گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزموونی بەرەنگاریی چەپ دەكات خوێندنەوە: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

...... گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزموونی بەرەنگاریی چەپ دەكات


خوێندنەوە: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

بەشی پێنجەم لە ژمارە 1185 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/27


فیلمی هیوا سەرەتایەك بۆ ڕیالیزمێكی تازە – 1970

فیلمی هیوا بەرهەمی دوو ساڵ ژیانی گوینەیە لە کاتی سەربازیدا لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، بەرهەمی چەندین ساڵ کارکردنییەتی لەسەر شەقامەکانی ئەدەنە و ئەستەنبوڵ و ژیان لەگەڵ نەهامەتی جووتیاری گوند و کرێکاری شارەکان. چیرۆکی ئەم فیلمە لە ژیانی خێزانی گوینەیەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە کەسێکە بەناوی جەبار کە ژیانی حەمیدی باوکی گوینەی نمایش دەکات. ئەم فیلمە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە فیلمەکانی گوینەیدا کە لە فیلمی بازاڕییەوە دەبنە فیلمی ئامانجدار. هەروەها ڕۆڵی گوینەی لە کارەکتەرێکی توندوتیژ کە هەمیشە چەکی بەدەستەوە بووە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی ناتوندوتیژ. فیلمی هیوا یەکەم شاکاری ڕاستەقینەیە کە نمایشی هەستی شۆڕشگێڕی و تیڕوانینی چەپی ئەو دەکات کە بۆ چەندان ساڵ لە ناخیدا کۆی کردبۆوە و ڕیالیزمێکی نوی بۆ سینەمای گوینەی دەهێنێت. وەک کاردۆزی ئاماژەی پێ دەدات فیلمی هیوا دەتوانرێت وەک بەردی بناغەی فیلمی ڕیالیزم لە تورکیا و لە سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەژمار بکرێت. لەم فیلمەدا ژیانی سادەترین و هەژارترین مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی تورکیا لە کارەکتەری جەباردا بەرجەستە دەکرێت، کە بە ئومێدی کارکردن گوندەکەی خۆی جێ دەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەدەنە، بەڵام ژیان لەوێ ئەستەم و قورس دەبێت. گوینەی کە خۆی ڕۆڵی جەبار دەبینێت، پێشتر لە گوندەکەیدا بۆ دەرەبەگ کاری کردووە و دواتر لە شاردا کە بە ئەسپێک و عەرەبانەکەیەوە وەستاوە هیچ سەرنشینێک گالیسکەکەی بەکرێ ناگرێت، چونکە هۆکاری گواستنەوەی گشتی هەن کە سەرنشینەکان دەگوێزنەوە. لە دیمەنەکاندا گواستنەوەی توندوتیژی وەک زنجیرەیەکی دانەبڕاو نمایش دەکات کە چۆن سیستەم جەبار دەچەوسێنێتەوە، جەباریش هاوسەرەکەی و لێرەوە هاوسەرەکەی لەگەڵ منداڵەکانی و منداڵەکانیش لەگەڵ یەک و لەگەڵ منداڵانی گەڕەک توندوتیژ دەبن. جەبار توانای شیکردنەوە و تێگەشتنی ئەو واقیعەی نییە کە تێیدا دەژی و توانای تێگەیشتنی لە ڕەمز و سیمبولەکانی سەرمایەداری نییە، بۆیە متمانەی بە هێزی خۆی و هێزی کەسانی دیکەش نییە بۆ گۆڕانکاری و هیچ کاردانەوەیەکی نییە بەرانبەر ئەو دۆخەی کە بەسەریدا دێت، چونکە سیستەم ئەوی دەستەمۆ کردووە. لە بەرانبەردا جەبار تیروپشکی یانسیب دەکڕێت و دوای ماوەیەک دەست بە قومار و دزی کردن دەکات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر دین و خورافات بۆ دۆزینەوەی ئاڵتوون لە ژێر زەویدا و دواجار جەبار تووشی شلەژانی دەروونی دەبێت.



گوینەی دامەزراوەکانی دەوڵەت وەک بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری دەبینێت کە ئەرکی پاراستنی کەمینەیەکی بۆرژوایە کە ئەم ڕوانینەی لەو دیمەنەدا بەرجەستە دەکات، کاتێک جەبار گالیسکەکەی لەلایەن ئۆتۆمبێلی بازرگانێکەوە دەکرێت بەژێرەوە و ئەسپەکەی دەمرێت، کەچی یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ سەرمایەدارەکە ناکات و لەبەرانبەردا پۆلیس سوکایەتی بە جەبار دەکات. ئەم دیمەنە دوو تێگەیشتنی باو و دروستکراو نمایش دەکات کە ئەوانیش، جەبار جووتیارێکی نەخوێندەواری چڵکنە، کەسێک کە سوودی بۆ کۆمەڵگە نییە و تاوانبارە، بووە بە هێمایەک بۆ نەفامیی و دواکەوتوویی کۆمەڵگە. لە بەرانبەردا سەرمایەدارە تاوانبارەکە بەهرەمەندە، هێمای پێشکەوتن و شارستانیەتە، هەربۆیە جەبار سوکایەتی پێ دەکرێت و سەرمایەدارەکە دەپارێزرێت. گوینەی بۆ یەکەمجار لە ڕۆڵی جەباردا بەرجەستەی کەسایەتییەک دەکات کە لێدان دەخوات و دەمانچەی بەدەستەوەیە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی نابێت. هەموو بەرهەمهێنەران دژی ئەم ڕۆڵە دەوەستن و لە سینەمای شارە گەورەکان ئەم فیلمە نمایش ناکەن، چونکە ئەو ڕۆڵە دەستەمۆیەی گوینەی بە دڵی بینەران نابێت و ناڕۆن بۆ سەیری فیلمەکە.

دەوڵەتی تورکیاش ڕێگری لە نمایشکردنی فیلمی هیوا دەکات و بەو ئامانجە قەدەغەی دەکات کە نەڕواتە دەرەوەی وڵات، چونکە دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی یەکسانی و دادپەروەری دەکات و گوینەی تاوانبار دەکەن کە ئەو فیلمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات. دوای بیست ساڵ لە کۆچی دوایی گوینەی ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە دەدرێت. گوینەی بە دزییەوە لە ساڵی 1971 فیلمی هیوا دەنێرێتە دەرەوە و لە بەشی دەرهێنەرانی فیستیڤاڵی کان نمایش دەکرێت. هیوا دەبێتە یەکەم فیلمی سینەمای تورکی کە بۆ چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا لە فیستیڤاڵە جیاوازەکاندا نمایش بکرێت. نمایشکردنی ئەم فیلمە لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا گوینەی ڕاپێچی بەردەم دادگا دەکات و لە ساڵی 1973 چەندین جار ئامادەی بەردەم دادگا دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆی دروست کراوە


فیلمەکانی دوای دووەم جار لە زیندان....

تەنیا هەفتەیەک دوای ئازادبوونی لە زیندان، گوینەی دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمی هاوڕێ لە ساڵی 1974، فیلمێک کە ئەنجامی گۆڕانی فکری و کەسایەتی ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی زینداندا. هەروەک خۆی ئاماژەی پێدەدات و دەنووسێت: "فیلمی هاوڕێ بەرهەمی ساڵانی زیندانمە. ڕەنگدانەوەی ئەو تێڕوانینەیە کە لە زینداندا کۆمکردوونەتەوە". لەم فیلمەدا نمایشی دوو کەسایەتی جیاواز دەکات کە ئەوانیش ئازێم و جەماڵن و هەردووکیان دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکتری سەردەمی زانکۆ بوون. 

جەماڵ نمایشی کەسایەتی گوینەی دەکات کە منداڵی بنەماڵەیەکی هەژارە، بەڵام دوای ئەوەی کە دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە کەسێکی لاساییکەرەوەی بۆرژواکان، واتە نمایشی ژیانی گوینەی دەکات بەتایبەت لە ساڵانی شەستەکاندا کە ئەکتەرێکی بەناوبانگ بووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سامانێکی زۆری کۆکردۆتەوە و ئەو سامانەشی لە قومار و خواردنەوەی کحولدا بەفیڕۆ داوە. لەبەرانبەردا ئازێم نمایشی تیڕوانین و فکری گوینەی دەکات کە فکرێکی چەپانە و ناتوندوتیژە. هەر لەم فیلمەدا گوینەی دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە ئازێم بڕوای بە تواناکانی ژن و خۆشەویستی ژن هەیە و پشتگرییان دەکات، بەڵام جەماڵ لەگەڵ ئەوەی کە هاوسەر و کچێکیشی هەیە لە پەیوەندییەکی بەرفراواندایە لەگەڵ ژنانی دیکەدا و بەهەمان شێوە هاوسەرەکەشی پەیوەندی لەگەڵ پیاوانی دیکەدا هەیە. کۆتایی فیلمەکە بە کۆتاییهاتنی پەیوەندی نێوان دوو هاوڕێ کۆتایی دێت، چونکە ئازێم هەوڵی دا کاریگەری لەسەر ژیان و بیرکردنەوەی جەماڵ دابنێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو. گوینەی لە ڕۆڵی ئازێمدا کەسایەتییەکی ناتوندوتیژ نمایش دەکات کە بڕوای بە دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتییانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە پیچەوانەی هەموو ئەو ڕۆڵانەی پێشووتر کە وەک چەتەیەک بە دەمانچە مافەکانی خۆی وەرگرتۆتەوە..


