ژنۆلۆژی باشور!

لە ناو هەر گروپ، حزب و رێکخراوێکدا کار ئەکەیت یان سەر بە هەر فکر و ئایدۆلۆژیایەکیت، خوێندنەوەی ژنۆلۆژی باشور هاوکارییەکی باشت ئەکات بۆ بیرکردنەوە لە رێگەی نوێ و دەرچوون لەو قەتیس بوون و وەستانەی لە پەیوەست بە مەسەلە و پرسی ژنەوە روبەروی بوینەتەوە...ئەم کتێبە مێژوویەکی دورو درێژی داگیرکاری شەن و کەو کردووە مێژووی تێکۆشانی ژنانی باشور ئەخاتەوە بەردیدەمان و لە دیدگای ژنۆلۆژییەوە شیکاری بۆ ئەکات...شەری تایبەت و ستراتیژی وڵاتانی داگیرکەر بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی ژن باس ئەکات، میدیا زەبەلاحەکانی جیهان و باشور چ وێنایەک بۆ ژن بەرهەم دەهێنێت؟ رۆڵی ژن لە شۆڕش و پارتەکانی باشوردا چۆن بووە، بەرخۆدانی ژنانی دەربازبووی ئەنفال بە بەلگە دەکات، رۆڵی پەروەردە لە مانەوەی کۆمەڵگە بە زیندوێتی، شرۆڤە دەکات..

پێشنیار ئەکەم بۆ ژنانی رۆژنامەنوس و میدیاکار، ناو پارتە سیاسییەکان، نوسەر و شاعیران، چالاکوان و فیمینستەکان، ژنانی ناو رێکخراوەکان ئەم کتێبە بخوێننەوە، لانی کەم یەک جار...لە کتێبخانەی باشوری کوردستاندا ئەم ئەدەبیاتە زۆر کەمە و ئێمەش زۆر پێویستمانە چونکە ژن یەکەم و کۆتا داگیرکراوە..

سوپاس و ماندوو نەبوون بۆ هەموو ئەو بەرێزانەی ئەم زنجیرەیەیان ئامادەکرد...زۆر سوپاسیش بۆ هاورێی ئەزیزم شۆخان ئەم کتێبە کۆپی خۆی بوو بەمنی بەخشی...

تێبینی/

کتێبەکە لە ناوەندی ئەرشیف و پەرتوکخانەی ژنی کورد دەست ئەکەوێت، بەستەری فەیسبوکەکەیانم لێرە داناوە بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بگرن.

https://www.facebook.com/share/16cR8kd2jC/?mibextid=wwXIfr




لە قووڵایی برینی خاکەوە: خوێنی شەهیدانی ژینگە، ڕووناکیی ڕێگەی ژیانەوەیە

بەیاننامەی هاوبەشی: (ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، گرووپی خۆبەخشی ژینگەى شەهید ئاری، ڕێکخراوى ژینگەى تەندروست، ڕێکخراوى نوێ بۆ پاراستنى ژینگە، ڕێکخراوى ژینگە دۆستى هەڵەبجە، تیمى گۆیژە بپارێزە).


بۆ گەلی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان.

بۆ بنەماڵەى سەربەرز و خۆڕاگری شەهیدانی ژینگە.

کاتێک هروژمى ئاگری ڕق و نەزانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ جەستەی پیرۆزی چیاکانی هەڵەبجەی دادەگرت، تەنها دارستانێک نەسوتا، بەڵکو بەشێک لە ناسنامە و یادەوەری و هەناسەی نیشتمان سووتا. ئەم ئاگرە برینێکی قووڵی کردە جەستەی ئەو خاکەی کە هەمیشە پەناگە و لانکەی شۆڕش و بەرخودان بووە. بەپێی داتا نا فەرمییەکان نزیکەی ٩٢٠٠ (نۆ هەزار و دووسەد) دۆنم دارستان و پاوان لەو خاکە پیرۆزە، کە ماڵی هەزاران گیانلەبەر و سەرچاوەی ژیانی سەدان خێزان بوو، بووە خۆڵەمێش.

