر کۆمەڵێک رێگەچارەسەری وەک: بەکارهێنانی پەیینی سروشتی، گەرانەوە بۆ کشتوکالی نەریتی و ئۆرگانی، كاركردن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی دەکات.

 

 

هەڵوێست کەریم، سەرۆکی رێکخراوی ئازادبوون

بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...