رازاو گوڵێ مەحمود

 ئەمرۆ تۆڕی هەشتی مارس خەڵاتی یەکسانی بۆ ساڵی چوارەم بەخشییە د.رازاو گوڵێ وەک رێزلێنانێک لە ئیرادە و بەردەوامییان. ئێمە پیرۆزبایی گەرم لە د.رازاو گوڵێ ئەکەین، بوونی ئەو نموونەیەکی باڵای کۆڵنەدان و بەردەوامییە، جێگەی هیوا و ئومێدە بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوو. لە ماوەی دوو ساڵی رابوردوو و ئێستەش کە لە رێکخراوی ئازادبوون پێکەوە کار ئەکەین هەمیشە د.ڕازاو پاڵپشت و پشتیوانی هەنگاوەکانی ئازادبوون بووە. هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ د.رازاو و کاک بێستوون ئەخوازین.  لێرەدا ژیاننامەیەکی کورت دەربارەی خەبات و تێکۆشانی د.رازاو گوڵێ بەش ئەکەم لەگەڵتان، بە سوپاسەوە لە بەڕێزیانم وەرگرتووە.  

*د.رازاو کچی خێزانێکی نیشتمان پەروەر و کچی شەهید گوڵێ دەروێشە. شەهید گوڵێ پێشەنگی ڕێکخستنەکان و خەباتی ناوشار بووە و جەسورانە روبەڕووی بەعسییەکان بۆتەوە و تەنانەت خۆی دەخاتە بەردەم قامچی ملازم موحسین کاتێک خۆپیشاندەرانی بە قامچی ئازارداوە. گیانی بەرەنگاری و پێشەنگایەتی شەهید گوڵێ لە کەسایەتی د.رازاودا نەخشی کێشاوە.

*خاوەنی بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی کوردی\ زانکۆی سلێمانی\ ١٩٩٦، بەکالۆریۆس لە یاسا ٢٠٠٣، ماستەر لە یاسا\ کۆلێژی یاسا و رامیاری\ زانکۆی سلێمانی\ ٢٠٠٩، دکتۆرا لە یاسا\ فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان\ زانکۆی کۆیە\ ٢٠٢٤.




*پۆست و کاری ئێستا:

-سەرۆکی بۆردی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان.

-ئەندامی دەستەی گشتی و دەستەی راسپێردراوی رێکخراوی ئازادبوون.

-رێکخەری تیمی یەکسانی رەگەزی رێکخراوی ئازادبوون.

-راوێژکاری ئەنیستیوتی پەی بۆ کاروباری پەرلەمان و خوێندنی باڵا.

-ئەندامی دەستەی گشتی و دەستەی بەڕێووبردنی  تۆڕی ٨ مارس.

-سەرۆکی لیژنەی یاسایی تۆڕی ٨ مارس.

-ئەندام و دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ١٨٨.

_چالاکوان و پارێزەر.




*ئەزموونی پێشوو:

١-مامۆستا لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕۆڵ و کاریگەری هەبوە لە ئاراستەکردن و هۆشیارکردنەوری خۆێندکاران.

٢-بەرێوبەری گشتی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ساڵی ٢٠١١ ، گرنکترین کار لەو ماوە کورتەدا لە ڕێگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە پەرلەمان کرا کە پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و لە ئەنجامدا بوو بە یاسا. هەروەها ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ هەموارکراو بە یاسای ژمارە ١٥ ی ساڵی ٢٠٠٨ ، دەستنیشانکردنی ئەو بڕگەو مادانەی جێبەجێنەکراون و تایبەت بوون بە مافی ژن لەو یاسایەدا، هاوکات ئاراستەکردنی نوسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان.

٣-ئەندام پەرلەمان لە خولی سێیەم ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٣ لە لیژنەکانی بەرگری لە مافی ژنان، رۆشنبیری و راگەیاندن، کاروباری شەهیدان. لە ماوەی ئەو دووساڵەدا چەند یاسایەک دەرچوون لەوانە یاسای سندوقی شێرپەنجە، یاسای ماف و ئیمتیازی خاوەن پێداویستی تایبەت، یاسای پیادەکردنی خانەنشینی کرێکاران و بیمەی کۆمەڵایەتی، بڕیاری ژمارە٥ ی ساڵی ٢٠١٣ تایبەت بە پەیمانی هاوبەشی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، جگە لە کۆمەڵێک یاسای دیکە وە بەشدار بوون لە ئامادەکردن و گفتوگۆ و دەرچواندنیان. هاوکات بەدواداچوونی بەردەوامی ئەنجامداوە وەک ئەندامی لیژنەی ژنان بە تایبەتی بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توند وتیژی خێزانی، لە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی کردنەوەی هەموو دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کە لە یاساکەدا هاتووە لە ئەنجامدا دەرکەوت کە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی یاساکە دەرچووە بە گەڕانەوە بۆ وەقائعی کوردستان و گفتوگۆی ئەندامان و دەنگدان لەسەر یاساکە رێنماییەکەی وەزارەت هەڵوەشایەوە سەڵاحیەت گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی خێزانی. بەدواداچوون بۆ سوتان و کوشتنی ژنان، جگە لە بەدواداچوون و سەردانی بەردەوام بۆ شێڵتەرەکان، سەردانی خانەی بێسەرپەرشتان و خەڵوەتگەی پیری و دابینکردنی پێداویستیەکان.

٤-دامەزرێنەر و ئەندامی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە.

٥- دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا.

٦-دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە کارگەی جگەرەی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە روخاندن و مانەوەی وەک بەشێک لە مێژوو و کلتوری سلێمانی.

٧-ئەندامی دەستەی دەنگی نیشتمان بووە.

*دیارترینی ئەو پرۆژانەی کاری تێدا کردووە یان سەرکردایەتی کردووە:

1-د.رازاو گوڵێ لە ساڵی ٢٠١٣ بەخۆبەخشی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تۆڕ و گروپی تایبەت بە مافەکانی ژنان رۆڵی کارای گێڕاوە لە تێکۆشان و بەرگریکردن لە مافی ژن لە لە هەرێمی کوردستان. سەرەتای مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٤ دوای پەلاماردان و هێرشکردنە سەر شەنگال بەیاوەری خاتوو شەونم حەمە غەریب و د.گەشە دارا سەردانی بەعادرێ و شێخان دەکەن و لەگەڵ ئەنجومەنی ئێزدیان کۆبوونەتەوە، سەردانی ئاوارەکانیان لە کەمپی شاریا کردووە و بەهانای ئەو کچ و ژنانەی ئێزدییەوە رۆشتوون کە دەربازبووی دەستی داعش بوون و بردویانن بۆ لای پزیشک لە دهۆک. پاشان سەردانی کەمپی عەربەتیان کردووە و هەموو هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزاریییەک تا ئەو کاتەی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە رادەگەیەنرێت.