لە نێو دڵی ئەم کارەساتەدا، کە سروشت تیایدا دەیناڵاند، گیانی پاکی دوو ڕۆڵەی ئازا و گیانفیدای کوردستان، شەهیدی ژینگە ئاری موختار و شەهیدی ژینگە موحەمەد شێخ حەیدەر، تێکەڵ بە گەردوون و خاکی پیرۆزی کوردستان بوونەوە. ئەوان بە خوێنی خۆیان پەیامێکی مێژووییان نووسییەوە: پاراستنی خاک و ژینگەی کوردستان، هاوشانە لە بەرگری لە کەرامەت و بوونی نەتەوەکەمان. شەهیدبوونیان دەبێت ببێتە زەنگێکى ئاگادارکردنەوە و وەچەرخاندنێ لە ڕوانینمان بۆ ژینگە؛ کە چیتر ژینگە پرسێکى لاوەکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی بوون و نەبوونی نەتەوەیی و گەردوونییمانە.

بانگەوازێک بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان: با چیتر ئەم خاکە باجی کەمتەرخەمی نەدات

لەم سۆنگە نیشتمانییەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین:

1. پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف لە هۆکارەکانی ئەم تاوانە نیشتمانی و ژینگەییە بکرێت و ئەنجامەکانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکرێت. هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم کارەساتەوەیە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی هاوبیرانی سەوزمان، ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی ببێتەوە، چونکە ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر 

ئاسایشی نەتەوەیی و ژیانی خەڵک.

2. پێویستە حکومەت لە سیاسەتی کاردانەوەی کاتییەوە، هەنگاو بنێت بەرەو فەلسەفەیەکی نوێی حکومڕانی کە ژینگە وەک سامانێکی ستراتیژی و بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی ببینێت. ئەمەش بە پلانی تۆکمەی وەک دروستکردنی "ئاگر بڕ" لە چیاکان، دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی ئاگرکوژێنەوە (وەک فڕۆکە و درۆن)، و بەهێزکردنی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ڕووی ژمارە و توانای لۆجستییەوە.

3. داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، هەردوو قوربانیی ژینگە، شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد ڕەشید (شەهیدی ساڵی ٢٠١٥ی گوندی سیامێوی ناڵپارێز)، بە فەرمی وەک "شەهیدانی ژینگەی کوردستان" تۆمار بکات. دەبێت هەموو ماف و ئیمتیازاتێکی یاسایی و مەعنەویی بنەماڵە سەربەرزەکانیان دابین بکرێت و چیرۆکی قوربانیدانیان بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە، تا ببێتە ئیلهام بۆ نەوەی نوێ.

4. هێمای زیندوو لە دڵی شاردا: داوا لە بەڕێز پارێزگاری هەڵەبجە دەکەین، دوو پارک یان دوو شوێنی گشتیی گرنگ لەناو شاری هەڵەبجە بە ناوی شەهید ئاری و شەهید موحەمەد ناوبنێت. با ناویان ببێتە چرایەکی هەمیشە داگیرساو لە یادەوەریی شارەکە و سیمبولێک بۆ بەرخودانی ژینگەیی.

پەیامێک بۆ گەلی کوردستان: با ببینە پاسەوانی چیاکانمان

خوشک و برایانی ئازیز،

چیاکان هەمیشە پەناگە و قەڵای بەرگریی ئێمە بوون لە ڕۆژە سەختەکاندا؛ ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە ببینە قەڵا بۆ پاراستنیان. پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکی ڕێکخراوێک یان حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی سەرشانی هەموومانە. ئەمە بەشێکە لەو کلتورە ژینگەییە کوردییە ڕەسەنەی کە ڕێزگرتن لە کانی و دار و خاک و ئاسمانی بە ئەرکێکی پیرۆز زانیوە کە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە.

با پەیمان بدەین، لەبری فرمێسکی بێهیوایی، تۆوی هیوا بچێنین. با لە شوێنی هەر دارێکی سووتاو، دارستانێک لە ئیرادە و ژیانەوە بچێنین.

