ئایا ئیکۆلۆژی نوێیە؟

لە هەندێ گفتوگۆ و چالاکی تایبەت بە سروشت و ژینگە باس لەوە ئەکرێت کە پرسی ئیکۆلۆژی یان قەیرانەکانی ژینگە نوێن، پێم خۆشە بە کورتی رونکردنەوەیەک لە شێوەی پێنج خاڵدا لەو بارەیەوە بنووسم. 

یەکەم/ بۆ یەکەم جار لە سالی ١٨٦٦ زاراوەی ئیکۆلۆژی ( Ecology، واتە زانستی ژینگە)، لە لایەن زانای ئەڵمانی ئیرنیست هایکڵ لە کتێبی (مێژووی دروست بوون) بەکارهاتووە. هایکڵ بەم شێوەیە پێناسەی ئیکۆلۆژی ئەکات:  زانستێکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی نێوان خودی گیانلەبەرە زیندووەکان و نازیندووەکان، ژینگەی ئۆرگانی و نا ئۆرگانی، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو شوێنەی تیایدان.

دووەم/ داپیران و باپیرانی ئێمە کە لە ناو گوندەکاندا ژیاون پارێزەری سروشت بوون و بە بیرکردنەوەیەکی ئانیمیزمانە مامەڵەیان لە تەک سروشت و رەگەزەکانی سروشتدا کردووە. 

ئانیمیزم واتە گەردوون و ئەوەی لە ناو گەردوندا بوونی هەیە زیندووە (گیاندار و بێ گیان، ئەستێرە، رووەک) و یەک رۆحە لەگەڵ یەکدا هەموو پێکەوە رۆحی گشتی پێک دەهێنن. ئەمانە ئەگەر بشمردن لە وەرزێکی دیکەدا و لەوانەیە لە فۆرمێکی کەدا زیندووببنەوە. تێروانینی ئانیمیزمانە بەم شێوەیەیە: گەردون وەک یەکێتییەکی بون دەبینێت و بروای بە زیندوبونەوەی هەموو رەگەزێک هەیە کە ئەمرێت، مرۆڤ ئەندامێکی سەر ئەم زەوییە یان گەردونەیە، نەک سەردار و حاکم.



سێیەم/ سروشت ئامادەییەکی بەرچاوی لە ژانرەکانی ئەدەبی کوریدا هەیە سادەترین و ئاسانترین نموونە دیوانی یەکێک لە شاعیرانی کلاسیک یان زۆر بەریز لەتیف هەڵمەت، شێرکۆ بێکەس، حەمە عومەر عوسمان و زۆر شاعیری دیکە بخوێنەرەوە یان هەر کاتێک تاقەتت هەبوو لە رادیۆ یان چەناڵی یوتیوب گوێ لە گۆرانی دەیەکانی رابوردوو بگرە. ئەتوانین ئەوەش بڵێین رەگەزەکانی سروشت لە قۆناغی جیاوازدا سیمبول و واتای جیاوازی نمایندە کردووە بەتایبەت شعری رۆمانتیک و بەرەنگاریی بۆ نموونە گۆران ئە‌فەرموێ:

 لە ژێر ئاسمانی شینا

 لە پاڵ لوتکەی بەفرینا

کوردستان گەڕام 

دۆڵا و دۆڵ پێوام

 نە لە شار نە لە دێ

 نەمدی کەس وەک تۆ 

جوانبێ و تۆیت و بەس

 لە بەرامبەردا عه‌بدوڵڵا په‌شێو ئە‌فەرموێ: ئه‌مساڵ بێ چیا نه‌ورۆز ناکه‌م/ بێ بۆنی گیا نه‌ورۆز ناکه‌م

مه‌وله‌وی ئە‌فەرموێ:

وه‌هاره‌ن، سه‌وزه‌ن، ئاوه‌ن، سه‌رکاوه‌ن

هاژه‌ی وه‌فراوه‌ن، شاخه‌ی شه‌تاوه‌ن

ساقی یه‌ن، باده‌ن، نه‌سیمه‌ن، باده‌ن      

بوڵبوڵ جه‌ ده‌وره‌ی گوڵان ئازاده‌ن


ئەم شعرانە دەلالەت و شیکردنەوەی جیاواز هەڵدەگرێ لە ڕووە ئەدەبییەکەیەوە کە من ناتوانم خۆمی لە قەرە بدەم و هیوادارم پسپۆرانی ئەو بوارە کاری لەسەر بکەن و پەیوەندیداری بکەن بە ئامادەیی سروشت لە ناو کلتور و فەرهەنگی کورددا.