فیلمی (نیگەرانی ) مانیفێستێک بۆ بەرەنگاری 

فیلمی نیگەرانی 1974 لەگەڵ پێنچ چیرۆکی دیکەدا لە زیندان نووسیویەتی وەک مانیفێستێکی کۆمۆنیستی چەپانە تەماشا دەکرێت، لەم فیلمەدا ڕەخنەی توند لە سیستەمی سەرمایەداری، خێڵەکی و ئاغایەتی، کۆمەڵگەی تورکیا وەک کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر، پروپاگەندەی میدیایی، گەشەکردنی کۆمپانیا گەورەکان، تەماحی مرۆڤەکان و خۆپەرستی، نایەکسانی چینایەتی، چەوساندنەوەی هەژاران و جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا گەورەکان، چەوساندنەوەی ژنان، گەندەڵی کۆمەڵگە دەگرێت کە وا لە کارەکتەری سەرەکی ناو فیلمەکە دەکات هیوا لە دەست بدات. جووتیار و کرێکارەکان لە لایەن خاوەن کێڵگە و کۆمپانیاکان بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنرێنەوە و هەر کاتێک کە دەیانەوێت بەرانبەر بە نادادپەروەری یاسا و خاوەن کۆمپانیاکان مان بگرن سەرکەوتوو نابن، چونکە کۆچی بە لێشاوی جووتیارانی دیکە بۆ شارەکان کە ئامادەن بە پارەیەکی کەمتر کاربکەن دەبێتە هۆی شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەوان. لە هەمان کاتدا بەهۆی هاتنی شەپۆڵی مۆدێرنەوە ئەو کرێکارانە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە، چونکە ئامێرێک لە جیاتی دەیان کرێکار کار دەکات و جووتیاری دوێنێ و کرێکارەکەی ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەک لەبەردەمیدا نامێنێتەوە. بەو هۆیەی زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیاکان لەم فیلمەدا کاردەکەن جووتیاری ناوچەکانی ئەناتۆلیای باکووری کوردستانن و گوینەی لە ڕێی ناوی کوردی و پۆشینی جلی کوردی، نمایشی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، موزیک و سەمای کوردی ئاماژە بە کوردبوونی ئەوان دەدات. ئەم فیلمە لە ئەیلوولی 1975 لە فیستیڤاڵی ئەنتالیادا نمایش دەکرێت و چەندین خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵەکە وەک خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەر و باشترین سیناریۆ بەدەست دەهێنێت، بەڵام گوینەی لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکاندا لە زیندان دەبێت.


هەژاری 1975

لەو کاتەی کە گوینەی خەریکی وێنەگرتنی فیلمی نیگەرانی دەبێت، کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی فیلمێکی دیکەش بە ناوی هەژاری، دەکات. لەم فیلمەدا گوینەی سەرنجی لەسەر ژیانی خەڵکی هەژاری ناو شارەکانە کە بەهۆی هەژارییانەوە دەخرێنە زیندان و دوای ئازادکردنیشیان هەژارتر و بێکەستر دەبن. رووداوەکانی فیلمەکە لە دەوری سێ زیندانیدایە کە هەریەکەیان بە هۆی ڕووداوێکەوە نادادپەروەرانە خراونەتە زیندانەوە کە گوینەی خۆی ڕۆڵی یەکێک لەم زیندانیانە دەبینێت. ئەو سێ زیندانییە بە پێچەوانەی هەموو زیندانییەکانی تر نایانەوێت ئازاد ببن، چونکە لە زینداندا خواردن و شوێنی خەوتنیان بۆ دابین کراوە. ئەم سێ هاوڕێیە دوای ئازادبوونیان بۆ ماوەی سێ رۆژ بە برسێتی بە شەقامەکاندا دەگەڕێن، کەسێک نییە یارمەتیان بدات یان کارێکیان پێ بدات، چونکە متمانەیان نەماوە. لەم فیلمەدا گوینەی ئەوە باس دەکات کە چۆن یاسا لە کۆمەڵگەیەکی نایەکساندا مرۆڤەکان دەکات بە تاوانبار و هۆکاری ئەو تاوانانە دەخاتە ئەستۆی کەسانی سەرمایەدار و تیڕوانینی ڕەشبینانەی خۆی بەرانبەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی حەفتاکان نیشان دەدات کە تیایدا مرۆڤەکان بەرەو داڕمانێکی مۆراڵی دەڕۆن. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوینەی ناتوانێت کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی هەردوو فیلمی هەژاری و نیگەرانی تەواو بکات و بۆ سێەم جار زیندانی دەکرێت. هەر بۆیە کاری دەرهێنانی فیلمی نیگەرانی بە شەریف گۆران و فیلمی هەژاری بە ئەتیڤ یەلماز دەسپێرێت. لە ساڵی 1975 لە کاتی نمایشکردنی فیلمی هەژاری لە سینەمایەکی شاری مەراشدا پۆلیسی شارەکە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغە دەکەن و دەست دەگرن بەسەریدا و دەیسووتێنن. بەهەمان شێوە لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکە لە سینەماکانی تورکیادا ئەندامانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکی سەر بە گرووپی گورگە ڕەساسییەکان ئینکاری لە بوونی خەڵکی هەژاری لەم شێوەیە لە تورکیادا دەکەن، تەنانەت لە بینەرەکانیش دەدەن.


 

ماویەتى ...

بەشی پێنجەم لە ژمارە 1185 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/27 بڵاو بۆتەوە ولینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...

 https://en.calameo.com/read/00078301865e706b0d3c8 


لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:


 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24394-2019-08-28-07-58-43


گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەکات خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

 گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەکات

خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

 

به‌شی چواره‌م لە ژمارە 1184 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/20 بڵاو بۆتەوە

 

خۆشەویستى و ناجێگیرى ژیانى تایبەتى گوینەى....


 لە ساڵی 1963 ئەو کاتەی کە گوینەی بۆ تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ کۆنیا دورخراوەتەوە و پاسەوانی یانەیەکی شەوانە ئەکات، لەو یانەیە گۆرانیبێژێک بە ناوی (کان ئونال) ئەناسێت کە بۆ ماوەی 3 ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیان بەردەوام دەبێت . بەرهەمی ئەم پەیوەندییە کچێکە بەناوی (ئەلیف)، بەڵام گوینەی هاوسەرگیری لەگەڵ (ئوناڵ ) ناکات. دوای ئەوەی (نیباهات جیهری ) 19 ساڵ ئەناسێت و عاشقی ئەبێت ئەم پەیوەندییە ئەبێتە هۆى کۆتایهێنان بە پەیوەندی گوینەی لەگەڵ (ئوناَل) و لە ساڵی 1967 (گوینەی و جیهری ) هاوسەرگیری ئەکەن. جیهری کچی خیزانێکی بورژوای ئەستەنبوڵە و لەساڵی 1960 دا بۆ یەکەم جار وەکو شاجوانی وڵاتی تورکیا ناوبانگ دەرئەکات و پاشان ئەبێتە ئەکتەرێکی بەناوبانگ. ئەوان ئاهەنگێکی تایبەت لە بەرزترین نهۆمی تەلاری گەورەی شاری ئەستەنبوڵ، هیلتۆن هۆتیڵدا، ساز ئەکەن." شاژنی جوانی و پادشای ناشیرین هاوسەرگیرییانکرد" ئەم ناو نیشانە دەبێتەوە سەردێڕى زۆربەى رۆژنامە و گۆڤارەکان .گوینەی و جیهری پێکەوە لە چواردە فیلمدا کە لە ساڵانی 1964 بۆ 1968 بەرهەم هێنراون، رۆڵی سەرەکی ئەبینن. لەگەڵ ئەوەی گوینەی ژیانێکی شاهانە ئەژی بەڵام چاوەریی ئەوە لە جیهری ئەکات کە وەک چەپێک بژی. ئەم پەیوەندییەی ئەوان پەیوەندییەکی پر لە کێشە و کارەسات ئەبێت و دوای تەنیا 15 مانگ کۆتای پێ ئەهێنن.

 پێنج مانگ پێش ئەوەی گوینەی هاوسەرگیری لەگەڵ جهیری بکات، ئیلیفی کچی گوینەی و ئوناَل لەدایک ئەبێت. لەگەڵ ئەوەی گوینەی هاوسەرگیری لەگەڵ جهیری ئەکات بەڵام هەمیشە خۆشەویستیەکى تایبەتی بۆ ئیلیف هەیە و تا کۆتایی تەمەنی ئاگای لێی ئەبێت. هەموو ساڵێک لە رۆژی لە دایک بونی ئەلیفدا تەنانەت ئەو ساڵانەش کە لە زینداندایە دیاری بۆ ئەنێرێت. کاتێک لە ساڵی 1982 بۆ ئەوروپا هەڵدێت ئیلیف لەگەڵ خۆی ئەبات و ژیانێکی نوێی بۆ دروست ئەکات. ئەو لە فیلمەکانی (ئامانجی راستەوخۆ و هەڵهاتو) نمایشی دارمانی پەیوەندی نێوان باوک و کچ ئەکات، تەنانەت زۆر کات کۆتاییەکی تراژیدییان بۆ دروست ئەکات.