2-رۆلی کارای گیراوە لە تیکۆشان و بەرگری کردن لە مافەکانی ژن لە هەرێمی کوردستان لە کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە بۆ پاراستنی ژنانی ئێزدی رۆڵی کاریگەری هەبووە لە پێشکەشکردنی پرۆژەی هەموارکردنی یاسای کارتی نیشتمانی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨. هەروەها ساڵی ٢٠٢٥ بۆ بەدواداچوونی منداڵی بێناسنامەی موسڵمان سەردانی موسڵیان کرد، لە کاتێکدا رۆژێک پێش سەردانیکردنی موسڵ ژمارەیەک لە داعش ئازاد دەکرێن بەڵام ئەوان لە سەردانەکەیان بەردەوام ئەنجام دەدەن لەگەڵ ئەوەی ژیانیشیان کەوتۆتە مەترسییەوە.

3-رشتەی دکتۆراکەی رازاو گوڵێ دەربارەی یاسای باری کەسێتیی عێراقە و رۆڵی پێشەنگ و زۆر کاریگەری گێڕا لە دامەزراندنی هاوپەیمانی ١٨٨-سلێمانی هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی ئەو قەیرانانەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ ی ١٩٥٩ دروستی دەکات، پێشکەشکردنی چەندان کۆڕ و سیمینار، بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پانێڵ، ئەنجامدانی چەندان چاوپێکەوتن وبەرنامەی تەلەفزیۆنی. 

4-پاڵپشتی خەبات و خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بووە و بەتایبەت لە کاتی مانگرتنی مامۆستایاندا بەبەردەوامی و رۆژانە لە لای مانگرتووان بووە لەگەڵ ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی نەخۆش بوو بەڵام هەموو رۆژەکان ئامادەیی هەبووە. هاوکات شەوێک تا بەیانی لەگەڵیان ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی هەموو رۆژەکەش لەگەڵیان بووە. 

٥-بەشداری کارای هەبووە لە بارەی پرسە سیاسیی و نیشتمانییەکان، هەمیشە وەک داکۆکیکارێک لەسەر پرسە نەتەوەییەکان شەقام و راگەیاندن و هەر رێگەیەکی دیکەی مەدەنی گرتۆتەبەر. بۆ هەمان مەبەست دەستەی دەنگی نیشتمانیان پێک هێناوە و چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بەمەبەستی بەرگریکردن لە کوردانی باکور و رۆژئاڤا. لە ١٨\١٠\٢٠٢٣ لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا سەرکردایەتی گەورەترین خۆپیشاندانیان لە سلێمانی کرد و د.رازاو وتاری خۆپیشاندانەکەی لەبەردەم باخی گشتی خوێندەوە.

6-بەشداری سەرەکی و کاریگەری هەبوو لە پاڵپشتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار دەکرێت. بەشداری هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی کردووە کە بۆ پشتگیری لە رۆژئاڤا لە مانگی یەکی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، پشتگیری شۆڕشی کەزێ بووە. بەشداری کاروانی سەفەربەریی باشوری کوردستانی کردووە و بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا لە سەخترین دۆخدا لە ٢٠\١\٢٠٢٦ سەردانی رۆژئاوای کردووە و ئەم سەردانە کاردانەوەی ئەرێنی و گەورەیی ناوخۆیی و جیهانی هەبوو.

7-لەسەر ئاستی تاک هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی ئەو ژنانە بووە کە وەک کەسایەتی پەیوەندییان لەگەڵ د.رازاو گرتووە، لە رووی یاسایی و مەعنەوییەوە پاڵپشتی کردوون سەدان نموونەی لەم شێوەیە هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ تێکۆشانی بەرێزیان بۆ مافی ژن تەنیا لە چوارچێوەی رێکخراو و تۆردا نەوەستاوە بەڵکو زۆربەی کاتی خۆی پێشکەش بەو خەباتە کردووە.

8- منداڵەکانی بە پەروەردەیەکی ژینگەدۆستانە و نیشتمان پەروەرانە پەروەردەکردووە هەربۆیە بەردەوام و بەشێوەی جیاواز رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە وەک پاڵپشتی گروپی گۆیژە بپارێزە، تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون هەروەها چاندنی نەمام لەلایەن منداڵەکانی و بەردەوام سەردانیکردنی نەمامەکان بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە گەشە ئەکەن.

9-بۆ ماوەی ساڵێک و لە رێگەی دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا توانیان کێشە و گرفتەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بخەنەڕوو لە رێگەی ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانس، ئاڕاستەکردنی نوسراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە میدیاکان، سەردانی لایەنی پەیوەندیداری وەک پەرلەمانی کوردستان، نوسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.  لە ئەنجامدا سەرۆکی پەرلەمانی ئەو کات سەردانی (سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە) ی کرد. هاوکات ڕەشنوسی یاسای سندوقی شێرپەنجە لەگەڵ هەردوو بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە، ئامادەکردووە.




*ئاڵەنگارییەکانی ژیانی رازاو گوڵێ

*ئاستەنگییەکانی ژیان بۆ د.رازاو زۆر بوون بەتایبەت لەسەرەتای قۆناغی هەرزەکاری بەهۆی بارودۆخی سیاسی سەردەمی رژێمی بەعس لەساڵی ١٩٨٧ خێزانەکەی رووبەڕووی گرتن و دەست بەسەراگرتنی موڵک و ماڵ و روخاندنی شوێنی نیشتەجێبوون بووەوە. لە هەمان ساڵدا دایک و باوک و براگەورەکەی لەلایەن رژێمەوە دەستگیرکران و پاشان براکەی شەهید کرا. چارەنوسی دایک و باوکی بە نادیاری مایەوە بۆیە چارەنوس و ژیانی منداڵەکانیشیان روو لە نادیاری و لە ناوچوون بوو بەڵام بەو تەمەنە بچوکەوە بڕیاریان داوە بەردەوام بن و رووبەرووی ئاستەنگەکان ببنەوە. د.رازاو بەردەوام دەبێت لە خوێندن و ئەمە بڕیارێکی ئاسان نەبوو چونکە مەترسی دەستگیرکردنی ئەو و خوشک و براکانی هەبوو، ئەوان بەردەوام بوون لە خۆشاردنەوە بەجۆرێک بەرۆژ لە قوتابخانە ئامادە دەبوون و بەشەو لە ماڵی کەس و کار و لە شوێنی جیاواز ماونەتەوە، پاشان دەچێتە قۆناغی ئامادەیی  و نەخشەی چوونە زانکۆش دادەنێت وەک ئاڵنگارییەک لە بەرامبەر ئەو ژیانەی هەیان بووە.

*دوای راپەرین دڵنیابوونەوە کە دایک و باوکیان بەپێی بەڵگەنامەی بەعس ملیان پەڕێندراوە بەڵام گۆڕیان نادیاربوو. لەگەڵ ئەوەشدا د.رازاو هەر بەردەوام بووە لە خوێندن و خۆپێگەیاندن، بەڵکو بەشداری کارای کردووە لە  بنیاتنانی کۆمەڵگەی دوای راپەرین.