چوارەم/  کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن لە سەدەی پازدەهەم بەدواوە بە گەشتی کۆڵۆمبۆس دەستی پێکرد و تا ئێستە بە شێوەی جیاواز داگیرکاری بەردەوامە. 

ئامانجی داگیرکاری بە پلەی یەکەم ده‌ست به‌سه‌راگرتنی سەرچاوەکانی سروشتی وڵات و هەرێمی داگیرکراو بووە، هەر له‌و كاتەشە‌وه‌ جەنگە گەورەکە دژ بە سروشت و ژن ده‌ستی پێکرد کە جەنگی هەمیشەییە دژ بە دایکە زەوی و ژن. لە فۆرمی ئێستەی داگیرکاریدا ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکان دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی زەویدا گرتووە هەسارەکەیان گۆڕیوە بۆ بازارێکی گەورە. زەوی و دارستان و ڕووبار و زەریاکان و بەرگەهەوا هەموویان داگیرکراون، ده‌ست بۆ فەزای ناوەوەی جەستەی ژن، ڕووەک و ئاژەڵەکان براوه‌. سیستەم لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێ و سه‌ربازی دەستی بەسەر زەوییدا گرتووە، له‌ ڕێگەی تەکنەلۆژیای ئەندازیاری بۆماوەییەوە و دەستی بەسەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەراندا گرتووە.

لەژێر هەژمونی سەرمایەداری پیاوسالاری، ئەو وڵاتانەی لە لایەن کۆلۆنیالیزمی ئەروپییەوە داگیرکراون بە هەمان شێوەی سروشت و ژن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، واتا وەک ”کەرەسەیەکی خاوی بەخۆڕایی” کە دەتوانرێ لە لایەن پیاوی سپییەوە بەبێ هیچ تێچوویەک بەکاربهێنرێت و بچەوسێندرێتەوە. سەرچاوە سروشتییەكان بەبێ ڕەچاوكردنی ئەگەری نوێبوونەوەیان قۆرخ دەکرێن.

پێنجەم/ نامەی سەرکردە سیاتڵ سەرکردەی دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەمریکا:

سالى 1854 دا، فرانکلین پیرس، سەرۆکى هەرێمە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، پێشنیارێکی  نارد بۆ سەرکردەیەکی دانیشیوانە رەسەنەکانی ئەمریکا بەناوی سەرکردە سیاتڵ. پیشنیارى کردبوو، خاکەکەیان لێبکرێت و سیاتڵ بە نامەیەک وەڵام دەداتەوە کە تەنیا چەند بەشێکی کورتی لێرە دادەنێم:

*چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئاسمان بکڕێت، یان بیفرۆشێت؟! ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، بۆ ئێمە زۆر نامۆیە. 

*ئاوى چەم و ڕووبارەکان تەنیا ئاو نین، بەڵکو خوێنى باوانمانن.

*ئیمە دەزانین پیاوە سپیەکە لەمە تێناگات! هەموو پارچە زەوییەک بۆ ئەو  هەر یەکە.  بۆ ئەوێک، کە بێگانە ئاسا دێت وە هەرچی بوێت لە زەوى دەدزێت و دەڕوات. دەى جا کە وابێت، زەوى دایکى ئەو نیە بەڵکو دوژمنیەتى! هەرکاتێکیش تەواو کاولى کردوو هەرچى تێدابوو بەتاڵانى برد، سووک و ئاسان جێیدێڵێت!

*ئەو لە ئاسمان و زەوی، وەک شمەک دەنواڕێت. وەک کاڵایەک چاویان لێدەکات، کە دەکرێت بیکڕیت و بیفرۆشریت!

*چاو چنۆکى ئەم پیاوە سپیە وادەکات، رۆژێک لەبری ئەم هەموو دارستانانە، تەنیا بیابانى کاکى بەکاکى بەجێبمێنێت!

*شارەکانیان لە سەر ئێشەیەک بەو لاوە، بۆ ئێمە چیدیکە نیە!