ئاگر، خاک دەسووتێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی سەوزی ژیانەوە لە دڵماندا بکوژێنێتەوە. با خوێنی پاکی شەهید ئاری و شەهید موحەمەد ببێتە ئەو بارانەی کە خۆڵەمێشی ئەم کارەساتە دەکاتە بەهاری ژیانەوە.

یادیان هەمیشە بە سەوزی بمێنێتەوە و ڕۆحیان شاد.

گۆڕستانی غەریبان، پارێزگای هەڵەبجە

٢٢ی ئابی ٢٠٢٥


خوێنی شەهیدانی ژینگە، ڕووناکیی ڕێگەى خەباتى سەوزمانە

(ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، گرووپی خۆبەخشی ژینگەى شەهید ئاری، ڕێکخراوى ژینگەى تەندروست، ڕێکخراوى نوێ بۆ پاراستنى ژینگە، ڕێکخراوى ژینگە دۆستى هەڵەبجە، تیمى گۆیژە بپارێزە)،و بە بەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە چالاکوان و بەشێک لە چین و توێژەکانى پارێزگاى هەڵەبجە و بنەماڵەى شەهیدانى ژینگە. بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدان و بەردەوامیدان بە ڕێبازى دوو ڕۆڵەی ئازا و بیر سەوز و گیانفیدای کوردستان، شەهیدانی ژینگە "ئاری موختار" و "موحەمەد شێخ حەیدەر"، ڕۆژى هەینى 2025/8/22 لەپارێزگاى هەڵەبجە لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان کۆبوینەوە. پەیمانمان نوێکردەوە کە لەبری فرمێسکی بێهیوایی، تۆوی هیوا بچێنین و لە شوێنی هەر درەختێکی سووتاو، دارستانێک لە ئیرادە و پەروەردەیەکی ژینگەیی بونیاد بنێین.


سەرەتاى مەراسیمەکە لەسەر گڵکۆى شەهیدى ژینگە (ئاری موختار) لە گۆڕستانى غەریبان بەڕێووەچوو: 

•  وتەى بەخێرهاتن و هاوسۆزى لەلایەن بەڕێز سەروەر قەرەداغییەوە پێشکەشکرا و مەراسیمەکە بەڕێوەبرا.

•  چەپکە گوڵ لەسەر گۆڕى شەهید دانرا. 

•  بەیاننامەى ڕێکخراوە ژینگەییەکان لەلایەن بەڕێز ڕەنگین سەلامەوە خوێنرایەوە.

•  وتارە پێشکەشکراوەکان لەلایەن بەرێزان: (گروپى ژینگەیى شەهید ئارى موختار، بنەماڵەى شەهید ئارى، ڕێبوار کەمال، قایمقامى هەڵەبجە، هاوڕێ هاوکار، مام سوارە، سەروەر قەرەداغى، وەستا سەباح، سەرکاو قەیروز). 

•  (٥)نەمامى زەیتون کەهەر یەکەیان بەناوى شەهیدێکى ژینگەى کورستان و ئاگرەکانى ئەم دوواییەى ڕۆژهەڵات و باشورى کوردستانەوە پێشکەش بە بنەماڵەى شەهیدانکرا. ئەو نەمامانەش بەناوى شەهیدانى ژینگە(حەمید مورادى، چیاکۆ یوسفى، خەبات ئەمینى، ئارى موختار، موحەمەد شێخ حەیدەر).

•  دواتر ڕێکخراوە ژینگەییەکان و قایمقامى هەڵەبجە و بنەماڵەى شەهید ئارى موختار، سەردانى گڵکۆى شەهیدى ژینگە (موحەمەد شێح حەیدەر)مانکرد لە گۆڕستانى گوڵان. چەپکە گوڵ لەسەر گڵکۆى شەهید دانراو و وتەیەک لەلایەن سەروەر قەرەداغییەوە پێشکەشکرا.

•  دواتر سەردانى بنەماڵەى شەهید کرا، وتەى هاوسۆى و ژینگەیى پێشکەشکرا و نەمامى زەیتون پێشکەش بە دایکى شەهید کرا. 