*جگە لەوەی کە بەردەوام لە لایەن هێزی کۆنەپارێز و ئیسلامی سیاسییەوە هێرشکراوەتە سەر ئەو پرۆژە و هەڵمەتانەی کە د.ڕازاو کاری تێدا کردووە تەنانەت گەیشتۆتە سەر بە ئامانجگرتنی خودی کەسایەتی د.رازاو بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠١٨ و بەشێوەیەکی فەرمی و نافەرمی ناوی شەهید گوڵێی دایکی هەڵگرتووە. بەڵام ئەو هێرشانە د.ڕازاوی سورتر کردووە دەربارەی ئەو تێکۆشان و خەباتەی بڕوای پێیەتی هاوکات رۆژ بە رۆژ خزمەت و بەشدارییەکانی زیاتر و فراوانتر کردووە.

*زاڵبوونی د.رازاو لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان مکوڕبوون و بەردەوامییە، پێداگری و جەختکردنەوەی زیاتر بووە بۆ بەدیهێنای ئامانجەکانی بۆ سودی گشتی و بەتایبەت ژن ومنداڵ.

چارەسەری پرسی ژن چییە؟ ئێمەی ژن چی بکەین؟ هەڵوێست کەریم

رۆژی چواری ئەم مانگە لە رێکخراوی ئازادبوون بابەتێکم دەربارەی شۆرشی ژن پێشکەش کرد. چەند بەشداربوویەکی بەرێز پرسیارێکی گرنگ و جدییان کرد، بۆ چارەسەری پرسی ژن لە باشور چی بکەین؟ لە چوارچێوەی بابەتەکەدا وەڵامی ئەو بەڕێزانەمان دایەوە و لێرەشدا  هەندێک پێشنیارم بۆ وەڵامەکە زیاد کردووە و لەگەڵ ئەو هاوڕێ بەرێزانە و ئێوەش بەشی ئەکەم:




•ئێمە بە شۆڕش ئەتوانین ئازادی بەدەستبهێنین، پێویستە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک خەبات بکەین و لە ریشەی کۆمەڵگەوە دەست پێبکەین و پرسی ژن بکەینە پرسی کۆمەڵگە.

•پێوویستە ئاوڕێکی جدی لە سەدەیەک (لانی کەم)، لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژن لە باشور بدەینەوە و هەڵیبسەنگێنین و شۆڕشی ژن لە باکور، رۆژئاوا رۆژهەڵات و دیاسپۆراش بکەینە تێشووی هەنگاوەکانی داهاتوومان.

•ئێمە ئەتوانین سود لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی هەموو گەلان وەربگرین، بەڵام پاشخانی شۆرشی تاقانەی مرۆڤایەتی مەبەستم شۆرشی ژنە لە رۆژئاوا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رۆژهەڵات، پێشەنگایەتی ژن لە باکور، تێکۆشانی ژنی کورد لە دیاسپۆرا بکەین بە بنەما و میتۆدی سەرهەڵدانی شۆڕش و بزووتنەوەی ژنی کورد.

•پێوویستە هێڵی فکری تێکۆشانی بۆ شۆرشی ژن لە باشور دیاریبکەین، خۆمان پەروەردە بکەین و رێکخستنی ژن  بۆ خۆناساندن و ئازادی، دەست پێبکەین.

•ژن لە رابوردودا لە ناو کۆمەڵە و حزبەکاندا رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، لە دام و دەزگای حکومەت، پەرلەمان، دواتر لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا پێشەنگایەتیان هەبوو بەڵام پێم وایە ئێستە ئیدی سەردەمێکی دیکەیە و پێوویستە میکانیزمی کارکردن بگۆڕین چونکە لە ئێستەدا رێکخراوی ژنانی تایبەت بە حزبەکان و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناتوانن وەڵامدەرەوە و چارەسەری پرسی ژن بێت. 

•پێووسیتە بە جدی خەبات بۆ ئازادی ژینگە و سروشت بکەین، بەبێ ئازادی سروشت و ژینگە ئازادی هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگە بەدەست نایەت.

•تێکۆشانی جدی بۆ بنیاتنانی بزوتنەوەی دژە داگیرکارای بکەین، بەرامبەر ئەو ستراتیژیانە بوەستینەوە کە دەوڵەت نەتەوە، وڵاتانی سەرمایەدار لە دژی ژنێکی ئازاد سەدان ساڵە پەیڕەوی ئەکەن.

•پێوویستە شیکاری بۆ سیستەمی سەرمایەداری، نیولیبرالیزم، هەژموونی ئیمپریالیزم بکەین و لەو سیاسەتانە تێبگەین کە چۆن ژنی کردووە بە کاڵای سێکسی و جەستەی بۆ ریکڵامکردنی سابون و ئوتومبیل و کاڵاکانی دیکەش بەکارئەهێنێت سەرمایەی پێ کەڵەکە ئەکات.

• پێوویستە خوێندنەوە بۆ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا، کۆمەڵگەی دوای زانیاری بکەین و ئەو کارەسات و قەیرانانەی ئەم پێشکەوتنە دروستی کردووە و دروستی ئەکات لەسەر ژن و کۆمەڵگە چییە بەتایبەت بۆ ئێستە بۆ داهاتوویەکی زۆر نزیک، بۆ ژیانی رۆژانەی ئێمە.

•لە مێژووی شۆرش و بزوتنەوەکانی جیهان و کوردا چەند رێبازێک پێشنیار ئەکەم بۆ ئێمەی ژنی کورد رێگەنیشاندەر ئەبێت بۆ سەرهەڵدانی شۆرش و بنیاتنانی بزوتنەوەی ژنی کورد، ئەوانیش:


یەکەم\ زانستی ژن، ژنۆلۆژی: مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤایەتی شەن و کەو کردووە، لە قۆناغەکانی گەشەسەندی هزری مرۆڤایەتی دەست پێئەکات و ئازادی و بوونی ژن نیشان ئەدات و هاوکات ئەو مێژووەشمان بۆ بەیان ئەکات کە چۆن ژن کۆیلە کرا. هەربۆیە لە میتۆلۆژیا، ئاین، فەلسەفە و زانستە دەست پێدەکات و رێگاچەسەری پرسی ژنی کوردی پێشنیار کردووە. هەر بۆ زانیاری ئێوەی ئەزیز ئەمرۆ ژنۆلۆژی لەسەر ئاستی جیهان وەک زانستی ژنی کورد ئەخوێنرێتەوە، شرۆڤە ئەکرێت و ژنانی نەتەوەی جیاواز لەگەڵ ژنی کورد ناوەندی تایبەت بە ژنۆلۆژیان لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین دامەزراندووە.