*وە لێ لەڕاستیدا هیچ ئاسوودەییەک لە شاری پیاوە سپیەکە دا نیە! لە شاری پیاوە سپیەکەدا جێگایەک شک نابەیت، کە مرۆڤ لە بەهاراندا گوێى لە هاژەى گەڵاى درەخت، یان لە سیڕەى باڵى مێروو بێت!

*ئەرئ بەهای ژیان چییە، ئەگەر مرۆڤ گوێى لەدەنگى سرووشت نەبێت؟!

*پێمناڵێیت مرۆڤ بەتەنیا و بەبێ زیندەوەرەکانى تر چییە؟!

*ئەگەر هەموو زیندەوەرەکانى دیکە نەمان، ئەوجا مرۆڤ بەتەنیا گیانى دەردەچێت! ئەى چۆن! گشتى پێکەوە پەیوەستە.

*زەوى دایکمانە و هەرچى بەسەر زەوى بێت بەسەر ئێمەى نەوەى زەویش دێت.


سەرچاوە:

*بەشێک لە دەقى وەرگێردراوی نامەکەی سەرکردە سیاتڵ کە لێرە دانراوە لە کتێبى ( ئێمە بەشێکین لە خاک) وەرگیراوە، کەریم مستەفا، کردویەتى بە کوردى.

*پرسی ئیکۆلۆژی، سورچی نادر. 

هەڵوێست کەریم: کۆنگرەی هاوپەیمانیی ژنان واتە بەرەنگاربوونەوە دژ بە کەلتووری پیاوسالاری

دەقی چاوپێکەوتنمان لە رۆژنیوز:

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست سەبارەت بە کۆنگرەی هاوپەیمانیی نەدا دەڵێت: ئەندام و ڕێکخراوەکان بۆ ئەنجامدانی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی هاوپەیمانیی ژنان بەرپرسیارن، کۆنگرەی هاوپەیمانیی ژنان واتە بەرەنگاربوونەوە دژ بە کەلتووری پیاوسالاری.


لە ١٥ـی تا ١٧ـی ئایاری ئەمساڵ لە شاری سلێمانی کۆنگرەی ژنانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی هەرێمی (هاوپەیمانیی نەدا) بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو لە ١٨ وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەشدا هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست و یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەکە، لە ڕووی گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەکە و یەکڕیزی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

هەڵوێست کەریم لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی کۆنگرەی ژنانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی هەرێمی و وتی: لە کۆنگرەکەدا ژنان گفتوگۆی جیاوازیان ئەنجامدا، لە کاتێکدا جیهان بە قەیرانی جیاواز تێدەپەڕێت، لەم کاتەدا کۆبوونەوەی ژنان و گفتۆگۆکردنیان ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێت لەو هاوکێشە سیاسییە و قەیرانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.






لەبارەی کارکردن لەسەر دەرەئەنجامەکانی کۆنگرەکە دەڵێت: بە مێژوویەکی کەم هاوپەیمانیی نەدا (هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی) توانی ژنان کۆ بکاتەوە و گفتوگۆی جدی و بنەمایی لەسەر قەیرانەکان بکرێت، هەر ئەندام و ڕێکخراوێک ئەو بەرپرسیاریەتیی هەیە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکە ئەنجام بدات، هەروەها گفتوگۆکردنی هەموو توێژێک گرنگی خۆی هەیە و ژنان کە کۆ دەبنەوە چەند ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە.

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: ژنان زیاتر لەوە تێدەگەن کە قەیران و گرفتەکان هاوبەشن، ئەوەش لەیەک نزیکبوونەوەی زیاتر درووست دەکات و باشتر پێکەوە دەست دەخەنە سەر کێشە و قەیرانەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کۆنگرەی ژنان، سەرەڕای هەبوونی سیستەمی پیاوسالاری، سیستەمی سەرمایەداری و سنوورە دەستکردەکان کە ڕێگرە لە بەردەم کاری پێکەوەیی ژنان.