گوینەی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی 1968 فاتوشی 16 ساڵان ئەناسێت، فاتوش کچی بنەماڵەیەکی ئەلبانی دەوڵەمەندە و پلانی هەیە بۆ خوێندن برواتە ئیتالیا. کاتێک گوینەی چاوی بە فاتوش ئەکەوێت عاشقی ئەبێت و داوای لێ ئەکات هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. فاتوش کە سەرەتا رازی ئەبێت بەڵام لە ژێر فشاری باوکی کوتایی بەم پەیوەندییە ئەهێنێت. بۆ بەدەستهێنانەوەی خۆشەویستی فاتوش، گوینەی بۆ ماوەی یەک ساڵ و هەموو هەفتەیەک نامەیەکی خۆشەویستی بۆ ئەنوسێت. هەربۆیە ئەو کاتەی فاتوش دەبێتە 18 ساڵ بەبێ رەزامەندی خانەوادەکەی و لە ساڵی 1970 دا هاوسەرگیری لەگەڵ گوینەی ئەکات. ئاهەنگەکەیان لە گوندی لالیزاری سەر بە ئەدەنە بە داب و نەریتی کوردی بەرێوە ئەچێت. ژیانی ئەوان پرئەبێت لە نەهامەتیی و زۆربەی ساڵانی تەمەنی هاوسەرگیرییان دور لەیەک ئەژین، لە ماوەی 14 ساڵی هاوسەرگیرییاندا نۆ ساڵ گوینەی لە زیندان ئەبێت و ئەو کاتەش کە لە زیندان نییە سەرقاڵی دەرهینانی فیلمە. خۆشەویستی فاتوش نەخشێکی پۆزەتیڤ و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەسایەتی، ژیانی تایبەتی گوینەی ئەبێت. ئەو کاریگەرییە بە جۆرێکە کە گوینەی ئەبێتە کەسێکی هێمن و تەنانەت تیروانینی بۆ سینەماش ئەگورێت. خۆشەویستی و وەفای فاتوش بۆ گوینەی بەشێوەیەکە هەرکاتێک گوینەی زیندانی ئەکرێت ئەو خانویەک لە نزیک زیندانەکەوە ئەگرێت چاوەروانی ئازادبونی ئەو دەکات وهەمو رۆژانێکی هەینی سەردانی کردووە. لە ماوەی 14 ساڵ ژیانی هاوسەریاندا تەنیا 3 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی ژیاوە، هەربۆیە گوینەی زۆربەی ئەو نوسینانە کە لە زینداندا ئەینوسێت بەم شیوەیە پێشکەشی ئەکات: "بۆ فاتوش: هاورێ و هاوکاری ئازار و شادیم"

 

ئەو فیلمانەی دەرهێنانی بۆ کردوون لەفیلمی فیشەک من نابڕێت تا فیلمی هیوا لە ساڵانی نیوان 1967 بۆ 1970...


لە فیلمەکانی( فیشەک من نابڕێت، ناوی من کەریمە، پیری نوری، سەیدخان، سەربازی، گورگە برسییەکان، پیاوێکی ناشرین و پادە عوسمان)  بەردەوام ئەبێت لە کارکردنی لە ژانرەکانی چەتەیی، ویستران و تاواندا. نمایشی تۆلەسەندنەوە و توندوتیژی ئەکات، چیرۆکی خۆشەویستی تراژیدی، بەسەرهاتی بەرەنگاربونەوەی جوتیار و ئاغا، و دەسەڵاتدارەکان ئەگێرێتەوە. هەروەها تیشک ئەخاتە سەر ئەوەی کە ژنان چۆن ئەبن بە قوربانی لە جەنگی نیوان پیاوەکان، لە جەنگی پاراستنی داب و نەریت، رق و تۆلەسەندنەوە. فیلمی سەید خان ئەبێتە پر بینەرتیرن فیلم لە ساڵی 1968 کە لە ڤیستڤاڵی ئەدەنە خەڵاتی باشترین فیلم و گوینەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر و دەرهێنەر بەدەست ئەهێنێت. گوینەی سەید خان وەک یەکەم کاری راستەقینەی خۆی و وەک سەرەتای بوون بە دەرهێنەر باس ئەکات. هەردوو فیلمی گورگە برسیەکان و پیاوێکی ناشرین لە ساڵی 1969 بەرهەم هاتوون ئەو کاتەی گوینەی مۆڵەتی 3 مانگ لە خزمەتی سەربازی وەرئەگرێت بۆ بەرهەم هێنان و وینەگرتنی ئەو ئەم دوو فیلمە.


ئەوەى لە دەرەوە لە دەستى ئەدات لە زیندان بەدەستى ئەهێنێتەوە.......

 

لە 12 ئازاری 1971 لە تورکیا دا کودەتایەکی سەربازی بە سەرکردایەتی جنەراڵ (میمدو تاگواک) روئەدات و هێز و دەسەڵات ئەکەوێتە ژێر دەستی سوپاوە. ماوەیەک دوای ئەم کودەتایە ئەندامانی پارت و گروپە چەپەکان دەگێرێن و بێسەروشوێن ئەکرێن یان لە زیندان بەند ئەکرێن. بەو هۆیەی گوینەی ماڵەکەی ئەکاتە حەشارگەیەک بۆ هاورێ کۆمۆنیست و چەپەکانی، هەربۆیە بریاری دەستگیرکردنی دەرئەچێت. دواى گەرانێکی زۆر و بی هیوابونی پولیس لە دەستگیرکردنی گوینەی، پولیس فاتۆشی دووگیان دەستبەسەر ئٍەکات و وەک بارمتەیەک بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەکاری ئەهێنێت..دادگا بە تۆمەتی حەشاردانی چەپەکان لە لایەن گوینەی بە دەساڵ زیندانی سزای ئەدات بەڵام تا گوڵانی 1974 لە زینداندا ئەمێنێتەوە دوای ئەوەی کە بەر لێبوردنى گشتی ئەکەوێت و ئازاد ئەبێت. ئەم قۆناغەی ژیانی گوینەی لە زینداندا کاریگەر ئەبێت و تیروانینی بۆ سینەما ئەگورێت، بەجۆرێک لە ساڵانی دواتردا تەنیا فیلمی شۆرشگێرانە بەرهەم ئەهێنێت. ئەو کاتەی گوینەی لە زینداندایە و لە ساڵی 1972 کورەکەی لە دایک ئەبێت کە فاتوش لە خۆشەویستیدا بۆ گوینەی ناوی ئەنێت یەلماز و پاش دوو ساَل و هەر لە زینداندا کورەکەی ئەبینێت. دەسەڵاتدارانی سوپا قەدەغەی نمایشکردنی فیلمەکانی ئەکەن و لەهەمان کاتدا چاودێرییەکی چر دەخەنە سەر میدیا بۆ ئەوەی هەواڵ دەربارەی گوینەی بڵاو نەکرێتەوە. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ناسنامە و مێژووی گوینەی بسرنەوە بەڵام زیندان ئەبێتە قوتابخانەیەک بۆ ئەو شەو و رۆژ کتێب دەخوێنێتەوە . هەروەها دەست ئەکات بە نوسینی چیرۆک بۆ منداڵان و  13 چیرۆک بۆ کورەکەم) ئەنوسێت. زیندان ئەبێتە ئەزمونێکی گەورە بۆ گوینەی کە کەسایەتی راستەقینەی خۆی لە ناو تەنیایی زینداندا بدۆزێتەوە و گەشەی پێ بدات. لەبەر ئەوەی گوینەی بە خیرایی خۆشەویستی زیندانییەکان بەدەست ئەهێنێت و ئەوان وەک رابەرێک لێی ئەروانن، و هەر یەکێکیان چیرۆک و نەهامەتی ژیانی خۆیانیان بۆ ئەگێرینەوە کە ئەبنە ئیلهامی فیلم و سیناریۆکانی گوینەی لە کارەسینەماییەکانى . لەو کاتەی گوینەی لە زیندانە و لە 22 ی ئابی 1972 فیلمی لاوانەوە لە ڤیستسڤاڵی فیلمی ڤینس لە ئیتالیا بەبێ ئامادەبوونی ئەو نمایش ئەکرێت.  لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە گوینەی لە زیندان بووە بەبەردەوامی کەمپین بۆ ئازادرکردنی گوینەی ئەنجام ئەدرێت بەڵام هەمیشە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە رەت ئەکرێتەوە. یەکێک لەو کەمپینانە لەلایەن 163 دەرهێنەر و گەورە هونەرمەندی جیهانی و کەسایەتی وەک ئیلیزابێپ تەیلەر، ریجارد بورتن، ئالیدا ڤالی، کۆستا گاڤراس، ژان لوک گۆدار، جولسن دایسن، تۆنی ریچاردسن، بیتەر بروک، ژان پۆل سارتەر، فرانسیسکۆ رۆسی، ئیلیا کەزان، مارکۆ فیریری، ئاگنا ڤاردا، ژاک دیمی، ژان پیر گۆرین، هینری لانگوا، ئیدگار ریز، ریک ئەخرێت هتد. 

 سەرەتا گوینەی لە زینداندا ڕەخنە لە خۆی ئەگرێت و شیکاریی ئەو سەردەمەی خۆی ئەکات کە چۆن لە کوڕێکی هەژارەوە ئەبێتە دەرهێنەرێکی دەوڵەمەند و لە چینێکی هەژاری خوارەوە بۆ چینێکی بۆرژوا، بازئەدات. ئەوەی کەسایەتی گوینەی بەهادار ئەکات ئەوەیە کە خۆی ڕەخنە لە خۆی ئەگرێت و باس لەوە ئەکات کە چۆن ناوەرۆکی خۆی بیرچۆتەوە و زۆر روکەشانە ژیاوە. کەسایەتی گوینەی لە زینداندا ئەبێت بە کەسێکی ئارام و هێمن، زۆربەی کاتەکانی بۆ نوسینی ڕۆمان، چیرۆک، سیناریۆی فیلمەکانی داهاتوی تەرخان ئەکات. لەهەمان کاتدا رەخنە لە کارە سینەماییەکانی خۆی ئەگرێت کە وەک ئەکتەر رۆڵی لە فلمی بازاریدا بینیوە. گوینەی بەردەوام ئەبێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ خۆیدا و باس لەوە ئەکات کە وای زانیووە چەپ بووە بەڵام راستییەکە ئەوەبووە کە ئەکتەرێکی بە ناوبانگ بووە و ژیانێکی بۆرژواییانە ژیاوە . رەخنە لە خۆی ئەگرێت کە ئەوە روودا و سیناریۆیانەی لە فیلمەکانیدا نمایشی کردووە کە هەمیشە وینای خەڵکانی هەژار و چەوساوەی کردووە، هەمیشە باسی فکری مارکسیزم و کۆمۆنیزمی بۆ هاورێکانی کردووە بەڵام خۆی تەواو پیچەوانەی فیلم و سیناریۆکانی بوون یان تەواو پێچەوانەی پرنسیپەفکرییەکانى بووە کە ئەو بانگەشەی بۆ کردووە. هەربۆیە گوینەی زیندان ئەکاتە شوینێک بۆ دروستکردنەوەی کەسایەتی خۆی و هەمیشەش پەشیمانی خۆی نیشان ئەدات بۆ ئەو زیادەرۆیی و سەرکێشیانەی کردویەتی لە خواردنەوە و بەکارهێنانی چەک و پەیوەندی توندوتیژ و سەرکێشییەکانى لەگەڵ ژناندا. هەربۆیە گوینەی خۆی ئەڵێت "من بە ئازارێکی زۆرەوە، بۆ جارێکی تر لە دایک بومەوە و خۆمم دروست کردەوە. 