دووەم\ ئیکۆفیمینیزم: ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە قەیرانەکانی ژینگە وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە ئەبینێت کە هەمووشیان پێکەوە گرێدراون بە باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری. سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە لە فیمینیزم لە حەفتاکانی سەدەی رابوردودا گەرمووگوڕی بە ئەو مشتومڕانەدا لە بارەی ژینگە  و مرۆڤ، بە تایبەت پەیوەندی نێوان ژن و ژینگە لە ئارادا بوون. هەروەها لە پەیوەندی دوالیزمی کلتور\سروشت مرۆڤ\نامرۆڤ پیاو\ژن ئەکۆڵێتەوە.

سێیەم\ فێمینیزمی ڕەشپێست: لێکۆڵینەوە لە ڕەگەزپەرستی، سێکسیزم، چەوساندنەوەی چینایەتی و داگیرکاری ئەکات و  ئەو کاریگەرییان دیاری ئەکات کە لە داڕشتنی ژیانی ژنی ڕەشپێستدا بەشدارن. ئەم ڕەوتەی فیمینیزم ئەو سیستەمە باڵادەستانەی دەسەڵات بەیەکەوە گرێئەدات و پێکەوە ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە. فێمینیزمی ڕەشپێست ڕەگ و ڕیشەی لەخەباتی دژە داگیرکاریدا هەیە، تیشک ئەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن داگیرکاری و کۆیلایەتی و باڵادەستی هۆکارن بۆ پلەبەندی ڕەگەزی و پێکهاتەی پیاوسالاری و رەتاندنی ئابووریی.

جەنگ و سەرمایەداری، وێرانکەری سروشت و کۆمەڵگە هەڵوێست کەریم - ئەندامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی

جەنگ فۆرمێکی خێرای لەناوبردنی سروشتە و لە سیستەمی سیاسی ئابووری جیهانی ئەمڕۆدا چەسپاوە، جەنگەکانی ئەمڕۆ ئیکۆسیستەم و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەناوئەبەن. جەنگ، سەرمایەداری، داگیرکاری، *ئیمپریالیزم و *میلیتاریزم هۆکارن بۆ لەناوبردنی سروشت و نایەکسانی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهاندا زیاترئەکەن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پەرەسەندنی جەنگ، سیستەمی وزە و ژێرخانی ستراتیژی ئەکەنە ئامانج و مەترسی درێژخایەن و قەیرانی ژینگەیی وەک ژەهراویبوونی خاک و ئاوی دروستکردووە. ئیکۆلۆژیای سیاسی ئەم قەیرانانە وەک دەرئەنجامی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیهانی ئەبینێت، لە کاتێکدا دیدگای *ئیکۆفێمینیزم ئەم قەیرانە لە لۆژیکی پیاوسالاری و میلیتاریزەکراودا شی ئەکاتەوە کە سروشت و ژن پەراوێز ئەخەن. لەو ڕوانگەیەوە کە هەسارەکەمان بریتییە لە یەک ئیکۆسیستەم، واتە زیانەکان لە ناوچەیەکدا کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری کەشوهەوا و قەیرانی سەرچاوەکان و کاریگەریی لەسەر خۆشگوزەرانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، هەیە.





ململانێی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران ڕەنگدانەوەی نەخشێکی فراوانترە و تێیدا کۆنترۆڵی سەرچاوەکان، باڵادەستی *جیۆپۆلەتیک و تێکچوونی سروشت پێکەوە هاوپەیوەندن. جەنگ، دەستڕاگەیشتن بە وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان سەقامگیر ئەکات هاوکات ئیکۆلۆژی و بژێوی ناوخۆیی ناسەقامگیر ئەکات. 

هەمیشە جەنگ بودجە و خەرجی زەبەلاحی هەیە و کۆمپانیای پەیوەندیدار قازانج ئەکەن، کە ڕەنگدانەوەی شێوازی سەرمایەداریی میلیتاریزەیە. ئیسرائیل دەیان ملیار دۆلاری خەرجکردووە، هەندێک لە خەمڵاندنەکان باس لەوە ئەکەن کە مانگانە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار لە تێچووی ئۆپەراسی\ۆن و بەرگریدا خەرج ئەکات. لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ١٢ ڕۆژەیدا لە ساڵی ٢٠٢٥، ئیسرائیل ٧,٨ ملیار دۆلاری خەرج کرد. زیانە ئابوورییەکانی ئێران، لە ژێرخانی ئابوورییەوە تا  راگرتنی هەناردەکردن، بە ٢٤-٣٥ ملیار دۆلار مەزەندە ئەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فشاری دارایی درێژخایەن. بەشداریکردنی ئەمریکاش بریتییە لە تێچووی ملیارەها دۆلار.

لە ڕوانگەی ئیکۆلۆژیای سیاسی و ئیکۆفێمینزمەوە، ئەم خەرجیانە لۆژیکی سەرمایەداری، ئیمپریالیستی و میلیتاریزەکراو دەرئەخەن. بەڵکو جەنگ ئەبێتە ئامڕازێک بۆ کەڵەکەکردنی قازانج و کۆنترۆڵکردنی هێڵی سەرچاوە جیهانییەکان و بەهێزکردنی پلەبەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان، لە بەرامبەردا سروشت، کۆمەڵگە، دانیشتوانە رەسەنەکان و ئیکۆسیستەم باجەکەی ئەدەن. مێژووی داگیرکاریی و ئیمپریالیزم ئەم توندوتیژییە وەک درێژکراوەی گەشەسەندنی نایەکسان ئەخەنە ناو چوارچێوەیەکەوە، کە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی جیهانی بە شێوەیەکی سیستماتیک مرۆڤ و سەرچاوەکانی سروشت ئەڕەتێنن و لە ناوی ئەبەن.

ئیکۆسیستەمی جیهانی وەک یەک جەستە

کۆمەڵگەی مرۆیی و سیستەمی سروشتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، لەناوبردنی ژینگە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا لە ڕێگەی بۆردومانکردن، تێکدانی ژێرخانی نەوت، یان ژەهراویبوونی پیشەسازی کاریگەریی هەیە لەسەر ژینگەی هەموو جیهان و سیستەمی کەشوهەوا، ئاسایشی خۆراک و ئاو. سەرمایەداریی سەربازیی ئەم سیستمانە وەک بابەتێکی لێکدابڕاو بەمەبەستی قازانج و کۆنترۆڵکردن مامەڵەی لەگەڵ ئەکات، لە کاتێکدا خۆڕاگری ئیکۆلۆژی هەسارەکە بە گشتی تێکئەچێت یان لەناوئەچێت. تیۆرستانی ئیکۆفێمینیزم ئەڵێن ئەم دابڕاندنەی جیهان وەک بابەت و سەرچاوەی جیاواز هاوتەریبە لەگەڵ ئەقڵییەتی دێرینی پیاوسالاری و داگیرکاریی، هاوکات زاڵبوون بەسەر سروشتدا پەیوەستە بە پەراوێزخستنی گەلانی رەسەنەوە. ڤاندانا شیڤا و ماریا میس ئەڵێن: جەنگ، رەتاندنی ئابووری ناوخۆیی، لەناوبردنی خۆبژێوویی، لەناوبردنی سروشت و توندوتیژی پێکهاتەیی لە سەرانسەری سیستەمی کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا بەرهەم ئەهێنێت.

چەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران نموونەی جەنگی سیستەمی سەرمایەدارییە و وڵاتانی ئیمپریالیزم بە هاوبەشی، ئیکۆسیستەم و سیستەمی کۆمەڵایەتی لە قاڵب ئەدەن بەو شێوەیەی خۆیان ئەیانەوێت، پلەبەندیی و هەژموونە جیهانییەکان بەهێزتر ئەکەن. لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە، مرۆڤ و ئیکۆسیستەم وەک یەک جەستەن و جیاناکرێنەوە، بۆ کەمکردنەوە یان رێگریکردن لەم قەیرانانە پێویستە پاڵپشتی نێوونەتەوەی و گەلانی رەسەن بەهێزبکەین بۆ بنیاتنانی جێگرەوەیەک لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداریی کە پاراستنی سروشت و مرۆڤ بەبنەما بگرێت.  داماڵینی سەربازی، نوێکردنەوەی سروشت، یەکسانی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری ژینگەیی، دەست پێبکات  هاوکات دان بەوەدا بنێین کە چارەنووسی کۆمەڵگەی مرۆیی و ئیکۆسیستەمی هەسارەکەمان لەیەکتر جیا ناکرێنەوە.

پەراوێز:

•  ئیکۆفیمینیزم: ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە کە قەیرانەکانی ژینگە وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە ئەبینێت کە هەمووشیان پێکەوە گرێدراون بە باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری. سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە لە فیمینیزم لە حەفتاکانی سەدەی رابوردودا گەرمووگوڕی بە ئەو مشتومڕانەدا لە بارەی ژینگە، بە تایبەت لە پەیوەندی مرۆڤ و ژینگە بەتایبەت تر پەیوەندی نێوان ژنان و ژینگە لە ئارادا بوون.

•  جیۆپۆلەتیک: لێکۆڵینەوەیە دەربارەی جوگرافیا و کاریگەری لەسەر سیاسەت و دەسەڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات چۆن هۆکارەکانی وەک شوێن، سەرچاوە سروشتییەکان، سنوورەکان، دانیشتووان و سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژی ئابووری و بڕیارە سەربازییەکانی وڵاتێک دیاریئەکەن.

•  ئیمپریالیزم:  سیستەمێکی سیاسی و ئابوورییە ،دەوڵەتێکی زلهێز لە ڕێگەی داگیرکاریی، بەکارهێنانی هێزی سەربازی، هەژموونی ئابووری، یان کاریگەری سیاسی، هەژموونی خۆی بەسەر خاک، گەل، یان نەتەوەکانی دیکەدا دەکات. 

•  میلیتاریزم: بریتییە لە باوەڕ، ئایدۆلۆژیا، یان سیاسەتێک کە دەوڵەتێک لە بڕیاردانی سیاسیدا دەسەڵاتی سەربازی لە پێشینە دادەنێت و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە بەکارئەهێنێت.


ئاخی بەرخۆدان و ئازادیی

سەرم بەسەر مۆبایلەکەمدا شۆڕ کردبۆوە و بە دوای هەواڵێکی نوێدا ئەگەڕام، هەموومان چاوەڕێ بووین بەڕێز مەزڵوم عەبدی شتێک بڵێت. هەندێک میدیا چەند گرتەیەکی ئەویان بڕیبوو بەئامانجەوە بڵاویان ئەکردەوە بەڵام بۆ من هیچ گرنگ نەبوو چونکە متمانە و باوەڕم بە مەزلوم عەبدی هەبوو، بڕوام بە بەرخۆدانی گەل هەبوو بەڵام بە دۆخەکە نا، بە سیاسەتی جیهانی و ئاگربەست نا.

هەندێک نوسەر و رۆشنبیر کەوتنە قسەکردن لەسەر شکستی رۆژئاڤا، برایەتی گەلان و بابەتی دیکە، لە باشور خەڵک خەریک بوو بە تەواوەتی ئەژنۆی بشکێت کاتێک زانیان هەسەدە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەکشێتەوە. بەشێک لە خەڵکیش هێشتا لە هەیەجانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیدا بوون کە چ بەرەنگارییەکیان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نواند لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی جۆلانی بە پاڵپشتی تورکیا و وڵاتانی خاوەن دروشمی ئازادیی و دیموکراسی.

رۆژی ١٨ ی مانگ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا بانگەوازیی سەفەربەرییی گشتی راگەیاند، هەموو گەل لە رۆژئاڤا لە ژن و پیاو گەنج بە دروشمی بەرخۆدان ژیانە، یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن، پیر چەکیان هەڵگرت. ئەمەم بینی موچوڕکەیەکی شانازیی دایگرتم، لە ئاست ئیرادە و هێزی ئەو گەلە سەری رێزم نەوی کرد. ماخۆلانم تێکەوت نەمئەتوانی دابنیشم هەر لە خۆمم ئەپرسی ئێمە چی بکەین؟ ئێمە چۆن پشتگیری ئەم هێز و ئیرادە نەبڕاوەیە بکەین؟

لە باشور ترس، توڕەیی و هەستی شکست پێکەوە و لە یەک کاتدا بەشێک لە خەڵکی داگیر کردبوو، پەیتا پەیتا شیکاری بۆ دۆخەکە  ئەکرا ، رۆژی ١٩ ی مانگ کارەکانم بەجێهێشتوو بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی بەردەم باخی گشتی بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتم خەڵکێکی کەم لەوێ بوون، لەگەڵ هاورێکانم گفتوگۆمان کرد ئەوان هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ رادەستکردنی ئەو دوو گەرەکە لە لایەن هەسەدە و توڕە بوون لە دوای ئەو هەموو بەرخۆدانییە ئەمە دەرئەنجامەکەی بوو؟


 


شەو رێپێوانی باکورم بینی بۆ شکاندنی سنوری نسێبین چاو و دڵم پڕ بوو لە گریانی سەربەرزیی، بە هاوڕێکانم وت ئەگەر لە باکورییەکانمان زیاتر پێنەکرێت با کەمتر نەکەین، هاوڕێیان ئەوان لە ژێر دەسەڵاتی تورکی فاشیستدان بەڵام بڕواننە هێز و پشتگیرییان.

هەمان شەو لە پلاتفۆرمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارییەک لە لایەن (ئەنجومەنی سەرتاسەری باشوری کوردستان)، بڵاوکرایەوە کە بانگەوازیی رێپێوانی لە باشورەوە دەکرد بۆ شکاندنی بازگەی سمێلکا. بەم بانگەوازە گەشامەوە، هەمان شەو لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکەش هەزاران کەس لە ژن و پیاو و چین و توێژە جیاوازەکان هاتنە سەرجادە  تا درەنگانێکی شەو و وەڵامی سەفەر بەریی درایەوە و بانگەوازیان لە هەموو کورد کرد پاڵپشتی رۆژئاڤا بکەن.