سەبارەت بە گرنگی هاوپەیمانیی ژنان دژ بە کەلتووری پیاوسالاری جەختی لەوە کردەوە، بوونی کۆنگرەیەکی لەو شێوەیە  و بەردەوامی گفتوگۆی ژنان واتە بەرنگاربوونەوەی ئەو سیستەمە دەگەیەنێت، بەردەوامبوون و هەوڵ و تێکۆشان دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری ژنان لە بەرامبەر ئەو سیستەمە و داگیرکردنی بیری ژنان.

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لەبارەی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە خەباتی ژنان و پرسی ژناندا ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی جیهان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لە بەرزکردنەوەی دەنگی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەوەش وا دەکات ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕێکخراوەکان پێداچوونەوە بۆ کارەکانی خۆیان بکەن بۆ باشترکردنی کارەکانیان لەسەر پرسی ژنان، خوێندنەوەی توێژینەوە زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری و ڕێکخستنی هێزی ژنان.

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە کۆنگرەکە گرت و بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوو بابەتی گرنگ هەبوو کە قسەی لەسەر نەکرا کە بریتی بوون لە بابەتی پیشەسازی جوانکاریی کە پەیوەندیدارە بە داگیرکاری کە بیری ژنی داگیر کردووە و بە پێی خواستی پیاو بڕیار دەدرێت جەستەی ژن چۆن بیت، هەروەها شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی کە بەردەوامە لە درووستکردنی ڕۆبۆت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، سیستەمێکە کە هیچ بەهایەکی بۆ مرۆڤ نەهێشتووەتەوە.

بەستەری چاوپێکەوتنەکە لە رۆژنیوز، بەردەستە.

بەستەری چاوپێکەوتنەکە لە فەیسبوکی رۆژنیوز، بەردەستە

ئەمرۆ رۆژی جیهانی هەنگە!

*هەنگ نەسرەوتترین ئەندامی سەر ئەم زەوییەیە!

*هەر هەنگێک بۆ دروستکردنی یەک کیلۆ هەنگوین،  پێویستە ٩٠,٠٠٠  میل بفڕێت (نەوەد هەزار میل)، واتە سێ جار بە دەوری زەویدا بفڕێت.

*هەنگ بەرپرسە لە سەوزکردنی زەوی بە رێژەی لە سەدا هەشتا.

*ئەمڕۆ هەنگ و زۆرێک لە مێرووەکانی دیکە رووبەروی لەناوچوون و قڕکردن بوونەتەوە . ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ هەموومان، بۆ حکومەتەکان، ڕێکخراوەکان یان کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەوەی خەمخۆرانە کار بکەین بۆ پاراستنی هەنگ و مێرووەکانی دیکەش.

*دروشمی ئەمساڵ "هەنگەکان لە سروشتەوە ئیلهامیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی خۆراک بە هەموومان بدەن"، مەبەست لێی تیشک خستنە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگانەی کە هەنگ لە سیستەمی کشتوکاڵ و خۆراک و تەندروستی ئیکۆسیستەمی هەسارەکەماندا دەیگێڕن. 

*هەنگ و مێرووەکان تادێت مەترسییان لەسەرە بەهۆی لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوونیان، شێوازیی کشتوکاڵی پیشەسازیی،  گۆڕانی کەشوهەوا. 

*قڕبوونی هەنگەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خۆراک،  زیادبوونی کێشەکانی ژینگە، نائاسایشی خۆراک خراپتر دەکات بەتایبەت بۆ کۆمەڵگا گوندنشینەکان.

تێبینی/ وێنەی هەنگەکانی لێرە دامناوە وێنەی یەکێک لە تابلۆکانیی (پرۆژەی تاسان) ی هونەرمەند سوفیان جەلالە. وێنەکان بە سوپاسەوە لە لایەن کاک هاوڕێ عەبدوڵڵا چرکێنراوە.







کەی دواجار تۆ کرمی سور/ کرمی زەویت بینی؟

 *زانایان ئەڵێن کرمی زەویی گرنگترین ئەندامی سەرزەوییە چونکە کوودی (پیسای)، کرمی زەوی قسڵی تێدایە کە خاک بەپیت ئەکات. کاتێک خاک بە پیت بوو بەرهەمی کشتوکاڵیی زیاد ئەکات. کشتوکاڵی سروشتی و بەرهەمی کشتوکاڵ کە پەینی کیمیایی بۆ بەکارنەهێنرێت هۆکار ئەبێت بۆ فەراهەم کردنی تەندروستی باش بۆ لایەنی دەرونی و جەستەیی مرۆڤ و لە هەمان کاتدا بە زیندوهێشتنەوەی خاک.

