Posts

Showing posts from December, 2024

ساڵی نوێ

Image
 ساڵی نوێ لە شەڕڤانانی تاقانەترین شۆڕشی مرۆڤایەتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی پیرۆزبێت. ساڵی نوێ لە ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی جوامێر پیرۆزبێت. هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی دونیا ئەخوازم.  هیوادارم ساڵی نوێ دەسپێکی دروستکردنی ژیانێکی ئارامتر بێت،ئاگامان لە تەندروستی دەرونی، ڕۆحی و جەستەیی خۆمان و چواردەورەکەمان بێت. هیواخوازم هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی دایکە زەوی. با وای دابنێین یاسایە ئەوانەی تۆو دەوەشێنن شەتڵ دەچێنن کەس ناتوانێ بارانیان بوەستێنێت کەس ناتوانێ خۆریان لەسەر ببڕێت... گوڵتەن ئاکن

یادەوەریی!

Image
 یادەوەریی هەیە پرت ئەکات لە وزە، تا کەشکەلان ئەتبات و بەدڵخۆشی ئەتهێنێتەوە. یادەوەریی هەیە تا دوا سنورەکانی ئازار، ئازارت ئەدات و  پارچە پارچەت ئەکات، قاقاکانت ئەخنکێنێت..بەڵام هێشتا ناتوانێت هێندەی ئەو ساتە ئازاربەخش بێت کە بۆ یەکەمجار درک ئەکەیت لە ئەو نائومێد بوویت. کەچی حەز ناکەیت لەو خەیاڵە بێیتە دەرەوە هەر بەخۆت ئەڵێیت دانی پیابنێ کە نائومێد بوویت دانی پیابنێ. نائومێدییەک وردە وردە ناخت ئەخوا و هەست بە بۆشایی و بەتاڵی ئەکەیت. ئێمەی کورد هەموو گیانمان برینە و هەر برینیش لە یەکدیدا دروست ئەکەین، بێهیوا و نائومێدین کەچی هەر یەکدیش بێ ئومێد ئەکەین دواجار بەخۆم ئەڵێم، تۆ لە خۆت بێئومێد مەبە!

ئەشکەوتەکانی باتوو

Image
ئەشکەوتەکانی باتو نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر لە باکووری ناوەندی شاری کوالالامپورەوە دوورن، یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی مالیزیا. جوانییەکی سروشتیی سەرسوڕهێنەری هەیە و گرنگی ئایینی و کولتووری هەیە بەتایبەت بۆ هندۆسەکان. لە زنجیرەیەک ئەشکەوت، پەرستگا و مەزارگەی هندۆسی پێک هاتووە، کە هەم نوێژخوێنان لە ناوخۆیی وڵاتدا و هەم گەشتیاران لەسەر ئاستی جیهان سەردانی ئەکەن. تایبەتمەندییە سەرەکییەکان: *پەیکەری مەزنی لۆرد موروگان: لە بەردەم ئەشکەوتەکاندا پەیکەرێکی گەورەی لۆرد موروگان دەبینیت کە خوداوەندی جەنگی هیندۆسییە و بەرزییەکەی ٤٢.٧ مەترە، دووەم بەرزترین پەیکەری خوداوەندی هیندۆسییە لە جیهاندا. ٢٧٢ پلیکانە: گەشتیاران بەسەر ٢٧٢ پلیکانەی ڕەنگاوڕەنگ سەردەکەون بۆ ئەوەی بگەنە ئەشکەوتە سەرەکییەکە. ئەشکەوتی پەرستگا: گەورەترین و بەناوبانگترین ئەشکەوتە، چەندین مەزارگەی هیندۆسی تێدایە. ئەمە پەرستگای سەرەتاییە، تایبەتە بە لۆرد موروگان. ئەشکەوتی تاریک: ئەم ئەشکەوتە بە ئیکۆسیستەمی ناوازەی ئەشکەوتەکە ناسراوە، لە ستالاکتیت و ستالاگمیت پێک هاتووە. ئەشکەوتەکانی تر: لە ئەشکەوتی بچووکتر پێک هاتوون...