بەرەبەیانی ٢٠ ی مانگ یەکەم کاروانی گەنجانی باشور بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتن، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ خەڵکێکی زۆر لە ژن و پیاو گەنج و منداڵ لەبەردەم دەرگای زانکۆی سلێمانی کەمپی نوێ  ئامادەبوون، بۆ ئەوەی ئێمە بەڕێبکەن، خۆزگەیان دەخواست بیانتوانیایە لەگەڵمانبەشداربن، ئەیان وت: ئێمە لێرە لە خۆپیشاندان بەردەوام ئەبین.

کاروانەکە بەرێکەوت و ئێمە بە بەردەوامی گوێمان لەو سرودە نیشتمانیانە ئەگرت ماوەیەکی درێژە گوێبیستی نەبووین یان خۆمان گوێی لێناگرین وەک دەست لە چەکم، دەست لە چەکم هەڵناگرم یان سەرئەکەوم یان ئەمرم. لە ساڵی نەوەدەکان بەیانیان پێش دەسپێکردنی هەر وانەیەک، لە گۆڕەپانی فێرگەدا سرودی نیشتمانیمان ئەوتەوە. ئەو کات لە مانای زۆرێک لەو وشانە تێنەدەگەیشتم و نەشم ئەزانی بۆ ئەم سرودانە ئەچڕین؟ دواتر سەرهەڵدان ژیانە بەرخۆدان ژیانە، ئێمە پێویستمان بەو هەیەجانە هەبوو کە شڤان پەروەر لە گۆرانی شۆڕشگڕیدا ئەیداتەوە بە گوێماندا و هەستێکی بەرزی کوردبوونت تێدا ئەژێنێتەوە، پاش کەمێکی دی هونەرگەها وڵات و ژن ژیان ئازادی، سەرسام بوون بە ئاواز و وشەکانی شەر هاتە بەردەرگا، سەر سەر و سەر چاڤا. ئەمە ئەو گۆرانیانە بوون کە لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئاگربەست، بەرەنگاریی زیاتری لە ئێمەدا دروست ئەکرد. لەم ساتەدا بەخۆمم ئەوت دوژمن و داگیرکەر بۆیە ئەیەوێت ئێمە لە موزیک و گۆرانی، هەڵپەرکێ و شعر داببڕێت.

کاتێک گەیشتینە دەروازەی فیشخاپور و پاش هەندێک گفتوگۆ کارەکانیان بۆ راییکردین و بەرەو خاکی رۆژئاڤا بەرێکەوتین.کاتژمێر یەک و نیووی شەو ئەو سنورە دەستکردەمان بڕی کە لە نێوان خاکی باشور و رۆژئاڤادا کێشراوە. ساتی گەیشتنە سەرخاکی نیشتمان ئەو چرکە ساتە بوو کە خەریک بوو دڵ و رۆح لە سینە و گیانم دەربچێت و بفڕێت، بەڵام فڕینێکی کوردانە بۆ ئازادی.

بە هەلهەلە و گۆرانیی چڕینەوە گەیشتین، شەوێکی تاریک تاریک بەڵام ئەموویست چاوەکانم بکەمەوە، ئەو خاک و نیشتمانە ببینم کە لانکەی سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاڤایە، هەزاران گەنج و ژن و پیاو لە کورد و نەتەوەی جیاواز گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو خاکە بەخشی، لە قورسترین ساتەکاندا دلێرانە هاواریان ئەکرد بەرخۆدان ژیانە،کۆبانێ ناکەوێ، رۆژائاوا سەرئەکەوێت.

وێنەی ژنانی شەڕڤان، ساتی داگیرکردنی عفرین، ساتەکانی ئازادکردنی کۆبانی، بیستنی هەواڵی شەهید بوونی موسا کوبانێ، بەرخۆدانی شەهید دەنیز، بەرخۆدانی زیاد حەلەب و هەموو شانازییەکانی دیکەی کورد بوونم دەهاتە پێشچاو. هەستێکی سەیر گنگڵی دەدام، هەستێکی پڕ لە شانازیی لە هەمان کات توڕەیی.

بە خۆمم ئەوت ئێستە پێیەکانم لەسەر خاکێکە کە بەرخۆدانی خستە خوێنی هەموو کوردێکەوە، ئەو خاکەی لە هەموو جیهانەوە لە نەتەوە و زمانی جیاواز لە ئاین و مەزهەبی جیاواز هاواری ئازادیی و پشتگیری بۆ ئەکەن. هەستێکی سەیر جەستە و رۆحی داگرتبووم، هەستم بە ژانێکی قورس لە هەموو جەستەمدا ئەکرد.

لە پاسەکە دابەزین ژمارەیەک پاسەوانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک هاتن بۆ پێشوازیی و بەخێرهاتنمان، لەو شەوە ساردەدا بە گەرمییەوە پێشوازییان کردین و یەک یەک تەوقەمان لەگەڵ کردن و سڵاوی باشوری نیشتمانمان پێگەیاندن. جەستەیەکی پتەو و ڕاوەستاو و دەستێکی سارد وەک شەختە بەڵام رۆحێکی بەرەنگاریی گەورە.

هەمان شەو بە چەند پاسێک ئێمەیان گواستەوە بۆ رمێلان، لەوێ لە لایەن ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدانەوە پێشوازیمان لێکرا و دواتر بەسەر ماڵەکاندا دابەش کراین. بەرەبەیان بوو لە دەرگاماندا خانمێکی باڵابەرز دەرگای کردەوە بەبزەیەکی گەرمەوە یەک یەک لە ئامێزی گرتین و خۆی ناساند وەک دایکی شەهید….لە ژوری میوانەکە وێنەی کورە شەهیدەکەیان لەگەڵ وێنەی چەند شەهیدێکی دیکە و بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵواسرابوو. خوانی رازاندەوە و فەرمووی لێکردنین نان بخۆین، دوای نان خواردن نوستین. بەیانی دوای نان خوارد، رۆشتینە حەسارەکە و چەند وێنەیەکمان بۆ یادگاری چرکاند. بینیم لە باخچەیەکی بچووکی چەند مەتریدا سەوزەیان رواندووە و کەوتمە بیری گوندی ژینوار کە دەمێکە ئاواتی ئەوە ئەخوازم سەردانی بکەم، بەڵام ئێستە لە رۆژئاڤام و بەهۆی شەڕەوە ناتوانم بڕۆم.  چنگم لە خاکی  رۆژئاڤا گیرکرد بە خۆمم وت ئەمە ئەو خاکەیە کە بووە بە ئاخ لە دڵی داگیرکەراندا، ئەمە ئاخی رۆژئاڤایە مایەی شانازیی و سەربەرزیی هەر کەسێکە لەسەر ئەم گۆی زەوییە بۆ ئازادی تێئەکۆشێت، خەون بە جیهانێکی نوێوە ئەبینێت.