 

ماویەتى ...

به‌شی چواره‌م لە ژمارە 1184 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/20 بڵاو بۆتەوە  و لینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...


لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:

 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24365-2019-08-26-08-41-27.


گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەكات ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

 گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەكات

ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

بەشى سێیەم/لە ژمارە 1183 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/6 بڵاو بۆتەوە...


گوینە و سینەما.....

یەڵماز گوینەی هەر لە منداڵییەوە عاشقی سینەما بووە بەشێوەیەك لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٧٢ بەبەردەوامی سەیری فیلمی كردووە ئەمەش هۆكاربووە كە زۆرشارەزای فیلمی ئەمریكی ناوەراستی شەستەكان بێت. هەر ئەو خۆشەویستییە وای كرد كە لە كۆمپیانیایەكی دروست كردنی فیلم بەناوی دار فیلم دەست بە كاركردن بكات و لە ساڵی ١٩٥٧ ئەبێتە یاریدەدەری ژمێریار و سەرپەرشتی كرینی ئەو فیلمانە ئەكات كە كۆمپانیاكە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاوە ئەیكرن و لە سینەماكانی توركیادا نمایشی ئەكەن. بەهۆی ئەم كارەیەوە ئاشنا ئەبێت بە بەرهەمهێنەر، دەرهینەر، بەڕێوبەری ستۆدیۆ و كۆمپانیاكانی بەرهەمێنانی فیلم لە توركیا. سەرەتای كاری سینەمایی گوینەی وەك یاریدەدەری دەرهێنەر و دواتر وەك سیناریست ئەبێت. پاشان دوای ساڵیك لە گەیشتنی بە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٥٨ بەیارمەتی ئەتیڤ یەڵماز كە دەرهێنەرێكی بەناوبانگی كوردە، دەست بە كاركردن ئەكات. گوینەی سێ سیناریۆ بۆ فیلمەكانی ئەتیڤ یەڵماز بە هاوكاری یەشار كەمال ئەنوسێت و دوان لە بیرۆكەی سیناریۆكان لە چیرۆكی یەشار ئەبن. لەو مێژوەوە گوینەی لە فیلمەكانی ئەتیڤدا رۆڵی لاوەكی ئەبینێت و لەهەمان كاتدا كاری یاریدەدەری دەرهێنەریش لەگەڵ ئەتیڤ ئەكات. گوینەی ماوەی دووساڵ لەگەڵ ئەتیڤ كارئەكات و ئەم دوو ساڵە ئەبێتە ئەزمونێكی باش بۆ یەڵماز كە شارەزای سیستەمی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی فیلم، نوسینی سیناریۆ، كاركردن لەگەل ئەكتەر، فێربونی تەكنیكی مۆنتاژ، وێنەگرتن و تەكنیكەكانی دیكەی دروستكردنی فیلم، ببَیت. یەلماز گوینەی و ئەتیڤ یەڵماز دوو لاوی كوردی ئاوارەی ئەستەنبوڵ بوون كە لە ساڵانی دواتردا ئەبنە بەناوبانگترین دەرهێنەر لە توركیا.


ناوەرۆكی فیلمەكانی گوینەی لە ساڵانی سەرەتایی كاركردنیدا....

بەگشتی دوو مۆتیڤ لە زۆربەی فیلمەكانی گوینەیدا هەیە و رەنگی داوەتەوە ئەویش مۆتیڤی هەژاریی، دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەیە. ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ ئەو ژینگە كۆمەڵایەتی و جوگرافییەی كە گوینەی تییدا ژیاوە. لە ڕووی جوگرافییەوە گوینەی لە باكوری كوردستان لە دایك بووە و ژیاوە لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە دانیشتوانەكەی دابەش بون بۆ چەندین هۆزی جیاواز. كێشەی دوژمنایەتی لە نیوان ئەو هۆزانەدا هەبووە و تەنانەت دایك و باوكی گوینەی لە دوو هۆزی دوژمنداری یەك ئەبن و چەندین كەسی پلە یەكی ئەوان ئەبنە قوربانی دەستی ئەو دوژمنایەتییە. ئەم دوژمنایەتییە مێژووەكەی دەیان ساڵە و تەنانەت دوای ئەوەش كە زێدی خۆیان بەجی ئەهێڵن، و هەر بەردەوام ئەبێت. جارێك حەمیدی باوك لەبەرچاوی گوینەی نۆ ساڵان بریندار ئەكرێت و بە جەستەیەكی خوێناییەوە لە دەست دوژمنەكانی هەڵدێت. ترسی تۆڵەسەندنەوە و هێرش كردنە سەریان لە لایەن دوژمنەكانیانەوە هۆكارە كە لە منداڵییەوە فیری بەكارهێنانی چەك ببَیت و بۆ هەمیشە و تەنانەت تا ئەو كاتەش كە لە فەرەنسا ئەبێت بەردەوام دەمانچە لەگەڵ خۆی هەَلئەگرێت. چەك ئەبێت بە ڕەمزێك بۆ ئەستێرەیەكی سینەمایی گەورە و گوینەی هەمیشە لە وێنە و پۆستەرەكانی و لە كارەكتەی فیلمەكانیدا، بە چەكەوە ئەبینرێت. ئەم چیرۆكی دوژمنداری و تۆڵەسەندنەوەیە ئەبێت بە هەوێنی فیلمی نیگەرانی و دوژمن. ئەو خۆی ئەڵێت: لە دوای ڕوخساری دایك و باوكم، یەكەم شت كە لەمالەوە دەمبینی، چەك بوو. ئەو چەكە بە دیواری ژورەكەمانەوە هەلواسرابوو. جگە لەوەی ئەو ئەسپانەم دەبینی كە باوكم خزمەت و چاودێری ئەكردن، لەو كاتەوە خۆشەویستیم بۆ چەك و ئەسپ لەلا دروست بوو. مۆتیڤیكی تر كە لە فیلمەكانی گوینەیدا زۆر بەرجەستە ئەبێت ئەوەیە كە خاڵی هاوبەش هەیە لە نیوان كارەكتەری ناو فیلمەكانی گوینەی، كە دیارترینیان گوینەی رۆلی كەسایەتییەكی هەژار یان جوتیارێكی بینیوە كە هەوڵ ئەدات مانایەك بۆ ژیان بدۆزیتەوە یان گۆرانكارییەك لە ژیانی خۆیدا دروست بكات بەڵام بەخێرایی ئەو هەوڵانە شكست ئەهێنێت. ئامانجی ئەو كارەكتەرانە رزگاركردنی خۆیانە لە سەختی ژیان و هەوڵدانیانە بۆ دروستكردنی ژیانێكی نوێ كە نادیارە. هەندێك لەو كارەكتەرانە گوندەكانیان بەجێ ئەهێلن و ئەبنە قاچاخچی سەر سنورەكان یان دوای ئاوارەبونیان لە شارە گەورەكان ئەبنە چەتە. هەربۆیە لە فیلمەكانی ساڵانی شەستیشدا، گوینەی نمایشی شەر و توندوتیژی ئەكات. نمونەی ئەو فیلمانەش (هەرسێكتان بە گولللە كون دەكەم، فیشەكی نەتەقێنراو، بە چەكەكەم سوێند دەخۆم، لاشەكان لە روبارێكی خویناودا سەر ئاوكەوتوون، خوێن وەك روبار ئەروات، گوینەی مردن بلاو ئەكاتەوە، واژۆكەم بە خوێن نوسراوە، ئەژیم تاكو ئەمرم، یاسای چەك، خۆین لەسەر شەقام، گەنمی خوێناوی). لە كۆی ئەو فیلمانەدا گوینەی ئەیەوێت ئەوە بڵَیت كە ئەو هەژارانە بریاری خۆیان نییە كە بون بە چەتە، هەموویان كەسانی باشن بەڵام سەختی ژیان و لە ژێر فشاری كۆمەڵگە و ستەمی سیستەمدا بونەتە كەسێكی یاخی و سەركێش. لەسەرەتادا ئەو فیلمانەی كە گوینەی رۆلی تێدا بینیوە فیلمی بازاری بون كە بە بودجە و كاتێكی كەم بەرهەم هاتوون و زۆرترین بینەر لە سینەماكاندا كۆ ئەكاتەوە، هەر ئەم فیلمانەش ئەیكەن بە ئەستیرەی سینەمایی و ئەیناسێنن. لە بەرامبەردا بەرهەمهێنەرەكانی فیلم پارەیەكی زۆر ئەدەنە گوینەی تا رۆڵ لە فیلمی رۆمانتیكی ببینێت بەلام گوینەی رەتی ئەكاتەوە و لە داهاتودا فیلمەكانی بەجۆرێك هەڵئەبژێرَیت كە رەخنە لە دەسەڵات، مۆدَیرنكردنی شارە گەورەكان وهەیمەنەی سیستەمی سەرمایەداری، ئەگریت.