یادەوەریی و چیرۆکی هاوبەشی مناڵانی کورد، بەڵام چارەنوسمان نا!

Image
دیمەنی یەکەم: خەبەرم بۆوە لە باوەشی دایکما بووم سەرنج ئەیەم هەرچی دراوسێ و خزمە لە پاسێکی ریمی مامدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. باران ئەباری، مناڵ ئەگریا، هەمووان لێوو بە بار و بێتاقەت بوون. ترس لە رووی هەموواندا دەبینرا. بۆنێکی ناخۆش لە ناو پاسەکە ئەهات، توانای هەناسەدانم نەبوو، زیاد لە ژمارەی خۆی خەڵک لە پاسەکەدا هەبوو. هەردوو براکەم لە ناو پاسەکەدا بینیوە و چاوم بۆ باوکم گێڕا و نەمبینی. لە دایکم پرسی کوا باوکم؟، دایکم ئاماژەی کرد کە ئەوەتا باوکت لە سەر شەقامەکەیە، باوکم جلێکی بارانگیری لەبەر کردبوو، لە ژێر بارانە بەلێزمەکەدا هەنگاو بە هەنگاو لەگەل جوڵەی ئوتومبیلەکەی ماممدا هەنگاوی ئەنا، پاش کەمێک ئەڕۆشت تا سەرێک لە مامەکەی کەم بات و دڵنیا بێت هەموو شت باشە. باوکم لەگەڵ هیچ یەکێک لە ئوتومبیلەکانیش سەرنەکەوت، ئەو لە ژێر ئەو بارانە بەخوڕەدا بە پێ ئەڕۆشت لە سلێمانییەوە تا سەر سنووری ئێران. باوکم ئەیووت با ژن و منداڵێکی زیاتر لە ناو ئوتومبیل و پاسەکان جێگەیان ببێتەوە. من ئەو کات لە مانای ئەو قسەیە تێنەئەگەیشتم و توڕە بووم کە من باوکم لەگەڵ نییە بەڵام منداڵەکانی دیکە لەگەڵ دایک و باوکیانن. دای...

مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی دونیا مێلایو

Image
مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی دونیا مێلایو (مۆزەخانەی ئێتنۆلۆژی جیهانی مالای) بەشێکە لە مۆزەخانەی جەباتانی مالیزیا (بەشی مۆزەخانەکانی مالیزیا)، کە بەرپرسیارە لە پاراستن و نمایشکردنی میراتی کولتووری و مێژوویی مالیزیا. بە ئامانجی پەروەردەکردنی خەڵک سەبارەت بە مێژووی دەوڵەمەند و نەریت و هونەر و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی مالای. مۆزەخانەکە لە چەند بەشێک پێک هاتووە ، لەوانە: شوێنەوار: جل و بەرگی نەریتی مالای، ئامێری مۆسیقا و کەلوپەلی ڕۆژانە. قوماش: نموونەی ئاڵۆزی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی قوماشی نەریتی مالای. بابەتە مێژووییەکان: ئەم بەشە گرنگی بە مێژوو و پەرەسەندنی گەلی مالای دەدات، لەوانەش داب و نەریت و پراکتیزە ئاینییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیان. پراکتیزە کولتوورییەکان: ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ڕێوڕەسم و فێستیڤاڵ و ڕێوڕەسمە نەریتییەکانی مالایەوە هەیە. بەهای پەروەردەیی ئەم مۆزەخانەیە، وەک سەرچاوەیەکی پەروەردەیی بەنرخ بۆ خوێندکاران و توێژەران و گەشتیاران کە ئارەزووی ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری و مێژووی جیهانی مالای دەکەن. هەروەها تێڕوانینێک پێشکەش دەکات بۆ هەمەجۆریی/هەمەچەشنەیی نەتەوەیی لەناو ک...