  ژنانی باشور لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦


ماڵئاواییمان لە یەک کرد و گەراینەوە بۆ ئەنجوومەنی ماڵباتی شەهیدان و بۆ ئەوەی لە بەرنامەی ئەو رۆژەدا بەشدار ببین، ژنانی بەشداربووی کاروانەکە سەردانی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانمان کرد. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان دوای بەخێرهاتن و گەیاندنی سوپاس و پێزانین بۆ گەلی کورد و باشور باسی بەخشینی گیان و رۆحی هەزاران شەهیدی رمێلانی کرد بۆ ژیانێکی دیموکراتیک. ئێمە تێگەیشتین ئێرە نیشتمانی بەرخۆدان و ئیرادەیە لەم سەرزەوییە لەگەڵ هەر کەسێک قسە ئەکەیت یان خوشکی شەهیدە یان برای، یان دایک یان باوک یان منداڵی یان هاوژینەکەی شەهیدە.



لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان و بەرێز غەریب حەسۆ، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦

بەرێز غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی پەیەدە گەیشتە لامان و خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی بۆ گەلی کورد لە باشور و هەموو بەشەکانی کوردستان دەربڕی. بەرێز غەریب ئاماژەی بەو پلانگڕییە نێودەوڵەتییە دا ئەمرۆ لەسەر کورد و خاکی کوردستان هەیە و پاشان جەختی لەوە کردەوە ئەوان تا دوا هەناسەی ژیانیان بەرگری لە کوردستان ئەکەن. هاوکات چەند کەسێک هەر لە نزیکی ئێمە لیستێکیان بەدەستەوە بوو ناوی ئەو گەنجانەیان ئەخوێندەوە کە بریاریان دابوو بۆ بەرەی جەنگ بڕۆن، وردە وردە لەوان نزیک بوومەوە، یەک یەک سەیرم ئەکردن، ئەمویست شێوەیان لە یادەوەریمدا هەڵبگرم بەو هیوایەی رۆژێک بیانبینمەوە..لەوێدا هەستم بە شەرمەزاریی ئەکرد چۆن ئەو گەنجە سەربزێوو و سەرکەشانە بەرەو بەرەی جەنگ ئەرۆن و منیش تەنیا لێیان ئەڕوانم.

ئێمە ماڵئاواییمان لە بەڕێز غەریب حەسۆ و هاورێیان لە ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان کرد و بەرەو دێرک بەڕێکەوتین و سەردانی ناوەندی پەیەدەمان کرد لە لایەن گەل و هاوسەرۆکی پەیەدە پەروین یوسف پێشوازیمان لێکرا و بەدەنگی دلێر و پر ئیرادە باسی دۆخی رۆژئاڤای بۆ کردین. ئەو ورەی لێ ئەباری سوپاسی گەلی کرد بۆ پاراستنی کوردستان و تێکۆشان بۆ ئازادی، یەکگرتوون.





ناوەندی پەیەدە، لەگەڵ بەرێز پەروین یوسف لە دێرک ٢١\١\٢٠٢٦


کاروانەکە بە یاوەری پەروین یوسف و ماڵباتی شەهیدان سەردانی گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک یەکەم شەهیدی شۆڕشی رۆژئاڤامان کرد. لە حزوری چیای سەرکەشی جودی بە بەفر دایۆشراوو، لە حزوری شەهیدانی شۆڕشی ئازادی، جەنگاوەرانی رۆژئاڤا لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان ئەسپەردەی خاک کرابوون، سەری ڕێز و نەوازشمان دانەواند.

ئەو هەڤاڵەی ڕێبەری ئەکردین و باسی گۆڕستانەکەی بۆ کردین ئاماژەی بە چەندین گۆڕدا کە هی شەهیدانە و جەستەیان بێسەر و شوێنە بەڵام وەک رێزێک بۆ ئەوان لەگەڵ ئەندامانی شەهیدی دیکەی خێزانەکەیان وێنەیان لە کێلی گۆڕەکەدابوو. لە تەنیشتمەوە دکتۆر رازاو گوڵێ دڵی پڕ بوو ئەو لە هەموومان زیاتر هاوخەمی ئەو ماڵباتانە و ئەو ئازارەی هەست پێئەکرد کە لەگەڵ ئەو وشانەدا بەر هەموومان کەوت، بەڵام بە ورە و سەرێکی بەرزەوە یەک بە یەک چاوی لە گۆرەکان ئەکرد و رێزی خۆی نیشان دان.


                               لەگەڵ بەرێز دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک، ٢١\١\٢٠٢٦

دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، قسەی بۆ کردین و داوای یەکگرتووی کوردی ئەکرد. ئەو وتی: بۆ هەمیشە لەسەر رێگەی هەڤرین ئەرۆم و ئامانجی ئەو بەدی ئەهێنم. ئەو دایکە فێرگەیەکی مەزنی بەرخۆدانە نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

لە کۆتایی رۆژەکەدا گەڕاینەوە بۆ باشور، غەمگینی دایگرتم، ئەوەندە ئەزانم من لەوێ جێماوم، بە جەستە من لە باشورم و رۆحم لە رۆژئاڤایە. لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە بێت لەوێ زیاتر هەستم بە کوردبوون و شوناسی خۆم ئەکرد، لەوێ رەگی کوردبوونم ئاودرا. غەمگینیم تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڵام لە بەشێکی دیکەی رۆژەکەمدا ورەبەرز و شانازم.

سەرم دابوو بە پەنجەرەی پاسەکە و بەدرێژایی رێگەکە گوێم لە ناخی خۆم ئەگرت، لەگەڵ خۆم ئەدوام، ماوەیەک بێدەنگ، ماوەیەک توڕە، یەک لەسەر یەک هەناسەی قوڵم هەڵئەمژی. توڕەبووم لە خۆم لەم دۆخەدا رۆژئاوا بەجێئەهێڵم و خزمەتێکم لە دەست نایەت، توڕە بووم لەو سیستەمە جیهانییەی بێئەخلاقانە شەری قڕکردنی کورد ئەکات، توڕە بووم لەو داگیرکارییەی بەهەموو شێوەیەک ئەیەوێت ئەزموونی خۆبەڕێوبەری و شۆڕشی ژن لەناو ببات.

بیرم لە بەهێزی و جەرائەتی بەرێز مەزڵوم عەبدی کردووە لە هەستیارترین دۆخدا وتی: نەخێر، بیرم لە هێزی یەکگرتووی گەل کردەوە چەکیان هەڵگرت و تەنیا بۆ سەرکەوتن ئەجەنگان، گەلێک شاناز بووم بە سەرکردەیەکی کورد پاڵپشت بە خەڵکەکەی بڵێت نەخێر و خەڵکێک لەگەڵ بانگەوازی سەرکردەکەیان وەڵامی سەفەربەری بە بەڵێ بدەنەوە.