زیندان ناسنامەی هزری چەپێتی گوینەی بەهێزتر ئەكات 

گوینەی لەساڵی ١٩٦١ بۆ یەكەمجار لەسەر چیرۆكێك كە شەش ساڵ پێشتر نوسیویەتی و بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ كۆمۆنیزم بە دوساڵ زیندانی سزا ئەدرێت. هەربۆیە یەكەم قوناغی كاركردنی لە سینما كۆتای یەت بەڵام دووەم قوناغی ژیانی سینەمایی دەستی پێكرد چونكە وەك ئەكتەر و وەك نوسەر پلان بۆ كاركردنی داهاتووی دائەنێت. ئەو دەستی بە لێكۆلینەوەیەكی ورد كرد لە بارەی سینەمای توركی، سیستەمی بەرهەمهینانی فیلم، ئەو هۆكارانەی وا ئەكات كە فیلمێك پر بینەرترین فیلم بێت، لە هەمان كاتدا خویندنەوەی بۆ حەز و داواكاری بینەر كرد. ئەم دوو ساڵەی زیندان هۆكار ئەبێت كە زۆربەی كاتەكانی بە خویندنەوە سەرقاڵ بكات و زیاتر ئەو كتێبانە بخوێنێتەوە كە سەبارەت بە كۆمۆنیزم و سۆشیالیزمن. خویندنەوەی ناو زیندان ئەبێت بە هەوێنی ئەو چیرۆك و سیناریۆیانەی كە لە داهاتودا ئەینوسێت و تەنانەت یەكەم رۆمانیشی بەناوی (ئەوان بەسەرشۆری مردن) هەر لە زیندان ئەنوسێت و تیایدا تیروانین و فكری چەپی خۆی بەئاشكرا دەرئەخات. چیرۆك، رۆمان و نوسینەكانی كە بەدزییەوە دەینێرێتە دەرەوە، لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاو ئەكرێتەوە. گوینەی بۆ نوسینەكانی خەلاتی ئۆرهان كەمال لەساڵی ١٩٧٢ وەرئەگرێت، كە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبییە لە توركیای ساڵانی حەفتاكاندا. گوینەی بۆ تەواكردنی ماوەی زیندانییەكەی بۆ مەنفا بۆ شاری كۆنیا دور ئەخرێتەوە و بەبیانوی كۆمۆنیست بونییەوە ناوی ئەخرَیتە لیستی ڕەشەوە هەربۆیە دۆزینەوەی كار زۆر قورس ئەبێت و دواجار وەك پاسەوانێك لە یانەیەكی شەوانەدا كارئەكات. بۆ ماوەی شەش مانگ هەموو رۆژیك، چۆتە بنكەی پۆلیس و واژۆی ئامادەبونی لە شارەكەدا كردووە. دوای كۆتایهاتنی ماوەی زیندانییەكەی ئەگەرێتەوە ئەستەنبوڵ بەڵام هیچ كۆمپانیایەكی فیلم و دەرهێنەرێك نایەوێت لەگەڵ كۆمۆنیستێكی زیندانكراودا كاربكەن. لە رۆژنامەكاندا دەنوسرێت: یەلماز پوتن وەك سیخورێكی كۆمۆنیستی روسی دەستگیركراوە و ئازادكراوە. لەبەر ئەوەی ئەم ناوە گرفتی زۆر بۆ یەڵماز دروست ئەكات و دواجار ناجار ئەبێت ناوەكەی بگۆریت و بیكات بە یەڵماز گوینەی. 

لەساڵانی نێوان 1950 بۆ 1970 توركیا یەكێك ئەبێت لەو وڵاتانەی كە زۆرترین فلمی تێدا بەرهەم ئەهێنرَیت، لە شەستەكانی سەدەی رابوردودا و ساڵانە زیاتر لە دوو سەد فیلم لە توركیا بەرهەم هاتووە. كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنان بەگشتی لە شاری ئەستەنبوڵ ئەبن و بە دەیان كومپانیای جیاواز و سەدان دەرهێنەر لە بواری فیلمدا كارئەكەن. هەربۆیە گوینەی ئەتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا لە ئەكتەری لاوەكی لە فیلمی دەرهینەرانی تردا ببَیتە ئەكتەر و سیناریستی بەناوبانگ و دواتریش ئەبێتە یەكێك لە خۆشەویسترین و بەناوبانگرین ئەكتەری توركیا. بەو هۆیەش كە گوینەی پیشتر 5 ساَل لە پشتی كامێراوە كاری كردووە و لەو نیوەندەدا كەسانێكی زۆری ناسیوە، ئەزمونێكی زۆری كاركردنی لە ناو هۆڵی سینەماكاندا هەبووە، هەموو ئەمانە هۆكاربون كە كاتێك گوینەی لە زیندان ئازاد بوو و ئەو فیلمانەی رۆلی تیدا ئەبینی ئەبونە پربینەرترین فیلم و بەخیرایی بووە بەناوبانگترین ئەكتەری سینەمایی توركی. شایەنی باسە لە ساڵانی 1956 بۆ 1961 هیچ كەسایەتیەكی تایبەتی لە رۆلەكانیدا دروست نەكردووە بەڵكو كەسایەتییەكان لە لایەن یەشار كەمالەوە دروستكراون. لە دوای ساڵی 1964 ئەو فیلمانەی گوینەی رۆڵی تێدا بینیون هەمووی سیناریۆی خۆی بون. واتە گوینەی هەم سیناریست و ئەكتەر و هەم دروست كەری كارەكتەرەكان بووە كە خۆی رۆڵی بینیوە. لەگەڵ بەردەوام كاركردنیدا، گوینەی لە فیلمی یاسای سنوری گەورە دەرهینەری توركیا لوتفی ئەكشدا لە ساڵی 1966 رۆلی سەرەكی ئەبینێت و خەڵاتی باشترین ئەكتەر لە ڤیستیڤالی ئەنتالیا ئەباتەوە. لە ساڵی 1963 بۆ 1970 لە زیاتر لە حەفتا فیلمدا رۆڵی سەرەكی ئەبینێت، چەندان سیناریۆ بۆ دەرهێنەرانی دیكە ئەنوسێت، تەنیا لەساڵی 1965 گوینەی لە بیست و حەوت فیلمدا رۆلی سەرەكی ئەبینێت، ئەمە لە كاتێكدا لە توركیا ساڵانە نزیكی 250 فیلم بەرهەم هینراوە، واتە گوینەی لەسەدا دەی ئەو فیلمانە رۆل ئەبینێت كە لە توركیا بەرهەم هێنراون لەو ساڵەدا.



 

ماویەتى ...

بەشى سێیەم/لە ژمارە 1183 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە  2019/8/6 بڵاو بۆتەوە و لینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...

 https://en.calameo.com/read/000783018a7f74a131673 


لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:


 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24186-2019-08-06-08-02-32  .


گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەكات ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

  گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەكات

ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

بەشى دووەم/لە ژمارە 1182 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/7/30 بڵاو بۆتەوە...



ساکتاری کەسایەتی گوینەی:

لە سەرەتاکانی تەمەنیدا حەمیدی باوک بە گوینەی ئەڵێت: "تۆ لە ڕەگی خۆت هەڵکەندراویت"، ئەتوانین لە دوو گۆشەی جیاوازەوە سەیری ئەم قسەیەی باوکی گوینەی بکەین، یەکەمیان ئەوەیە کە کوردبونی ئەو هۆکارە بۆ ئاوارەیی، دابەشبونی خاک و پەرتەوازەیی. لەهەمان کاتدا گۆشە نیگایەکی دیکەیە کە کە گوینەی خۆی خوڵقێنەری خۆیەتی. لەبەرامبەردا کاردۆزی ئەم قسەیە وەک پێناسەیەک بۆ کارەکتەری فیلمەکانی گوینەی وەسف ئەکات کە بە گشتی ئەو کەسانەن کە لە زیدی خۆیان هەڵئەکەنرێن و دواجاریش هەر بە دوای دۆزینەوەی ئەو رەگەوەن و ئەیانەوێت ئارامی و خۆشەویستی بدۆزنەوە کە بۆ کەسایەتییەکی چەپی شۆرشگێڕ، زۆر زەحمەتە. بەڵام پێچەوانەی رەگەکەی گوینەی لەسەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا دەست ئەکات بە قومارکردن و چەندین جار پارەی زۆر ئەدۆرێنیت و بەهۆی ئەو دۆرانانەوە لە تورەییدا شەرەچەقۆ ئەکات، یان تەقە بەسەر قومارخانە و گازینۆکاندا ئەکات. گوینەی سەرکێشییەکی سەیری هەبووە لە لێخورینی ئوتومبێل تەنانەت زۆربەی هاورێکانی ناوێرن لەگەڵی سەربکەون، هەربۆیە بۆ ماوەی چەندان ساڵ سەرکێشییەکانی گوینەی ئەبێتە سەردێر و مانشێتی میدیاکانی تورکیا. گوینەی سەرەتا وەک کوڕە جوتیارێکی هەژار ئەرواتە ئەدەنە و ئەستەنبۆل، دواتر دەبێتە دەرهێنەر و لەڕێی داهاتی فیلمەکانیەوە دەوڵەمەند ئەبێت و ژیانیکی بۆرژواییانە ئەژی . تەنانەت ئەگاتە قۆناغێک کە کەسایەتی خۆی کە کەسایەتیەکی چەپە لەگەڵ کارەکتەرە توندوتیژەکانی ناو فیلمەکەی تێکەڵ ئەبن. بەڵام دواتر لە زینداندا جارێکی دیکە خۆی دروست ئەکاتەوە و سینەماکەی ئەبێتە سینەمایەکی شۆرشگیرانە و بەتەواوەتی فکری چەپ لە ژیانی تایبەتی و سینەماکەشیدا رەنگدانەوەی دیار و کاریگەری ئەبێت.