مۆزەخانەی نیشتمانی لە کوالالامپوور

Image
بیرۆکەی دامەزراندنی مۆزەخانەی نیشتمانی لەلایەن یەکەمین سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، یانگ تێرامەت مولیا تونکو عەبدولڕەحمان پوترا ئەلحاجەوە دەستیپێکردووە. پێی وابوو کە مالایا (لەو کاتەدا)، پێویستی بە مۆزەخانەیەک هەیە کە ناسنامەیەکی نەتەوەیی هەبێت بۆ پیشاندانی لایەنە جیاوازەکانی کولتوور و میرات و سروشتی مالیزیا. بۆیە شوێنی بینای مۆزەخانەی سێلانگۆر (1906-1945) کە لە ئەنجامی هێرشێکی بۆردومانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە 10ی ئازاری 1945 وێرانبوون، وەک شوێنی دروستکردنی مۆزەخانەی نیشتمانی هەڵبژێردرا. دروستکردنی مۆزەخانەی نیشتمانی لە ساڵی ١٩٥٩ دەستیپێکرد و لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٣ تەواو بوو، دیزاینی بیناکە لەلایەن تەلارساز هۆ کۆک هۆیەوە ئەنجامدرا، لەسەر بنەمای تایبەتمەندی تەلارسازی کۆشکەکانی پاشاکانی مالای. مۆزەخانەی نیشتمانی تایبەتە بە سەردەمی خۆی، تاکە بینای حکومی بوو کە لەگەڵ تەلارسازی نەریتی مالایدا دەناسرێتەوە. هەروەها ناوازەیە نەک تەنها بۆ تەلارسازی بەڵکو بۆ نمایشکردنی دوو دیوارە کە لە مۆزایکێکی شووشەی ئیتاڵی دروستکراون و ڕووی دیوارەکانی پێشەوە دەڕازێننەوە. ئەم دیوارانە هێڵی چیرۆکی مێژوویی و ک...

‎ مۆزەخانەی کۆنترین دانیشتووانی ڕەسەنی نیمچە دوورگەی مالیزیا

Image
 ئۆرانگ ئەسلی، ئۆرانگ ئەسلی ئاماژەیە بۆ کۆنترین دانیشتووانی رەسەنی نیمچەدورگەی مالیزیا بەڵام ئێستە کەمینەیەکی مالیزیا پێک ئەهێنن. مۆزەخانەکە هونەر و کاری دەستی خەڵکی ئۆرانگ پیشان دەدات، ئەو کۆمەڵگە ڕەسەنانەی زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکانی سەرتاسەری مالیزیا نیشتەجێن. پەیکەرەکان ئەوە نیشآن ئەدەن کە ١٨ هۆزی جیاوازی ئۆرانگ هەیە کە بەسەر ٣ گروپی سەرەکیدا دابەشکراون، نێگریتۆ، سێنای و پرۆتۆ مالای. پەیکەرەکان لە لایەن هۆزی ماهمێرییەوە دروستکراون. ‎ جگە لە پەیکەر و دەمامکی فیگەر/ماسک، دەفری بامبۆی ڕازاوە، تەڵەی ڕاوکردن و ماسیگرتن، ئامێری مۆسیقا، جلوبەرگی ڕەسەن، کیسە و دەفر کە لە سنەوبەری پیچ دروستکراون ، سەبەتە و سینی، ڕازاندنەوەی گەڵای خورما و دیکۆراتی ڕۆحی و تەنانەت تابوتیش لە درەختی بامبۆ دروست کراون. ئەوەی جێی سەرنجم بوو ئەم دانیشتووانە رەسەنانە بروایان بە پەیرەوکردنی ئەنیمیزم هەبووە.