•  کەسوکار و بنەماڵەى شەهیدانى ژینگە بەڵێنى بەردەوامیدان بەڕێگەى شەهیدانیاندا، لەپێناو ئارامى ڕۆحى شەهیدەکانیان و پاراستنى ژینگەى کوردستان. 

خوێنەری بەیاننامەی هاوبەشی رێکخراوەکان بە لەم بەستەرەى خوارەوە:

https://azadbun.com/archives/11324

https://www.facebook.com/share/p/1LjjSY9Fg5/ 

پەیامی هاوخەمی و شکۆ

بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای پاراستنی خاک و ژینگەی نیشتمان

شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد شێخ حەیدەر

قارەمانانی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو!


بە دڵێکی پڕ لە خەم و لەهەمان کاتدا پڕ لە شانازییەوە، هەواڵی شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد شێخ حەیدەرمان پێگەیشت. ئەم دوو لاوە نیشتمانپەروەرە، لە کاتێکدا گیانی پاکیان بەخشی کە بە گیانفیداییەوە لە سەنگەری پاراستنی دارستان و شاخەکانی پیرۆزی هەڵەبجەدا، بەرەنگاری ئاگری ڕق و نەزانی دەبوونەوە. ئەوان بە خوێنی گەشی خۆیان، وانەی فیداکاری و ئەرکی نەتەوەییان بۆ پاراستنی جوانی و ژینگەی کوردستان و سروشتی هەموو جیهان، جارێکی دیکە بۆ هەموومان نووسییەوە.


شەهیدبوونی ئەم دوو قارەمانە، خەسارەتێکی گەورەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستییەیە کە گەلی ئێمە، پاراستنی سروشتی نیشتمانەکەی، وەک پاراستنی کەرامەت و شکۆی خۆی دەزانێت. شاخ و داخ و دارستانەکانی کوردستان، تەنها جوگرافیایەک نین، بەڵکو بەشێکن لە ناسنامە و مێژووی خوێناوی و شکۆمەندی ئێمە. هەر درەختێکی ئەم خاکە، یادگارییەکە و هەر چەم و کانییەکیشی، سیمبولی ژیان و بەردەوامیی نیشتیمانەکەمانە.


لەم بۆنە خەمناکەدا، وەک کۆمیسیۆنی ژینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان، ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجە و گشت گەلی کوردستان دەکەین. داواکارین لە هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە، بەتایبەت گەنجان، ڕێبازی ئەم شەهیدانە بکەنە چرای ڕێگایان و بە هەستی بەرزی نەتەوەیی و ژینگەییەوە، پارێزەری خاک و ئاو و سروشتی کوردستان بن. با گیانی پاکی شەهیدانی ژینگە، ببێتە هاندەرێک بۆ یەکڕیزی و کاری هاوبەش، لەپێناو پاراستنی ئەم میراتە پیرۆزە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.


ڕوحیان شاد و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.

کۆمیسیۆنی ژینگە - کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

٢٠٢٥/٨/٢٠

بۆ بەرێز د.مەریوانی وریا قانع

لە پەراوێزی کۆڕەکەی لە دەربەندیخان د.مەریوان  ئەڵێت: مرۆڤی کورد ناتوانێت روبەروی سەرمایەداری ببێتەوە، کورد ناتوانێت لە گوندەکانی تورکیاوە روبەروی سەرمایەداری ببێتەوە بەڵکو ئەبێت لە نیۆرک و بەرلین و ئەمستەردامەوە روبەروی سەرمایەداری ببنەوە.