خوێندن و کتێب لە ژیانی گوینەیدا

گوینەی لەگەڵ کارکردنی لە کێڵگەکاندا ئەبێتە قوتابی و تا پۆلی سێی سەرەتای لە قوتابخانەیەکی گوندەکەی خۆیان ئەخوێنێت. ئەو خوێندکارێکی چالاک و زیرەک ئەبێت. حەمیدی باوک هەمیشە هانی کورەکەی ئەدات کە قۆناخەکانی خوێندن تەواو بکات تا وەک باوکی جوتیار و خزمەتکاری ئاغاکان نەبێت. دوای ئەوەی کە لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە ئەدەنە جێگیر ئەبن، لەپاڵ خوێندنەکەیدا دەست ئەکات بە کارکردن وەک بۆیاغچی، فرۆشتنی شیرینی لەسەر شەقامەکان، دەستگێڕی، شاگردی، کرێکاری و جوتیاری لە کێڵگە پەمووەکانی دەرەوەی شاردا. لەگەڵ ئەوەشدا گوینەی هەفتانە بەبەردەوامی سەردانی سینەما ئەکات و بەگشتی ئارەزوی فیلمەکانی کاوبۆیی و ویسترنی ئەمریکی، چەتەیی و جەنگ و توندوتیژ ئەکات. لەبەر ئەوەی بەردەوام سەردانی سینەماکان ئەکات لەوی کارمەندانەکان ئەناسێت و بەو هۆیەوە کاری دەست ئەکەوێت و لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا گوینەی وەک پرۆجەکشنسیتێک دەبیتە بەرپرسی بەشی کۆنترۆل و نمایشکردنی فیلم. لەگەڵ کارەکەیدا بەردەوام ئەبێت لە خوێندن و لەهەمان کاتدا هەمیشە خوێنەرێکی باش بووە و کتێبخانەیەکی بچوکی لە ماڵەوە بۆ خۆی دروست کردووە. لەرێگەی هۆنراوە شۆڕشگێڕییەکانی نازم حیکمەت بە ئەدەبیاتى  چەپ و شۆڕشگێڕیی  ئاشنا ئەبێت. بەجۆرێک عاشقی کتێب ئەبێت کە دوای کوژانەی چرای ژورەکەیان لەبەردەم ڕوناکی گلۆپی کۆڵانەکەیاندا یان لە ژێر روناکی تیشکی مانگە شەودا لە خوێندنەوە و نوسین، بەردەوام ئەبێت. (بەهۆی بی پارەییەوە نەیانتوانیووە کارەبا ڕابکێشن). گوینەی بەهۆی خوێندنەوەوە ئەبێتە نوسەرێکی زۆر باش و سیناریۆی هەموو فیلمەکانی خۆی و دەیان سیناریۆی دەرهینەرانی دیکەش ئەنوسێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کورتە چیرۆک و رۆمان ئەنوسێت. تەنانەت گوینەی ئەو خەونەی هەبووە کە ببێت بە چیرۆک نوس و ئەو چیرۆکانەی ئەینوسێت دەربارەی ژیانی منداڵی خۆی، ژیانی خێزانەکەی و نەهامەتی ژیانی جوتیاران و گوندنشینان و جیاوازی چینایەتی، کۆچی جوتیاران بۆ شارەکان و ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی کە توشیان ئەبێت لە شارەکاندا. گوینەی لەو چیرۆکانەیدا کۆمەلێک کەسایەتی دروست ئەکات کە ئەبێتە سەرچاوەی کارەکتەری نێو فیلمەکانی لە داهاتودا. دوای ئەوەی کە خویندنی ناوەندی لە ئەدەنە تەواو ئەکات لەساڵی ١٩٥٦ ئەچێتە ئەنکەرە بۆ خویندنی یاسا. ئەو چەندین هۆکاری هەیە لە هەڵبژاردنی کۆلیژی یاسا لەوانەش شارەزا بوون لەو یاسایانەی کە وڵاتی تورکیا بەرێوە ئەبەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری تەنیا دومانگ ئەخایەنێت. بۆ جاری دووەم  لەساڵی ١٩٥٧ ئەرواتە ئەستەنبۆڵ و لە کۆلیژی ئابوری زانکۆی ئەستەنبۆڵ دەست بە خوێندن ئەکات ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی کۆلیژی ئابوریدا چەند ئامانجێکی هەیە. بەوهۆیەی کە گوینەی لاوێکی چەپ ئەبێت و ئەیەوێت زانیاری زیاتر لەسەر ئابوری تورکیا هەبێت کە لەژیر سیستەمی سەرمایەداریدایە. بەڵام ئەمجارەش خوێندنەکەی چەند مانگێک ئەخایەنێت و دەست ئەکاتەوە بەکارکردن کە نیوەی پارەکەی مانگانە بۆ دایک و خوشکەکەی ئەنێرێت. بەهۆی بارودۆخی ئابوری و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتى ئەوان  دوجار گوینەی وازی لە خویندنی ئەکادیمی هێنا بەڵام لە بەرامبەردا لە بواری نوسیندا 

سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هینا.

یەکەم چیرۆک و خەیاڵی فراوانی گوینەی.....

ئەو کاتەی گوینەی تەمەنی چواردەساڵە یەکەم چیرۆکی خۆی ئەنوسێت، چیرۆکەکەی باس لە جوتیارێک ئەکات کە هاوژینەکەی نەخۆشە و پارەی نییە بیبات بۆ لای پزیشک. هەربۆیە بڕیار ئەیات کە بروات بۆ شار و هاوسەرەکەی ببات بۆ لای پزیشک و لە بێ پارەییدا کەڵەشێرێک لەگەڵ خۆی ئەبات. کە ئەچیتە بەردەم پزیشکەکە پێی ئەڵێت هێندەی نرخی ئەم کەڵەشێرە پشکنین بۆ هاوژینەکەم بکە. لە بەرامبەردا پزیشکەکە هەموویان ئەکاتە دەرەوە. لێرەدا گوینەی پێشبینی و بێ هیوای خۆی لە کۆمەڵگەی تورکیا نیشان ئەدات و کارەکتەری ئەم چیرۆکە وەک کەسێکی شکستخواردو لەهەمان کاتدا سیستەمێکی دڵ رەق بەرامبەر بە مرۆڤەکان، نیشان ئەیات. لە تەمەنی هەژدەساڵی و لە ناوەراستی پەنجاکاندا گوینەی وەک چیرۆکنوسێکی ریالیزمی ناوبانگ دەرئەکات و چیرۆکەکانی هۆکار ئەبن کە لە سالی ١٩٥٦ دا بۆ یەکەم جار لەگەڵ دەسەڵاتدا بکەوێتە کێشەوە و لەلایەن دادگاوە تۆمەتی پروپاگەندەی بۆ کۆمۆنیزمی دەخرێتە پاڵ و گوایە گوینەی ئەیەوێت لە داهاتودا شۆڕشێکی کۆمۆنیستی هەڵبگیرسێنێت. خۆشبەختانە ئەمجارە لەرێگەی هاورییەکی گوینەی کە لە دەسەڵاتەوە نزیک ئەبێت بۆ ماوەیەک گوینەی ئەپارێزێت و ناخریتە زیندانەوە بەڵام بەهەمان تۆمەت لەساڵی ١٩٦١ دا گوینەی بۆیەکەم جار ئەخرێتە زیندان.



ڕۆڵی ژن لە فیلمەکانی گوینەیدا

گرفتی ناسنامەی باوکی گوینەی کەکوردێکی هەژار بووە و ژیانێکی زەحمەت ژیاوە کاریگەری خراپی لەسەر دائەنێت و بەردەوام رق و تورەی خۆی بەسەر ژنەکەیدا دائەباریت. بەجۆرێک کە چەندین شەو لە ماڵەوە دەری ئەکات یان دایکی گوینەی لە ماَل هەڵدێت و هەندی جار شەو تا بەیانی لەگەڵ گوینەیدا لە ژیر درەختێکدا ئەخەون. کار ئەگاتە سەر ئەوەی کە گوینەی و دایکی و خوشکەکەی ماڵ بەجێ بهێڵن و هەندێ جار بیست کیلۆمەتر بەپێ ئەرۆن بۆ ماڵی خزمانی دایکیان لە ئەدەنە. بەدریژای ریگەکەیان دایکی گوینەی بەدەم گریانەوە گۆرانی ئەچرێت و ئەلاوێتەوە  بۆ ئەو ژیانە پرحەسرەتەی کە هەیەتی. ئەم دیمەنەی دایکی بۆ هەمیشە لە رۆحی گوینەیدا جێگیر ئەبێت و لە  زۆربەی فیملەکانیدا ژن  وەک کارەکتەری چەوساوە، بێ ماف و قوربانی بەرجەستە ئەکات. بەو هۆکارەی کاتێک کە گوینەی تەمەنی ٩ ساڵە و باوکی گوینەی ژنی دووەم ئەهێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا توندوتیژتر ئەبێت. دواتر خوشکەکەی گوینەی کە تەمەنی ئەگاتە ٨ ساڵان باوکی بریار ئەدات بیدات بە شو بە مەلای گوندەکەیان کە تەمەنی چل و هەشت ساڵە. گوینەی و دایکی بەم بریارە رازی نابن و هەربۆیە گوینەی لەگەڵ خوشکەکەی و دایکیدا ئەرۆن بۆ ماڵی خاڵەکانی لە ئەدەنە و بریار ئەیەن هەر لەوێ بمێننەوە. ئەتوانم بڵێم ئەمە یەکەم هەڵوێستی مرۆڤانەی گوینەیە بەرامبەر بە ژن کاتێک لەبەرامبەر داب و نەریت و بڕیاری باوکیدا ئەوەستێت و لەگەڵ دایک و خوشکەکەیدا ڕائەکەن و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەوان ئەگرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوینەی پەیوەندی لەگەڵ باوکیدا هەمیشە  هەبووە و تا کۆتای تەمەنی باوکی، پەیوەندی لەگەڵدا باش بووە. لە فیلمەکانی گوینەیدا ژن هەمیشە ئامادەیی هەبووە و گوینەی ڕۆڵی ژنی لەپینج فۆرمی جیوازدا نمایش کردووە.