شەوی یەڵدای کوردستان و چین

Image
  ‎ ژوای هاوڕێم، دوای سڵاو هەواڵ پرسین بەغەمگینییەوە وتی ئەمرۆ لە چین ڤیسیڤاڵێکی گەورە هەیە و لەوێ پێشوازی لە هاتنی زستان ئەکەن، هەڵوێست حەزم ئەکرد منیش لەوێ بوومایە. منیش وتم ئێمەش هەمان بۆنەمان هەیە لە شێوەی جەژندا شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ درێژترین شەوی ساڵە کەیە. ئەو سەری راوەشاند و هەمان شتی دوپات کردەوە. هەندێ وێنەی جەژنی شەوی یەڵدام نیشاندا ئەو گلێنەی چاوەکانی بریسک ئەیا کە ئەو هەموو رەنگە جوانەی بینی لە جلی کوردی، خۆ ڕازاندنەوەی خانمان، رازاندنەوەی خوان و مۆم و هتد. پێکیشەوە گوێمان، لە چەند پارچەیەک موزیک و گۆرانی کوردی گرت. ژوا کە خوان و سفرەی کوردەواری بینی وتی ئێمە هەر نۆدڵ ئەخۆین ههههههه منیش بۆ ئەوەی هەستی شانازی کوردبوونم زیاتر نیشان بدەم بۆم باس کرد کە کورد چەند بە فەرهەنگ و هەمەچەشنە لە رووی، خواردن، جل و بەرگ، شێوەزاری زمان، بەکارهێنانی رەنگ لە چنینی بەڕە، مافور، تابلۆ و هەتا دوای. پێم وت ئێمە نەتەوەیەکی زۆر رەنگا و رەنگین و لە ئاڵاکەشمانا رەنگی داوەتەوە. ‎دواتر گفتۆکانمان کرد دەربارەی سیستەمی خوێندنی جیهان، ژیان و ئەزموونکردن لە وڵات و کلتوری جیاواز چی بە مرۆڤ ئەبەخشێت بە...

لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەم!

Image
 ئەمرۆ لەگەل سەرپەرشتیارەکەم گفتوگۆمان بوو دەربارەی ستراتیژی دەوڵەتی داگیرکەر/کۆلۆنیال لەسەر وڵاتی داگیرکاو. چۆنیەتی بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، تێکدان یان لەناوبردنی کلتور، پەراوێزخستنی ژنان و مامەڵەکردنیان وەک رەگەزی دووەم و سێیەم، دروست کردنی ئەقڵەیتی داگیرکاری کە رەگ و ریشەی خۆی دائەکوتێ لە کلتور، جل و بەرگ، بیرکردنەوەی خەڵکانی وڵاتی داگیرکراودا. تەنانەت پاش بەجێهێشتنی وڵاتی داگیرکراو ئەو داگیرکارییە بەشێوەی جیاواز جیاواز خۆی نمایش ئەکات. کاتێکیش داگیرکەر وڵات و هەرێمەکەت بەجێئەهێڵێت دەسەڵات و سەرۆکێک پەسەند ئەکات کە خزمەت بە ئەجندای ئەو بکات، داگیرکەر بەچکە داگیرکەر بەجێئەهێڵێت، ئەشێت بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو بەچکەیەی لە زێدی خۆی گەورە کردبێت و لەو سیستەمەدا پرۆگرامی کردبێت. ئەو سەرۆک و دەسەڵاتانە درێژەپێدەری هەمان سیستەمی ئابوری و داگیرکاری کۆلۆنیالن و بازاری زیاتریان بۆ گەرم ئەکەن. ئەشێت ئەو سەرکردانە پاڵەوانانی دوێنێ بن کە بۆ ئازادی نەتەوەکەی خەباتیان کردبێت بەڵام ئەمرۆ بوونەتە نۆکەری داگیرکەر. پروپاگەندەکانی گەشەپێدانی ئابووری جگە لە فۆرمێکی دیکەی بە تاڵانبردنی سەرچاوەکا...

ئاسۆیەک ئاوا نابێ!