*سەرەتا ئەو گوندانەی بەرێزت باسیان ئەکەیت هی کوردستان و کوردە نەک تورکیای داگیرکەر، تورکیا وڵاتێکی فاشستە و بەرهەمی دەوڵەت نەتەوەیە کە تۆ بە گونجاوی دائەنێیت. تورکیا لە رێی دروستکردنی بەنداوەکانەوە سەدەها گوندی خاپورکرد و خەڵکەکەی بێلانەکرد دیارترین حەسەنکێفە کە شارۆچکەیەکی شوێنەواری دێرینە و زیاتر لە ١٢ هەزار ساڵ مێژووی مرۆڤایەتی هەیە. لە ڕووی کولتووری و ئیکۆلۆژییەوە یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی باکوری کوردستان. شارۆچکەکە بە شێوەیەکی کارەساتبار ژێرئاوکەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەی مشتومڕاوی بەنداوی ئیلیسو لە تورکیا. ئەم نموونەیەم بۆیە باس کرد وتم نەوەک ئاگادار نەبیت چونکە هێشتا بەرێزت ئەڵێیت گوندەکانی تورکیا..

*سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو کونجێکی ئەم دنیایە کارئەکات و هەموو جومگەیەکی ژیانی تاک و خێزانی لەسەر ئەم زەوییە داگیر کردووە لە حەفتاکانیشەوە لەگەڵ دەرکەوتنی نیولیبرالیزم پرۆژەکانی سیستەم گەیشتە ترۆپک و هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ، ژن و ژینگە نەهێشتۆتەوە..ئەوەی زانستی ئەمرۆ پێی ئەڵێت پێشکەوتنی بایۆتەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەتایبەت لە شۆڕشی چوارەم و پێنجەمی پیشەسازی وێرانکاریی زەوی و قڕبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی لە روی کاتەوە خێراتر ئەکات. 

هەربۆیە د.مەریوان ئەرکی هەموو تاکێکە لەسەر ئەم زەوییە لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریی بوەستێتەوە و ئەوەی زیاتر ئەرکدارە کوردە و لە ناو کوردیشدا ژنە.

*لام سەیرە کە بەریزتان ئەڵین لە ناوەندی نیۆرک، بەرلین و ئەمستەردامەوە ئەبێت روبەروی سەرمایەداری ببنەوە، لە کاتێکدا لە خوێندنەوەی مێژوی کاولکردنی ئەمریکا و قڕکردنی دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەمریکا، لەناوبردنی گیانلەبەر و ژینگەکەیان و دزین و بەتاڵانبردنی سەرچاوەکانی سروشت لە لایەن کۆڵۆنیاڵی ئەوروپی بنیاتنانی ئەمریکا لەسەر خوێن و بە کۆیلەکردنی دانیشتوانە رەسەنەکانی و ئێستەش شانازی بە ئازادی و دیموکراسییەوە ئەکەن. هەر بەوەشەوە نەوەستان هۆڵیۆد و پیشەسازی فیلمیان خستەگەڕ بۆ نیشاندانی وێنای دانیشتووانە رەسەنەکانی ئەمریکا وەک وەحشی و مرۆڤ کوژ و مرۆڤخۆر. 

ئەو هۆڵەندایەی بەرێزت بە شانازییەوە باسی ئەکەیت بۆ سێ سەدە داگیرکەر بووە واتە سەدەی ١٧ بۆ ٢٠ لە مالیزیا، لە ئەفریکا، سریلانکا و زۆر شوێنی دیکە. هەیمەنەیان بەسەر هێڵی بازرگانی ئاسیاداکرد، کۆمپانیای هۆڵەندی هیندستانی ڕۆژئاوا بازرگانی کۆیلەیان لە زەریای ئەتڵەسیدا دەکرد.

نازانم بۆ لەگەڵ ئەو هەموو شەرمەزاریەی ئەووڵاتە داگیرکەرە هەیەتی تەنیا باسی چەمکی هاوڵاتی بوون ئەکەیت؟

*دوا قسەم بۆ بەرێزت زۆر بە سادەیی:  لە گوندەکانەوە ئەتوانین بەرەنگاری سەرمایەداری بکەین چونکە زۆر زۆر بە سادەیی گوند مرۆڤێکی خۆبژێوو بەرەنگار دروست ئەکات و سەرمایەداری شاری پر لە مرۆڤی بەرخۆر، بێئیرادە و تەمەڵ دروست ئەکات..

 تێبینی/سەرنج و رەخنەی دیکەشم هەبوو بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە هەرئەوەندە دەرفەتم هەبوو بو نووسین.


بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...