لە فۆرمی یەکەمدا، ژیانی ژنی چینی هەژار نیشان ئەدات کە هەمیشە ئەچەوسێنرێنەوە لە بەرئەوەی کوردن و نەخوێندەوارن، لە گوندەکاندا لە ژێر هەژمونی توندرەوی ئاینی و پیاوسالاریدان، کۆیلەی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتن لە شاریشدا لە ژیر سیستەمی سەرمایەداریدا ئەچەوسێنرێتەوە. لە نمونەی ئەم ژنانە کارەکتەری بیریڤانە لە فیلمی مێگەل و کارەکتەری زینی لە فیلمی ریگە. فۆرمێکی دووەمدا، ژنانی چینی ناوەراستن کە هەندی جار وەک ژنانی سەربەخۆ دەرئەکەون و بە توانای خۆیان پیگەیەکیان لە کۆمەلگەدا بۆ خۆیان دروست کردووە. لە نمونەی ئەو ژنانە کە خواستی شۆرشگێری و خزمەتکردنی کۆمەڵگەیان هەیە و بێ باکانە بۆ برواکانیان ئەجەنگن لە کارەکتەری پزیشکێکی ژن لە فیلمی لاواندنەوەدا بەرجەستە ئەبێت. لە فۆرمی سیێەمدا رۆلێکی دیکەی ژن بەرجەستەیە کە پێچەوانەی ئەو رۆڵە کۆمەڵایەتیەیە کە لە کۆمەلگەی تورکیا بۆ ژن دروست کراوە. ژنانێک کە بەهێز و توندوتیژن و توانای وەرگرتنەوەی مافی خۆیان و کەسانی دیکەشیان هەیە وەک رۆڵی ئالیک لە فیلمی ئەسپ و ئافرەت و چەک کە لە سالی 1966 بەرهەم هێنراوە. فۆرمی جوارەم ژنانی چینی بۆرژوان کە لەژێر کاریگەری سەرمایەداریدان  و خولیایان تەنیا گەیشتنە بە ئامانجی مەتریالی و خۆیان ون کردووە و پیاوانیش وەک سەرچاوەیەکی چێژ مامەڵەیان لەگەڵ ئەکەن. نمونەی کارەکتەری ئەم ژنە لە کەسایەتی نەجیبەی فیلمی هاورێدا ئەبینرێت. پێنجەم فۆرم ئەو ژنانەن کە پیاوان وەک مەتریالێک مامەڵەیان لەگەڵ ئەکەن و هیچ بەهایەکیان بۆ دانانێن. ئەم ژنانە لە فیلمی چەتەیی شارەکاندا و لە زۆربەی کاتدا ئەو ژنانەن کە رۆڵی سۆزانی ئەبینن و بەهۆی هەژارییەوە ناچارکراون ئەم پیشەیە هەڵبژێرن. 


 

ماویەتى ...

بەشى دووةم/لە ژمارە 1182 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە  2019/7/30 بڵاو بۆتەوە و لینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...


 https://en.calameo.com/read/000783018a970f33f8c9b 



لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:


 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24211-2019-08-07-16-30-28


گوینەى لە زیندان و سینەماوە ئەزمونى بەرەنگاریی چەپ دەکات

ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم

بەشى یەکەم/لە ژمارە 1181 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە  2019/7/23 بڵاو بۆتەوە...

 

کتیبی یەڵمازگوینەی لە نوسین و ئامادەکردنی کارزان کاردۆزییە لە لایەن ناوەندی غەزەلنوس لە سالی2018 چاپ کراوە. کاردۆزی لە دوتوێی 858 لاپەرەدا تیشک ئەخاتە سەر ژیانی گوینەی و ئەو فیلمانەی کە بەرهەمی هێناون، باسی هەڵوێستی سیاسی، گۆڕانی فکری و گەشەکردنی کەسێتی گوینەی ئەکات لە زینداندا. ئەو ساڵانەی ژیانی زیندانیی ئەو ئەخاتە بەرباس کە لە ناو زینداندا ئەزمونی ڕوحى بەرەنگارى و چەپێتى کرد و جارێکی دیکە و لە ناو واقعێکى پر لە ململانێدا کەسایەتیەکی نوێ بۆ خودی خۆی دروست ئەکات. دواجار ئەم کتێبە تیشک ئەخاتە سەر هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە نەخشیان لەسەر ژیان و سیناریۆ و فیلمەکانی گوینەی داناوە. هەروەها واقعى سیستەمی سیاسی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابوری ساڵانی شەست، حەفتا و هەشتاکانی تورکیا باس ئەکات . لەهەمان کاتدا بۆ تیگەیشن لەوەی کە چۆن گوینەی توانی لەژێر دەسەڵاتی تورکیا ناسنامەی خۆی بپارێزیت؟ چۆن توانی لە رێگەی فیلمەکانییەوە گوزارشت لە ژیانی ئەو مرۆڤانە بکات کە لەژێر ستەمی سیستەمی سیاسی، ئابوری و دۆخی کۆمەڵایەتی تورکیا ژیانیان لێ شێواوە و تەنانەت توانای دابینیکرنی ژیانێکی سادەی شەرەفمەندانەشیان بۆ خێزانەکانیان نییە. گوینەی تەنها ٤٧ ساڵ ژیا وەک خۆی ئاماژەی پێ ئەدات لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستی کردووە بە کارکردن واتە گیونەی بۆ ٤٢ ساڵ بەبەردەوامی کاری کردووە. لە ماوەی 47 ساڵی تەمەنیدا 12 ساڵ لە زینداندا بەند ئەکرێت، 25 ساڵ وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر، نوسەر و شۆرشگێر تیکۆشاوە. وەک ئەکتەر لە زیاتر لە 110 فیلمدا رۆل ئەبینیت. کاری دەرهێنان بۆ 25 فیلم ئەکات و لە 15 فیلمدا وەک بەرهەمهێنەر کار ئەکات. سیناریۆی هەموو فیلمەکانی خۆی ئەنوسێت و سیناریۆ و بۆ دەیان فیلمی دەرهینەرانی دیکەش ئەنوسێت. کۆی ئەو سیناریۆیانەی گوینەی کە کراوە بە فلیم لە 65 سیناریۆ زیاترن و جیا لەوەی کە دەیان چیرۆک و سیناریۆ لە دوای خۆی بەجێ ئەهَیڵێت. لە دنیای ئەدەبدا زیاتر لە دە رۆمان، چەندین کورتە چیرۆک و هۆنراوە و سەدان وتار ئەنوسێت. جگە لە چەندین چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی لە بواری جیاجیادا، لە تیروانینی رەخنەگرییەوە بۆ سینەما و فیلمی دەرهێنەرانی دیکە، بۆ تیروانینی چەپ و شۆڕشگیرانە، ئاڵوگۆری سەدان نامەی جیاواز لە زیندانەوە لەگەل فاتوشی هاوسەر و هاورێکانی. لە ماوەی ژیانی گوینەیدا، تورکیا سێ جار ئەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سوپاوە لە ساڵانی 1960، 1971، 1980 هەرسێ جارەکەش گوینەی ئەخرێتە زیندان. سەد و چوار فیلم لەو فیلمانەی کە گوینەی وەک ئەکتەر ڕۆلی تێدا گێڕاون، یان دەرهێنەری بون یان وەک نوسەر کاری تیدا کردن نیگەتیڤەکانی دەسوتێنرین و بۆ هەتا هەتایە کۆپییە ڕەسەنەکانی ئەم فیلمانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەناوئەبرێن. لە ساڵی 1992 فاتوش (رێکخراوی یەلماز گوینەی) دائەمەزرێنیت، بەڵام بەهۆی نەبونی فەند بەردەوام نابێت. سینەمای گوینەی سینەمایەکی بێ ناوەرۆک نابێت بەڵکو سینەماکەى هەڵگرى ئایدیاى چەپی شۆرشگێڕی ئەبێت، هەربۆیە گوینەی خۆی ئەڵێت: " من پیاوێکی تیکۆشەرم. سینەماکەم، سینەمایەکی ئازادیخوازی و تیکۆشانەیە"



ناوی گوینەی!!