Image
باوکم ماوەی ٢٠  ساڵە، بەڵی بیست ساڵ لە ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ نوسینەوەی بەشێکی پەردەپۆشکراوی مێژوو. لەو ساڵانەدا شەو و ڕۆژی خستە سەر یەک بۆ هەڵدانەوەی لاپەرەی دەیان سەرچاوە، ئەنجامدانی چەندان دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردە، رووناکبیر، سیاسەت مەدار، فەرماندە و کەسایەتی جیا جیا. لێکۆڵینەوە لە چەندان بەڵگەنامەی مێژوویی، بە عەشق و ماندووبوونێکی بێ سنوور ،بۆ توێژینەوەی کتێبی (ئاسۆیەک ئاوانابێ ). باوکم ئەم توێژینەوەیەی بۆ مێژوو نوسیوەتەوە نەک بۆ رازیکردنی هەندێ حزب یان لایەن  و کەسانی دەربار.  هەربۆیە زۆر ماندویان کرد، رۆحیان زۆر ئازاردا بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو.  تەنانەت دووجار دادگایی کرا.  لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٤ ،دووجار سکاڵایان لە دژی تۆمارکرد، لەسکاڵای یەکەم داوای (٥٠)ملوین و  لەسکاڵای  دووەم داوای (١٠٠) ملوێن  دیناریان لێ کرد. ئەو بەرێزانە بۆ یەک چرکەش شەرم نەیگرتن لە بەرامبەر رۆحی دڵسۆزی و  خۆبەخشانەی باوکم بۆ نوسینەوەی زۆر روداو کە ئەوان جورئەت ناکەن گوێشیان لە گێرانەوەکەی بێت. ئێستا ئەو  توێژینەوەیە لە دووتوێی دووبەرگدا بە سوپاس و ...

مۆزەخانەی دەریایی شاهانەی مالیزیا

Image
مۆزەخانەی هێزی دەریایی شاهانەی مالیزیا، هەموو ئەو ئامێر، کەرەسەی جەنگی و چەک کە لەلایەن هێزی دەریایی شاهانەی مالیزیا بەکارهێنراون لە شاری مێلاکا لە مالیزیا نمایش دەکات. هەروەها کەشتیی ژمارە 3143 کە لە دووەم جەنگی جیهانیدا بەشداری کردووە، لە گۆرەپانی مۆزەخانەکەدا نمایش کراوە و بە درەختی زۆر سەرنج راکێش دەورەدراوە.  لەو مۆزەخانەیەدا وێنەی دەریاوانەکان، مەدالیای شەرەف، هەروەها زانیاری دەربارەی پلە جیاوازەکانی فەرماندەیی دەریایی، پەرەسەندنی یەکپۆشی دەریایی، چەکی دەریایی، ئامێری پەیوەندی، هێماکانی کەشتیوانی و بەرنامەکانی مەشقکردن بە شێوەیەکی زۆر تایبەت رێکخراوە و ئەرشیف کراوە. مۆزەخانەکە پێشتر لە بنکەی دەریایی شاهانەی مالیزیا لە شاری لوموت لە ویلایەتی پێراک بووە. پاشان گواسترایەوە بۆ مێلاکا بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری لە گەشتیاران سەردانی ئەم مۆزەخانەیە بکەن. ئەم شوێنە نوێیەی مۆزەخانەکە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ بەڕووی خەڵکدا کرایەوە.