*کرمی زەوی گڵ شی ئەکاتەوە، لەنیوهێکتار زەویدا نزیکەی ١٦ تەن خۆڵ لەساڵێکدا هەڵئەگەڕێنێتەوە و ڕێگە ئەدات ئاو و هەوا بگەن بەڕەگ و ڕیشەی ڕووەکەکان. ماددە ڕووەکی و ئاژەڵیەکان ئەشارێتەوە، تۆوی تازە ئەچێنێت، کاتێک گەڵای دارەکان ئەباتە کونەکەیەوە، بەوەش تۆو لەدارەکان و سەرزەوییەوە ڕائەکێشێتەوە بۆ ناو خاکەکە بۆ ئەوەی لەژێر زەویدا بیان ڕووێنێت.


*کرمی زەوی چاوییان نییە. بەڵام خانەی هەستیاریان لەسەر ڕوی دەرەوەی جەستەیان هەیە و یارمەتییان ئەدات شەو و ڕۆژ لێک جیابکەنەوە، یان هەست بە بچووکترین لێک خشاندن بکەن، وەکو چۆن هەر لەڕێگەی پێستیەوە هەناسە ئەدەن.

*ئەم کرمە لە زەوی شێداردا ئەژین و ناتوانن لەناو لم و لەبەر تیشکی خۆردا بژین. لە وەرزی زستاندا خۆی گڵۆڵە ئەکات و لێی ئەنوێت. ئەگەر کرمێکی سور/کرمێکی زەویت لەسەر زەوی بینی ئەوا بزانە یان بۆ ماڵێکی نوێ ئەگەڕێت یان بۆ خۆڵێکی باشتر.

*لە فیلمی (حەوت ساڵ لە تبت)، بەشێکی فیلمەکە دەربارەی ژیانی چواردەهەمین دەلای لاما بەرێز تێنزین گیاتسۆیە کە رابەری رۆحی تبتییەکانە لە جیهاندا. لە دیمەنێکی ئەو فیلمەدا کە کرێکارە تبتییەکان خەریکی بنیاتنانی سینەمایەکن و لە کاتی هەڵکەندنی زەوییەکەدا کرمی زەوی لە خاکەکەدا ئەبینن بەڵام دروستکردنی بیناکە ڕادەگرن و پاشان دەیەها تبتی بەرێز و بە نەرمییەوە یەک بە یەک کرمەکان هەڵئەگرن و لە شوێنێکی سەلامەت و گونجاو کرمەکان ئەبەخشنەوە بە خاک. 


*تبتییەکان پێیان وایە ئەم کرمانە لەوانەیە جەستەی داپیر و باپیر یان خزمەکانی ئێمەوە دروست بووبن یان جەستەی ئەوانیان شیکردبێتەوە، ئەم وێناکردنە بۆ رێزگرتن و پاراستنی کرمی زەوی جەخت لەسەر بنەمای هزری ناتوندوتیژی تبتییەکان ئەکاتەوە.

*تبتییەکان ڕێزێکی قووڵ لە هەموو بوونەوەر، رەگەز یان ئەندامێکی سەر زەوی ئەگرن، ڕەگ و ڕیشەی ئەو رێزە لە ئانیمیزمەوە هاتووە. زۆر بە کورتی ئانیمیزم واتە: گەردوون و ئەوەی لە ناو گەردوندا بوونی هەیە زیندووە (گیاندار و بێ گیان، ئەستێرە، رووەک) و یەک رۆحە لەگەل یەکدا کە هەموو پێکەوە رۆحی گشتی پێک دەهێنن.  ئەمانە ئەگەر بشمردن لە وەرزیکی دیکەدا و لەوانەیە لە فۆرمێکی دیکەدا زیندوو ببنەوە، واتە بروایان بە دۆنای دۆن هەیە.

تێبینی/ کرمی ناو وێنەکان هی کۆمپۆستی رووەکییە لە لایەن د.شنە شەریف بەرهەم هاتووە.









پێگەی ژینگە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا!!