چەند ساڵێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژیاننامەیەکی کورتی گوینەیم بەرچاو کەوت، ئەو بابەتە کە هەر لە گێڕانەوەی گوینەی خۆیەوە تۆمارکرابوو بەم شێوەیە دەست پێ ئەکات: وەک هونەرمەندێک بە یەڵماز گوینەی ناسراوم، ناوە ڕاستییەکەم یەڵماز پوتنە. ناوەکەم ئەم واتایانەی هەیە " کەسێک کە لە بەرامبەر دژوارییەکان ناچەمێتەوە و بێ هیوا نابێت، ناکەوێتە دڵەراوکێ و ناترسێ". پاشناوەکەشم پوتنە کە بەدەنکی میوەی دارێک ئەڵێن کە ناشکێت. کاتێک مرۆڤ ئەم شیکردنەوەیە بۆ ناوی گوێنەی لە زاری خۆیەوە ئەخوێنێتەوە تێ ئەگات کە ژیانی گوینەی ژیانێکی سادە و ئارام نەبووە بەڵکو لەم وشانەدا سەختی و دژوارییەکانی ژیانی ئەو ئەبینێت، هەر ئەم چەند ڕستەیە بەسە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەیت کە گوینەی مرۆڤێکی شۆرشگێر و تێکۆشەر بووە. ئەو بەرامبەر سەختییەکانی ژیان تێکۆشاوە، تێکۆشانی ئەو بۆ دەرخستنی نەهامەتییەکانی ژیانی مرۆڤ بووە لە واقعێکى تایبەت لە تورکیادا. گوینەی ئامانجی دەرخستنی چیرۆکی ژیانی ئەو پیاو، ژن، پیر، جوتیار، منداڵ، باوکانە بووە کە لەگەڵ سەختییەکانی ژیان جەنگاون. ئامانجی ئەو نیشاندانى ئەو ستەمە بووە کە لە لادێ، شار، ناو یانەکانی شەوان، ماڵ، نەخۆشخانە، ناو زیندان، یان دواجار نمایشی چیرۆکی ئەو ژنەیە کە لە ژورێکی سارددا ئەو کاتەی جەستە مردووەکەی بەتەنیا ئەمێنێتەوە. ئەو ژنەی بەرامبەر ئازار و ئەو زوڵم و ئەو توندوتیژیانەی کە لە دژی کرا بێدەنگی هەڵبژارد و دواجاریش کەسێک نەبوو کە ئەسپەردەی خاکی بکات.

 





ژیانی منداڵی گوینەی وەک کوڕە جوتیارێکی هەژار...

هەرچەندە تا ئێستا ڕۆژ و ساڵ و تەنانەت شوێنی لەدایک بونی گوینەی ڕون نییە بەڵام ئەوەی کە تۆمار کراوە ئەوەیە کە گوینەی لە یەکی نیسانی ١٩٣٧ لە گوندی دیسمانی نزیک سیڤەرەک لە نزیک ئەدەنە لە دایک بووە. گوینەی لە خانەوادەیەکی کۆچبەر و جوتیاری کوردە. خانەوادەی دایک وباوکی بۆ سەدان ساڵ لە ناوچەکانی نێوان ئەرمینیا، ئەناتۆلیا، میزۆپۆتامیا و ئێراندا گەرمیان و کوێستانیان کردووە کە لە سەدەی بیستەمدا ئەم کۆچەرییە بەرەدەوام نابێت. باوکی گوینەی، حەمید گوینەی لە سەربازیدا فێری خوێنەواری ئەبێت بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی خێزانەکەی چەندین کاری جیاوز ئەکات وەک جوتیار لە کێلگەی ئاغاکانی ناوچەی سیڤەرک کاری کردووە. لە هەمان کاتدا حەمید سترانبێژ بووە و ئامێری سازی ژەنییوە. ئەو ستران و گۆرانییانەی حەمید چڕیونی لە بارەی چیرۆک و ئەفسانەی پالەوانێتی ئەبن، تەنانەت گوندا و گوند ئەڕوات و بەشداری ئاهەنگ و بۆنەکان ئەکات. زۆرجار گوینەی لەگەڵ باوکیدا ئەچێتە ئەو ئاهەنگانە و هەر بۆیە ئەم بەشداریکردنانە کاریگەرییان لەسەر گوینەی ئەبێت و خۆشەویستی بۆ مۆسیقا و گۆرانی وهەڵپەرکێی کوردی لەلا دروست ئەکات و هەمیشەش ئەو خۆشەویستییە لە فیلەمەکانیدا ئەبینرێت. دایکی گوینەی (گوڵێ خانم )ژنێکی دینداری نەخوێنەوار بووە. لە شەوانی ساردی زستاندا و لەبەردەم ئاگردانەکەدا چیرۆکی بۆ منداڵەکانی گێڕاوەتەوە بەتایبەت چیرۆکی ئەفسانەیی، خۆشەویستی، پاڵەوانێتی مێژوی خانەوادەکەی ، مێژووی کوردان، فۆلکلۆر و کارەکتەری پاڵەوانی کورد، چیرۆکی خۆشەویستی و پەند و هۆنراوە. تەنانەت هەندێ جار گوڵێ خانم چیرۆکەکانی بە گۆرانی و حەیران باس کردووە و توانا و لێهاتویی گوڵێ خان وای کردووە کە منداڵ و ژنانی گوندەکەیان لە ماڵەکەیدا کۆببَنەوە تا گوێبیستی چیرۆکەکانی ببن.

هەژاری و قورسی بژێوی ژیان وا لە گوینەی ئەکات کە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەست بە کارکردن بکات. گوینەی کاری جۆراوجۆری کردووە وەک کۆکردنەوەی کنگر و قارچک لە شاخەکان، ڕاوکردنی مشک لە کێلگەدا، کێڵانی کێلگەی پەموو و چنینی پەموو لە کێڵگەی ئاغاکاندا، ڕنینی ترێ و بەخێوکردنی مێگەلی ئاغاکان. لێرەوە گوینەی ئەزمونی کارکردن ئەکات، خۆی ئەزمونی برسێتی و ژیانی هەژار، جوتیاری و ژیانی گوند ئەکات و تێکەڵی ژیانی گەورەکان ئەبێت. ئەم ژیانە لە فیلمەکانی گوینەیدا ڕەنگ ئەداتەوە و بۆیە ئەتوانێت لە فیلمەکانیدا بە باشی وێنای ژیانی واقعی جوتیارەکان بەرجەستە بکات. گوینەی هەر لە منداڵییەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەبووە بۆ نمونە کاتێک لە گوندەکەی خۆیاندا لەگەڵ هاوڕێکانی یاری ئەکات هەمیشە وەک سەرکردەیەک مامەڵە ئەکات، کاتێک منداڵی ئاغاکان ئەیانەوێت گوینەی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، ناتوانن. بەڵکو هەمیشە هاورێکانی، مناڵە جوتیارەکان بەوە هان ئەیات کە نەبنە کۆیلەی منداڵی ئاغاکان. لەگەل ئەو کارە سەختانەشدا گوینەی بەردەوام لەگەل هاورێکانیدا یاری کردووە و هەمیشەش مندالێکی سەرکێش بووە لە گەمە و یارییەکاندا خۆی سەرکردایەتی منداڵەکانی دیکەی کردووە. هەر ئەم مامەڵە و سەرکێشییەی گوینەی وای کردووە کە توشی شەر ببێت بەتایبەت لەگەڵ منداڵی ئاغاکاندا. ئەو واقیعە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەی کە گوینەی تیایدا ژیاوە پێچەوانەی ویستی خۆی بووە هەر بۆیە لە منداڵییەوە کەسێتییەکی یاخی و سەرکەشی هەبووە و ئەو سەرکەشی و یاخییەش تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بووە بەڵام بە شێوە و فۆرمی جیاواز، ئەو لە نێوان تەسلیمبون و بەرەنگارى بژادەى دووەم هەڵدەبژێرێت. درک کردنی گوینەی بەو جیاوازییە چینایەتییەی کە لە لادێکەیاندا هەبووە، جیاوازی نێوان جوتیار و ئاغا رەنجبەر و خاوەن زەوی هۆکار بووە بۆ ڕووبەڕووبونەی گوینەی لەگەڵ ئەو واقیعە. هەربۆیە گوینەی بریاری داوە کە وەک باوکی نەژی هەر ئەمەش هۆکار ئەبێت کە گوینەی لە تەمەنی لاوێتیدا بە نوسینەکانی کار مارکس، فریدریک ئینگلس، ڤلادمیر لینین، ماوتسى تۆنگ و نوسەر و شۆڕشگێرە چەپەکانی تر ئاشنا ببێت لێرەوە گوینەی سەرەتایەک بۆ چەپ بوون دەست پی ئەکات و ئەم دنیابینیەشی لە فیلمەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە بەتایبەت فیلمەکانی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان. گوینەی هەشت ساڵی سەرەتای تەمەنی لە گوندێکی بێ کارەبا، بێ نەخۆشخانە و بێ تەلەفۆن بەسەر ئەبات و تاکە پەیوەندی و ئاگاداربونی گوینەی لەگەل جیهانی دەرەوە بەهۆی رادیۆکەی باوکی ئەبێت. بۆ یەکەمجار گوینەی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا ئاشنای سینەما ئەبێت کە لە رێی فرۆشیارێکی گەرۆکەوە کە ئامێری نیکەلۆدیۆنی پێ ئەبێت و فیلمی چل چرکەیی یان یەک خولەکی بەپارەیەکی کەم بۆ خەڵکی گوند نمایش ئەکات. گوینەی لە منداڵییەوە تێ ئەگات کە هەژاری و کورد بون لە وڵاتی تورکیا سەرچاوەی زۆر نەهامەتییە، بەهۆی قەدەغەکردنی زمانی کوردییەوە گوینەی لە تەمەنی لاوێتیدا کوردییەکەی لاواز ئەبێت تا بەرەوە بیرچونەوە ئەڕوات و دواتریش هەرلەبەر ئەو هۆکارە و لەژیر سیاسەتی بە تورککردندا ناچار زمانی تورکی بۆ سیناریۆ و فیلمەکانی بەکارئەهێنیت. 

 

ماویەتى ...

بەشى یەکەم/لە ژمارە 1181 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە  2019/7/23 بڵاو بۆتەوە و لینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...

 https://en.calameo.com/read/000783018015be2a353b3  

لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:

 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24112-2019-07-31-06-41-40

بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...