مۆزەخانەی دەریایی/فلۆرا دی لامار

Image
 فلۆرا دی لامار وێنەیەکی دروستکراوەی ئەو کەشتییە پورتوگالییەیە کە لە ساڵی ١٥١١ لە کەناراوەکانی مێلاکا نوقم بووە، دەوترێت کەشتیی فلۆرا دی لامار بڕێکی بەرچاو لە گەنجینەی هەڵگرتبوووەک بەهاراتی بەنرخ، بەڵام لە کاتی زریانێکدا لە نزیک کەنارەکانی مێلاکا لە گەرووی مێلاکا نوقم بووە، کە ڕێگایەکی گرنگی بازرگانی و کەشتیوانی بووە لەو سەردەمەدا. ئەم کەشتییە بەرزییەکەی ٣٤ مەتر و پانییەکەی ٨ مەترە، لە ناو کەشتییەکەدا مۆزەخانەیەکی مێژووی دەریایی مێلاکای تێدا نمایش کراوە هەروەها تابلۆگەلێک هەن کە نیشانی دەدەن کە چۆن گەرووی مێلاکا شوێنێکی ستراتیژی بووە بۆ بازرگانانی هەردوو لایەنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. لەم مۆزەخانەیەدا نمایشێکی جوان، ورد و بە سەلیقەی ئەو کەشتییانە کراوە کە لەو سەردەمەدا بەکارهاتوون. ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی ١٩٩٤ کرایەوە و بابەتەکانی وەک ئاوریشم، قوماش و بەهاراتی تێدایە لەگەل چەندان نەخشەی جیهان لەو سەردەمەدا. جگە لە پێشانگاکانی مێژووی دەریایی مەلاکا، مۆزەخانەکە ئەو سەردەمە جیاوازانەش پیشان دەدات کە مێلاکا پێیدا تێپەڕیوە لە سەردەمی سوڵتانییەتی مێلاکا دەست پێدەکات تا سەردەمی داگیرکریی پورتو...

کۆشکی سوڵتان مێلاکای سەدەی پانزە

Image
  کۆشکی سوڵتانی مێلاکا لە ساڵی ١٤٦٥ بنیات نراوە و لە ساڵی ١٥١١ بەهۆی داگیرکاری پورتوگال خاپوورکراوە. مۆزەخانەی کۆشکی سوڵتانی مێلاکا (واتە ئەو کۆشکەی لە ساڵی ١٤٦٥ بنیاتنراوە)، لە ساڵی ١٩٨٤ جارێکی دیکە بنیاتنراوە لەسەر بنەمای تۆماری مێژویی کە لە ساڵنامەی کۆنی مالایدا دۆزراونەتەوە. ئەم تۆمارە مێژووییانە تەلارسازی و بیناسازی کۆشکەکانی مەلایەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان مەنسور سیاح لە ساڵی ١٤٥٦ تا ١٤٧٧ ئەرشیف کراوە .   بنیاتنانەوەی سەرسوڕهێنەرانەی کۆشکی مێلاکا، مێژووی دەوڵەمەندی مێلاکا نیشان دەدات. کەلوپەلی مێژوویی بیناکە و کارە هونەرییە نایابەکانی وایکردووە ببێتە یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ نمایشکردنی کولتووری مێلاکا . کۆشکی سوڵتانی مێلاکا نموونەیەکی سەرەکی تەلارسازی مالیزیای سەدەی پازدەهەمە و بە بەکارهێنانی تەکنیکە ئاساییەکان تەنیا لە تەختە و بەبێ بەکارهێنانی هیچ بزمارێک دروست کراوە. سەقفەکەی لە مس پێک هاتووە و بە داری ستوونی جێگیر کراوە . کۆشکی سوڵتانی مێلاکا دەکەوێتە بنکەی گردی کەنیسەی سانت پاوڵ، وێنەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕی کۆشکی سوڵتان مەنسور شای سەدەی پازدەهەمان نیش...

پاشماوەی قەڵا داڕوخاوەکەی ئەفامۆسا!

Image
ئەفامۆسا قەڵایەکی پورتوگالییە لەلایەن کۆلۆنیالی پورتوگالیی لە سەرەتای سەدەی ١٦ بنیاتنراوە و یەکێکە لە کۆنترین پاشماوەیی بیناسازیی ئەوروپی کە تا ئێستە لە ئاسیادا ماوەتەوە . کاتێک مێلاکا لە ساڵی ١٥١١ لەلایەن پورتوگالیەکانەوە داگیرکرا، بۆ سەرکوتکردنی هێرشەکانی سوڵتانییەتی مێلاکا، دەستبەجێ پورتوگالییەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی کەمپی کاتی، هەروەها قەڵای سەرەکی بە ناوی فۆرتالیزا دی مێلاکا کە ئێستا زیاتر بە ئەفامۆسا ناسراوە. ئەم قەڵایە نزیکەی پێنج مانگی خایاند تا دروست کراو زۆرێک لەو کرێکارانەی بەشداربوون لە بنیاتنانیدا بەهۆی گەرمای سووتێنەر و کەمی خۆراک گیانیان لەدەستدا . پاش هاتنی کۆلۆنیالی ئینگلیز لە ساڵی ١٨٠٧دا قەڵای ئەفامۆسایان لەگەڵ زۆربەی شارەکەدا وێران کرد. ئەم قەڵایە ئەکەوێتە بناری گردی کەنیسەی سانت پاوڵ و ئەمڕۆ تەنیا چەند بەشێکی کەم لە ئەو قەڵایە ماوەتەوە، لەوانە دەروازەی قەڵاکە، سیستەمی ئاوەڕۆ و دیواری بەرگری ئەو کاتە، هەروەها تاوەری چاودێرییەکەی کە تا ئێستە پارێزگاریی لێ دەکرێت  