رۆژی ٢٠٢٥/٥/٥ لە چوارچێوەی بەشداریمان لە گفتوگۆیەکی کراوە لە لایەن رێکخراویی جاسەنە تایبەت بە رۆژی جیهانی رۆژنامەگەریی سازدرا، بە بابەتێک بەشداربووین بەناونیشانی (پێگەی ژینگە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا). هەوڵ ئەیەم کورتەیەک لەو بابەتەی باسم کرد لێرە بەشی بکەم لەگەڵتان و بەو ئومێدەی لە چوارچێوەی وتارێکدا بینووسم و دواتر بڵاوی بکەمەوە.




کورتەی باسەکەم لە شێوەی پرسیار و سەرنجدا لێرە ئەنووسمەوە:
*ئایا گوتاری میدیاکان (بینراو، نوسراو و بیستراو) پەیرە و پرۆگرامی میدیاکان، باسێکی وەک سروشت و ژینگەی تیدا جێبۆتەوە؟؟ دیدگای میدیاکان بۆ پرسی سروشت و ژینگە چییە؟ چۆن لە ژینگە ئەروانن؟ ئایا میدیاکان ستراتیژی تایبەتیان بە پرسی ژینگە هەیە؟
*کێ روداو و قەیرانەکانی ژینگە باس ئەکات؟ کام میدیا لە خەمی سروشت و ژینگەی هەرێمی کوردستاندایە؟
*پرسی جینۆسایدی کورد و ئیکۆساید لە میدیاکاندا بووتە جێی باس و گرنگی پێدراوە؟ ساڵانە لەکاتی یادەکانی کیمیاباران و ئەنفالدا باسی جینۆسایدی سروشتی کوردستان ئەکرێت؟
*کاتێک روداو و قەیرانەکان باس ئەکرێت تەنیا وەک پرسێکی رۆژە یان هۆکار و روداوە مێژووییەکان و پەنهانەکانی پشتی قەیرانەکانیش باس ئەکرێت؟
*رۆڵی میدیای هەرێمی کوردستان وەک میدیایەکی پیشەسازیی و میدیایەکی بزنس لە خزمەت سیستەمی سەرمایەداری چییە؟
*ئایا قەیران و پرسە ژینگەییەکان پەیوەندیدار ئەکرێت لەگەل زەقکردنەوەی جیاوازی چینایەتی لە هەرێمی کوردستان؟
*ئایا لە میدیاکاندا پرسە ژینگەییەکان و جیاوازی رەگەزیی باس ئەکرێت؟ لێکەوتەی قەیرانەکانی ژینگە چۆن کاریگەرییان لەسەر بێبەشکردن و پەراوێزخستنی ژنان هەیە؟
* ئایا لە میدیاکاندا پرسی ژینگە و ئەمنی قەومی؟ پرسی ژینگە و سەربەخۆیی، پرسی ژینگە و خۆژێنی (سەروەری خۆراک)، بۆتە بابەتی رۆژەڤ؟
دەرئەنجام:
*لەمرۆدا بۆشاییەکی گەورەیی میدیایی هەیە لەمەڕ روماڵکران و شێوازی کارکردن دەربارەی پرس و قەیرانەکانی ژینگە کە ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە و رۆژانە هەموومان بەر بە ئەو قەیرانانە ئەکەوین.
* لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی کەناڵەکان، میدیای پیشەسازیین و بازرگانی ئەکەن.
*میدیای باشور، سروشت و ژینگە بە دابرواو دەبینێت لە پرسی سیاسی، ئابوری، کلتوری و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە و نەتەوەش.
*لە بەشێک لە کەناڵەکان بەهۆی خەمخۆریی و پێداگری رۆژنامەنووسان کار لەسەر پرسی ژینگە ئەکرێت و بۆ دەزگاکە پرسەکە هیچ گرنگ نییە.
* پرسی ژینگە لە چوارچێوەیەکدا دادەنرێت و بەپێی بەرژەوەندی و هەڵوێستی حزبی/سیاسی دەزگای میدیایی، یان بەرژەوەندیی نێوان کۆمپانیاکان و بەرژەوەندیی نێوان میدیا و کۆمپانیاکان دەگۆڕێت.
*هەندێک لە میدیاکان تیشک دەخەنە سەر روداوی گەرمی ئەمرۆ و بەیانی لە بیریان چۆتەوە.



بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...