بە خۆمم ئەوت چ غەمگینییەکە لەم چرکە ساتە هەستیارەدا ئەو ئاخە پیرۆزە بەجێئەهێڵیت، هەستم ئەکرد بەشێک لە بوونم لەوێ بەجێماوە. هاوکات شانازییەکی مەزن دایگرتم بەهۆی پێشەنگایەتی وبەرخۆدانی ژن لەوێ، ئەو ژنانەی بوون بە سروش بەخش بۆ من و زۆربەی ژنانی دنیا. بەخۆمم وت ئێمەی ژنان لە سەر ئەم هەسارەیە پارێزراو نین، ئەوەی لە ئێمە چاوەرێ ئەکرێت ئۆبجێکتیڤ بوون و کۆیلە بوونە، لە کاتێکدا شۆڕشی ژن لە رۆژئاوا ئەو زیهنیەتە پیاوسالارییەی هەڵگەڕانەوە کە ئەو چاوەڕوانییەی لە ئێمە هەیە، شۆڕشی ژن ئەو وێنە و قاڵبانەی تێکشکاند کە مەکینە گەورەکانی پیشەسازی و میدیا هەزارەها ساڵە کار بۆ لە قاڵبدانی ژنێک ئەکەن بە ئامانج و خواستی سیستەم هەناسەبدات و بمرێت.

بەردەوام لەگەڵ خۆم لە گفتوگۆدا بووم و بیرم لەوە ئەکردەوە تا ئەم تەمەنە خێزانەکەم چەندین جار کۆچ و ڕەومان کردووە، وێنەی منداڵی خۆم و منداڵانی حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانی …….گوندەکانی رۆژئاوا و هەموو منداڵێک کە بێلانە ئەبێت، ئەهاتە بەرچاوم. لە کاتی کۆچ و ڕەودا ترسێکی سەیر منێکی مناڵی داگیر ئەکرد، ترسێک تا گەورەش بووم، لەگەڵم بوو. لە تەمەنی خۆمدا چەندین جار کۆچ و ڕەوم بینیوە و لە کۆچ و ڕەوەکەی سالی ١٩٩١ دا تەمەنم ٧ ساڵ بوو، پێش ئەو کاتەش کە من تەمەنم ٤ ساڵ ئەبێت لە هەڵمەتی ئەنفالدا لە مێرگەپانەوە بەرەو سنوری ئێران کۆچ ئەکەین. بۆ مناڵێکی ٧ ساڵان ٢ جار کۆچ و ڕەو ببینێت جگە لە ژیان کردن لە ژێر رەتڵی بۆردومان و کۆچکردن لەم گووند بۆ ئەو گووند ئەو ساڵانەی دایک و باوکم پێشمەرگە بوون. پاشان بە خۆمم ئەوت نابێت هەمان مێژوو چەند بارە ببێتەوە، نابێت هەموو منداڵێکی کورد ئەمە چارەنووس و ژیانی بێت.

ئەمە چیرۆکی هاوبەشی ئێمەی کوردە بۆ گرێدانی ژیانمان لەگەڵ ئازادی خاک، بەڵام ئێستە مێژووەیەکی نوێیە و لە قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانداین، بە هیواین خۆری  کورد لە رۆژئاڤاوە هەڵبێت.


ئەم بابەتە لەم پێگانە بڵاو کراوەتەوە:
یەکەم: پێگەی ژنۆلۆژی
دووەم: پێگەی ئاوێنە
سێیەم: وتاریکورد

هەڵوێست کەریم: تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خاک لە ئاستێکی باڵادایە

 پەرێز ڕەمەزان

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لەبارەی بەشداربوونی لە سەفەربەریی ڕۆژئاوا دەڵێت: دۆخەکە سەخت بوو بەڵام گەل خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بوون، تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، دەشڵێت: دەبێت هەمووان بە یەکدەنگ پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین.


بەهۆی پێشێلکاریی و هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان و مەترسییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژئاوا بانگەوازی بۆ سەفەربەریی بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕاگەیاند و بەو هۆیەوە گەلی باشووری کوردستان بەدەم بانگەوازییەکەوە چوون و یەکێک لەوانەی بەشداری سەفەربەرییەکە بوو، هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست بوو، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“هەرچەندە دۆخەکە سەخت بوو بەڵام گەل خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بوون”

هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر سەردانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و بە دەمەوەچوونی سەفەربەری و وتی: کاتێک گەلی کورد  لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر داگیرکاری مەترسیی گەورەدا بوو، وەک ژنان پێویست بوو هەڵوێستمان هەبێت، هەر بۆیە لە باشووری کوردستانەوە بەدەم بانگەوازیی سەفەربەرییەکەوە چووین و بەشداریمان کرد، هەرچەندە دۆخەکە سەخت و هەستیار بوو بەڵام گەل خاوەن مۆڕاڵ و ئیرادەیەکی بەهێز بوون، هاوکات بە وەڵامدانەوەی سەفەربەرییەکان و ئەنجامدانی خۆیپشاندان و پشتگرییەکان زۆر دڵخۆشبوون و پێزانینێکی زۆریان بۆ گەلی باشووری کوردستان هەبوو.

“تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوا بۆ پارستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە”

وتیشی: ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام پێشەنگایەتی ژنان بوو کە لەهەر گەڕەک و کۆڵانێک ژنانمان دەبینی بۆ پاراستنی خۆیان چەکیان بەدەستەوە بوو، ئەوەش نموونەیەکی تاقانە و ناوازەیە ژنان لەکاتی جەنگ و ئاشتیدا پێشەنگایەتی دەکەن، بۆیە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە، ئەمەش سەرئەنجامی خۆبەڕێوبەری و شۆڕشی ژنانە، ئەمڕۆش لەسەر ئاستی دنیا خاوەنداری لەم تێکۆشانە دەکرێت.

“گەلی ڕۆژئاوا یەکڕیزی نەتەوەییان بەلاوە گرنگە”

 ئاماژەی بەوەشکرد: گەلی ڕۆژئاوا لە ئێستادا یەکڕیزیی نەتەوەیی و هاوکارییە کۆمەک و کەمپینەکانیان بە گرنگ دەزانن، هەرچەندە ئەوەی زۆر گرنگە بگەیەندڕێتە ڕۆژئاوا، پێدوایستی ژنان، منداڵان، دەرمان و مادییە.

“هەمووان یەکدەنگ و یەک ڕێزبین و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین”

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەموو سیستەمە دیکتاتۆریی و جیهانیەکان لە هێزی گەل دەترسن، ئەوەی ئەمڕۆش کوردی کۆکردووەتەوە خاک و نەتەوەیە کە گرنگە پارێزگاری لێبکەین، هەموو ناڕەزایەتی و جیاوازی بیری ئایدۆلۆژی و حزب وەلا بنێین وهەمووان یەکدەنگ و یەک ڕێزبین و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین.

بەستەری چاوپێکەوتنەکە لێرە بەردەستە: رۆژنیوز

بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...