مۆزەخانەی مێژووی کۆڵۆنیالیزم/داگیرکاری و سەربەخۆیی

Image
مۆزەخانەی ڕاگەیاندنی یادی سەربەخۆیی مالیزیا   مۆزەخانەی جاڕنامەی سەربەخۆیی لە ٣١ی ئابی ١٩٨٥ لە لایەن تونکو عەبدولڕەحمان پوترا ئەلحاجەوە بە فەرمی کرایەوە، دامەزراندنی ئەم مۆزەخانەیە بۆ یادکردنەوە و ڕێزگرتنە لە بەشداری و قوربانیدانی ئەو ئازادیخوازانەی کە وڵاتیان لە دەست دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی کۆلۆنیالیزم/داگیرکاری داگیرکەرانی پورتوگال ( 1511–1641 )، هۆڵەندا (1641–1824) ، بەریتانیا (1824–1957) و یابان بۆ ماوەیەکی کورت و لە کاتی دووەم جەنگی جیهانی (1941–1945) . خەبات بۆ سەربەخۆیی هەر لە ساڵی ١٥١١ دەستی پێکرد، ٤٤٦ ساڵی خایاند و لە ٣١ی ئابی ١٩٥٧ بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی گەیشتە لوتکە، ئەم یادەوەرییە مێژووی خەباتی سەربەخۆیی وەبیر دەهێنێتەوە بە نمایشکردنی کەرەستەی جۆراوجۆری وەک بەڵگەنامە، وێنە، یادگاری، بڕگەی ڕۆژنامە، جل و بەرگی فەرمی، قەڵەم، کێریس (خەنجەری نەریتی مالای)، مۆر، و سندوقی دەنگدان .   مۆزەخانەکە لەسەر بنەمایی سەردەمی داگیرکاری و خەبات بۆ رزگاری دابەش کراوە   کە بریتین لە پێشەکی و سەروەری مالای، ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی دەسەڵاتە داگیرکارەکان...

کڵێسای سانت پاوڵی سەدەی شانزە!

Image
کڵێسای سانت پاوڵ لە ولایەتی مێلاکا لە ساڵی ١٥٢١ بنیاتنراوە و لەمێژینەترین کڵێسای مالیزیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە. ئەم کڵێسایە لەلایەن دوارت کۆیلۆی کاپتنی پورتوگالی بۆ مەریەمی پاکیزە بنیات نراوە وەک سوپاسگوزارییەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو   کاتێک کاپتنی کەشتی بووە لە دەریادا. ئەم کەنیسەیە بووە بە شایەتحاڵی داگیرکاریی پورتوگالی، هۆڵەندی و ئینگلیزەکان. کاتێک هۆڵەندییەکان دەستیان بەسەر مەلاکادا گرت، ئەم کڵێسایە نۆژەن کرایەوە، کە بووە کڵێسای سەرەکی دانیشتوانی هۆڵەندی تا دروستکردنی کڵێسای مەسیحی مێلاکا لە ساڵی ١٧٥٣. ئەم کڵێسایە بە دارستانێکی قەشەنگ و هەمیشە سەوز دەورەدراوە.

پەرستگای چینگ هون تینگ، شوێنی نیشتەجێبوونی هەورە سەوزەکان.

Image
سەرچاوە/ نامیلکەیەک دەربارەی پەرستگاکە لە لایەن ئیر لی ئینگ چیۆ، نوسراوە . پەرستگای   چینگ هون تینگ (چینگ هون واتە هەوری سەوز)، دەکەوێتە شەقامی جالان تۆکۆنگ لە شاری مێلاکا, کۆنترین پەرستگای چینییە لە مالیزیا و سەنگافورە و مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ سێ سەدە پێش ئێستا. لەسەر بەردێک کە لە پەرستگاکەدا دانراوە، ئەوە تۆمارکراوە کە ئەم پەرستگایە لەلایەن کاپیتان تای کی کی ناسراو بە تای هۆنگ یۆنگ (تای کاپ) و کاپیتان لی وی کینگ ناسراو بە لی کون چانگ (لی کاپ) لە سەردەمی شانشینی چینگ بنیات نراوە و کاری بیناسازی لە ساڵی ١٦٧٣ دەستی پێکرد . ئەم پەرستگایە لە ساڵانی ١٧٠٤، ١٨٠١، ١٨٢٤، ١٨٤٥، ١٨٦٢، ١٩٠٤ و ١٩٦٣ نۆژەنکراوەتە. پاشان لە ساڵی ١٩٩٧ دوای داڕمانی یەکێک لە کۆڵەکەکانی هۆڵی سەرەکی پەرستگاکە، جارێکی دیکە نۆژەنکراوەتەوە و   لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواو بووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن یونسکۆوە خەڵاتی شایستەیی بۆ پاراستنی میراتی کولتووری پێبەخشرا . خەڵاتی یونسکۆ و ناساندنی مێلاکا وەک میراتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا بووە هۆی سەردانیکردنی لێشاوی گەورەی گەشتیاران و بۆ پەرستگاکە. ئەم پەرستگایە ناوەندێکە بۆ بڵاوکرد...

دیارییەکانی دارستانی بەئاگا!

Image
بەشداریکردنمان لە گفتوگۆیەک دەربارەی دارستان و درەخت، هەوڵ ئەدەم کورتەک لەو گفتوگۆیە لەگەڵ ئێوە بەش بکەم. کاتێک لەم گفتوگۆیەدا بەشداریمکرد قسەی ئەو بەڕێزانەم هاتەوە یاد کە ئەیانوت چڵە گیایەک بە گۆیژەوە نییە! دیارییەکانی دارستانی بەئاگا: گفتوگۆیەک لەگەڵ ئاسا ئەندەرسۆن مارتی، فرانسیس جۆی و جۆن سی ڕایان، لە لایەن تۆڕی جیهانی بەدیلەکان سازدرا. لەو گفتوگۆیەدا باسی شێوازە جیاوازەکانی دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ درەخت و دارستان کرا، ئاماژەدان بە بوونی ئەو پەیوەندییە کە لە نەریت و زانیارییە ڕەسەنەکانی هۆزی سامی بوونی هەبووە، هەروەها لەو دەرئەنجامە زانستییانەی کە ئەمرۆ لە توێژینەوەکاندا دەرکەووتووە ئاماژە بە بەرزی ئاستی زیرەکی دارستان، بوونی هەست و یادەوەری لە درەختدا کە دوای چەندین سەدە زانستی ئەمرۆ پێی گەیشتووە.  ئەو بەڕێزانە وتیان: دارستان هەست بە هەموو جۆرێک لە مەترسی دەکات و بوونی هەر مەترسییەک هۆکارە کە درەخت بەشێک لە یادەوەری خۆی بۆ نەوەکانی داهاتووی نەگوێزێتەوە/واتە بەشێک لە یادەوەریی خۆی لە دەست ئەدات، دارستان خاوەنی هۆشیارییەکی قوڵە و هەر درەختێک توانای پەیوەندیکردن و ئاگادارکردنەو...